ڕاپۆرتی تانگانیكا / نامەی دەھەم

ڕاپۆرتی تانگانیكا

نازم حیکمەت
و. لە فارسییەوە: هەژێن

نامەی دەھەم [دوا نامە]

گوێچكەم بە زەمینەوە نا،
گوێم لە خاكی ئەفریكا ڕادێرا،
دەنگەلێك لە « ئۆگاندا » و « مۆزامبیك »ەوە دێن،
لە ئەفریكای باشووریی، پێ خەنینەكان،
بە تووڕەییەوە زنجیرەكانیان بە زڕە دەھێنن.
جەنگەڵەكانی « ئەنگۆلا »، وەك شێرە سەوزەكان، لە خوێنگەوزاو دەناڵێنن.
ئیمپریالیزم، دوا جەنگەكانی دەكات،
بەڵام چەك و زیندانی و فەرمانداری ھەیە.
سەرم بەرزكردەوە و تەماشامكرد:
ئەفریكا لەسەر دووڕیانێك وەستاوە،
ڕێگەیەك ھەیە، جارێكی دیكە لە پێچ و پەناوە بەرەو دەستبەسەریی دەچێتەوە،
ڕێگەیەكی دیكەش بەرەو ئازادی و برایی فراوان.
واتە دەمەوێ بڵێم،
ھاوسەری ھۆشمەند و جوانی من
جارێكی دیكە نامەی نۆھەم بخوێنەرەوە.
ژیران ئەلفێكیان بەسە.
نازانی چەندە ئارەزووی دیدارت دەكەم مۆسكۆییكەی من
«تولیاكۆڤا»ی من

فێبریوەری ١٩٦٣
*****************************
ڕاپۆرتی تانگانیكا یەكێكە لە دواھەمین ھۆنراوەكانی نازم حیكمەت، چونكە لە فێبریوەری ١٩٦٣ ھۆنراوەتەوە و ‘نازم حیكمەت’ لە جونی ھەمان ساڵدا مردووە. ئەم ڕاپۆرتە لە شێوەی دە ھەڵبەست-نامەدا، ئاراستەی ‘ ڤێرا تولیاکۆڤا ‘ ھاوسەرە ڕوسەكەی كردووە، كە لە ساڵی ١٩٦٠دا لەتەك نازم حیكمەت ھاوسەریی كردووە.
تانگانیكا، وەك دەزانن لە كاتی گەشتەكەی نازم حیكمەت دا، دوو ساڵ بوو كە سەربەخۆیی بەدەستھێنابوو و بە پێشەوایی ‘ جولیوس نایەرەرە Julius Nyerere كەوتبووە نێو وڵاتانی ھاوبەرژەوەندی ئینگلیسی ..ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٦٢دا بە ڕێكەوتنی زنگبار ‘ كۆماری تانزانیا’ی پێكھێبنا و ‘جولیوس نایرە’ وەك سەرۆككۆماری دانرا.