ڕاپۆرتی تانگانیكا / نامەی نۆھەم

ڕاپۆرتی تانگانیكا

نازم حیکمەت
و. لە فارسییەوە: هەژێن

نامەی نۆھەم

ڕۆژانێكت بیردێنمەوە كە لە زیندان ئازادبووم
ئازادیاننەكردم. ئازادبووم،
ڕۆژانێ كە لە نێوەوە بە فشاری خۆم و لە دەرەوە بە فشاری دۆستان و
ڕێوشوێنەكان، لە زیندان ئازادبووم.
شادی
ھاوسەری، جەژن،
شادی،
كەمێ لەخۆباییبووم،
كەمێ شێواو.
شادی،
لەسەر چڵەكانی، درەوشانەوەی خەون و ھیواكان،
میوە نا، درەوشانەوە.
دوان لەمەڕ زیندان بۆ ھەر كەس و بۆ خۆت.
ھێشتاكە زیندان دێتە خەونت،
لە خەو ڕادەپەڕی
خوو و یاساخییەكانی ساڵانی زیندان یەخەت بەرنادەن.
سەری پاكەتی نامەكانت داناخەی،
چاوەڕێی ساتەكانی جاموڵەی خواردنیت،
كاتێ شەو تاریك دادێ، چاوەرێی دەرگە لە دەرەوە داخرێ و
گڵۆپەكان خۆبەخۆ پێبكرێن،
شادی
ھاوسەری، جەژن،
بەڵام ڕۆژانی جەژنیش وەك ڕۆژانی دیكە كۆتاییان ھەیە
دەبینی سەربانی خانووەكەت دڵۆپەدەكا،
دەرگە و پەنجەرەكانی چێكردنەوەیان پێویستە،
دەبێ داوای ئاو و گاز و كارەبابەستن بكەی،
دەبێ چەرچەف و قاپ و جاموڵە و پەرتووك بكڕی.
بازووەكانت ئامادەی كارن،
لە زیندانیش ھەر كاریاندەكرد،
بەڵام مێشكت ھێواش بووە،
پارەشت نییە،
قەرزاربوونیش ترسناكە.
بنەوانی ماڵی ئازادیت لە كوێوە و چۆن دەستپێبكەی ؟
واتە دەمەوێ بڵێم :
باری تانگانیكا لە باری كەسێك دەچێ، كە لە زیندان ئازادبووبێ.

فێبریوەری ١٩٦٣
*****************************
ڕاپۆرتی تانگانیكا یەكێكە لە دواھەمین ھۆنراوەكانی نازم حیكمەت، چونكە لە فێبریوەری ١٩٦٣ ھۆنراوەتەوە و ‘نازم حیكمەت’ لە جونی ھەمان ساڵدا مردووە. ئەم ڕاپۆرتە لە شێوەی دە ھەڵبەست-نامەدا، ئاراستەی ‘ ڤێرا تولیاکۆڤا ‘ ھاوسەرە ڕوسەكەی كردووە، كە لە ساڵی ١٩٦٠دا لەتەك نازم حیكمەت ھاوسەریی كردووە.
تانگانیكا، وەك دەزانن لە كاتی گەشتەكەی نازم حیكمەت دا، دوو ساڵ بوو كە سەربەخۆیی بەدەستھێنابوو و بە پێشەوایی ‘ جولیوس نایەرەرە Julius Nyerere كەوتبووە نێو وڵاتانی ھاوبەرژەوەندی ئینگلیسی ..ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٦٢دا بە ڕێكەوتنی زنگبار ‘ كۆماری تانزانیا’ی پێكھێبنا و ‘جولیوس نایرە’ وەك سەرۆككۆماری دانرا.