مەتەڵی پۆلیس و توندوتیژی وەك مەتەڵی مریشك و ھێلكەیە!
پۆلیس پارێزەری ئاساییشی ژێردەستان [بێدەسەڵاتان] نییە، تاوەكو بە كردەوەی ئاوا تووشی شۆك ببین، پۆلیس پارێزەری ئاساییشی سەروەرانە لە مەترسی یاخیبوون و ھەڵچوونی ژێردەستان، بەواتایەكی دیكە پۆلیس تێددەر و شێوێنەری ئاساییشی كۆمەڵایەتییە، مەیسەربوونی ئەو كارەش بە سەپاندنی سیستەمی رامیاریی و یاسای رامیارییە بەسەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا و ئەوەش بە لەنێوبردنی ھاوپشتی و ھەروەزی و خەمخۆریی كۆمەڵایەتی.
جاران [مەبەستم ئەو كۆمەڵگایانەیە كەو خێلەكی نەبوون و سیستەمی فەرمانداریی -حكومەتی-یان نەبوو]، كە دەزگەی ڕامیاریی وەك پۆلیس و ھینەكانی دیكە لە ئارادا نەبوون، كوشت و كوشتار و توندوتیژی و ئەشكەنجە و سووكایەتی ھونەرنەبوون و داھێنان لە شێوازی پەیڕەوكردنیاندا نەدەكرا و ھەزاران كۆلێژ و ئەكادێمی بۆ چۆنیەتی پەروەردەی ئەشكەنجەدەران و داپڵۆسێنەرانی مانگرتە كرێكاریی و جوتیارییەكان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان لە ئارادانەبوون. بەپێچەوانەی ئەوانەوە كە لەو ىروایەدان، بوونی تاوان و توندوتیژی و كوشتن، دەزگەی ڕامیاریی وەك پۆلیسیان بەرھەمھێناوە و كردووەتە پێداویستی كۆمەڵگە، ئەوە بوون و سەرھەڵدانی دەزگە سەرووخەڵكییەكان بوون، كە ڕێكەوتنە كۆمەڵایەتییەكانیان ھەڵوەشاندنەوە و بوونە ھۆی سەرھەڵدانی بێسەرەوبەرەیی [كائۆوس] كۆمەڵایەتی.
لەبەرئەوە، ئەگەر پۆلیس لە شوێنێكدا پێچەوانەی ئەرك و فیلۆسۆفی سەرھەڵدانی خۆی، پەنای بۆ توندوتیژی نەبرد، ئەوا پێویستە تووشی شۆك ببین و گومانی ھەبوونی پیلانێك بمانگرێت !