ئاخۆ لە مێژوودا لە میدیای دەسەڵات و دەوڵەتمەندان و ڕامیاران بێشەرمتر ھەبێت ؟

ئاخۆ لە مێژوودا لە میدیای دەسەڵات و دەوڵەتمەندان و ڕامیاران بێشەرمتر ھەبێت ؟

دەزانم ھەندێك لە خوێندەوەی ئەم تایتڵە خۆ دەكێشنە دواوە و خۆیان پەلاماردراو ھەستپێدەكەن. بەڵام ئەمە ئامانجی ئەم تایتڵە نییە، كە پەلاماری كەسەكان بدات، بەڵكو ئامانج ڕسواكردنی ئەو بۆچوونانەیە، كە پشتیوانی لەوانەی سەرەوە دەكەن، من نامەوێت تۆڵەی كوژراو لە بكوژ بكەمەوە، بەڵكو [گاندی واتەنی] دژی كوشتن دەوەستمەوە نەك بكوژ، چونكە كاتێك كە پێناوێك بۆ كوشتن نەما، كاتێك كە كوشتنی بوونەوەرەكان [نەك تەنیا مرۆڤ] بوو بە نەنگ و ئازادئەندێشی و بیركردنەوە و ئاشتی بوونە كولتوور، ئەوا تۆڵەی ھەموو كوژراوان و سەراپای ستەم لە بكوژان و ستەمكاران كراوەتەوە، بە واتایەكی دیكە دەستی كوشتن و ستەم لە بنەوە دەبڕدرێتەوە.

ئەوەی ئەم ڕۆ لە میدیای زاڵ و كۆنەپارێز و دەسەڵاتدار ڕوویدا، تەنیا دەتوانێت ڕسوایی، بێئابڕویی، دەبەنگی گوێگران و بڕواكەرانی نیشانبدات ! بە درێژایی تەمەنی سیستەم و ڕژێمی نەژارپەرست، كۆی میدیای ئەوروپا و ئەمەریكا و كەنەدا و ئوسترالیا و دەوڵەت و پارت و ڕامیارانی ھاوبەرژەوەنیان ھەموو ھەواڵێكیان لەمەڕ خۆپیشاندان و خەباتی ڕەوای ڕەشپیستەكان، بە دەستەواژەی تۆمەتباركردنی خەباتكاران بە ئاژاوەگێڕ و تیرۆرست و دژە-شارستانی و دژە-پێشكەوتن و دژە خوا و مەسیحیەت و زۆر شتی دیكە، دەستپێدەكرد و بە پێداگرتنەوە لەسەر ڕەوایەتی سەركوت و نەژادپەرستی و پشتیوانی دەوڵەتانیان بۆ ڕژێمی سەرمایەداری سپیپێستان لە ئەفەریكا، دووپاتدەكردەوە، ھەروەك لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و ئێستای ڕژێمی ئیسلامییەكان لە توركیە، دووپاتدەكردەوە و دەكەنەوە .

بەڵام ئەم ڕۆ ھەر ئەو میدیایە و دەزگە زەبەڵاحەكانی بە نوێترین تەكنۆلۆجیای زانیاریی و بە پانوپۆڕی و خێرایی و فراوانی تۆڕە گەردوونییەكانییەوە، پەژارەی خۆیان بۆ مردنی كەسێك [نێلسۆن ماندرێڵا] دەردەبڕن، كە بیست و حەوت ساڵ زیندان و بە تیرۆرست و ئاژاوەگێڕ ھەژماریاندەكرد.

ئەمە تا ئێرە ئاساییە، ئەوەی ئاسایی نییە، ئەوەیە كە تاكی ستەملێكراو و ژێردەستی كورد بە باڵای ئەو دەوڵەتانەدا ھەڵدەدەن و وەك سیمبوڵ بۆ مرۆڤایەتی بەرز و ماف و ئازادی و پشتیوانیكەری پرسی ڕزگاری كوردان ناویاندەبەن و لە بارەیانەوە دەدوێن، ھاوكاتیش شیوەن بۆ قوربانییەكی وەك [ نێلسۆن ماندرێلا] دەكەن.

لەوانەیە بۆ كەسانێك كە لە ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوودا ئاراستە و بیری ئازادیخوازانە و سۆشیالستیان ھەبووبێت، ھێشتا وێنە و فیلمی نێو ھەواڵەكان لەمەڕ خۆپیشاندانی ڕەشپێستان و سەركوتی رژێمی سەرمایەدارانی سپیپێست، لە یاداوەرییاندا مابێت، بەڵام بۆ نەوەی دوا دەھەی سەدەی ڕابوردوو و سەرەتای ئەم ھەزارەیە، خراپ نییە، ئەگەر بە سوودوەرگرتن لە دونیای ئینتەرنێت و فیلمە دۆكومێنتەرییەكان و فیلمی “پیلانی ماندرێلا ٢٠٠٩” ببینن.