تیرۆر ؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
گرفتی تاكی كورد لەوەدایە، تەنیا لە لەگیانخستنی جەستەدا تیرۆر دەبینێت. ھەموو ڕۆژێك ھەر یەكە لە ئێمە بە شێوەیەك لە شێوەكان تیرۆردەكرێین و وەك ڕووداوێكی ئاسایی و سروشتی و بڕیارێكی سەروومرۆیی لەتەكیدا ڕاھاتووین!
كام تاكی كورد ڕۆژانە بە یەكێك لەم جۆرە تیرۆرانە ڕووبەڕووی ترس و پەرێشانی و توندوتیژی نابێتەوە؛ تیرۆر بەھۆی پەیامی مۆبایل، فەیسبووك، ئیمەیل، نیگای دراوسێی ئایدیلۆجی جیاواز، مۆڕەی پۆلیس و پێشمەرگە، تیرۆری دەروونی لە نێو ماڵ و فێرگە و كارخانە و فەرمانگە و مزگەوت و كلیسا و ژووری بەرێوەبەر و خاڵی پشكنین و چاودێریی و تد، تیرۆری مۆڕاڵی، سێكسی، تیرۆری تاریكبیریی و ڕۆشنبیریی، تیرۆری پارتیی و دەوڵەتیی، تیرۆری ھەواڵیی و میدیایی، تیرۆری …تد.
بەبۆچوونی من تیرۆر وەھا لە ژیانی ڕۆژانەی تاكی كورد [بەتایبەت ژیان لە شار و نێوەندی ڕامیاریی]دا ڕیشەی داكوتاوە، كە ئەگەر ڕۆژێك كتوپڕ تیرۆر نەمێنێت، خەڵكی ھەست بە كەمیی و دابڕانێك بكات، تیرۆر سەراپای بوونی كولتووریی و كۆمەڵایەتیی و ئابووریی و ڕامیاریی تاكی كورد پێكھێناوە و بەڕادەیەك كە ھەموومان ڕۆژانە بەجۆرێك لە جۆرەكان لە كار و كاردانەوە وردەكانی ژیانی ڕۆژانەماندا ھانای بۆ دەبەین و بەكاریدەبەین!
ئەمە ئەو بەرەنجامەیە، كە وەرەمی ڕامیاریی بەسەر كۆمەڵگەدا ھێناویەتی و بە ئاوڕدانەوەیەكی زۆر كورت و خێرا، بە پرسیارێك لە پیرەكانی دەوروبەرمان، ئەوانەی كە ئەنفال و كیمیاباران نەیكوشتوون، ئەوانەی كە سەردەمی پێش دەوڵەت و پارتایەتییان لەیادماوە، دەردەكەوێت كە ڕۆژگارێك كە سەرۆك و نەتەوە و پارت و دەوڵەتمان نەبوون، تیرۆریشمان نەبوو، ئەوسا ھەموو كەسێ بابایەكی ماڵی خۆی بوو، ئەوسا كە وەرەمی ڕامیاریی و پارتایەتی سەراپای بوونمانی نەتەنیبووەوە، ئەوسا كە تەنیا خوایەك لە ئاسمان و مرۆڤ لە زەوی بوو، بەڵام ئەم ڕۆ ھەزاران خوا داباریوونەتە سەر زەوی و مرۆڤی بێدەسەڵاتیش لە دۆزەخێكلدا كە خواكان [سەرۆكی نەتەوە، سەرۆككۆمار، سەرۆكی پارت، سەرۆكی كۆمپانی، خاوەنكار، سەرۆكی میدیا، دەلاڵی بازار] بۆ گەرمكردنەوەی خۆیان بەرپایانكردووە، خەریكی گیانەڵایە و دوا چركەكانی نزیكبوونەوەی تیرۆركردنی دەژمێرێت.
بەڵێ، ڕەئوف كامل و عەلی بۆسكانی و نەزیر عومەر و بەكر عەلی و سەلاح ھۆرامی و فەرھاد فەرەج و شاپوور و قابیل و سۆران و عەبدولستار و سەردەشت و كاوە’ش چەند مانگ و ڕۆژ و سات پێش ئەوەی جەستەیان تیرۆربكرێت، بە جۆرەكانی دیكەی تیرۆر، لە پەنا دەستماندا و بە بەرچاوی ئێمەوە تیرۆركران، بەڵام لەبەرئەوەی كە تیرۆر بەشێكە لە كولتووری وەرەمی ڕامیاریی، ئێمەش ئاسایی وەرمانگرت و تیرۆرستانیش بێخەم و خاترجەم، بە ڕۆژی نیوەڕۆ بە بەرچاوی ھەمووانەوە كاوە’شیان تیرۆركرد و سبەنێش نۆرەی تۆیە، كۆمەڵگە ھەروا بێدەنگدەمێنێتەوە، جونكە تۆ خوازیاری ئەوەیت و بیدەنگیت ھەڵبژاردووە!