دایكسالاری دیوەكەی دیكەی بابسالارییە !

دایكسالاری دیوەكەی دیكەی بابسالارییە !

پێشەكی دایكسالاری یا بابسالاری بە واتای گەڕانەوەی ناسنامەی منداڵ بۆ سەر دایك یا باوك نییە، بەڵكو بە واتای سەروەریی ھەنdێكە بەسەر ھەندێكی دیكەدا.

ئەوانەی كە پێیانوایە دایكسالاری لە بابسالاری باشترە، نە لە ھۆكار و پایەكانی ستەم تێگەییشتوون و نە سەروەریی ڕەتدەكەنەوە.

بە بۆچوونی من گرفت لەوەدا نییە، كە كێ سالارە، بەڵكو گرفت لەوەدایە، كە سالار ھەبێت، ئیدی بابسالاری بێت یا مامۆستاسالاری و سەرۆكسالاری و پارتسالاری و مەلاسارای و شێخسالاری و خواسالاری و مزگەوتسالاری و خانەقاسالاری و فەرمانداریی [حكومەتسالاری] و دەوڵەتسالاری، ھەموو سالارییەك لەسەر بنەمای ناسالاریی زۆرینەیەك بنیاتدەنرێت و سالاری تەنیا لەپێناو ناسالارڕاگرتنی ئەوانی دیكەدایە.

لەبەرئەوە چ باوك سالاربێت و دایك ملكەچ، چ دایكسالاربێت و باوك ملكەچ، ھیچ لە كرۆكی ملەكچیی و ژێردەستەیی ناگۆڕێت. ھەر لەبەر ئەم ھۆیە، ئەگەر كۆمەڵگەی سەرەتایی دایكسالار بووبێت [ھەرچەندە بەڵگەیەكی تۆماركراو لەدەستدا نییە]، ئەوا ئەو بەھەشتە نییە، كە ناھوشیاران و خۆشباوەڕان بە سەروەریی ئەم و ئەو خۆزگەی بۆ دەخوازن و دەیانەوێت دووبارەی بكەنەوە.

ھەروەھا كۆمەلگەی ھاوچەرخ نیشانیدا، كە دڕندەیی ژن لە دڕندەیی پیاو كەمترنییە، ئەگەر زەمینەی بۆ بڕەخشێت، بۆ ئەم مەبەستە بڕاننە ڕۆڵی ژنان لە سوپا و پۆلیس و تیمەكانی تیرۆر و مافیا و میلیشیاكان و بازرگانی و دەسەلاتداریی !

بە پێچەوانەی تێڕوانینی دەسەڵاتخوازانەوە، مرۆڤ تا كاتێك درڼدە نییە، كە دەسەڵاتخواز و مشەخۆرخواز نەبێت، كە ئەو دوو حەزەی لەلا دروستبوون، ئیدی شوناسی ڕەگەزیی و نەژادیی و ئایینیی و چینیی و توێژیی و پلەی ئەكادێمی ھیچ لە دڕندەبوونی ناگۆڕن، بەڵكو بە پێچەوانەوە چەندە ئەكادێمیتر بێت، ھێندە دڕندەییەكەی ھوشیارانەتر و بە پلانتر دەبێت، چەندی ئایینپەروەر و نەتەوەپەروەر و نیشتمانپەروەرتر بێت، دڕندەییەكەی باشتر بۆ پەردەپۆشدەكرێت، ھەروەھا ئەگەر ژن بێت، كۆمەڵگە لەژێر ھەژموونی فێمینیزمی بۆرجوازیدا، مشەخۆریی و دەسەڵاتخوازیی و دڕندەییەكەی نابینێت.

نا بۆ ھەموو سالارییەكان و بەڵێ بۆ ناسالاریی و لاساریی