دەمارگیریی و شارچییەتی و ناچەگەریی زۆر جار شەرمنۆكانە لە شوناسبەخشین بە نوكتە، خۆی دەخاتەڕوو !
لە ئۆروپا ئەگەر گوێ لە ناسیونالیست [نیئۆنازی] و نەژادپەرست [رەیسیست] و ڕاستڕەوێك بگریت، ھەر یەكە بە پێی دەربڕینی خۆی دەڵێت “بێگانە وڵاتەكەیان پیسكردووین ! ”
تا ئێرە سەیر نییە، سەیر لەوەدایە، كە لە ھەر كۆڕێكی پەنابەراندا دابنیشیت، ئەگەر كوردانە بێت دەبێژن ” تورك و فارس و عەرەب و ڕەش و پۆلۆنی و ئۆروپای شەرقی ئەم وڵاتەیان تێكداوە و تاڵانكردووە، كولتووریان وا و خۆیان وا و بنەچەیان وا ” ، …… ئیدیدی ئەگەر ناوی بكەرانی ئەو قسانە بە ھەر كەمینەیەكی كۆچەری دیكە بگۆڕین، ھەر ھەمان قسە دەبیستینەوە و ھەمان خۆبردنەپیش لەلای ناسیونالیست و نەژادپەرست و ڕاستڕەوی ئۆروپی دەكات ….
دەقاودەق ئەم بەزمە لە شارەكانی كوردستاندا بەدیاریكراوی شاری سلێمانیدا ھەر ڕۆژە تەنیا لە سەر شەقام و كۆڕی كۆڵاناندا نا، بەڵكو لە كاناڵە میدیاییەكانەوە [لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە گۆڤار و سایتەكاندا] دەبیستین كە دەلێن ” لادێی ئێمەی خوارد” ، “شارەكەیان پیسكردووە”، “شاریان بۆ دواوە بردووە”، ….
تا ئێرە سەیرنییە، سەیر ئەوەیە، ھەموو شارییەك بە بنەچە لادێیە و ھیچ شارێك بەبێ لادێ نەھاتووەتە بوون و ئەگەر بەرھەمی گوند [ئیدی ئەو بەرھەمە لە شارەزوورەوە بێت یا لە ئێران و ئیسپانیا و ئیسرائیلەوە] نەبێت، ئەوا ھەمووان دەبنە كانیباڵ و منداڵ دایكی خۆی دەخوات و باوك منداڵی خۆی ! لەوەش خراپتر فشاری سووكایەتی [دیسكرمینەشن] شارچییان ئەوەندە لە ڕاگەیاندن و كۆڕی ھونەری و ئەدەبی و گازینۆ و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا زۆریھێناوە، كە لادیێییەكی بەدبەخت ئەگەر تەنیا چەند ساتێك بۆ سەردانی پزیشك ڕووبكاتە جەنجاڵی شار، ئەوا ئەگەر ھوشیار و شانازیگەر بە سروشتەوە نەبێت، ناچار بە شاردنەوەی لادێییبوونەكەی دەبێت و دەكەوێتە جوینەوەی بنێشتی ھەڵبزركاوی دەمی شارچییان و ڕامیاران و “ڕۆشنبیران”ی شار !
ئەوەی لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەكانی كوردستاندا بە خەڵكی گوند دەگوترێت، ئەگەر لە ئۆروپا ئاوا بە ئاشكرا بە كۆچەرانی بیانی بگوترێت، لەلای ئازادیخوازان و سۆیالیستەكان گەورەترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرپادەكات، بەڵام لەبەرئەوەی كە لە كوردستاندا پاسەوانی زیندان و فەرماندەرانی تیرۆر قسە لە ئازادی دەكەن و خۆیان بە ئازادیخواز دەزانن و ڕۆژانە لە مینبەری مزگەوت و كاناڵی پارت و دەسەڵاتەوە ئازادی ئەتكدەكرێت و كەوڵدەكرێت، لە بەرامبەر سووكایەتی بە لادێی و كوردانی كۆچەری بەشەكانی دیكە و كۆچەرانی عەرەب و كرێكارانی كۆچەر، كەس كاردانەوە نیشاننادات و گاڵتە و نوكتە لەسەر لادێی و شار و ناوچەكانی دیكە، سەرگەرمی ڕۆژانەی خۆ بە سۆشیالیستزان و كۆمونیستزانەكانیشە، كە ئەوەی ئەمڕۆی بەرھەمھێناوە و بەرھەمدەھێنێتەوە.
چەند ساڵ لەمەوبەر گوتوومە، نۆكتە و گاڵتە بە كەسانی دیكە بە شوناسی دیاركراوەوە، تەنیا دەمارگیریی و شارچییەتی و دووبەرەكەی بەرھەمدەھێنێت، ئەوەی ئەمڕۆ شارچییەتی بەو قۆناخە گەیاندووە، بەرھەمی نادەربەستی دوێنێمانە.
بە بۆچوونی من، كەمێك كاركردن لەسەر ئەم پرسیارە خراپنییە :
ئایا گوند بەبێ شار دەتوانێت درێژە بە ژیان بدات؛ ئەی شار بەبێ گوند چەند ڕۆژ بژی؟
***************************************************
تێبینی، مەبەستم لە شار و گوند، تەنیا لە كوردستاندا نییە، بەڵكو مەبەستم لەبەرچاوگرتنەیەتی لە چوارچێوەی جیھانگیریشدا، كە مۆزی گوندی ئەفەریكا و كیوی گوندی ئیسرائیل و خەربزەی گوندی ئێران و پەنیری گوندی توركی و سالاتی گوندەكانی ئیسپانی دەگەیێنێتە كوردستان.