فاشیزم كڕۆكی دەوڵەت و فەرماندارییە [حكومەتە] و تیرۆر دەستی شاراوەی ئەو !

فاشیزم كڕۆكی دەوڵەت و فەرماندارییە [حكومەتە] و تیرۆر دەستی شاراوەی ئەو !

بیست و دوو ساڵ لەمەوبەر، لە ڕاپەڕینی سەربەخۆی جەماوەریی عیراق و كوردستاندا، ئێمە سۆشیالیستەكان و ئازادیخوازان گوتمان، ھیچ جیاوازییەك لەنێوان فەرمانداریی بورجوازی كورد و پارتە ناسیونالیستەكانی و بۆرجوازی عەرەب و فارس و تورك و ناسیونالیزم و دەوڵەتەكانی ئەواندا نییە. ڕۆژێك دێتە پێش، كە فەرماندارانی كوردستان ھەمان تاوانگەلێك ئەنجامدەدەنەوە، كە بەعسییەكان ئەنجامیاندان.

بەڵام بەداخەوە، لەو كاتەدا لەبەر ھەراو ھوی ناسیونالیستی و خۆشباوەڕیی جەماوەر بەو، ھەژمارێكی زۆر كەم ئەو كەتوارە تێگەییشتن و دەركیانكرد. لەبەرەئەوە ھیوادارم كە كوردەكانی لای ئێران فریوی ناسیونالیزم نەخۆن و لە ئێستاوە ھوشیاربن، كە پاش ڕوخانی كۆماری ئیسلامی ئێران، بەڕێوەبردنی ژیان و كار و فەرمانی خۆیان بە دەستی پارتەكان و ڕامیاران نەسپێرن و ھەر ئێستا خەمی پێكھێنانی كۆمیتەكان و كۆبوونەوە گشتییەكان و ئەنجومەن و ھەرەوەزییەكانی خۆیان وەك بنەماكانی خۆبەڕێوەبەرایەتی خۆیان، پێكبھێنن و لە ژیان و كار و چالاكی و خەباتی ڕۆژانەی كۆمەڵایەتییدا بیانخەنەگەڕ. ئەگەر نا، ئەوا ئەوانیش وەك ئێمە دەبنە بینەری تیرۆری ئازیزانی ئازادیخوازیان بە دەستی دەسەڵاتدارانی بۆرجوازیی كورد !