وەڵامێكی ناراستەوخۆ لە ڕێگەی پۆستی ھاوەڵێكەوە [ Naseh Halabja] بۆ گوندییەكی شەرمنۆكراو و شانازیكەر بە شارچییەتییەوە [ Soran Sewkani]
سڵاو ھاوڕێ ناسیح، پێویستە ئێمە وریابین، نەكەوینە كینەدۆزی و كێبركێی شارچییەتی و ناوچەگەرییەوە. ڕامیارەكان زۆر بە مەبەستەوە ئەو دووبەرەكیانە دروستدەكەن، بەتایبەت كاتێك كە نەتوانن جەماوەر لەو شوێنانەدا دەستەمۆبكەن.
من بۆخۆم لە زۆربەی پۆستەكانمدا لەسەر لادێییبوونی خۆم پێداگریدەكەم و ھیچ نەنگییەك لە لادێیبووندا نابینم ئیدی گوندێكی شارەزوور بێت یا ھۆرامان و ھەولێر و ئەفەریكا. ڕۆژگارێك سلێمانیش گوندێك بووە و لە كۆبوونەوەی گوندییەكاندا بووە بەو شارەی كە ئەمڕۆ نەفرەت لە گوندی دەكات. من لە شاردا بێجگە لە نامۆبوونی مرۆڤ بەسروشت و بە پەیوەندییە كۆمەڵاییەتییەكان و جێكەوتەبوونی كولتوور و بیرۆكەی سەروەریی دەوڵەت لە سەرووی مرۆڤایەتییەوە، ھیچی دیكە نابینم.
لەبەرئەوە تكادەكەم لاوانی ڕۆشنبیر و خوێنگەرمی ھەڵەبجە نەكەونە داوی ڕامیاریی و تەڵەی پارتایەتی و وەڵامدانەوەی شارچییەك. كاردانەوە و پاشكارایی نیگەتیڤی شارچییەتی و كینەدۆزی زۆر خراپە و با ئێمەی گوندی نەبینە ئەكتەری وەھا سیناریۆیەك.
ئەو كەسە [Soran Sewkani] بەناوەكەیدا دیارە گوندییەكی بەدبەختە، كە خەڵكی [سێوكانی]یە و بۆ رازیكردنی دەمارگیرەكانی شار، پەلاماری ھەڵەبجەیی و شارەزووری داوە، ھەروەك چۆن لە ئەوروپا پەنابەرانی نەتەوە جیاوازەكان پەلاماری یەكدی دەدەن تا ڕاسیزمی وڵاتانی پەنادەر لە خۆیان ڕازیدەكەن، ئاوا كابرای [سێوكانی]ش بە سوكایەتی بە شارەزووری و ھەڵەبجەییەكان، خەریكی ڕازیكردنی ڕاسیزمی سلێمانیچیەتییە! ڕاسیزمێك كە گەڕەكی قەرەچاوا بە بەشێك لە شارەكە نازانێت، ئەوی بە [وانێ] قسەنەكات، بە شاریی نازانێت !
ھەروەھا پێویستە خۆمان لە كایەی سووكایەتی بە عەرەب و بەدەوییەكان دووربگرین و ئەوانیش مرۆڤن وەك ئێمە و شایانی ڕێزلێگرتنن وەك ھەر مرۆڤێك، ئیدی كاریان چییە و كولتووریان چۆنە، ئەوە پەیوەندی بە تاكایەتیی خۆیانەوە ھەیە.