ئەگەر پێتوایە خەیاڵدەكەم، تكایە ئازادی خەیاڵكردنیشم لێ زەوتمەكە !

ئەگەر پێتوایە خەیاڵدەكەم، تكایە ئازادی خەیاڵكردنیشم لێ زەوتمەكە !
ئازادیخوازێك

خەیاڵی ئەم ڕۆژ، ڕوودای داھاتووە
كەتواری ئەم ڕۆژ، ئەفسانەی داھاتووە

ڕۆژێك كە ژێردەستان لە فەرمانبردن، لە سەربازییكردن، لە كۆیلانە كاركردن، لە ملدان بە ڕامیارییكردن، لە دەنگدان بە سەروەرییكردن، یاخیدەبن.

ئەوە ئەو ڕۆژە كە ئیدی سەروەری چین و پارت و دەوڵەت و دەستەبژێر دەبنە ئەفسانە . ئەگەر ھاتنەدی ئەم خەونە، ئەم خەیاڵە، ئەم ئارەزووە بە ئەگەرێكی ئەستەم دەزانیت، ئەوا نائومێدی بەڵگە و سەلمێنەری ئەستەمبوونی ئەو خەون و خەیاڵ و ئارەزووە نییە، بەڵكو بەڵگەی بڕوابەخۆنەبوونی تۆیە، بەڵگەی دەستەمۆبوونی تۆیە، بەڵگەی ئامادەیی كۆیلەبوونی تۆیە، بەڵگەی نادەربەستبوونی تۆیە، بەڵگەی پاشڕەویی و پاشكۆیی تۆیە، بەڵگەی وردوخاشبوونی كەسایەتی تۆیە، بەڵگەی لەدەستدانی ھەموو بنەما كۆمەڵایەتییەكانی تۆیە، ھەر وەك چۆن ڕۆژگارێك لەنێوبردنی سیستەمی كۆیلایەتی و فیئۆداڵی بە خەو و خەیاڵ و ئارەزووی ئەستەم ناودەبرا و زۆر كۆیلە و جوتیاری دەستەمۆ و نائومێد وەك تۆ ھیچ بڕوایان بە لە توانادابوونی لەنێوچوونی ئەو سیستەمە و سەروەرەكانی نەبوو و پاگەندەی ھەمیشەییبوون و نەگۆڕبوونی ئەو سیستەمانەیان دەگوتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بۆ ھەر كەسێك نەك ھەر لەنێوچوونبوونی ئەو سیستەمانە شیاوی دەرككردنە، بەڵكو گەڕانەوەشیان خەونێكی ئەستەمە.

كۆی ھاتنەدی ھەموو ئەوانە، بە بڕوابەخۆبوون و بڕوابوون بە ھێزی جەماوەریی و بزاڤی كۆمەڵایەتی ژێردەستانەوە پەیوەستە، كە ئەو پێشمەرجانەش بەبێ سەربەخۆبوونی تاك، بەبێ خۆڕزگاركردن لە پاشكۆیی پارت، بەبێ خۆقوتاركردن لە جاڵجاڵۆكەی سیستەمی ڕامیاریی، بەبێ یاخیبوون لە كاری كرێگرتە و سەروەریی چینایەتی [دەوڵەت] ئەستەمدەبن.

ئەستەمدەبن، نەك لەبەرئەوەی كە ئێمە ئاوا دەخوازین و تەنیا ئەو دەریچەیە دەبینین، بەڵكو لەبەرئەوەی كە ھەوڵەكانی پێشوومان بەو ئەزموونە چەكداریانكردووین و ئەوەیان بۆ ڕۆشنكردووینەتەوە، كە تاوەكو چارەنووسی خۆمان بە كەسانی دیكە [ڕابەر، سەندیكای زەرد، پارت، دەوڵەت و خوا] بسپێرین، وێڕای ھەر یاخیبوون و ڕاپەڕین و ڕووخاندنێك، سەرەنجام دەگەڕێینەوە ڕێوشوێنی ئابووریی و كۆمەڵایەتی [ ژێردەستەیی] جاران و ئەوەی دەگۆڕێت، تەنیا شوێنگۆڕكێی سەروەرانمانە، واتە شوێنگرتنەوە و گۆڕینی دیكتاتۆری پێشوو بە دیكتاتۆرێكی دیكە، شوێنگرتنەوەی پارتێك بە پارتێكی دیكە، فەرماندارییەك [حكومەتێك] بە فەرماندارییەكی دیكە، كۆمەڵێك ڕامیار بە كۆمەلێك ڕامیاریی دیكە، كۆمەلێك مشەخۆر بە كۆمەلێك مشەخۆری دیكە، بە واتایەكی دیكە سووڕانەوە لە بازنەی كۆیلایەتیدا.