تۆڵەسێنی دەوڵەتی ئیسرائیل و بەخشندەیی حكومەتی ھەرێم

تۆڵەسێنی دەوڵەتی ئیسرائیل و بەخشندەیی حكومەتی ھەرێم

ساڵی ١٩٦٠ موساد لە وڵاتی ئەرجەنتین كۆنە فەرماندەی نازی ‘ ئۆتۆ ئەدۆڵف ئاییشمان Otto Adolf Eichmann ‘ دەدۆزێتەوە و لە چالاكییەكی نێونەتەوەیی پێچاوپێچدا، تاوانبار لە ئەمەریكای لاتینەوە بۆ خۆرھەڵاتی ناوین دەڕفێنێت و دواتر دادگایی دەكەن و لە سێدارەی دەدەن و لاشەكەی دەسووتێنن و لە دەرەوەی سنووری ئاویی ئیسرائیلەوە خۆڵەمیشەكەی فڕێدەدەن.

بەڵام دەسەڵاتدارانی ھەرێمی كوردستان، بە ھەموو توانایانەوە پشتیوانی لە فەرماندەرانی ئەنفالەكان و فرۆكەوانەكانی كیمیاباران و سەرانی رژێمی بەعس دەكەن و ھەوڵی خەباتكاران بۆ دادگاییان لە ئەوروپا بەدرۆدەخەنەوە و لە ھەرێمی كوردستان تەلاریان بۆ چێدەكەن و بەرەو ئەوروپا بەڕێیاندەكەن، ھەر چەندە ئەمە لەبەر ھاوبەشیی بەرژەوەندی چینایەتی سەروەرانی ھەرێم و ڕژێمی پێشوو و تاوانبارانە، بەڵام ئەوان ھاریكارییان لەتەك تاوانباران بە میواندۆستی و نەریتی خێڵەكیی پاساو دەدەنەوە و پەردەپۆشیدەكەن .

ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت قسەی لەسەر بكەم، لایەنگریی لە سێدارە و كوشتن نییە، بەپێچەوانەوە تا سەر مۆخی ئێسقان دژی سێدارە و كوشتنم و تەنانەت دژی لەسێدارەدانی سەدام و ئەوانی دیكەش بووم، چونكە، یەكەم، دژی لەسێدارەدانم و دووە، لەسێدارەدانی سەدام و دارودەستەكەی، بووە ھۆی لەنێوبردنی كۆمەڵێك نھێنی كە دەیانتوانی خزمەتێكی گەورەیان بە مرۆڤایەتی بكەن؛ لەوانە پەیوەندی ڕژێمی بەعس و ئەمەریكا و دەوڵەتانی دیكەی سەر بە پەیمانی ناتۆ و پەیوەندی ڕژێمی بەعس و باڵە چەكدارەكانی بزووتنەوەی كورد. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، ئەوەیە، كە دەوڵەتی ئیسرائیل و زایۆنیزم وەك كردەییكردنەوەی پاگەندە نەتەوەیی و ئایینییەكانیان ئەو كارانەیان ئەنجامنەداوە. بەڵكو فشاری خەڵكی ئیسرائیل بوو. چونكە ھەر لە سەردەمی “ھۆلۆكۆست”ی جووەكاندا،[ شانۆیی ” تیاچوون” به‌سه‌رهاتى ڕێكه‌وتنى ساڵى 1944ی كۆمه‌ڵێك زايۆنيسته‌ لەتەك نازىيه‌كان له‌ هه‌نگاريا. به‌پێى ئه‌و ڕێكه‌وتنامەیه‌ ژماره‌يه‌ك يه‌هودى مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرن و به‌ره‌و فه‌له‌ستين هه‌ڵدێن، لە بەرامبەر ئەوەدا زايۆنيسته‌كان له‌ ئاست ڕه‌وانه‌كردنى یەھودییانێكی دیكە بۆ ئۆردوگه‌كانى مه‌رگ چاودەنووقێنن و بێده‌نگه ده‌كه‌ن].

ھەروەھا بەخشندەیی سەروەرانی كوردستان بەرامبەر فەرماندەكانی ئەنفال و فڕۆكەوانەكانی كیمیاباران، لە دژایەتییانەوە نییە بەرامبەر زیندان و سزای سێدارە، بەڵكو لە بێدەنگی و نادەربەستی خەڵكی كوردستاندایە!

لەمانەش گرنگتر، پاراستن و دەربازكردنی فەرماندەكانی نازی بوو لەلایەن دەزگە نھێنییەكانی ئەمەریكا و بریتانیا’وە و بەكاربردنیان بوو وەك دژە كۆمونیست لە دژی ھەژموونی لەشكر و دەوڵەتی شورەوی، بۆ نموونە پرسی ‘ Klaus barbie ‘، ھەر ئاواش سەرانی بەرەی كوردستانی بە نیشتمانی و دیموكراتەوە، بە شیوعی و ئیسلامییەوە، كۆنە سیخوڕ و چەكداری ڕژێمی بەعس’یان كردە “چەكداری شۆڕشگێر” و لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابوردوودا سەركەوتی ناڕەزایەتی و داخوازییەكانی خەڵكیان پێكردن !