سۆشیالیزم و سەندیكا و پارت
لە پانتاییەكی جوگرافیایەكدا كە بڕیارە وڵاتی من بێت، پیاوان یادی ٨ی مارچ دەكەنەوە، ڕێكخراوی ژنان فێرگەی چێشتلێنان، دەسەڵاتخوازان لە یەكی ئایار ھەڵدەپەڕن، كرێكاران لە ماڵ و مزگەوت و مەیخانە شیوەنی نائومێدی دەگێڕن، ڕامیاران و ئەندامانی پارت، بەیاننامە و لیستی داواكاری ڕیزدەكەن، ھەر بەناوی كرێكارانەوە دروشمی دیكتاتۆری و دەوڵەتی كرێكاری سەردەدەن …
ھەر لەوێ، میزی حوشتر بووەتە دەرمان و شێخ و مەلا بە فوو و ھەڵا ھەڵا، نەخۆشی چارەسەردەكەن، جەنڕڵانی جەنگ، ئاڵای ئاشتی دەشەكێننەوە، جەلادانی زیندان، لەنێو تەلەفزیۆنەكان لە ئازادی دەدوێن ! پۆلیس پاریزەری مافە، سەرباز پەیامبەری ئازادی، مەلا پەیبەری زانستە و سەرۆكخێڵ سیمبولی دادپەروەریی و ڕاستی …
ئا لێرە لەم پانتاییە، سەندیكا كێكێكی ڕەنگاوڕەنگە، پارچە پارچە پارتەكان تێبەربوون، سەوز بۆ ینك، سوور بۆ شیوعی، نیلی بۆ نەوشیروان، زەرد بۆ پارتی، نارنجی بۆ ئیسلامی، سەروەری بۆرجوازی و كەرتی دەوڵەتی، كاریكاتێری كۆمەلگەی سۆشیالیستی !!!!
سەندیكا كوتەكی خاوەنكارە، سەندیكا كلكی پارت و ڕابەری ڕامیارە، سەندیكا مەقاشی دەسەلات، سەندیكا دژی كرێكاری كۆچەرە و نوێنەری خاوەنكارانی وڵات، سەندیكا بەخشەری نازناو و خەڵات، ئەرێ بەڕاستی كۆبوونەوەی گشتی و شورا و فێدراسیۆن و شۆرشی سۆشیالیستی پارتان، چییان بەسەرھات ؟؟؟؟؟؟