ھەڵەبجە بوو بە پارێزگە ؟!

ھەڵەبجە بوو بە پارێزگە ؟!

پێش ھەموو شتێك وەك ئازادیخوازێك [ئەناركیستێك] پێداگریی لەسەر خۆبەڕێوەبەرایەتی گوند و ناوچە و شارۆچكە و شار و ھەرێمەكان لەسەر بنەمای سەربەخۆیی ئابووریی و كارگێریی دەكەم، بۆ ئەوەی دانیشتوانی ھەڵەبجەی چەند جار قوربانی، بە ھەڵە لە مەبەستەكەم تێنەگەن.

پارێزگەبوونی ھەڵەبجە ھەم مایەی دڵخۆشییە و ھەم مایەی نائومێدی، چونكە لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی پشتبەستوو بە پێكھاتەی قوچكەییدا ھیچ كات پارێزگەبوون و پایتەختبوون نابێتە ھۆكاری كۆتاییھاتنی وابەستەیی ئابووریی و كارگێریی و گەندەڵی و مشەخۆریی بەسەر ڕەنجی تاك و داھاتی كۆمەڵگەوە، بەڵكو تەنیا پشكی فەرماندارانی شار [لەم پەیوەندەدا ھەڵەبجە] لە مشەخۆیی لەتەك پشكی مشەخۆرانی پارێزگەی نێوەند [لەم پەیوەندەدا سلێمانی] یەكساندەكات، لەوانەیە پێویستنەكات ھەندێك پەروەردە و كاری ڕۆتین بچنە سلێمانی، ئەگینا ھیچی دیكە لە پرسەكان ناگۆڕێت؛ پێكھاتەی بەرێوەبەرایەتی و ڕێكخستنی قوچكەیی بڕیار و جێبەجێكردن، سكاڵا و وەڵامدانەوە، سیستەمی خوێندن و پەروەردە و ڕێكخستنی پەیوەندییەكان، باڵادەستی پارت و دەستەبژێری ڕامیار و ڕامیارەكان و میدیای لاورگ و پەیوەندی بەڕێوەبەرایەتی و ھێز و نێوندە كۆنەپەرستەكان و ناڕاستەوخۆیی بەڕێوەبردن و نەبوونی ھەژموونی تاك و جەماوەری ژێردەست بەسەر دەسەڵاتەوە، نەبوونی كارایی تاك و بزاڤە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر بڕیارەكان…تد.

تەنیا شتێك كە شیاوی دڵخۆشی دەبینم، ڕۆشنبوونەوەی ئەو كەتوارەیە، كە تاوەكو سیستم و دەسەڵاتی سەرووخەڵكی بمێنێت، گۆڕینەكان تەنیا لە ئاستی گۆڕینی ناوەكاندا دەمێننەوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی خۆھوشیاریی تاك و بیركردنەوە لە شێوازێكی دیكەی ڕێكخستن و بەڕێوەبردن و كار و پێكەوەژیان. لەبەرئەوە ھیوادارم لە یەكەم ھەنگاودا شانبەشانی پارێزگەبوون، جەماوەری ژێردەست [مەبەست لە كەسانی بێدەسەڵاتە] ھەنگاو بە ھەنگاو كۆڕ و كۆمەڵە سەربەخۆ كۆمەڵایەتییەكان لەسەر بنەمای زیندووكردنەوەی ھەرەوەزیی كۆمەڵایەتی و ھاوپشتی چینایەتی و پەیوەندی ھاوسێیەتی و خۆڕێكخستنی ئابووریی كرێكاران و جوتیاران و توێژەكانی دیكەی خوارەوەی كۆمەڵگە، خۆیان بۆ خۆگۆڕین و گۆڕینی كۆمەڵگە؛ شێوازی كار و ژیان و بیركردنەوە، ڕێكبخەن و ئامادەبكەن. ئەگەرنا سەربەخۆیی قوچكەییانە [ھیرارشییانە]ی پارێزگە و پارێزگەبوون لە ژیانی ڕۆژانە و بواری ئابووری و ڕامیارییدا، بێجگە لە ھەڵئاوسان و دەسەلاتداریی چەند زاڵوویەكی دیكە، ھیچی دیكە نابەخشێت، ھەروەك ڕاماڵینی داگیركەر بە جێگرتنەوەی داگیركەرە نێوخۆییەكان كۆتاییھات، ھەر ئاواش قوتاربوون لە گەندەڵیی و مشەخۆریی دەسەڵاتدارانی سلێمانی و بەغداد لە ڕواڵەتدا، بە جێگرتنەوەی فەرماندارانی نێوخۆیی تەواودەبێت.