زۆربە پاگەندە و داوای یەكسانی دەكەین، بەڵام ئایا بەكردەوە ئامادەی كاركردنین بۆ ھەمان شت ؟

من گومانم ھەیە، لەبەریەوە نموونەیەك دەكەمە پرسیار و لە ئێوەی خوێنەر دەپرسم، بە بۆچوونی ئێوە لە سەدا چەندی ژنان پشتیوانی لێدەكەن و ئامادەن لەپێناو بەدیھاتنیدا قوربانی بدەن و دەستبەرداری ئەو بەرتەرییانە بن، كە كۆیلەتی ئەوانیان ڕاگرتووە ؟

ھاوسەرییكردن یا ھاوەڵێتی و پەیوەندی ژین و پیاو، پێداویستی جەستەیی و گیان و كۆمەڵایەتیی ھەر دوو ڕەگەزەیەكە و لەبەرئەوە پێویستە بەدیھاتنیشی ئەركی ھەر دوو لا بێت. ئایا بۆ ئەوەی ژنان لە پاشكۆیی ئابووریی و ژێردەستیی ژن و مێردایەتی و كاڵابوون لەو مامەڵەیەدا ڕزگاری ببێت، پێویست نییە، كە دەستبەرداری پێشەكی و پاشەكی ئاڵتوون و پارە بۆ ماڵەباب ببن و لە جیاتی ئەوەی داوای ئۆتۆمەبێلی دوا مۆدێل و تەلاری ئامادەی و ناوماڵی پلەیەك بكەن، خێزانی ھەر دوو لا [ژن و پیاوەكە] ئەرك و خەرجی ھاوسەرییكردن ؛ ئاھەنگ و ماڵدانانیان لە ئەستۆبگرن، بۆ ئەوەی كە ھەردوولا ھەمان دەسەڵاتی یەكسانی ئابوورییان ھەبێت، كە دەسەڵاتە كۆمەڵایەتیی و ھاوسەرییەكە دیاردەكات ؟

ھیوادارم ڕێژەكە پێچەوانەی پێگەییشتنەكانی من بێت و ژنانی پێشەكی و پاشەكیخواز بە كۆنەپەرست و دژە یەكسانی تاوانبارمنەكەن !
[پێشەكی و پاشەكی] بریتین لە پارەی ڕابواردنەكانی نێو خێزان لە ڕێكوتنێكی بەردەوام و درێژماوەدا، بە پێچەوانەی پارەی رابواردن لە سێكسفرۆشییەكاندا، كە بۆ چەند جاری دیاریكراوە لە كات و شوێنی دیاریكراودا.