كاتێك كە دوعا’ی ئەۋیندار بلۆكبارانكرا، بە زۆرێكم گوت تەنیا شێوە ناڕەزایەتییەك كە دەتوانێت ببێتە خاڵی كۆتایی كوشتنی ژنان، ڕێپێوانی ناڕازییانە لە گشت شار و گوندەكانەوە بە پیادەرێ بەرەو ئەو مەیدانەی كە ئەوی تێدا بلۆكبارانكرا و داگیرساندنی مۆمەكان لەوێ.

بەڵام كارێكی ئاوا شیاوی سەرمایەگوزاری رامیاریی پارتەكان نەبوو و نییە، بۆیە تەنیاوە وەك بڵندگۆیەكی پاگەندەی ڕامیاریی بۆ پارتەكانی خۆیان یا خۆنوێنی دەستەبژەكان، لێرە و لەوێ كە زیانی بۆ پەزەكانی دەسەڵات و كولتووری مرۆڤكوژیی نەبوو، كردیانە ھەڵای پارتیی بۆ خۆیان.

ئەم ڕۆژیش كە وا خەریكە بە بەرچاوی ھەموومانەوە پەروەندەی تیرۆری “كاوە گەرمیانی” ژێر بە ژیڕ دەكرێت، تەنیا ھەنگاوێك كە دەتوانێت كارابێت، ھەڵدانی چادری ناڕەزایەتییە لەبەردەم دادگەی گشت شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان و مانگرتنی چەند ڕۆژەی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و بایكۆتی كردنەوەی میدیای دەسەڵات و لاورگی دەسەڵات، نە كڕینی ڕۆژنامە و گۆڤار بۆ ماوەی دیارینەكراو، ھاوپشتیكردنی كۆچەرانی كوردە لە ھەندەران بە فشار و شێوازی جۆراوجۆر؛ ئەگەر بكوژان ھەڵگری شوناسی وڵاتێكی ئەوروپایین، لەو وڵاتەدا وەك ھاووڵاتی ئەو وڵاتە سكاڵایان لەسەر تۆماربكرێت، تیرۆرەكە بكرێتە پرسێكی زیندوو لە نێوەندە جیھانییەكاندا لەوانە ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و بێسنوور، نیوەندەكانی دیكەی وەك مافی مرۆڤ و بزووتنەوە ئازادیخوازەكان و كاركردن لەتەك پرسی تیرۆر و زینادن لە وڵاتانی دیكەی جیھان.