كۆمەڵگەی كوردستان لە پارادۆكسگەلێكی ناكۆتادا دەژی، لەوەی كورد ھەیە، گۆرانی بەسەر ئەویندا دەڵێت، تەنانەت گۆرانییە كوردییەكان لە فیلمە سێكسییەكان سێكسیترن، كەچی ئەوین و سێكس سزای كوشتنیان لەسەرە، تەنانەت ئەو دایك و باوك و برایانەی كە بڕیاری كوشتنی كیژۆڵەكانیان دەدەن و ئەوینی كیژۆلەكانیان بە نەنگی بۆ خێزان و بنەماڵە خێڵ و نەتەوە لێكدەدەنەوە، ھەر گۆرانی بۆ ئەوین دەڵێن و گوێ لە درۆیەكانی ناخیان دەگرن.
كاتی ئەوە ھاتووە ھەموو كاسێتەكان، ھەموو فیلمەكان بسووتێنین، چونكە ھەموویان درۆیەكی پیرۆزكراون، نە ھونەرمەندمان راسگتۆیە و نە ئەویندارانمان، ھەر ئەو دایك و بابەی كە ڕۆژگارێك بۆ چیژی ماچێك ھەزار و یەك بەدبەختییان چێشتووە، پاش دامركانەوەی ھەوەسی پەنگخواردوویان، دەبنە بكوژی كیژۆڵەكانیان.
[ ئێستاش تیرۆری ھاوپۆلێكم كە لە ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوودا لە یەكێك لە ئوردووگە زۆرەملێییەكان ئەوینداری كیژۆڵەیەك بوو و زۆر یەكدییان خۆشدەویست، پاش ئەوەی كە كەسوكاری كیژەكە بەوە دەزانن، فشار دەخەنە سەر كیژۆڵەكە تا كوڕەكە بانگبكاتە ماڵەوە و خێزانی كیژەكە كوڕەكە دەگرن و دەیكوژن و بە پەرەمێز دەیسووتێنن … ]
ئەم خەمە گەورەیە، یەخەم بەرنادات، خەمی نامیق، كە بێجگە لە دایكە پیر و ھەژار و پەككەوتەكەی كەسی دیكەی نەبوو، لەو ساوە ئەم خەمە وەھا توڕەی كردووم، ئەگەر ھەموو چركەیەكی ڕۆژگار نەفرەت لە كولتووری پارادۆكساوی كورد بكەم، ھێشتا ئۆخەیم بۆ نایێت.