ھاوڕێیان، ھاوەڵان ، دۆستانی فەیسبووكئاوا

خۆزگە وێنەی سەربڕینتان بڵاونەكردایەتەوە، نەك بۆ ئەوەی كە ڕووی راستەقینەی ئایین و ڕامیاریی و پارت و دەوڵەتەكان دەرنەكەوێت، بەڵكو لەبەرئەوەی كە لە خودی ئێمەشدا توندوتیژی وەك كاردانەوە بەڕووی دڕندایەتی گروپە ئیسلامییەكان، ناسیونالیستە بە خوێن تینووەكان، دەوڵەتی ڕۆچنراوی سەر كەللەسەران، سەرھەڵنەدات…

توندوتیژی توندوتیژی دەئافرێنێت. پەیامبەرانی جەنگی كولتوورەكان ئامانجی خۆیان پێكا، خاڵی لاوازی مرۆڤی موسولمانیان دۆزییەوە؛ سەربڕین و خۆتەكاندنەوە، تا ڕووی خۆیانی پێ سپی بكەنەوە …

دەبەنگی ئیسلامییەكان ئا لێرەدایە، كە بە ئاسانی لەلایەن كۆمپانییەكانی چەكسازییەوە، لەلایەن دەوڵەتانەوە، لەلایەن باندە مافیاكانەوە وەك قەساب بەكرێدەگیردرێن. لە جەنگی گەورە [جەنگی سی ساڵەی ئەوروپا]دا مەزھەبە كریستییەكان، گەورەترین داھێنانیان لە مرۆڤكوژیدا لە خۆیان نواند، بەڵام ئەم ڕۆ مەزھەبە ئیسلامییەكان ڕووی كریستەكانیان سپی كردووەتەوە و لەوەش زیاتر لە چاو ئیسلامییەكان بوونەتە كۆتری ئاشتی و داوای كۆتایھێنان بە توندوتیژی دەكەن.

لەوە دەچێت، ئاوا بڕیاردرا كە ئیسلام، كۆتایی یا دوایین ئایینی ئاسمانی بێت، ئیسلامییەكانیش دواییترین داھێنەرانی مرۆڤكوژی بن.

وێڕای ھەزاران ساڵ سەربڕینی ئاژەڵ، ھێشتاكە ئاژەڵەكان سەرپێچی و ھەوڵی ھەڵھاتن و خۆراپسكان دەدەن، كەچی دڕندەیی ئیسلامییەكان و دەوڵەتان و باندە مافییاییەكان بەڕادەیەكە، كە مرۆڤی قوربانی بە ئارامییەوە مل بۆ چەقۆ و خەنجەر و شمشێری قەسابانی ئیسلام درێژدەكات. ئەمە ئەوپەڕی دڕندەییە، دڕندەییەك، كە قوربانی لە ھەوڵی خۆقوتاركردن و خۆراپسكان گێڕاتەوە، تەنانەت سروشتە ئاژەڵییە ھیوادارەكەی لێسەندووە …

ئاخ لەم ساتدا نازانم چی بڵێم. تەنیا ئەوەندە دەزانم، ئیسلامییەكان خزمەت بە دوژمنەكانیان دەكەن، خزمەت بەوانە دەكەن، كە لە جەنگی كولتوورەكاندا تەڵەیان بۆ دانانەوە، ئەمە ھەمان بەكرێگیراوی سەرۆكخێلەكانی بیابان و و شێخەكاكانی كەنداوە لە كۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، كە ڕێیان بۆ داگیركەرانی ئەوروپی خۆشكرد، ئەم ڕۆژ لە سایەی سەری گروپە ئیسلامییەكانەوە ھەم بازاری چەكفرۆشی گەرمە، ھەم نەفرەت لە خەڵكی خۆرھەڵاتی ننێوەڕاست لە زیادبووندایە و ھەم باشترین بیانوو دەدەنە دەست دەوڵەتانی جیھان بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادیییە تاكی و جڤاكییەكان لە سەرتاسەری جیھاندا و ھەم بیانوو بۆ لەشكركێشیی بۆ سەر وڵاتان، دەستەبەردەكەن !