پارت، ئامزاری گەییشتنە بە سەروەری، نەک ئامرازی شۆڕش بۆ لەنێوبردنی سەروەری !
کاتێك کە لە مارکسیستێك دەپرسیت “پارتی پێشڕەو، بێجگە لە ستکاریزم و دووبەرەکی و جیابوونەوە و پرشوبڵاوی بزووتنەوەکە و شەڕەدەندووکی خۆبەرابەرزانان لەسەر سەرۆکایەتی و سەرکرایەتی و پلەپایە و ناوبانگ، ئایا هیچی دیکەی بەرهەمهێناوە ؟”
دەستبەجێ لە وەڵامدا دەلێت، ئەو پارتانە دەرکیان ناڕۆشنبووە و ئەو پارتەی من خەونی پێوە دەبینم، شتێکی دیکەیە !
کاتێك کە پێیدەڵێیت : هۆکاری سەرهەڵدان و تەشەنەی ئەو شتانە، زانین و نەزانینی کەسەکان نییە، بەڵکو سروشتی پیکهاتەی قووچکەیی، ڕامیارییبوونی ، ئایدیۆلۆجیاداری، میکانیزمەکانی خۆپاراستنی پارت و پەرەپێدانی پارتایەتی، ڕێکخستن و پاڵاوتنی کەسەکان بە ئازا و ترسنۆک، زانا و نەزان، زیرەک و تەمەڵ، رابەر و رابەریکراو، باڵا و پایین، نایەکسانی دەسەڵات و ماف و ئەرکی ئەندامان و گەلێکی دیکەیە !
لە وەڵامدا دەبێژێت: من پارتێکم دەوێت، کە ئەو شتانەی تێدانەبێت و ڕەتیانبکاتەوە !
کاتێك کە پێدەڵێیت : نەمانی ئەو شتانە لە پارتایەتییدا، واتە ڕەتکردنەوەی خودی پارتایەتی و نەمانی خودی پارت، چونکە پارت وەك هەر دەزگەیەکی دیکەی ڕامیاریی، تەنیا بەو پێکهێنەرانەوە دەتوانێت پارت بێت و بوونی هەبێت !
ئەوا لە وەڵامدا دەڵێت : نا پارتێك کە من دەمەوێت، لە شێوەی تۆڕی کۆمەڵایەتییدایە، قووچکەیی نییە و ڕیکخستنەکەی ئاسۆیی دەبێت !
کاتێك کە لێی دەپرسیت: ئەوەی تۆ دەیڵێت پارت نییە و تۆڕی کۆمەڵایەتییە یا فیدراسیۆنی یەکگرتنی گروپەکانە، ئیدی بۆ هەر دەتەوێت ناوی پارتی لێبنێیت ؟ گرنگی و جادووی ئەم پرسە لە کوێدایە، بۆچی تۆ دەستبەرداری شتێك نابیت، کە بێجگە لە زیان هیچی دیکەی بۆ بزووتنەوەی سۆشیالیستی بەرهەمنەهێناوە و نەبووە و ناشبێت ؟
بەبێ دوو دڵی و بە پێداگرییەوە دەڵێت : ئاخر بەبێ پارت چۆن شۆڕش دەکەیت ؟
کاتێك پێیدەڵێت: شۆڕش پرۆسێسێکی مێژووییە و دەستکردی چەند ڕابەڕێك یا پارتێك نییە و ئەوە نییە کە تۆ دەیزانیت، هەروەها شۆڕش کاری جەماوەری شۆڕشگێڕە نەك دەزگەیەکی ئاسمانی سەروو جەماوەریی وەک پارت !
بەم وەڵامە هەردەمی و ئامادەیە بەنێو دەمتدا دەدات: “تۆ وەک خوردە بۆرخوازییەك دژی یەکگرتنی! ”
********
خوێنەری هێژا، من پاش سەدان بارەبوونەوەی ئەم جۆرە مشتومڕانە، بەو سەرەنجامە گەییشتووم، نهێنییەك لە ئارادایە، کە پارتخوازەکان نایانەوێت بیدرکێنن : ئەویش ئەوەیە، ئەگەر دەزگەی ڕامیاریی و سەرووخەڵکیی پارت نەبێت، ئەدی سەرانی پارت، کو هەست بە شوانەبوونی خۆیان و مێگەلبوونی جەماوەر بکەن و بانگەوازیان بدەن و کەی لە بەرژەوەندییان بوو بۆ خۆپیشاندان هەڵیانخڕێنن و کەی خۆپیشاندان زیانی بۆ پەزەکانی پارت هەبوو، بایننێرنەوە ماڵەوە و کەی خواستیان لە دەسەڵات و مشەخۆریی بەهرەمەندبن، ئەوا بۆ بەردەم سندووقەکانی گاڵتەجاڕیی هەڵبژرادن و دەنگدان بە سەروەران بەڕێیانبکەن؟
بە بۆچوونی من، سەرەڕای ئەو هەمووە ئەزموونە مێژووییەی زیانبەخشی و ناتەبایی پارت بە سروشتی بزووتنەوەی سۆشیالیستی و ئازادیخوازی، تەنیا و تەنیا هەر حەز و ئارەزووی دەسەڵاتخوازیی و سەروەربوونە، ئاوا لە کەسی کۆمونیست دەکات، دەستبەرداری شتێك نەبێت، کە هیچ بەڵگە و پاساوێکی پێویستبوونی بۆ بزووتنەوەکە نییە و مێژوو پێچەوانەکەی هەزاران و ملیۆنان جار سەلماندووە !
خوێنەری هێژا، ئەدی تۆ چ دەبێژێت و کو لەم بەزمە نالۆجیکییە تێگەییشتوویت ؟