“هەمووان دەخوازن جیهانی دەوروبەریان بگۆڕدرێت، بەڵام … هیچ کەس بیر لە گۆڕینی خۆی ناکاتەوە ” لیئۆ تۆلستۆی

“هەمووان دەخوازن جیهانی دەوروبەریان بگۆڕدرێت، بەڵام … هیچ کەس بیر لە گۆڕینی خۆی ناکاتەوە ” لیئۆ تۆلستۆی

لە وەڵامی دۆستێکدا …………..

بە ئامانجی بەشداری هەمووان لە مشتومڕەکاندا، ئەم مشتومڕەی نێوان چەند دۆستێک و من، لێرە دادەنێم و هیوادارم ئەوانەی کە کۆمەڵگەی داهاتوو و چۆنیەتی گەییشتن بەو کۆمەڵگەیە مەبەستییانە و بەجۆرێك لە جۆرەکان کار و خەباتی بۆ دەکەن، بەپێی کات و بۆلوان و توانا و زانیاریی خۆیان، کۆمەکبکەن و ناڕۆشنییەکانی ئێمە بخەنەڕوو و لە تێڕوانینی خۆیان بەهرەمەندمانبکەن و بابەتەکە تێروتەسەلتر بکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی مشتومڕەکە، کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە : https://www.facebook.com/fuadsaed2/posts/750070328346113

Hezheen Hezheen
بەپێچەوانەوە، تۆلستۆی دەبێژێت، ئەوەی رامیارەکان دەڵێن “داواکردنی گۆڕینی دونیا، بەبێ گۆڕینی خودی خویان” درێژکراوەی لە سەرووی ڕەخنە و گۆڕانبوونی خواوەیەوە، هەر ئەوەی کە کەسانی خۆبەڕابەرزان داوا لە خەڵک دەکەن، خۆیان بگۆڕن، خۆیان بە کوشتبدەن، هەرچییان هەیە فیدای بکەن، یەکبگرن، پرش و بڵاوی لێبکەن، جیابننەوە وهاوڕێکانی دوێنێیان تیرۆربکەن، ئایینە، خۆپیرۆزکردنە نەک ئەوەی کە تۆلستۆی دەیلێت.

ئەو پێش ئەوەی داوای یەکگرتن، گۆران، ئازادی، سۆشیالیزم، خەباتمان لێ بکات، لە خۆیەوە دەست بە بەدیهێنان و کاکرکردن لەسەر شتەکان دەکات. دژایەتیکردنی ئەو بۆچوونەی تۆلستۆی بەخۆمان بزانین یا نا، دەمانخاتە خانەی دەستووردەران. کە پێچەوانەکەی تۆلستۆی دەبێژێت، پێش ئەوەی دەستوور بە کەسی دیکە بدەی کە چی بکات، هەوڵبدە خۆت ئەنجامی بدە، بزانە دروستە، بەدڵتە، بەسوودە، سەرکەوتووە، ئینجا وەک نووشتە بۆ ئەوانی دیکەی بنووسە ….

……………………………….

Hezheen Hezheen
شتینەر “من” لە سەرووی هەموو شتەکانەوە دادەنێت …

ئەنوەر نەجمەدین ڕەخنە لەوە دەگرێت و بەدرێژکراوەی مەسیحیەتی دەزانێت …

تۆلستۆی دەبێژێت “گۆڕان” لە خودەوە دەستپێدەکات نەک لە دەرەوەی خود …

ئەنوەر نەجمەدین ڕەخنە لەوە دەگرێت و دەبێژێت “ئەوە دووبارەکردنەوەی هەمان ئەخلاقە کە لە ئاینەکاندا باوە. مەسیحیەت دەڵێت: چۆن دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ لای خواو لەگەڵی ڕێبکەوین ئەگەر لە خۆمانەوە دەست پێنەکەین؟”

پاشان هەر دوای ئەو دێڕانە دەبێژێت “لە ئایندا (خطيئة) بەوە دادەنرێت کە کەس بیر لەخۆی ناکاتەوە، بۆیە پێغەمبەرەکان بەناوی ئاسمانەوە ئامۆژگاریمان دەکەن بەوەی یەکتریمان خۆش بوێت، واز لە ئەنانیەت بهێنین تا ئەو پارچە پارچەبوونی ناو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەنێو بچێت، ئەو گۆڕانکاریەیش گوایە لە خۆمانەوە دەست پێدەکات.”….

باشە ئەگەر مەسیحیەت داوای وازهێنان لە خۆپەرستیمان لێدەکات، چۆن لەتەک شتینەر دا یەکدەگرنەوە، کە داوای خۆپەرستیمان لێدەکات ؟

باشە، ئاوای دابنێین، کە مۆڕاڵ [ئەخڵاق] ئایدیایەکی ئایینییە، ئەی لە بەرامبەردا ئەوانەی کە مۆڕاڵ و هەموو ڕەخنەیەکی مۆڕاڵی ڕەتدەکەنەوە، چی پێشنیاردەکەن ؛ بێمۆڕاڵیی ؟

ئایا مرۆڤی بێمۆڕال بوونی هەیە ؟ ئەگەر هەیە، کامە نموونە و لە کوێێدا ؟

……………………………………

Hezheen Hezheen
کاک ئەنوەر ئەم گوتەیەم وەك وەڵامدانەوە و بەرپەرچ لێ وەرمەگرە، بە بۆچوونی من، تەنیا هەولێکی کەتواریی بۆ گۆڕین و بنیاتتانی کۆمەڵگەی نوێ، لە بەرامبەر ئەو هەموو پارتپارتۆکێ و بەکوشتدان و دووبەرەکی و بەڕامیارییکردنەی پرسەکاندا، ئەو هەنگاوانە بوون، کە سان سیمۆن و رۆبێرت ئۆئێن و چارلز فۆریە هاویشتیانن. خۆزگە لە جیاتی ئەو هەمووە پارتبازییە، ئەوانی دیکەش کۆمەڵگەبازی بکردرایە، خۆ بەلایەنی کەمەوە، خوێنی تێدا نەدەرژا و دووبەرەکی و دیکتاتۆری لێ سەوز نەدەبوو. بە بۆچوونی من بیریارانی ئەنارکی، ستەمێکی زۆر گەورەیان لەو سێ سۆشیالیستخوازە کردەکارە کردووە و کە بە یوتۆپیستیان زانیون، لە کاتێکدا یوتۆپیا مامانی هەموو ڕوانگە و دیتنێکی نوێیە و ئەگەر بەخۆیان یوتۆپیست نەبوونایە، بەدڵنیاییەوە بیرکردنەوەیان لە ڕیفۆرمیستە هاوسەردەمییەکانی خۆیان واوەتر تێپەڕینەدەکرد و نەیدەتوانی لەم ڕۆژگارەشدا بیریان گەش بێت.
………………………………

Hezheen Hezheen

کاک ئەنوەر، بەداخەوە هەندیك لە قسەکانمان دووبارە دەبنەوە و پێشتر لەسەیان دواوین. بەراوردکردنی هەوڵەکانی ئەم ڕۆژە لەتەک هەوڵەکانی پێشتووتر، نادروستە، جونکە ئەوانەی ێستا هەوڵی دابراو نین لە دەرەوەی سیستەمەکە، بەڵکو لەنێو خودی سیستەمەکدا و لە دڵی ڕووداوەکاندا و لە خەباتی ڕۆژانەی کۆمڵگەدا بۆ نموونە دەستبەسەرداگرتنی کارگەکان لە یۆنان، پێکهێنانی خۆکۆمەکیی دەرمانی، دەستبەسەرداگرتنی خانووبەرە چۆڵەکان و بەکاربردنیان بۆ ژیان، پێهێنانی هەروەزییەکان لە زۆربەی بوارەکاندا، ئایا ئەمانە وەڵام نین بە پرسەکانی ڕۆش، ئایا هەڵخراندن نییە بۆ کۆمەڵگەی داهاتوو؟ پاشان تۆ دەلێت کۆمەڵگە ملکەچی یاسا ئابووریی و مێژووییەکانی خۆیەتی. ئایا لە خۆت پرسیوە ئەو مێژوو چییە و بەرهەمی چ کارکردێکە، ئایا ئابووری لە دەرەوەی کارکردی مرۆڤەوەیە؟ ئازیزم کۆمەڵگە لە مرۆڤ پێکهاتووە و ئەوە کارکردی مرۆڤە [چ بە پۆزەتیڤ و چ بە نیگەتیڤ] کە مێژوو دروستدەکات و ئەوە ئەو کارکردەیە کە ئابووری ڕێکدەکات. لە دەرەوەی مرۆڤ و کۆمەڵگە نە ئابووریی بوونی هەیە و نە مێژوو. من تێناگەم تۆ بۆ خۆت خزاندووەتە ئەو تەنگەلایە و هاوکێشەکان لنگاوقووچ دەخوێنیتەوە ؟

Hezheen Hezheen
کاك ئەنوەر ، مادام وەڵامەکە بۆ منیشە، حەزدەکەم بپرسم;

ئەوەی کارل مارکس بە دەستەواژەیەك ماکس شتینەر بە “جاکە گەمژە” ناودەبات، ئایا دەتوانێت سەلمێنەری نادروستی بۆچوونەکانی شتینەر و گەمژەیی ئەو بێت، یا دەتوانێت وەڵام بێت بە ڕەخنەی شتینەر لە ئایدیۆلۆجیاداتاشینەکەی کارڵ مارکس بۆ کۆمونیزم؟

[بەڕێزم، ئەمە تەنیا وەڵامە بۆ شانازییەکەی تۆ بەو دەستەواژە لاوازە و دوور لە هزرەی کارل مارکس، ئەگینا من باوەڕم بە نۆژەنکردنەوەی شەڕەدەندووکی مردووان لەم سەردەمەدا نییە و بە پێویستیشی نازانم و هیچ سوودێکی بۆ بزووتنەوەکە نییە. هەروەها دستخۆشیت لێدەکەم، ئەگەر خۆت بدوێت و خۆت ڕەخنە لە شتینەر بگریت نەك ئێسکەکانی کارل مارکس بهێنییتە گۆ]

ئازیزم، ناو و ناتۆرە شتێکە و وەڵامدانەوە و ڕەخنە شتێکی دیکە!

هەروەها شۆڕش بۆ خۆی باڵاکردنی ڕەخنەیە و لە ڕەخنەوە دەستپێدەکات، کاتێك کە تاکی چەوساوە ڕەخنەی لە سیستەمی سەروەریی نەبێت، چۆن بیر لە شۆڕشدەکاتەوە یا چی بۆ شۆڕش هانیدەدات؟

بەداخەوە تۆ هەم گۆڕان و هەم ڕەخنە و هەم ڕۆڵی تاك لە شۆرش و لە کۆمەڵگەدا و هەم ڕۆڵی تاك [وەك یەکە و پێکهێنەری چین و توێژ و کۆمەڵ] بەگشتی لە دروستکردنی مێژوو و ئاڵوگٶڕی کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکاندا ڕەتدەکەیتەوە.

ئایا ئەمە ڕوانگەیەکی ئاسمانی نییە بۆ گۆڕان و شۆڕش و بەستنەوەی بە هێزێکی نادیاری ئاسمانییەوە ؟

بەداخەوە لەلای تۆ ناوی “اللە” گۆراوە بە هێزی جادوویانەی ئابووری و سەروومرۆڤبوونی مێژوو، کە لە دێتێرمینیزمدا کورتدەبێتەوە.

ئازیزم تۆ یەکەم مارکسیست نیت، کە لە نائومێدیدا وازی لە هێزی کۆمەڵایەتی شۆڕش هێنابێت و هانای بۆ گۆڕان و شۆڕشی دیتێرمینیستانە لەسەر بنەمای گۆران و ناچاریی ئابووری، بدربێت !

ئازیزم، هۆکاری ئەوە بۆ من زۆر ڕۆشنە، کاتێك کە تۆ کۆپیکردنی ڕاپەڕینەکانی وڵاتانی باکووری ئەفەریکا لە کوردستان و هەلهەلەی ناسیونالیستانی بەردەرکی سەرا لە نەورۆزی پاش ١٧ی شوبات’دا بۆ نەوشیروان موستەفا بە شۆڕش ناودەبەیت و هەموو هیوایەکت بۆ دەرکەوتنت وەك ڕابەرێکی مارکسیست بلقی سەرئاو دەردەچێت، ئیدی نائومێدبوون لە ڕۆڵی تاك و گۆران لە بنی کۆمەڵگەوە وەك سەرئەنجامی نەزۆکی خەونە ئایدیۆلۆجییەکان، زۆر ئاسایی دەبێت و هانابردن بۆ گۆران و شۆڕش لەسەر بنەماکانی گەشەی دیتێرمینیستی کۆمەڵگە و سیستەم و بنەما ئابوورییەکانی، درێژەی سروشتیتیی ئەو نائومێدییە دەبێت. [بمبوورە مەبەستم لە بەکاربردنی ئەم دەستەواژانە، بریندارکردنی کەسایەتی و هەستت نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ داچڵەکانت لەو خەون و وڕێنە دیتێرمینیستییانەی کە یەخەت بەرنادەن یا یەخەیان بەرنادەیت]

ئازیزم واز لە پەرتووکە زەردەهەڵگەراوەکان و تیئۆرییە دیتێرمینیستییەکانی کاوتسکی بهێنە و بچۆرەوە نێو خەڵك و لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی خودهوشیارانەی تاکەوە مێژوو بخوێنەرەوە و ئاڵوگۆڕە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لێکبدەرەوە، دڵنیابە، ئیدی پێویست بە گەڕان لە دووی جارەسەر لەنێو ڕەفەی پەرتووکخانەکاندا نابێت، چونکە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە پراکتیکی ڕۆژانەیدا تیئۆری خۆی فۆرمۆڵەدەکات، نەک پێچەوانەکەی!

…………………………..

Hezheen Hezheen
سڵاو کوردستانپۆست ئینفۆی ئازیز، دەست خۆش بۆ سەرنجەکەت، سەرنجی بۆ وردبووەنەوە لەو دووانە ڕاکێشام. راستییەکەی زۆر کارم لەسەر چەمکەکان نەکردووە، هەروەها خوێنەرێکی زۆر چالاک نیم و ئەگەر بڕوام پێبکەیت، هەموو تەمەنم پێنج پەرتووکی تیئۆری، ئایدیۆلۆجی و رامیاریم نەخوێندوونەتەوە. ئەوەی دەیڵێم، بەرهەمی کارایی بابەتی هاوەڵەکانمە و مێشکم کەمێک کاری لەسەر دەکات و زگە-هەستیشم دەکەویتە گەڕ.

من بە تەواوی هاوبۆچونتم کە تیئۆری کات و شوێنی نییە، واتە هەردەمییە و دەمێنێتەوە، لە بەرامبەردا ئایدیۆلۆجیا تایبەتمەندیی سەردەم و تایبەتمەندیی شوێنی لەخۆدەگرێت.

ئازیزم، ئەوەی کە لەمەڕ کارڵ مارکس گوتوومە، مەبەستم گشتێتی کارەکانی و تیئۆرییە ئابوورییەکانی نین، بەڵکو تێڕوانینە ڕامیارییەکانی مارکس، کە بەداخەوە لە تیئۆریدا نەوەستاونەتەوە و پەلیاکێشاوەتە ئایدیۆلۆجیا، ئەوەش دوو هۆکاری هەیە؛

یەکەم، بڕوابوون بە پێشڕەو و گواستنەوەی هوشیاری بۆ نێو کرێکاران،

دووەم پشتبەستن بە یاساکانی پەرەسەندنی ئابووریی وەک پێشمەرجی بە سۆشیالیزم-گەییشتن، کە تا ڕادەی دیتێرمینیزم ڕۆڵی مرۆڤ لەو پەرەسەندن و ئاڵوگٶرانەدا بەهیچ دەگرێت، هەر ئەمەشە ناچار بە دەستەوداێنبوونی پێشرەوان و گوێزەرەوانی هوشیاری دەکات. ئەگەر سەرنجی تەواوی مشتومڕەکانی من و کاک ئەنوەر لە چەند مانگی پێشوودا بدەیت، ئەوەت بەرچاودەکەیت، کە من پێداگریی لەسەر ئەوەدەکەم، کە :
١- هوشیاریی بەرهەمی کار و چالاکی و خەباتی هەر تاک و توێژ و چینێك خۆیەتی،

٢- هاتنەدی سۆشیالیزم پابەندەی گەشە و بڕی تەکنۆلۆژیا نییە، بەلکو بەرەنجامی ئامادەیی و تێکۆشانی چەوساوە سۆشیالیستخوازەکانە، ئەوەش دیسانەوە بەرەنجامی دوو شتە، یەکەم ناچاریی و دووەم خودهوشیاریی، ٣- ئایدیۆلۆجیا لەقاڵبدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵگەیە، واتە ئاراستەکردنی زۆرەملێیانەی مێژوو،

٤ – هەر بۆچونێك کە ڕۆڵی تاک لە گٶرانی کۆمەلگەدا ڕەتبکاتەوە، بخوازێت و نەخوازێت، دەستەوداوێنی هیزێکی سەروومرۆییە.

جاڕێکی دیکە دەگەڕێمەوە سەر بابەتە بنچینە، ئەگەر هەمووان داوای گۆڕان [شۆڕش و هەنگاونان بەرەو کۆمەڵگەی سۆشیالیستی] بکەن و کەس ئامادەنەبێت لە خۆیەوە دەستپێبکات، ئایا لە فریودان و خۆبەرابەرزانین بەولاوەتر چیی دەگەیێنێت ؟

هەروەها ئەوەی کە شتینەر وەك ڕەخنە ئاراستەی ئایدیۆلۆجیای کۆمونیستی کرد، ئەزموونی ڕوسیە دروستی سەلماند، کە یەکسانی بەبێ ئازادی، هەمان یەکسانی زیندانیانە لە خۆراک و پۆشاک و چوونە ئاودەست و هەروەها ئەو سۆشیالیزمە لە دارایی دەوڵەتی و سەروەریی پارتی بەولاوەتر نابێت….

جارێکی دیکە سوپاست دەکەم، کە سەرنجت لای من دروستکرد و بۆ بیرکردنەوە لە پەیوەندی ئایدیۆلۆجیا و تیئۆری هانتدام.

……………………………

Hezheen Hezheen
کاک ئەنوەر، ئازیزم، من خەریکی خوێندەوەی پەرتووک نیم و لەسەر ماندووبوونی هاوەڵەکانی فەیسبووکئاوا، کە پەیتا پەیتا گوتە و تیئۆری بیریاران بڵاودەکەنەوە، خەریکم شتێك فێردەبم.

ئازیزی من، بەرلەوەی هەر بیریارێك خامەکەی بەدەستەوە بگرێت، دوو گوتەی وێژەر-نادیار لە بیرکردنەوەی ئەوروپییەکاندا جێگیربوون؛

یەکەم “یەک بۆ هەمووان و هەمووان بۆ یەک” ، کە دەکرێت هەم بە نیگەتیڤ لێکبدرێتەوە [پاشایەک بۆ کۆمەڵ و کۆمەڵ بۆ پاشا ] یا [تاک بۆ کۆمەڵ و کۆمەڵ بۆ تاک]، ئەگەر واتای دووەمیان وەربگرین، ئەوا لەتەک بیری ئازادیخوازیدا دەگونجێت، واتە [ئازادی تاک لە ئازادی کۆمەڵدایە و ئازادی کۆمەلێش لە ئازادی تاکدا]، [تاک بە کۆمەڵ دەبەخسێت وکۆمەڵگەش بەو ] ..تد،

گوتەی دووم “ببزوێ تا شتێکیش لەتەک تۆدا بکەوێت بزوان”، کە لیئۆ تۆلستۆی بەو شێوەیەی سەرەوە دایڕشتووەتەوە. کە بەدیاریکراوی هەموو گۆرانێک لە کۆمەڵگەدا بە پراکتیکی تاکەوە دەبەستێتەوە وتاکیش وەک بوونێکی کۆمەڵایەتی کۆی پراکتیکی چین و توێژەیەکەی بڕیاردەرە لەسەر مانەوە یا نەمانی کۆیلەیتی.

ئازیزی من، بەڵێ، تۆ ئەگەر پەرتووکی ئایدۆلۆجیای ئاڵمانیت لێ بستێنن، بە دەردی ماسی دەچیت و دەمودەست دەمریت. کاتێك کە وەڵامەکانت دەخوێنمەوە ئەم پرسیارە یەخەمدەگرێت :
تۆ یا بە ئەنقەست و بە ئامانجەوە شتەکان ئاوا لنگاوقووچدەکەیتەوە و دەشێوێنیت یا هەر بەراستی لەبەردەم تێگەییشتنیاندا دۆشداناوی؟

کەی من و هیچ ئەنارکییەک “کامڵەکان و پیاوماقوڵان” بە بگۆڕی دونیا دەزانن ؟

من لەو بارەشدا کە چەوساوان بە فریوخواردووی سەروەران بزانم، دیسانەوە دەلێمەوە، کە ئەوە ناهوشیاریی و خۆشباوەڕیی و نادەربەستیی ئێمەی کۆیلەیە، کە تەختی سەروەریی سەرمایەدارانی راگرتووە، بە بارەکەی دیکەشدا ئەوە خودهوشیاریی و ناچاریی چەوساوانە کە کۆمەڵگە دەگٶڕێت، نەک پەرەسەندی بنەمائابوورییەکان.

ئازیزم، کەی من گوتوومە و بەتەمام نەک ٧ ملیارد، بەڵکو هاوڕێکانی خۆشم بگۆڕم، من و منەکانی دیکەش دەلێن، من تەنیا ڕزگارکەری خۆمم و تەنیا دەتوانم خۆم بگۆڕم، دەکرێت بەهۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێژەیەک کارایی لەسەر دەوروبەرمان دابنێین، بەڵام ئەگەر کەسەکانی دەروبەرمان بەخۆیان زەمینەی ئەو گۆڕانە وئامادەییان نەبێت، هەرگیز کاراییم لە بازنەی کەسیی خۆم بەولاوەتر ناچێت.

بەڵام لەبیرمان نەچێت هەموو منێك، منێکی کۆمەڵایەتییە و کۆمەڵگەش لە منەکان پێکدێت و هیچ گۆرانێکی کۆنمەڵایەتیی و ئابووریی و کولتووری و رامیاریی ڕوونادات، ئەگەر منەکان بەشداریتێدانەکەن. هەم من کارایی لەسەر کۆمەڵگەکەی خۆی هەیە و هەم کۆمەڵگەش لەسەر منەکان…

تێگەییشتن لەم هاوکیشە زۆر ئاسانە و تەنیا سەرنجێکی وردبینانەی دەوێت. جاڕێکی دیکە دەلێمەوە، لە د ەرەوەی پراکتیکی من [مرۆڤ]ەوە، نە پەرەسەندی ئابووری هەیە و نە مێژوو!

……………………………

Hezheen Hezheen
کاك ئەنوەر, کێ گوتوویەتی تاك و کۆمەڵ/ جیهانی دەروبەری لەیەکدی جیادەکرێنەوە، ئەمەت لە کوێوە هێنا ؟ ئازیزم؛ کەسێك ئەمەی گوتوومە یا هەر بە حەزی خۆت دەتەوێت ئێمە ئاوا بڵێین یا گوترابێت ؟

ئازیزی من، پێش هەموو شت کۆمەڵگە لە تاك پێکدێت، تاك لە کۆمەگە پێکنایێت! کەواتە گۆڕانی کۆمەڵگە لە گۆڕانی یەکەکە پێکهێنەرەکانییەوە [تاك، پەیوەندی و ڕێکخستنی خێزان، پەیوەندی و ڕێکخستنی فێرگە، پەیوەندی و ڕێکخستنی کارگە، پەیوەندی و ڕێکخستنی کارگێریی و پەیوەندی و ڕێکخستنی بەڕێوەبەیەرایەتی ..تد ] سەرهەڵدەدات، بەو شێوەی کە تۆلستۆی دەیڵێت و هەزارانی وەك منیش پێداگری لەسەردەکەین.

جیاوازی من و بۆ لێکدانەوەی فیلۆسۆفی و ماتریالیستی ناگەڕێتەوە، بەو جۆرەی کە تۆ دەەتەوێت وێنایبکەیت. فیلۆسۆفی بە پێچەوانەی تێگەییشتنی تۆوە واتە قوڵبیرکردنەوە و پرسیارئاژنکردنی پرسەکان و سەرنجدان لە هەموو بوونەکان. بیرکردنەوەی ماتریالیستی واتە توانادارانە [قەدەرییانە] بیرکردنەوە و گێڕانەوەی پرسەکان بۆ دەستی خودی مرۆڤ و ڕەوینەوەی ئەو خۆشباوەڕییەی کە بە خەیاڵکردەکانی خۆی هەیەتی [خوا و جیهانێکی دیکە].

بە بۆچوونی تۆ، ئایا بەبێ قوڵبیرکردنەوە و پرسیارئاراستەکردن و سەرنجاندن [فیلۆسۆفی]، تواناداربیرکردنەوە و ڕەتکردنەوەی پووچگەراییەکان دەتوانێت سەرکەوتووبێت؟

لەبەرئەوە، بەپێچەوانەی بۆچوونەکەی تۆوە، جیاوازی بۆچوونی من و تۆ، بۆ شێوازی تێڕوانینمان دەگەڕێتەوە، کە تۆ گۆڕان لە سەرەوە بە چارەنووسساز دەبینیت، هەڵای ڕامیاریی بە شۆڕش دەزانیت، جیهان لە قاڵبی ئایدیۆلۆجیا دەدەیت، دیتێرمینیستانە یاسامەندییە ئابووریی و مێژووییەکان لە دەرەوە و لە سەرووی کارکردی مرۆڤەکانەوە دادەنێت! منیش لە بەرامبەردا هەموو گۆڕانێکی کۆمەڵگە بە گۆرانی تاکەکان و پەیوەندییەکانی و شێوازی بیرکردنەوە و ژیان و ڕێکخستن و کولتوورییانەوە دەبەستمەوە، تەنیا ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی بە پێشمەرج دەزانم و هەموو هەوڵێکی ڕامیاریی ڕەتدەکەمەوە و تەنیا خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی بە شۆڕش دەزانم، ئایدیۆلۆجیا ڕەتدەکەمەوە و پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەم، کە تیئۆری بەرەنجام و ئەزموونگیرییە لە پراکتیك، هەروەها من یاسامەندییەکانی ئابووری و مێژوو بە بەرکاری ویست [ئیرادە] و پراکتیکی تاکەکان لە کۆی کۆمەڵگەدا دەبینم.

بە کورتی تۆ گۆڕان [شۆڕش] لە سەرەوە [لە گۆڕینی دەسەڵات و سیستەمدا] دەبینیت و من لە بنی کۆمەڵگەوە [لە بیرکردنەوە و شێوەی ژیان و پەیوەندییەکانی تاکەکاندا] بە چارەنووسسازی دەبینم، هەر ئەوەشە کە تۆ پابەندی هانابردن بۆ ئایدیۆلۆجیا و ڕابەرۆکێ و گروپی ڕامیاریی پێشڕەو دەکات. ڕاستە بە ئاشکرا ئەمانە نادرکێنیت، بەڵام بە کردەوە و لە نێو دەستەواژەکاندا سەرەتاتکێ دەکەن!

هەڵبەتە هەر دوو شێوازەکە لە گۆڕین بۆ ئاراستەو و ئامانج و چینی خۆیان کارسازن؛ کەس/گروپ/ دەستەبژێری دەسەڵاتخواز، بە بەڵێنی سەرخەرمان و گۆڕینی فەرمانداریی و سیستەم و دەوڵەت و سەروەریی ئەوانی دیکە بە هۆی، بە وابەستەیی تاکە ژێردەستە خۆشباوەرەکان، بە پاراستن و هێشتنەوەی پێکهاتە قووچکەیی [خێزان و فێرگە و کارگە و کارگێریی و ..تد ]، بە ڕێکخستنی ئایدیۆلۆجیییانەی جەماوەر لە پارت و ڕیکخراوەەی ڕامیارییدا، بە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بە ڕامیارییکردنیان، بە ئاراستەکردنی تووڕەیی تاکە ژێردەستەکان بەرەو دیکتاتۆریی و ڕکوکینەی چینایەتی، دەتوانێت ئەوە مسۆگەربکات، کە جێگەی سەروەرانی ئێستا بگرێتەوە، هەروەك بۆلشەڤیکەکان لە روسیە شوێنی تزارییەکان گرتەوە.

لە بەرامبەردا، ئەوی بخوازێت کۆتایی بە ستەم و بەهرەکێشیی و مشەخۆریی و سەروەریی بە هەموو شێوەکانییەوە بهێنێت، ئەوا بەپێی ئەزموونە مێژووییەکانی خەباتی چەوساوان، ناچارە هەر لەم ڕۆژگارەدا خەونەکانی ئەزموونبکات، لە جیاتی گۆڕینی ئەم دەسەڵاتدار بەو دەسەلاتدار، هەوڵی لەنێوبردنی هەموو بەڕێوەبەرایەتی سەرووخەڵکی بدات، هەوڵی دژایەتی و لێدان لە هەموو شیوەکانی ڕێکخستن و پێکهاتەی قووچکەیی بدات، لە جیاتی وابەستەیی و پاشڕەویی ئایدیۆلۆجیاکان، بیرۆکەکانی [ئەوانەی کە زادەی ئەزموونەکانن] لە ژیان و خەباتی ڕۆژانەدا کردەییبکاتەوە، دژایەتی هەموو ڕێکخستنێکی ڕامیاریی و ڕۆڵی هەموو دەستەبژێرێك وهەموو بەرنامەیەکی پێشتر ئامادەکراو بکات، تەنیا بەم ئاراستەیە مرۆڤ دەتوانێت بەر بە ئەکتەربوونی خۆی لە گاڵتەجاریی رامیارەکاندا، بگرێت و خوادایەتی خۆی بەسەر بیرکردنەوە و ژیان و بڕیار و ئارەزووەکانی خۆیدا پەیڕوبکات . ئەو کات ئیدی نە پێویستی بە بەهەشتی بەلێندراوی ئاسمانەکان هەیە و نە پێویستی بە بەهەشتی بەلێندراویسەرۆکی باش و پارتی باش و ڕامیار باش و فەرمانداریی [حکومەت] باش و دەوڵەتی باش، بەڵکو بەخۆی لە ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی شۆڕشخوازانەدا کۆمەڵگەی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر لەم جیهانە وێرانکراوەدا بەرپادەکات.

شۆڕش بە واتای بەردەوامی ژیان، نەك هێڵکاریی ئایدیۆلۆجی بۆ چۆنیەتی گەییشتن بە بە بەهەشتی ئاسمانەکان لەسەر زەوی و کۆتایی مێژوو لە توانەوەی پەشمەکییانەی دەوڵەتی کۆمونیستیدا!

https://www.facebook.com/fuadsaed2/posts/750070328346113…
https://www.facebook.com/fuadsaed2/posts/750070328346113?comment_id=7491128&offset=0&total_comments