جنێودەرەکانی ئۆپۆزسیۆن ئاو بە ئاشی دەسەڵاتدا دەکەن

ڕەخنە لە دەسەڵات و مشەخۆریی، ناکاتە جنێودان بە خوشك و دایکی دەسەڵاتداران، هەروا گۆڕینی ئەم سەروەر بەو سەروەر، ئەم سەرمایەدار بەو سەرمایەدار، بەڵکو پێویستی بە ڕەتکردنەوەی سیستەم و کۆمەڵگەیەکە، کە گەندەڵ و مشەخۆر و دەسەڵاتدار بەرهەمدەهێنێت، واتە سیستەم و کۆمەڵگەی چێنایەتی.

کەم نین ئەوانەی کە بەیانی تا ئێوارە جنێو بە لێپرسراوانی گەندەل دەدەن، بەڵام لەبەرئەوەی کە گلەیی ئەوان لە دەسەڵاتدارانی ئێستا لەسەر کەمی بەشی خۆیانە لە مشەخۆریی و تاڵانکردنی سامان و داهاتی کۆمەڵگە؛ لەبەرئەوەی کە ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی پارتەکانی ئێستا، تەنیا بە ئامانجی بەدەسەڵاتگەییشتنی پارتەکەی خۆیانە؛ لەبەرئەوەی ئەوانەش وەك ئەندامانی پارتە دەسەڵاتدارەکان، خەریکی بەخواکردنی شوانە ڕامیارییەکانیانن، هەر بۆیە هەرگیز گلەیی و سەرکۆنەیان ناگاتە ئاستی ڕەخنە لە هۆکارە ڕیشەییەکانی گەندەڵی، ملهوڕی، سەرکوتگەریی، دزی، ساختەچییەتی ڕامیاران و هەرگیز بوێری ڕەتکردنەوەی مشەخۆریی و دەسەڵات و دەوڵەتیان نییە، کە سەرچاوەی گەندەڵکردنی هەموو مرۆڤێكن !