بەڕێز ئەنوەر نەجمەدین : وەڵام بە من یا وەڵام بە پارادۆکسەکان خۆت ؟
هەژێن
٣٠ی ئازاری ٢٠١٤
پێشەکی، خوێنەری هێژا، تکادەکەم بۆ ئەوەی وەڵامەکەی من تووشی پێشداوەری و بەلاڕێدابردنت نەکات، تکایە سەرەتا وەڵامەکەی بەڕێز (ئەنوەر نەجمەدین) بۆ من، بخوێنەرەوە و ئەوسا هەوڵی خوێندنەوەی وەڵامەکەی من بۆ ئەو بدە. بۆ ئەو مەبەستە، هەم لینکی وەڵامەکەی ئەو و هەم دەقی وەڵامەکەی ئەو لە خوارەوە دادەنێمەوە. *
کاتێك کە خوێنەر تایتڵی وەڵامەکەی ئەو بەڕێزە دەخوێنێتەوە، لە یەکەم سەرنجدا یا لە چەند چرکەی یەکەمی پەیوەندیگرتن لەتەك بابەتەکەدا، ئەو پرسیارەی لەلا دروستدەبێت، کە ئاخۆ من “هەژێن” لەبارەی “ژن”ەوە چی نووسیبێت ؟
چونکە خودی خۆم وەك خوێنەریك، لە یەکەم چرکەی بەرچاوکەوتنی وەڵامەکەی ئەودا، ئەو پرسیارەم لە کن دروستبوو، ئاخۆ من لە کوێدا و چیم نووسیبێت؟
پاشان کە خوێنەر سێ پەرەگرافەکەی دیکەی بەڕێزی دەخوێنێتەوە، ئەو سەرنجەی لە کن دەروستدەبێت، کە من “هەژێن” ڕەتکەرەوەی گۆڕانی تاك و کۆڵگە’م !
بە بۆچوونی من، یەکێك لە سەرەتاییترین بنەماکانی ڕەخنەگرتن و ئێتیکی نووسین ئەوەیە، کە لە دەق و بۆچوونی ڕەخنەلێگیراو، نموونە بهێنیتەوە و بیخەیتە بەرچاوی خوێنەر، ئەگەرنا دەچێتە خانەی پاگەندەی بێبنەمای پارتایەتی و پاگەندەی بازاریی !
من چی دەڵێم و (ئەنوەر نەجمەدین) چی گوتووە ؟
من گوتوومە و دەیڵێمەوە، کە گۆڕان و بزووتن و پێشکەوتن و وەرچەرخانی تاك، بنەما و دروستکەری هەر گۆڕان و بزووتن و پێشکەوتن و وەرچەرخانێکی کۆمەڵگەیە و دروستیدەکات، هەڵبەتە بە یەکگرتنی خودگۆڕانەکان لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتییبوونی تاك. هەر وەك چۆن وەگەڕکەوتنی ئۆتۆمەبێلێك لە کارکردنی پارچە پێکهێنەرەکانی دێتەبوون و دواجار کۆی وەگەڕکەوتنی هەموو پارچەکان، ئۆتۆمەبێلەکە دەبزوێنێت. هەر وەك هیچ ئۆتۆمەبێڵێك بەبێ پاڕچە و پارچیلەکانی نە بوونی هەیە و نە دەتوانێت واتای ئۆتۆمەبێڵ بدات و نە دەشبزوێت، کۆمەڵگەش هەر ئاوا لە تاكەکانی پێکدێت و میکانیزمەکانی گۆڕانی بریتین لە کارکرد و ویست و ئارەوزوو و ئاراستەکردنەکانی تاکەکان. مێژووش بێجگە لە کارکرد و ململانێ و تێکۆشانی تاکەکان، هیچ شتێکی دیکە نییە و لە دەرەوەی ئەوانەوە بوونی نییە. گۆڕانی ئابووریش هەر بەرەنجامی کارکردی تاکەکانە و هەرچی یاسامەندی ئابووری و مێژوویی هەیە، تەنیا دانراو و داهێنراوی تاکەکانە و لە دەرەوەی ئەوە، هیچی دیکە نییە !
ئەنوەر نەجمەدین، وەك لە مشتومڕی چەند هەفتە و مانگی پیشووماندا نیشانیداوە، تێڕوانینێکی دیتێرمینیستی [گۆڕان و گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگە لە دەرەوەی بڕیار و کارکردی تاکەکان] بۆ گۆڕان و گەشە و گەییشتن بە سۆشیالیزم هەیە و یاسامەندی ئابووری و مێژوویی کردووەتە خوا و جێگەی جادووی هێزی خوایی ئایینەکانی پێگرتووەتەوە.
ئەو لە پەرەگرافی یەکەمدا بەپێچەوانەی خواستی خۆی، کە ویستوویەتی لەژێر ناو و ناتۆرەی نوێ [گۆڕانی لیبڕاڵانە]، گۆڕانەکان ڕەتبکاتەوە، ئەوەی سەلماندووە، کە من و هەزارانی پێش من پێداگری لەسەر دەکەین، ئەویش کارایی تاکە لەسەر یاساکان و ئایینەکان و دەسەڵاتەکان، واتە گۆڕانی کۆمەڵگە بە تێکۆشانی تاك، بە گۆڕانی تاك وەك یەکەی پێکهێنەری کۆمەڵگە، مەیسەردەبێت.
بەڵێ هەر ئەو کلیسایەی کە ژنانی لەسەر جادووگەری دەسووتاند، ئەو وڵات و دەوڵەتانەی کە ژنان و پیاوانی هاوسێکسگەرایان دەکوشت و سەرکوتدەکرد، لەژێر فشاری پەرەسەندنی خەباتی نەپساوەی تاکەکاندا ناچار بە گۆڕینی یاسا کلیسایی و دەوڵەتییەکانیان بوون، گۆڕانی کۆمەڵگەش بەو ئاراستەیە، هەر ویست [ئیرادە] و تێکۆشان و کۆڵنەدانی تاکە هاوسێکسگەراکان بووە، هەروەها هیچ گۆڕان و ڕیفۆرمکردنێکیش لە بەرژەوەندی کۆمەڵگە، بەبێ تێکۆشانی یەکگرتووانەی تاکەکان نەهاتووەتە بوون و ڕووشنادات و بەرئەنجامی دڵسۆزیی و بەخشندەیی سەروەران نەبووە و نییە و ناشبێتت !
شتێکی دیکە، کە نووسەر نەیتوانیوە بەسەریدا زاڵىێت، ئەوەیە کە ئازادی پیاوان و ژنانی هاوسێکسگەرا ناپەسەند دەبینێت و دەیەوێت لەژێر پەردەی ڕەتکردنەوە و دژایەتی لیبرالیزمدا هەم ڕەتیبکاتەوە و هەم ئاوا نیشانبدات، کە ئەوە ئارەزوومەندی و ویستی تاکەکان نییە، کە ئەو ئازادییەی بەسەر دەسەڵاتداران کلیسادا سەپاندووە، بەڵکو پیلان و ڕەوتی لیبرالیزەکردنی کۆمەڵگەیە لەلایەن لیبراڵەکانەوە و کۆمەڵگەکانی دیکەش دەگرێتەوە. وەك ئەوەی کە لە کۆمەڵگەکانی دیکەدا نێربازیی پیاوان و مێبازیی ژنان بوونی نەبووبێت و نەبێت و دیاردە و هاوردەی جیهانگیریی لیبرالیزم بێت و ستەمی کولتووریی و کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی لە مرۆڤە هاوسێکسگەراکان لە سعودیە و کۆمەڵگەکەی نووسەردا بوونی نەبووبێت و نەبێت !
هەروەها نە من و نە هیچ هاوبیرێکی من، نەیگوتووە، کە گۆڕانی تاك و کۆمەڵگە بەردەوام نییە و بوونی نییە و وەستاوە. ئەو لە دژایەتی ئازادی هاوسیکسگەراییدا ناوەستێت و گۆڕانیش بە نیگەتیڤ دەخوێنێتەوە و هاوتای لیبراڵبوون و دێمۆکراسی ** دەکات. دیسانەوە دەیڵێمەوە، کە لە تێڕوانینی مندا هەموو ڕەوتەکان جیهانین، تەنانەت ئەگەر چی خەریکی نەتەوەپەرستی و دژەکۆچەربوون و سووکایەتیکردن بە کولتوورەکانی دیکەش بن، نیئۆنازیزم بزووتنەوەیەکی تایبەت بە ئاڵمانیا نییە و لە لینینگراد و هەرێمەکەی کوردستانیشدا لایەنگرانی یا لاوانی هیتلەر لە خۆڕێکخستندان.
بە بۆچوونی من، ئەگەر مرۆڤایەتی توانانی گەییشتنی بە کۆمەڵگەی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر نەبێت و لەنێوان دێمۆکراسی پارلەمانی و دیکتاتۆری سووردا، لە نێوان فاشیزمی سپی و فاشیزمی سووردا، تەنیا هەڵبژێرێکی دیکەی نەبێت، ئەوا دێمۆکراسی پارلەمانی و لیبرالیزم زۆر لە دیکتاتۆریی پارتە کۆمونیستەکان باشترە، چونکە بەلایەنی کەمەوە کرێکاران لە دەرەوەی پارت و ڕێکخراوە پاشکۆکانی ئەواندا مافی خۆڕێکخراوبوونیان هەیە و دەتوانن مانبگرن و بایکۆتی دەنگدانەکان بکەن و ئەندامی پارتی دەسەڵاتدار نەبن، بەبێ ئەوەی کۆپونی مانگانەیان ببڕدڕێت یا لەسەر کارەکەیان دەربکرێن یا بخڕینە سیاچالەکانەوە !
لە وەڵامی دوا پەرەگرافیدا، من بۆچوونەکەی ئەو [ئەنوەر نەجمەدین] تەواو مەزهەبی و ئاسمانیی دەبینم، هەروا کە موسوڵمانان دەڵێن قورئان لە ١٤٠٠ ساڵ پیشتر وەڵامی پرسەکانی ئەم ڕۆژگارە و دوا ڕۆژگاریشی داوەتەوە و مرۆڤایەتی بیەوێت و نەیەوێت هەر بەو جۆرە دەبێت، کە لە “تابلۆی دانراو و پارێزراودا” بۆی دیاریکراوە، ئەنوەر نەجمەدین’یش پێیوایە گۆڕانی تاك لە هەموو قوژبنێکی ئەم جیهانەدا یەك شێوە و ئاراستە و ئاست و خێرایی لەخۆدەگرێت، کارایی پێکهاتە کۆمەڵایەتیی و ڕامیاریی و ئابوورییەکان ڕۆڵیان نییە و تاکەکان ڕۆبۆتی پرۆگرامکراون و لە سەرتاسەری جیهاندا بە یەك کۆد و فەرمان دەجوڵێنەوە.
هەڵبەتە، من چەند جارێك سەرنجی ئەم کەچبینین و لنگاوقوچبینینە دیتێرمینیستییەی ئەنوەر نەجمەدین’م داوە، بەڵام داخەکەم، لەوە دەچێت وەڵامەکانی من لەلای ئەو دەرنەکەون یا نەیانخوێنێتەوە.
بە پێچەوانەی دەرك و پێگەییشتنی ئەوەوە، ئەوانەی وەك من بیردەکەنەوە، پارت و ڕێکخراوی ڕامیارییان نییە، تا وەك پێشڕەو داوا لە خەلك بکەن، کە خۆیان بگۆڕن، بەڵکو خەریکی خۆگۆڕینی خۆیانن و ئەگەر جارێکی دیکە هەوڵبدات گوتەکەی تۆلستۆی وەك خۆی، نەك لنگاوقوچ [بەو جۆرەی کە خۆی ئارەزوودەکات] بخوێنێتەوە، ئەوا دەبینێت، کە مەبەستی تۆلستۆی ئەوەیە، لەجیاتی داواکردن لە خەڵك و چاوەروانیکردنی گۆڕانی دەوروبەرمان لەلایەن هێزێکی نادیارەوە، پێویستە هەر کەس خەریکی خۆگۆڕینی خۆیبێت و بەو جۆرە لە خۆگۆڕینی هەموواندا گۆڕانی کۆمەڵگە دروستدەبێت. بۆ نموونە ئەگەر هەمووان بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و پاکیی هەوا، واز لە ئۆتۆمەبیلی کەسیی بهێنن، ئەوا گۆڕان ڕوودەدات، بەڵام ئەگەر هەر کەس چاوەڕێی ئەوی دیکە بکات، یا چاوەڕێی گۆڕانی خۆبەخۆیی کۆمەڵگە لە دەرەوەی ویست و کارکردی تاکەکانەوە بکات، ئەوا ڕوودانی ئەو گۆڕانە ئارەزووکراوە، لە ئارەزووی گەییشتنی مرۆڤ بە بەهەشتی ئاسمانەکان، ناکەتوارییترە !
بە کورتی، من لەوە تێدەگەم و دەرکیشیدەکەم، کە ئەنوەر نەجمەدین’یش وەك هەر ڕامیارێکی دیکە، خەونی ڕابەربوون و دەرکەوتنی لە پێش کۆمەڵەوە هەیە و لەبەرئەوە گۆڕانی تاك، گۆڕانی خۆکردانە لە بنەوەی کۆمەڵەوە، خۆهوشیاریی ژێردەستان و خۆکارابوونیان ڕەتدەکاتەوە، چونکە بازاری سەرمایەگوزارانی ڕامیار بۆ گەییشتن بەدەسەڵاتی ڕامیاریی و دیکتەی ڕابەران مایەپووچدەکاتەوە، هەر لەبەرئەوەیە، کە جەنگێکی هیستێریانەی *** دژی بیریارانی وەكو لیئۆ تۆلستۆی و ماکس شتینەر و لایەنگرانی دێمۆکراسی ڕاسستەوخۆ بەرپاکردووە.
بە بۆچوونی، من ئەوەی ئەزموونەکانی خەباتی چینایەتی و کۆمەڵگە سەلماندوویەتی، ئەوەیە کە تا ئێستا لە سێ میکانیزم و شێواز زیاتر بۆ ڕێکخستنی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە دەرنەکەوتووە و ئەزمووننەکراوە؛
یەکەم، دێمۆکراسی ڕاستوخۆ [یۆنانی کۆن، کۆمونەی پاریس، ئۆکرانیا ١٩١٧- ١٩٢١، کرۆنشتات ئازاری ١٩٢١، ئیسپانیا ١٩٣٦-١٩٣٩] ….
دووەم، دێمۆکراسی پارلەمانی لە پاش تێكشکاندنی کۆمەڵگە ئازادەکان لەلایەن ئیمپراتۆرەکانەوە، لەم سەر تا ئەو سەری دونیا بەتایبەت لە دوو سەدەی ڕابوردوودا، …
سێیەم، دیکتاتۆری پارتە کۆمونیستەکان [ دەوڵەتەکانی بلۆکی ڕوسی جاران، چین و کوبا ] ، … دیکتاتۆریی جەنەڕاڵە پاشکۆکانی دێمۆکراسی پارلەمانی [ کودەتا سەربازییەکانی ئەفەریکا، ئەمەریکای لاتین و ئاسیا].
ئیدی کێ، کامەیان پەسەنددەکات، ئەوەیان پەیوەندی بە بەرژەوەندی و ئارەزوو و پێگەی چینایەتی و کۆمەڵایەتیی خۆیەوە هەیە، ئەوی خەونی دەسەڵات و ڕابەربوون و پاگەندەی خەڵك-ڕزگارکردنی هەبێت، ناچارە بیر لە شۆڕشی ڕامیاریی و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ڕامیاریی بکاتەوە، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە بەناوی کۆمەڵگە و بەژەوەندی گشتییەوە، ژیان و داهاتوو دیکتەبکات، ئەگەرنا بێجگە لە هەوڵدان بۆ خۆگۆڕین [شۆڕش] و یەکگرتنەوە لەتەك ڕەوتی خۆگۆڕینەکانی کۆمەڵگە [شۆڕشی کۆمەڵایەتی] لە بنی کۆمەڵگە و لە نێوەندی ژیان و خەباتی ژێردەستانەوە، ڕێگەیەکی دیکە بۆ دەربازبوون لە کۆیلەتی و کۆتاییهێنان بە سەروەریی چینایەتی و لەنێوبردنی پایەکانی [دارایی تایبەت و کاریکرێگرتە و پێکهاتە قووچکەییە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و ڕامیارییەکان] لە ئارادانییە، ئەگەر هەیە، تکایە کامەیە !
**********************************
* لە وەڵامی کاک هەژێندا:
ئافرەت لە گۆڕانکاری تاک و کۆمەڵگادا
لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕەهای کڵێسادا لە ئەوروپا، بە سەدان ئافرەت دەسووتێنرا بەو ناوەوە کە گوایە جادووگەرن. کەچی ئێستا هەر خودی کڵێسا خۆی، لە مارەبڕینی پیاو لە پیاو، ژن لە ژن، تەنها ئەوەندە دەڵێت: ئەوانە بۆیان نیە لە کڵێسا خۆیان مارە ببڕن. ئەمەیش وەک کردەیەکی مێژوویی، دەرئەنجامی بە لیبرالی بوونی کۆمەڵگاو کڵێسا بوو پێکەوە. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت:
یەکەم: گۆڕانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و تاکەکانی بەردەوامە، ئەو گۆڕانە -ئەو لیبرالی بوونە- هەر کۆمەڵگای ئەوروپی و کڵێساو بیری پیاوە ئایینیەکانیان ناگرێتەوە، بەڵکو تەنانەت، درەنگ یان زوو، کۆمەڵگا تازە پێگەیشتووەکان و مزگەوتیش دەگرێتەوە هەر لە سایەی ئەم شارستانیەتەی لە جیهاندا سەروەرە، شارستانیەتی سەرمایەداری، دیموکراسیەت، لیبرالیزم.
دووەم: هەر گۆڕانێکی لەو جۆرە لە ووڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا، هەمان نموونەی مێژوویی ئەوروپا دووبارە دەکاتەوە نەک شتێکی جیاواز بەو. بۆ نموونە: گۆڕانی تاکەکانی سعود، لە دواینجاردا، هەر هەمان گۆڕانی تاکەکانی سویدە، دووبارە کردنەوەی هەمان بەهاو پێوەری کۆمەڵایەتیە. ئیتر چ داوایەک لە تاکەکان دەکەن خۆیان بگۆڕن؟ وە ئەگەر لەسەر داوای ئێوە خۆیان گۆڕی، گوایە دەبنە شتێکی تر؟
/ئەنوەر نەجمەدین
https://www.facebook.com/azar.ayar/posts/242659992584750?stream_ref=10
** نووسەر هەر ئاوا کە دەخوازێت بە زۆرەملێ و دوور لە لۆجیك ڕۆڵی تاك لە گٶرێنی کۆمەڵگەدا ڕەتبکاتەوە و ڕۆڵێکی جادوویی بە کارایی و هێزی ئابووری لە سەرووی توانا و ویستی تاکەوە ببەخشێت و هەرا و هوریای ڕامیاریی بە شۆڕش بزانێت ، هەرواش بە زۆردارەکی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و دێمۆکراسی پارلەمانی هاوتادەکات و بە بیانووی هاوبەشیی بەشی یەکەمی ناوەکەیان، ڕەتدەکاتەوە.