نیئۆجەلالیزم و گۆڕانخوازیی و باندی ڕامیار

نیئۆجەلالیزم و گۆڕانخوازیی و باندی ڕامیار

گۆڕان چەمکێکی گشتییە و وەك هەر چەمکێکی دیکە دەکرێت دوولایەنە بێت، هەم مەبەست لە گۆرانی نیگەتیڤێت و هەم مەبەست لە گۆرانی پۆزەتیڤ بێت. بە واتایەکی دیکە بەرزکردنەوەی دروشمی گۆڕان بەبێ دەستنیشانکردنی ئامانج و ئاراستەی، هەم دەکرێت مەبەست لە گەڕانەوە بێت بۆ شێوەی بەڕێوەبەرایەتی خەلیفەکان، ئیمپراتۆرەکان و دیکتاتۆرەکانی وەك هیتلەر و موسۆلینی، هەم مەبەست لە تێپەڕاندنی شێوازی بەڕێوەبردنی چینایەتی بێت.

لەبەرئەوە، بە بۆچوونی من، هەڵوێستێکی نادروستە، ئەگەر نەوشیروان و لیستەکەی لەسەر ئەوەی کە کار بۆ بەدیهاتنی ئەو گۆرانە ناکەن، کە ئێمە دەمانەوێت، لۆمەبکەین، چونکە ئەو هیچ کات لەمەڕ گۆڕانی بەڕێوەبەرایەتی چینایەتی، نەهێشتنی پارتایەتی و مشەخۆریی ڕامیاریی، نایەکسانی ئابووریی و دەسەڵاتی گشت تاکەکان نەکردووە و هیچ کات پێداگری لەسەر گۆرانخوازییەك نەکردووە، کە ساڵی ٢٠٠٦ بەم لاوە لە هەڵەبجە و کەلار و سۆران و ڕانیە و شوێنەکانی دیکە خەڵکی ژێردەست و برسی لەپێناویدا سنگی بە چەکی هاوسەنگەرەکانی نەوشیروان’ەوە ناوە. بەڵکو ئەو [نەوشیروان] هەردەم قسەکەر و داکۆکیکاری گۆرانخوازییەك بووە، کە چەپاوڵگەریی بازارئازاد و ڕامیارییەکانی نیئۆلیبرالیزم و نەخشە ئابوورییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی و زلهێزە داگیرکارەکان داوایان لێکردووە و بەرنامەی ئەو و لیستەکەی لە بەرامبەر پارتەکانی دایک [پدک و ینک]دا هەر لەو ڕوانگەیەوە بووە. ئەو و سەرانی دیکەی لیستەکەی زۆر بە وریاییەوە دەزانن خەریکی چین و بەرەو کوێ دەڕۆن، تەنیا ئەو گۆرانخوازە ژێردەستانە نازانن، خەریکی چین و بۆچی دوای ئەو کەوتوون و چی لەتەك ڕامیارێکی گۆشبووی پارتایەتیدا کۆیاندەکاتەوە !

گۆرانێک کە نیئۆجەلالییەکان خوازیاریبوون، پاش نۆبەرەی بەخشینی ١٠ ملیۆن دۆلار و گردێک و زەوی و زاری بێ ئەژمار لەلایەن تاڵەبانی’یەوە بە نەوشیروان، جارێکی دیکە لە دادگەی سلێمانیدا بەری دووەمی بەردا و بەپێی دادوەریی یاسای بازار و سەروەریی دادگەی چینایەتی، گەورەترین جەردەیی جیهان؛ واتە بڕینی خەزێنەی پارێزگا؛ یه‌ك ملیار‌د و ٢٥٢ ملیۆن‌ و ٧٦٣ هه‌زار دیناری عیراقی، بەر “لێبوردنی گشتی” کەوت.

تائێرە زۆر ئاساییە، کۆمەلێك دز لە کۆمەڵێک دزی دیکە جیادەبنەوە و داخوازییەکانی جەماوەر دەکەنە دێوجامەی شاردنەوەی نەخشە گڵاوەکانیان، باندێکی ڕامیار خەزێنەی پاریزگایەك دەبرێت و داوەرانی باندێکی دیکە لێبردنیان بۆ دەردەکەن.

بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە، دیسانەوە بەکاربردنەوەی چەمکێکی گشتییە بۆ ڕەوایەتیدان بە ماـەلە و سەوداکانی نێوان رامیاران، واتە “لێبوردنی گشتی”. هەروەك چۆن پاش ڕاپەڕین “لێبوردنی گشتی” بۆ سەرۆکچەکدارە ئەنفالکەرەکان دەرکرا و کران بە چەکداری “شۆڕشگێڕ” !

“لێبوردنی گشی” چییە و مەبەست لە “گشت” کێیە؛ “گشت دەسەڵاتداران” یا “گشت تاکەکانی کۆمەڵ” ؟
ئەگەر مەبەست لە “گشت”ی یەکەمە [دەسەڵاتداران]، ئەوا دیسانەوە ئەمەش دزییەکی دیکەیە لە “گشتەکەی دووەم [کۆمەڵ]، چونکە ئەو بڕە پارە دزراوە هی کۆمەڵگە بووە نەك ڕەنجی قوماربازی ڕامیاران و چەتەگەریی میلیشیاکان !

ئەگەر مەبەست لە “گشت”، “گشتی” دووەمە [کۆمەڵ]، ئەوا هیچ پارت و رامیار و هێز و دادگەیەك مافی قسەکردنی بەناوی ئەو “گشت”ەوە نییە، چونکە دەسەڵات و پارتەکان لەوپەڕی گێلیی جەماوەردا، هێشتا ناتوانن جواریەکی کۆمەڵگە پێکبهنن !

دواجار لە بەرامبەر ئەم مامەڵە و سازشە ڕامیارییەی دادگەی سلێمانیدا پرسیارێك یەخەمان دەگرێت، کە پێویستە جەماوەری ژێردەستە وەڵامی بداتەوە [نەك دەسەڵاتداران]؛ ئایا خۆنیشاندەرانی نارازی لە هەڵەبجە’وە تا سۆران و زاخۆ ٢٠٠٦ تا ٢٠١١ بۆ کۆتاییهێنان بە دزی و چەپاوڵ و ملهوڕییی و سازشکاریی، خۆیان بەکوشتدا یا بۆ مسۆگەرکردنی “لێبوردنی گشتی” بۆ باندە ڕامیارییەکان ؟