” ئێمە حەزمان لە سامبا نییە ”
دوا چرپە و نوزەی منداڵان و پشیلەکانی برازیل لەژێر پێی یاریکەرانی (فوتباڵ)دا
پێشکەش بەوانەی کە ئاڵای کۆیلەتی [دەوڵەتان]یان لە مل و ئۆتۆمەبیڵ و پەنجەرەکانیان پێچابوو !
دوێنێ شەو بە بردنەوەی ئاڵمانیا لە ئەرژەنتین، کۆتایی بە یارییەکانی جامی جیهانی هات، کەم نەبوون ئەوانەی بەیانی تا ئێوارە بە شان و باڵی یاریگەکەی (برازیل)یان هەڵدا و ئافەرینیان بۆ فیفا کرد و چەپلەیان بۆ هەڵکشانی دەمارگیری نەتەوەیی لێدا. هەروا کەمیش نەبوون ئەوانەی بە قومارکردن لەسەر یارییەکان دەوڵەتمەندبوون و یاریکەرەکانیش وەك ئەسپی خارخارێن نرخیان بەرزبووە ….
بەڵام کەس لەخۆی نەپرسی ئەرێ خەڵکی برازیڵ بۆ دژی بەرپاکردنی جامی جیهانین لەو ولاتەدا، بۆ لەجیاتی هەلهەلە بۆ ئایین/ ئەفیونی هاوجەرخ [فوتبال] ژیان و لاوێێتیان لەسەر شەقامەکان دەبەخشن ؟
ئەگەر کەسانێك هەبووبن، کەمێك خۆیان خەریککردبێت، تەنیا لە دروشمەکانەوە ئەوە تێگەییشتوون، کە پرسەکە لە خۆراییکردنی تیکتی هاتوچۆ و باشترکردنی بیمەی دەرمانی و خۆڕاییکردنی خوێندن و زیادکردنی مووچەی مامۆستایان کۆتایی دێت، بەڵام پرسەکە لەوە واوەترە، پێویستە بۆ ساتێك ڕاگواستنی ٣٠٠٠ گوند و وێرانکردنی شارۆچکەکان، تەقاندنەوەی گەڕەکی “کانی ئاشقان”ی هەڵەبجە ١٩٨٧ بهێنینە بەرجاومان و سەرنجی باری دەروونی خۆمان بدەین، کاتێك پەیوەندییەکانمان لەتەك درەختان و ئاژەڵ و باڵدارانی نشینگەکانمان بەزۆر کۆتاییاندەهات و تا ئێستاش یاداوەرییەکانمان لەژێر وێرانەکاندا زیندەبەجاڵکراون.
ڕێك هەر ئەوە بوو، کە لە جونی ٢٠١٣ تا مای ٢٠١٤ ڕوویدا، وێرانکردنی هەزاران سەرپەنای هەژاران و دوورخستنەوەی دانیشتووانەکەیان، بێسەروشوێنبوونی ٦٠٠ بێسەرپەنای سەرشەقام و مێترۆکان، کوشتنی زیاتر لە ٦٠ کەس، دەستگیرکردنی دەیان و سەدان کەس.
ئەوەی لەوێ روویدا بەرەنگاریی کۆمەڵایەتیی ژێردەستان بوو بەرانبەر دەوڵەت و فەرمانداران، بەرانبەر کەنیسە وەك گەورەترین دارای زەمین و سەرمایەدار، ڕاپەڕینەوەی چەند سەدە قینی پەنگخواردووی بوومییەکان، بە ژانهاتنەوەی زامی کۆیلانی ڕاگوازراو لە ئەفریکاوە بۆ کەنارەکانی ئەو کێشوەرە، راپەڕینەی جوتیارانی بێزەمین بوو، ئەو خرۆشانە بەردەوامە، ئەو بورکانەی کە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتانی ئەمەریکای لاتیندا لێرە و لەوێ هەر سات ئەگەری تەقینەوەی دووبارەی هەیە
ئەگەر لە دووی راستییەکانی پشتپەردەی فیروکارییەکانی فیفا و ڕاگەیاندنەکانی سەرمایەداری جیهانی، دەگەرێیت، فەرموو چەند ساتێك لە کاتی خۆت بۆ دیتنی دیمەنە راستینەکان تەرخان بکە، ببینە ڕپڵی راستەقینەی پۆلیس و ئاساییش چییە، هەر ئاوا کە پۆلیس و ئاساییشپارێزە کوردزمانەکانی سلێمانی بەکر عەلی [هۆنەر]یان لەسەر داکۆکی مافی مانەوەی ئاوارەکان و کرێکارانی تاسڵوجەیان خەڵتانی خوێنکرد …
https://docs.google.com/file/d/0Bw3oagH9dJUeZTFGOVZOdXo4Y3c/edit