جەنگی ئێمەی ژێردەست و بێدەسەڵات، جەنگێکی کۆمەڵایەتییە نەك چەکداری
هیچ جەنگێکی چەکداری [میلیشیایی/ میلیتێری] جەنگی ئێمەی چەوساوان نییە، لەو جەنگانەدا ئێمەی ناهوشیار/ ناچار تەنیا سووتەمەنی و قوربانین.
هەڵبەتە مەبەستم ڕەتکردنەوەی بەرەنگاریی چەکداری لە باری خۆپارێزییدا بۆ نموونە بەرەنگاریکردن لە دژی فاشیستەکانی فرانکۆ ئیسپانیای ١٩٣٦- ١٩٣٩ یا بەرەنگاریکردنی خەڵکی “ڕۆژاوا” لە دژی فاشیستەکانی داعش و پشتیوانانیان. بەڵکو تەنیا مەبەستم لە بزووتنەوەی چەکدارییە. بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیربچێت، کە لەو بەرەنگاریکردنەشدا ئەگەر رێکخستن و ڕیز و هێزی سەربەخۆی خۆمان نەبێت، ئەوا دیسان هەر سووتەمەنی سەرکەوتنی هەندێك لە چەسێنەرانمان بەسەرهەندێکی دیکەیاندا، دەبین !
جەنگی ئێمەی چەوساوە لە کارخانە و کێڵگە و گەرەکانی شار و گونددایە و سەنگەرەکانی جەنگی ئێمە دژی چەوسێنەرانمان بریتین لە ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان و چەکەکانیشی بریتین لە مانگرتن [کتوپڕ/ دریژماوە/ گشتی/ ڕشتەیی] ، بایکۆتی دەنگدان، بایکۆتی میدیا و بایکۆتی کڕینی ناپێویست و کولتووری بەکاربەریی ، خەباتی نافەرمانی سڤیلی [مەدەنی] ، شانۆ ، موزیك، هونەر و ئەدەب بەگشتی، پێکهێنانی هەرەوەزییەکانی شوێنی کار و ژیان، هەڵمەتی هاوپشتی و کۆمەکی ناوچەکانی دیکە، هاریکاری کۆمەلایەتی و بوارە جۆراوجۆرە کولتوورییەکان و ..تد
بە بۆچوونی من، لە دەرەوەی ئەم سەنگەر و ئامراز و شێوازانەی خەبات، هەر هەوڵ و کۆششێك تەنیا لە بەرژەوەندی چەوسێنەرانمان تەواودەىێت، لەم بارەوە هیچ پێویست بە ڕیزکردنی بەڵگە ناکات، جونکە هەم لە رابوردووی چەند ساڵەدا و هەم لە چەن دەهەی رابوردووی ژیانی خۆماندا و هەم لە چواردە ساڵی هەزارەی سێیەمدا دەیان و سەدان و هەزاران ئەزموونی تاڵمان هەن، کە تیایاندا ئێمەی چەوساوە لە خۆشباوەڕیی و ناهوشیاریی و ناسەربەخۆیی خەباتی چینایەتییدا، ئاومان بە ئاشتی چەوسێنەرانماندا کردووە!