داعشە کوردەکان
بەپێی ئەزموونی من و زۆرێکی دیکە، زۆربەی ئەوانەی کە تاکەکانی بازنەیەکی کولتووریی دیکە لەبەر هەڵگرتنی شوناسێکی دەستکردی وەك نەتەوە و ئایین، بە دوژمن و خراپەکار دەزانن، کەسانێكن کە تێکەڵاوییان لەتەك بازنە کولتوورییەکانی دیکەدا کەمە .
بۆ نموونە ناسیونالیستە کوردەکان، کە عەرەبزمان و تورکزمان و فارسزمانەکان بە دوژمنی خۆیان دەزانن، یا موسوڵمانەکان، سونییەکان، کە ئایین و مەزهەبەکانی دیکە بە دوژمنی خۆیان دەزانن، کەسانێکن کە لەنێو بازنە کولتوورییەکانی دیکەدا نەژیاون یا بەختی پەیوەندی و نزیکبووەنەوەیان لەتەك ئەوانی دیکەدا نەبووە.
ئەو جۆرە کەسانە ستریۆتیپ و ئێتن-سێنتریستن و هیچ هەستەوەرییەکی کولتوورییان نییە و هەردەم لە تێكەلاوی کولتووریی دەترسن، چونکە مەرگی نەتەوە و ئایینەکەیانی تێدادەبینن، هەر لەبەرئەوەیە کە بە زۆریی ئەو جۆرە کەسانە دەبنە لایەنگر و ئەندامی گروپە مەزهەبی و ڕەیسیست و نیئۆنازی و فاشیست و شۆڤینیست و ناسیونالیست و ..تد.
لەم بارەوە دەتوانین لە کۆمەڵکوژیی شیعەکاندا بەدەستی داعش ئەمە ببینین و ئەگەر بوار هەبووایە لە هەر یەك لەو داعشانە بپرسین تا ئێستا لەتەك چەند شیعەدا ژیاویت و چەند ئەزموونت لە خراپ و جاکی شیعەکان هەیە، ئەوا بەدڵنیاییەوە لە دەرەوەی دەمارگیریی ئایدیۆلۆجییەوە، وەڵامەکەی “هیچ” دەبێت، هەروەك ئەو ناسیونالیستە کوردانەی کە شەو و ڕۆژ لە فەیسبووك و پاڵتۆک و سەر شەقامەکاندا جنێو و سووکایەتی بە عەرەب دەکەن و دەدەن، بەلام بۆ تەنیا ڕۆژێکیش لە شار و گوندێکی عەرەبنشیندا نەژیاون دوو دەستەواژەی عەرەبی نازانن. کەسانی ئاوا تەنانەت بەرانبەر بە گوند و شارە کوردنشینەکانی دیکەدا هەمان هەڵوێستییان هەیە، بەلام بێجگە لە دەمارگیریی ئایدیۆلۆجی، هیچ بەڵگەیەکیان بۆ پاگەندەکانیان نییە !
هەفتەی پێشوو ناسیونالیستێکی دەمهەراش گوتی “عەرەب و تورکمان دوژمنمانن ! ”
گوتم دەتوانیت بۆ منی بسەلمێنیت، کە شتەکە ئاوایە ؟
گوتی “ئا بەدڵنیاییەوە”
گوتم: چەند عەرەب دەناسیت، چەند مانگ لە عەرەبستاندا ژیاویت، چەند گەشتی وڵاتانی عەرەبیت کردووە، چەند ئەزموونی دڵداری لەتەك عەرەبدا هەیە، لە چەند جەنگدا عەرەب تەقەی لێکردوویت و هەوڵی کوشتنی تۆی داوە ؟
کەمێك ڕاما و گوتی “پێویست بەوە ناکات، من دەزانم ! ”
گوتم: باشە، لە کاتی ئەنفال و کیمیاباراندا چەند سەد هەزار چەکداری کوردی خۆفرۆش لە بەرەی (ڕژیمی بەعس)دا هەبوون ؟
گوتی “زۆر ”
گوتم: چەندیان وەك هەڵوێست دژی کۆمەڵکوژیی کوردان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە سەرپێچییان لە فەرمانەکانی ڕژێم کرد و چەکیان دانا ؟
گوتی “نازانم، بەڵام ئەوانە خائین بوون، پیاوی بەعس بوون، لەوانەیە ترسابن”
گوتم : بەڵام ئەوانە ئێستا هەموو بە خانەنشینی پێشمەرگە دەخۆن و دەسەڵاتدارن ؟!
گوتی : گرنگ ئەوەیە ئێستا پشتیوانی حکومەتی هەرێمن و کوردن، هەر جۆنێك بێت کوردن !
گوتم: باشە، ئایا دەزانیت تەنیا فرۆکەوانێك کە سەرپێچی لە کیمیابارانکرد، تورکمان بوو؟
گوتی “نا ”
گوتم : ئایا دەزانیت چەند لاوی کورد پاش ئەنفاڵ گەڕانەوە کە لەلایەن گوندنشینە عەرەبەکانەوە رزگارکرابوون؟
گوتی : کوردیش شتی ئاوای زۆری کردووە!
گوتم: ئایا دەزانیت کێ بوون لە دادگەی دانیمارکدا پشتیوانی لە نەزار خەزرەجی فەرماندەری سەربازیی ئەنفاڵ، کرد و دژی سزادانی بوون ؟
گوتی ” ئەو سکالایە کاری چەند ئاژاوەچییەك بوو دژی حکومەتی هەرێم”
گوتم : دەزانیت کێ فرۆکەوانە بۆمبارانکەرەکانی هەڵەبجەی بەرەو هەندەران قوتارکرد ؟
گوتی : ئەوەش درۆی ناحەزان بوو، هەر ئاژاوە بوو دژی کورد ؟
گوتم کەواتە تۆ بڕیارتداوە، کە شوتی هەر بە مەقەست لەتبکەیت ؟
گوتی ” تۆیش ئاژوەچیت و هەر بابڵێی، من عەرەب بە دوژمنی خۆم و کورد دەزانم و عەرەب پیسن و دەبێت سەریانببرێت !”