دژە-ئاوارەعەرەبەکان لە خۆنیشاندان و مانگرتنەکەی لاوانی یەزیدی لە سلێمانی دیارنەبوون؟
هەرچەندە بڕیارم دابوو تا وەڵاموەرگرتنەوەی پرسیارەکانم، چیدی لەم بارەوە هیچ نەنووسم، بەڵام نەمتوانی و ناتوانم لەبەرانبەر دیمەنە خەمناك و پارادۆکسەکانی پاگەندەکەرانی هاونەتەوەیی و نیشتمان هەمووانیدا بێدەنگ بم و لەبەرچاوم لاوانی بەدبەخت و ناهوشیاری ئەو دەڤەرە لەلایەن دەستە شاراوەکانی ئیسلامییەکان و دەزگە سیخوڕییەکانەوە فریوبدرێن و بکرێنە داردەستی ڕامیاران و مشەخۆران و دەسەڵاتداران.
هەژماری دانیشتووانی ساری سلێمانی لەوانەیە نزیکەی ملیۆنێك بێت، هەژماری ڕەیسیستانێك کە لە فەیسبووکدا خۆیان بە خەلکی ئەو شارە دەزانن، لە هەژماری گشتی هەموو هێزەکانی داعش زۆرترە، کەچی تەنیا لاوێکی هونەرمەند وەك دەستپێشخەرییەکی کەسی بۆ خۆنیشاندان و مانگرتن لە خواردن بەو کارە هەستاوە و لەبەردەم نیشاندەری کاناڵەکەی رووداودا لاوانی یەزیدی وەك سەردەمی کوشتنی (دوعا) تەنیا بوون .
ئەم دیمەنە، ئەم پارادۆکسەی هەڵمەتی هەزارانی بۆ دەرکردنی ئاوارەی عەرەبزمانەکان و نەبوونی پشتیوانی بۆ خۆنیشاندەران و مانگرتووانی یەزیدی چیمان پێدەلێت و چ واتایەکی هەیە و دەتوانرێت چ لێکدانەوە و پاساوێکی هەبێت ؟