سەگە-مرۆڤ و هۆبوت و خزمەتکارەکانی هەرێمی کوردستان
ساڵی ١٩٩٢ کۆمەلێك لاوی چەپ بووین و خەمی دونیامان بە کۆڵماندا دابوو، حەزماندەکرد ببینە بومبێك و دامودەزگەی سەرمایەداری تێکوپێكبدەین، شەو و ڕۆژمان خستبووە سەریەك و نەماندەزانی پاشرەوانی گروپێکین وەك هەر گروپێکی ڕامیاریی دیکە، کۆمەڵێك سەربازی ون ڕۆژانە دەجەنگین و هەرچی دەکەین دەبێتە ناوبانگ بۆ چەند کەسێکی لێزان.
هەڵبەتە ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لەبارەیەوە بدوێم، گلەییکردن نییە لە بەختی خود یا پەشیمانی لەو ڕۆژانە، نەخێر ئەگەر ئەو ئەزموونانەمان نەبوونایە، هەنووکە نەماندەتوانی لە خوا و دەوڵەت و سەرۆك و نەتەوە یاخیبین، بەڵکو تەنیا مەبەستم گێڕانەوەی هەواڵێکی زانستییە، کە هاوڕێیەك وەك بۆمبایەك هەڵیدایە نێومان و خەوی لە ئێمە زڕاند :
” هاوڕێیان، بیستوومە کە سەرمایەداری بۆ بەرگرتن بە مانگرتن و یاخیبوونی مرۆڤەکان، خەریکی دروستکردنی گیاندارێکی دوو نەژادە لە مرۆڤ و سەگ، کە دەبێتە بە وەفاترین سەرباز و کرێکار بۆ سەرمایەداری ! ”
دەمێك بوو، ئەو هەواڵەم لەیادنەمابوو، تا ئەم ڕۆژانە بەڕێکەوت لە ئینتەرنێت سریاڵی ” مرۆڤە ڕاستینەکان Real Humans / Äkta Människor” بەرچاوکەوت، کە سریاڵێکی سویدییە و لەبارەی گرفتی داهاتی کۆمەڵگەوەیە یا ڕاستر بڵێم ئاماژە بە نەوەی نوێی نازیییەکان یا نئۆنازییەکان دەکات، لە جیاتی دژایەتی نێوان خەڵکی بومی و خەڵکی کۆچەر، دژایەتی نێوان مرۆڤ و هوبۆتەکان [جۆرە ڕۆبۆتێك کە کۆپی دوا بیرەوەری کەسانی مردووی تێدایە و لە مرۆڤەوە نزیکە و ..تد] پەرەپێدەدەن .
کاتێك کە ئەو سریاڵەم دیت، یەکسەر بیرەوەریم گەڕایەوە لای خزمەتکارانی بەنگلادیشی و ئەسیوپی و …تد لە کوردستان. ڕاستییەکەی تا پێش دیتنی ئەو سریاڵە بەجۆرێك بیرم لە هەبوون یا دارابوونی هوبۆتێك وەك هاریکاری ماڵەوە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە کاری نێوماڵ و تەنانەت خزمەتکارییەکانی کۆمەڵگە دەکردەوە. بەڵام لەو ساتەوە کە ئەو سریاڵەم دیتووە، بێز لە خەیاڵەکانی پێشووم دەکەمەوە و نەفرەتم لە مرۆڤبوونی خۆم هەیە، کە بوونەوەرێکی چەندە دڕندەین !
نەفرەتێك کە لە ناخمدا قوڵدەدات و لە خۆمم تووڕەدەکات، ئەم پرسیارگەلەی لە هۆشمدا چەقاندوون؛
– ئاخۆ ژنان و پیاوانی کوردستان، بەتایبەت ئەوانەیان کە چەپن و پاگەندەی ڕزگاری مرۆڤ لە کۆیلەتی و نەهێشتی چەوسانەوە و پلەدوویی مرۆڤەکان دەکەن، چۆن تەماشای خزمەتکارەکانیان دەکەن و پەیوەندی نێوان خۆیان و خزمەتکارەکانیان چۆن دەبینن و چۆن تەماشای خۆیان دەکەن، کاتێك خزمەتکارەکانیان بەیانیان، نیوەڕوان، ئێواران خوان بۆ ئەوان دەڕازێننەوە ؟
ئاخۆ قەد بیر لەوە دەکەنەوە، کە خزمەتکارەکانیش وەك خۆیان هەردەم خەیاڵیان بۆ ساتێك پشوو و ژەمێك خواردنی ئازادانە لەتەك هاوسەرین و منداڵ و ئازیزانیان دەفرێ و بەڵام لە ناچاریدا هەردەم وەك ڕۆبۆتەکان چاوەرێی فرمانی خاوەنەکانیانن، وەك ئەوەی بەخۆیان نە ئارەزوو و نە خەون و نە خەیاڵ و نە حەزیان هەبێت و نە بیریان لێ کردبێتەوە !