دونیا فوتبۆڵی بەرپێی ڕامیاران و سەرمایەدارانە

دونیا فوتبۆڵی بەرپێی ڕامیاران و سەرمایەدارانە

تەنیا وێنەیەکی گونجاو بۆ نیشاندانی دونیا و سەروەریی سەرمایە شکدەبەم، وێناکردنیانە بە یاریکەرێك و فوتبۆڵێك، کارتێك یاریزانێك شەق لە فوتبۆڵێك هەڵدەدات، هیچ کات بیر لە زیانمەندی فوتبۆڵەکە ناکاتەوە، ئەو تەنیا پێکانی ئامانجی مەبەستە، هەرچەندە براوە و سوودمەند تەنیا خۆیەتی، کەچی کەسانی تەماشاکەر لەپێناو چەپڵەڕێزاندا بۆ ئەو، ملی یەکدی دەشکێنن!

ڕامیاران و سەرمایەدارانیش بە هەمان شێوە، بۆ ئەوان گرنگ نییە چەند کەس دەکوژرێن ، چەند کەس برسی دەبن، چەند کەس بێکار دەبن، چەند کەس لانەواز دەبن، چەند کەس بێدایك و بێباوك دەبن، چەند کەس تووشی وەرەم و نەخۆشییەکانی دیکە دەبن، چەند کەس ئاوارە دەبن، چەند کەس ڕکیان لە یەکدی دەبێتەوە، چەند گوند و شار و هەرێم وێران دەبن، چەند ئێتنی و گروپ جێنۆساید دەکرێن، چەند ئاژەڵ ئازار دەدرێن و دەکوژرێن، چەند ژینگە پیسدەکرێت و چەندە سروشت تێکدەدرێت …تد بۆ ئەوان گرنگ دوو شتە: سەروەرمانەوەی خۆیان و دابینکردنی مشەخۆریی خۆیان و بەکرێگیاروانیان .

بەداخەوە هەر سات و هەر ڕۆژ ئێمەی ژێردەست و بێدەسەڵات ئەم دیمەنانە دەبینین، کە چۆن ڕامیاران و سەرمایەداران گۆی زەوییان کردووەتە فوتبۆڵی یارییە ڕامیارییەکانیان، کەچی چەوساوانی ناهوشیار و خۆشباوەڕ بەدەست و سنگ و سمتیان چەپڵە و تەپڵ بۆ براوەکان لێدەدەن !

تەنیا بۆ نموونە سەرنجبدەن: دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و خۆرهەڵاتی ناوین بەخۆیان گروپە ڕامیارە ئیسلامییەکان دروستدەکەن و هەر بەخۆشیان جەنگ دژیان بانگەوازی جەنگ دەدەن و لە ناردن و فرۆشتنی چەکدا کێبڕکێ دەکەن و چەوساوانی ناوچەکەش بە هەموو توانایانەوە وێرای قوربانیبوونیان، چەپلە بۆ رامیاران و کارخانەکانی چەکسازییو دەوڵەتان [چەسێنەرانیان] لێدەدەن و پیرۆزیاندەکەن.