ڕەیسیزمی ڕۆژنامەی “هاوڵاتی” و پەڕوپینەی (ئیبراهیم خه‌لۆ) بۆ پاشەکشێی هێزە چەکدارەکانی فەرمانداریی دۆلارستان !
هەژێن
٢٠ی ئۆگوستی ٢٠١٤
خوێنەری هێژا لەبەرئەوەی کە خوێنەر کڕۆکی ڕەخنەکەی لێ وننەبێت، هەڵە ڕێزمانی و داڕشتنییەکانی نووسەرانی ڕۆژنامەکە بە دانانی ڕێکە کەوانە [] لەسەر هەڵەکە، هەڵەکان دیاریدەکەم.
ئیبراهیم خه‌لۆ ڕاوێژكاری سه‌ربازیی پێشووی سوپای ئه‌مریكا له عێراق لە دیمانەکەیدا لەتەك ڕۆژنامەی “هاوڵاتی” بەنووسینی خۆیان، کە (فەرمان سادق) سازیداوە، دەبێژێت :
” [ هاولاَتی ]: [ كه‌وایه ] پێتوایه كێ فه‌رمانی كشانه‌وه‌ی [ پێكردوون ]؟ فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی ئه‌وێ یان [ له ] ئاستی بالاَتر؟
ئیبراهیم خه‌لۆ: نامه‌وێت ناوه‌كان بده‌م, بهلاَم [ به‌بۆچونی ] من [ ] سه‌ركردایه‌تی بالاَی [ كورد‌و ] ئه‌مریكا, ئامانجیش [جێبه‌جێ كردنی] پلانێكی [ گه‌وره‌و ] [رانه‌گه‌یه‌ندراوه] كه تێوهگلاَندنی ئێرانه [ له‌دۆخه‌كه ] . ”
بە بۆچوونی من، هەروەك پێشتر نووسیومە، بەم زووانە شکستەکان دەکرێنە “سیاسەتی حەکیمانە”، ئەم پەڕوپینەیە تەنیا هەوڵێکە بۆ قوتارکردنی لاقی سەرۆك و فەرمانداریی هەرێم و (پ‌د‌ک) لە لیتەی جینۆسایدیکردنی ئێزییەکاندا، کە لە هەر دوولاوە تۆڵەیان لێدەکرێتەوە؛ داعش وەك ئیسلامییەك و (پ‌د‌ک) وەك دژایەتی بزووتنەوەی ئیزیدی نا[پ‌د‌ک]ی. ئەگەر کەمێك پاگەندەکانی پاش کۆڕەوەکەی ١٩٩١ بهێنینەوە یاد، ئەوا ئەم قەوانەی (ئیبراهیم خەڵۆ) هەمان قەوانی بەرەی کوردستانییە !
ناوبراو لە درێژەی وەڵامەکانیدا دەبێژێت :
” ئیبراهیم خه‌لۆ: ئه‌مریكا هه‌م داعش ده‌جولێنێ, [ هه‌میش ] هێزی پێشمه‌رگه, یه‌كێك [ لهئامانجهكانیش ] [بیربردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه له ] [روداوه‌كانی ] [ غه‌ززه‌و ] لاوازكردنی هیلالی شیعه‌یه له‌ناوچه‌كه‌دا [ ] كه [ سوریا‌و ] [ حزبوڵلاَش ] ده‌گرێته‌وه كه ئێران [ رێبه‌رایه‌تیان] ده‌كات. ”
لێرەدا پرسیارێك یەخەمان دەگرێت، ئەگەر (داعش) بۆ جوڵاندنی ئێران سازێنراوە، ئەدی بۆ دوو ساڵە بە ( جبهة النصرة )ی دایکەوە پەلاماری کانتۆنە سەربەخۆکانی “ڕۆژاوا” دەدەن، خۆ ئەوان نە (شیعە)ن و نە هاوپەیمانی ئێران ؟
“ئیبراهیم خه‌لۆ: به بۆچونی من[,] كوردانی [ رۆژئاوا ] ده‌بن به هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ, ”
گەلۆ ئەو بۆچوونە لە کوێدا خەوتووە و لە کوێوە سەرچاوەدەگرێت ؛ سێ ساڵە کوردانی (خۆراوا) هەرێمی سەربەخۆی خۆیان هەیە و کانتۆنەکانی عەفرین و کۆبانی و جەزیرە لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەرایەتی گەلیی دامەزراوون؟!
مەبەست لە واژەی ” سەربەخۆ” لە بۆچوونەکی (خەلۆ)دا چییە، لە کاتێكدا کە ئەوان بەخۆیان سەربەخۆن؟ یا مەبەستی سەربەخۆییەکە لە چەشنی سەربەخۆییەکەی دۆلارستان ؟
ئەگەر دەوڵەتی ئەمەریکا خوازیاربێت کوردانی (خۆراوا) هەرێمی سەربەخۆی خۆیان هەبێت و هاوکات دەوڵەتی بە خۆیشی (داعش)ی دروستکردبێت، بۆچی دوو ساڵە لە بەرانبەر هێرشەکانی (داعش) بۆ سەر هەرێمی سەربەخۆی کوردان لە (خۆراوا) بێدەنگەی هەڵبژاردووە ؟
پاش پەڕۆینەکانی ئیبراهیم خەڵۆ، ئینجا نۆرەی ڕەیسیزمی “هاوڵاتی” دێت و سازێنەری دیمانەکە دەپرسێت :
” [هاولاَتی ]: پێتوایه [هاتی] ئاواره [عه‌ره‌بكان] بۆ هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسی دروستكردنی شانه‌ی [نوستوی] داعش [له‌هه‌رێمی] [لێناكرێت]؟
ئیبراهیم خه‌لۆ: [بێگومان]، ته‌نانه‌ت به‌شێك له كورده‌كانیش [كه‌ئێستا] ئاواره‌ی شاره كوردییه‌كان [بون] [,] [له ژێره‌وه] له‌گه‌ڵ داعش [دان] و [كاریگه‌رن به داعش] [,] بهلاَم [تائێستا] نه‌مدیوه له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم ئیجرائاتی پێویست بكرێت[,] [بۆیه] مه‌ترسین له‌سه‌ر [داهاتوی] هه‌رێم. ”
ئەوەی کە ڕۆژنامەی “هاوڵاتی” وەك هەموو ڕۆژنامە لاورگەکانی دەسەڵات لەپشت هەڵخڕاندنی ڕەیسیزم و شۆڤێنیزم و فاشیزمی کوردانی دۆلارستانە، گومانی ناوێت، لە ساڵانی ڕابوردووشدا لەبارەی پرسی زمانی ستانداردەوە، هەروا خەریکی هەڵخڕاندنی شۆڤێنیزمی (سۆارنی) بووە بەرانبەر هۆرامی-زمانەکان، کە داوای سەرتاییترین مافی مرۆیی و ئازادی کەسیی خۆیان دەکەن!
ئەوەی کە سەرنجدانی پێویستە، وەڵامەکەی (خەلۆ)یە “بێگومان، ته‌نانه‌ت به‌شێك له كورده‌كانیش كه‌ئێستا ئاواره‌ی شاره كوردییه‌كان بون, له ژێره‌وه له‌گه‌ڵ داعش دان و كاریگه‌رن به داعش, ”
من لەوە دەگوزەرێم، کە چاوەڕوانیی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە لە کەسێك بکەم، کە لە عیراقی داگیرکراودا ڕاوێژکاری هێزەکانی ئەمەریکا بووبێت، چونکە هەم دەوڵەتی ئەمەریکا لە جیهاندا و هەم دەوڵەتی عیراق لە ناوچەکەدا ئاڵاهەڵگری ڕەیسیزمن. بەڵام ئەوەی بۆ من پرسیارە ، ئەوەیە ئەو کوردانە کامانەن، کە ئاوارەی شارەکانی کوردستانن و لەژێرەوە لەتەك (داعش)دا کاردەکەن ؟
وەك هەموومان دەزانین، ئاوارە کوردەکان زۆربەیان (ئێزیدی)ن، (ئێزیدی)یش موسوڵمان نین و هاوکاتیش داعش هێڕش دەکاتە سەر ئەوان و جینۆسایدیاندەکات، ئیدی ئەم گوماندروستکردنە لەسەر ئێزیدییەکان چ ئامانجێکی دیکەی لەپشتەوەیە ؛ جینۆسایدێکی دیکەی (ئێزیدی)یان لەسەر دەسەتی فەرمانداریی هەرێم یا هەڵخڕاندنی ڕەیسیزم دژیان، هەرەوەك لە ساڵی ٢٠٠٧ لە کوشتنی (دوعا)دا لە شاری سلێمانی و هەولێر و دهۆك بەرانبەریان کرا و کرێکارانی ئێزیدی دەرکران و بەر تف و جنێودران؟
” ئیبراهیم خه‌لۆ: سه‌رۆكی هه‌رێم [داوا بكات] یان نا [,] [ له‌سه‌ریه‌تی ] داوای چه‌ك بكات [,] به‌ده‌ست خۆی [نیه] [,] [ ئهمریكاو] [ئه‌وروپاش] [,] هه‌رێم [داوا بكات] یان نا, ئه‌وان [چه‌ك] هه‌ر [ ] ده‌ده‌ن [به‌هه‌رێم] [,] ”
گەلۆ، کامە ئاوەزی تەندروست ئەوە پەسەنددەکات، کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بیانەوێت یا، ئەوا دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا هەر چەکیان دەدەنێ و بۆیان دەنێرن ؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە خوێنەری کورد وردتر و بە سەرنجتر ڕۆژنامەکان بخوێنێتەوە و گوێ لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان ڕابگرێت و بەچاوی ڕەخنەوە سەرنجی وێنە و ڤیدیۆ و فیلم و هەواڵەکان بدات ؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، کە سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و هەواڵنێران و دیمانەکەرانی ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و کاناڵە تەلەفزیۆنییەکان و رامیاران و پارلەمانتاران و دەسەڵاتداران و سەرۆکانی هەرێمی دۆلاراوا بچنە خولی تایبەتی فێربوونی زمانی دایك [سۆرانی] ؟
**************************************
لینکی دیمانەکە :
http://hawlati.co