ژیان لە گاناوا

هەژێن

دۆ و شەراب و هەنگوین
پاداشتی پەیڕەوی ئایین و
سێ خەونی بیابانین
“تێکە بە عەلاگەی بە خۆرایی” *
بەبێ قەرز و بەبێ هین !

لەوێ لە سەرزەمینی سۆزانییان **
ڕوباری دۆ و شەراب و هەنگوین
لە هیچەوە هەڵدەقوڵێن و
بەرەو هیچ دەخوڕێن
بێ میز و بێ پاشەڕۆ
تەوەزەلانی بەهەشت،
بۆ دەردانەوەیان دە‌عارەقێن

لەوێ لە سەرزەمینی کێرسالاران
کەس لەخۆی ناپرسێت
” کێ کۆندۆم بەرهەمدێنێت،
کێ مانگا دەدۆشێت و
کێ بە باردێنێت
پەین بۆ بنی درەختان

دەڵێن لەوێ هەمووان پۆشتەن
دەرپێقوتە و کراس لە کەتان
” لە عەلاقەی دەنێن بە خۆڕایی ”
سلق و کودی و خەیار و تەماتە
ھەر لەخۆوە دەبنە دۆڵمە و زەڵاتە

کەچی لە خۆشی تەوەزلخانە
کەس لە خۆی ناپرسێت؛
کێن بەرهەمهێنی ئەو شتانە ؟
گەر بەهەشت تەنیا جێی تەوەزەلانە
ئەدی کوێ نشینگەی خزمەتكارانیانە ؟

لەوێ لە سەرزەمینی دەبەنگان؛
خۆتەقێن و دەستبڕ و دووڕووان
کێ خاوێن دەکات نێو ماڵ و کۆڵان،
کێ پاکدەکاتەوە پاشەڵی باوەڕداران ؟
ئەدی چۆن و لە کوێ دەژین،
جوتیار و کرێکار و خزمەتکاران ؟

لەوێ لە سەرزەمینی مناڵابازان
هەزار هەزار بەردەسن
” کوڕی لوسکە و جوان ” ***
ئەوانەی لەم دونیا بڤەن
لەو دونیا بەخۆرایی و بێسزان
ئاخۆ کێبن ئەو لوسکەڵانە؛
کۆیلە یاخیانی ئەم دونیا
یا منداڵانی سۆزانییان ؟

لە سەرزەمینی ڕیشن و توڕە و درۆزنان
ئەی کاری ئێمە چییە هاوڕێیان
پیشخواردنەوە و خۆکوژی لە داخان،
یا قاودانی تەوەزەلی و
هەڵخڕانی شۆڕشی یاخیان ؟
دەی بێژن چی بکەین ئاخر
تاکەی بسووتێین لەنێو کورەی ئاگر ؟ ****

٢٤ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٣

*****************************
* وتاری هەیینی یەکێك لە مەلاکانی کوردستان
** سۆزانی : پەری / حۆری
*** یەکێکە لە بەڵێنەکانی نێو قورئان بۆ موسوڵمانان، هەڵبەتە تەنیا موسوڵمانانی نێر!
**** مەبەست لە ئاگری ئەم دۆزەخەی سەرمایەدارییە، کە لە ئاگری دۆزەخی قورئان حەفاوحەفت جار بەهیزترە، چونکە ئاگری ئەم دونیایە حەفتاوحەوت جار بە ئاوی پێداکراوە، واتە بەهیزتر بووە!