گۆمەکە ئەوەندە قوڵ بووە، چیدی بنی دیار نییە !
سەرەتا هاتنی داعش بۆ عیراق و گرتنی موسڵ، وێرای ئامانجە ئابووریی و رامیارییەکانی زلهێزەکان و دەولەتانی ناوچەکە، زیاتر لەوە دەچوو کە تەنیا توندکردنەوەی ئابڵۆقەی ئابووری لەسەر کانتۆنی جزیرە و خنکاندنی بزووتنەوە نائایینییەکە بێت، کە هەم زلهێزەکان و هەم دەوڵەتی سعودیە و هەم دەولەتی تورکیە و هەم فەرمانداریی هەرێم تێیدا هاوبەرژەوەندبوون.
بەڵام بە بادانەوەی هێڕشەکانی داعش بۆ سەر هەرێم و فریاکەوتنی هێزە پاریزەرەکانی کانتۆنەکان و پاشان کۆمەکی دەولەتی ئەمەریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا و فەرمانداریی عیراق بۆ فەرمانداریی هەرێم، ئەو گومانەی دروستکرد، کە پلانەکە تەڵەنانەوە بێت بۆ دەولەتی ئێران.
بەڵام کاتێك کە دەنگی پاسداران شان بە شانی چەکدارانی فەرمانداریی هەرێم دەبیستین و لە هەمان بەرەشدا ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی هەن، ئیدی ئاوەکە ئەوەندە لێڵ دەبێت، کە بنی گۆمەکە نابینرێت.
خەریکە من دەگەرێمەوە سەر گومانی یەکەم، کۆکردنەوە و بەکوشتدانی لاوە توندڕەوەکانی ئەوروپا، کە بەگوێرەی سەرچاوەکان ٤٠٠ کەس لە هێزەکانی داعش ڕەگەزنامەی ئاڵمانییان هەیە و ئەوەش کە ژورنالیستە ئەمریکییەکە سەردەبڕیت، ئەکسێنتی بریتانی هەیە و ئەگەر ئەو لاوە توندڕەوانەی کە لە ئاڵمانیا و بریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپاوە گەراونەتەوە و ئەوانەی کە لە تورکیەوە هاتوون لەنێو هیزەکانی داعش دەربکەیت، لەوانەیە چەند سەد کەسێکی سووری و عیراقی و کورد و مەغریبی و (جەزائیری)یان لێ بمێننەوە!
ئەرێ بەراست، پرسی دەولەتی کوردی و واژۆکانی سەر پێگەی فەرمی دەوڵەتی ئەمەریکا چی بەسەرهات ؟