هەژێن
١٦ی ئازاری ٢٠١٥
پێش هەموو شتێك ” …گەل” واتە کۆ و کۆمەڵبوونی بوونەوەرانێك لە شوێنێک یا قەوارەیەکدا و مرۆڤبوون یا ئاژەڵبوون هیچ لە کۆبوون و کۆمەڵبوونی (گەل)ەکان ناگۆڕێت، تەنیا شتێك کە دەتوانێت ببێتە دابڕی نێوانیان، خودهوشیاریی و سەربەخۆیی کەسایەتی و خۆبیرکردنەوە و خۆبڕیاردان و خۆبوونە. ئایا لە زۆربەی کۆمەڵە مرۆییەکانی ئەم سەردەمەدا وەها خۆبوونێك بوونی هەیە؟ ئەگەر نا، ئیدی جیاوازی نێوان دەستەمۆبوونی مرۆڤ و ئاژەڵ لەچیدایە، لە کاتێكدا کە مرۆڤیش وەك ئاژەڵ چاوەڕێی فەرمانی شوانەکەی بێت و لەو بڕوایەدابێت، کە بەبێ هەبوونی سەرۆك و ڕابەر و دەستەبژێری بەرتەر و ئۆتۆریتەی [دەسەڵات و سەروەریی] کەسانی دیکە، ناتوانێت ژیانی خۆی ڕێکبخات و بەرهەمبهێنێت و دابەشبکات و کاروبار و کۆمەڵ و شوێنی کار و فەرمان و خوێندن و ژیانی خۆی ڕێکبخات و بەڕێوەبەرێت؟
“مێگەل”بوون یا “گایەل”بوون دوور لە سووکایەتی بە ئاژەڵ، کە من وەك ئاژەڵدۆستێك بەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستیمەوە بۆ ئاژەڵ، دژی بەکاربردنی وەها بەکاربردنێكم لەلایەن مرۆڤە لووتبەرزەکانەوە وەك سووکایەتی بە ئاژەڵ، مەبەستم ئاماژەیە بۆ دەستەمۆبوون، بۆ خۆڕادەستکردنی کەسانی دیکە، بۆ دۆشدامان و پاشڕەویی، وەك دیاردەیەك لە کۆمەڵی چینایەتیدا بەشێوەیەکی ڕێژەیی ئامادەبوونی هەیە. ئەمە شتێکی سەیر و نامۆ نییە، چونکە لای من مێگەلبوون ڕەخنەیە لە دەستەمۆبوون، لە ماڵیبوونی مرۆڤەکان وەك هەر ئاژەڵێکی ماڵێکراوی دیکە نەك ڕەخنە لە ئاژەڵبوونی […]گەلەکە. لە تێڕوانینی مندا گەورەترین سووکایەتییە بە ئاژەڵ کاتێك کە بە مرۆڤ بچوێندرێت، چونکە ئەو تاوان و خراپەکاریی و ناپاکیی و ملکەچیی و خۆشباوەڕییەی کە لەنێو مرۆڤەکاندا هەیە، هەرگیز لەنێو ئاژەڵاندا پەیدانابێت و نەبووە.
مێگەلبوون [بەواتای دەستەمۆبوون] دیاردەیە و هەرگیز بەبێ ڕامکار و دەستەمۆکەر ناتوانێت بوونی هەبێت. لەبەرئەوە ڕەخنە و ڕەتکردنەوەی ئەو بارە لە دەستەمۆبوون، هاوکات ڕەتکردنەوەی ڕامکاریی شوانەکانە [ ڕامیارەکانە] لە پشت ئەو کایەکردنەوە و بەبێ وەها ڕەتکردنەوەیەك لەنێوبردنی وەها دیاردە و پەروەردە و ڕاهاتنێك ئەستەمدەبێت و ڕوودانی هەرگیز مسۆگەرنابێت.
بەڵێ بەدڵنیاییەوە کەسە پارتییەکان [حزبییەکان] لە بەکاربردنی ئەو مەبەستە هەمان ئاماجیان هەیە، کە زۆر کەس پەردەی لەسەر لادەدەن، واتە لابردنی شوانەکانی ئێستا و دانانی شوانەکانی خۆیان لە جێگەی ئەوانی دیکە. ئەمە دوا ئامانجی هەموو پارتییەکە لە چەپەوە بۆ ڕاست، لە دێمۆکراتیکەوە بۆ تیئۆکراتیک، لە خێڵەکییەوە بۆ نەتەوەیی و کۆمونیست. لەوانەیە باشترین نموونە لەم بارەوە لایەنگرانی لیستەکەی (نەوشیروان موستەفا) بن، کە لە ساڵی ٢٠٠٦ – ٢٠١٣ و بەتایبەت ٢٠١٣ کە بەخۆیان شوێنی لیستی ڕکەبەریان گرتەوە و ئیدی وەك هەمان گەلەی دەستەمۆکراوی ڕامیاردۆستی پێش خۆیان، سەریان بە ئاخوڕی دەسەڵاتدا کردەوە و کەوتنە سوپاسگوزاریی شوانەکانیان، هەر بەو جۆرەی ئەوانی پێش خۆیان دەیانکرد و ئەوانی پاش ئەوانیش ئەنجامیدەدەن.
کایەی مێگەلبوون هەزاران ساڵە بە شێوەیەکی ڕێژەیی بوونی هەیە و شتێکی تازە نییە، هەروەها پێویستە ئەوەش بزانین، کە دەستەمۆبوون [مێگەلبوون] بەبێ هەبوونی ڕامکاران و شوانەکان ناتوانێت بوونی هەبێت، لەبەرئەوە ناتوانرێت بەبێ ڕەتکردنەوەی شوانەیی و ڕامکاریی، مێگەلبوون ڕەتبکرێتەوە و ڕەتکردنەوەی هەر یەکەیان پەیوەندی بە ڕەتکردنەوەی هاوکاتی ئەوی دیکەیان هەیە، وەك تەواوکەری یەکدی و هاوەڵدوانەی یەکدی.
ئەوانەی کە بە هەلهەلەلێدان بۆ پارتییەك، لیستێك یا شوانەیی و ڕامکاریی کەسێك ڕەخنە لە مێگەلبوون دەگرن، وەك نزیکترین ئەزموونی ژیان و سەردەمی ئێمە [لیستی بەناو گۆڕان] نیشانیدا، تەنیا کارێك کە دەتوانن ئەنجامبدەن، گۆرانی شوانەیی و ڕامکاریی ڕابەر و سەرۆکەکەیان و بانگهێشتکردنی دەستەمۆکراوەکانی دیکەیە بۆ پەچە و گەوڕی مێگەلبوونی خۆیان.
************************************************www.hejeen.wordpress.com***********************************************
تێبینی: من پێداگریی لەسەر بەکاربردن و پێویستبوونی وەها واژەگەلێك داناگرم و بەوپەڕی تواناشمەوە دەخوازم لووتبەرزیی ئەوانە بشکێنم، کە لە ڕێگەی بەکاربردنی ئەو دەستەواژانەوە دەیانەوێت خۆیان بە دەستەبژێر و زۆرینەش بە پەست و بێتوانا وێنابکەن.