کڕۆنشتات، به‌سه‌رهاتی پرۆلیتێریانه‌ی شۆڕشی ڕوسیه
کایۆ برێندل ١٩٧١
(١)
لێکدانه‌وه‌ی ڕوداوێکی مێژوویی وه‌ک (ڕاپه‌ڕینی ١٩٢١ کڕۆنشتات )، که زیاتر له په‌نجا ساڵ پێش ئێستا چووه نێو تۆماری مێژوو [بەڵام بە‌خێرایی لەنێوی ده‌رکرایه‌وه]، به‌شێوه‌یه‌کی دانه‌بڕاو پابه‌ندی پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی لێکۆڵه‌ره‌که‌یه‌تی؛ یان به‌واتایه‌کی دیکە هه‌ر لێکدانه‌وه‌یه‌ک بەرانبەر تێکۆشانێکی چینایه‌تیی که له کۆمەڵ ڕوده‌دات، پابه‌ندی پێگه‌ی نووسه‌رەکەیەتی و مۆری تێڕوانینی خۆی لە ئەو ده‌دات.
ئه‌وانه‌ی که شۆڕشی ڕوسیه له ساڵی ١٩١٧وه‌ک ڕاپه‌ڕینێکی سۆشیالیستیی لێکده‌ده‌نه‌وه، که‌سانێک که فەرمانداریی پێکهاتووی بۆلشه‌ڤیکی له ماوه‌ی جەنگی نێوخۆی وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی پڕۆلیتێری له‌به‌رچاوده‌گرن، بەگوێرەی پێداویستی ده‌بێت بەرانبەر ئه‌وه‌ی که له‌و دوورگه‌یه‌ی که‌نداوی فینلانده [کڕۆنشتات] ڕویدا، وه‌ک هه‌وڵێکی دژه‌شۆڕشانه بۆ لەنێوبردنی “ده‌وڵه‌تی کرێکاریی” ساوا لەبەرچاوبگرن. به‌پێچه‌وانه‌شەوه، ئه‌وانه‌ی که وه‌ک کردارێکی شۆڕشگێڕانه له ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات ده‌ڕوانن، دره‌نگ یان زوو به لێکدانه‌وه‌ی جه‌مسه‌ری ناکۆک لەبارەی گۆڕانه‌کانی ڕوسیه و هەل و مەرجی کەتواریی نێو ڕوسیه ده‌گه‌ن.
ئه‌وانه گشت ئاسایی به‌رچاودەکەون. به‌ڵام شتی زۆر‌تر له‌وانه هه‌یه. بۆلشه‌ڤیزم به‌ساده‌یی شێوه‌یه‌ک له ئابووری یان ده‌وڵه‌ت نه‌بوو، که بوونی له‌و سه‌رده‌مه، نه‌ک ته‌نیا له کڕۆنشتات، به‌ڵکو هەر ئاوا له پترۆگراد و ئۆکرانیا و به‌شێکی فراوانی خوارووی ڕوسیه، له‌سه‌ر لێواری ده‌مه‌چه‌قۆ وه‌ستابێت. بۆلشه‌ڤیزم هه‌ر به‌و جۆره‌ی که شێوه‌یه‌ک له ڕێکخراوبوون بوو، له‌نێو تێکۆشانی شۆڕشگێرانه‌ی ڕوسیه پێگه‌یی و بۆ بار و دۆخی ڕوسیه داڕ‌ێژرابوو. پاش سه‌رکه‌وتنی بۆلشه‌ڤیکه‌کان له شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر، ئه‌م شێوه ڕێکخراوه لە ڕێگەی نوێنه‌رانه‌وه به کۆمەڵێک بابه‌تی ڕامیاریی زۆر جۆراوجۆر به‌سه‌ر کرێکارانی گشت وڵاتان سه‌پیندرا و هێشتا ده‌سه‌پێندرێت. کاتێک که دانیشتووانی کڕۆنشتات دژی بۆلشه‌ڤیکه‌کان ڕاپه‌ڕی، هۆ ئەوە ته‌نیا ڕه‌تکردنه‌وه‌ی پاوان‌کردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن بۆلشه‌ڤیکه‌کان نه‌بوو، به‌ڵکو هەر ئاواش خستنه‌ژێر پرسیاری ده‌رکی نەریتی بۆلشه‌ڤیکەکان لەبارەی پارتایەتی و پارتیی به‌شێوه‌یه‌کی گشتی بوو. ئه‌وه هۆ‌کارەکە‌یه‌تی، که بۆچی جیاوازییه هزرییه‌کان لەبارەی پرسە ڕێکخراوه‌یییەکانی چینی کرێکار به زۆری باسێک لەبارەی کڕۆنشتات ده‌وروژێنن و هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه که هه‌ر باسێک لەبارەی کڕۆنشتات به‌ناچار جیاوازییه‌کان لەبارەی بابه‌تە تاکتیکی و ڕێکخراوه‌یییەکانی تێکۆشانی چینایه‌تیی پڕۆلیتێری ئاشکراده‌کات. که‌واته لەبەرئەوەییە، کە پاش زیاتر له نێو سه‌ده هێشتا ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات وەک بابه‌تێکی گه‌رم و جێی مشت‌ومڕ ماوه‌ته‌وه. گه‌وره‌یی و گرنگی مێژووی کڕۆنشتات چه‌ندی بخوازێت، له‌ژێر تیشکی گرنگی کرده‌یی بۆ نه‌وه‌کانی ئێستای کرێکاران کاراتر ده‌بێت. بۆ هه‌مووان، ئه‌وانه‌ی له‌نێو تێکۆشانی پڕۆلیتێریی به‌شداریده‌که‌ن. لیئۆن ترۆتسکی یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی که له‌و گرنگییه‌ی تێنه‌گه‌یشت. ئەو له‌نێو گۆتاره‌که‌ی ساڵی ١٩٣٨ به‌ناوی “گاره‌گاری زۆر له‌سه‌ر کڕۆنشتات” گله‌ییده‌کرد، که ” مرۆڤ ئاوای بۆ ده‌چێت، که یاخیبوونی کڕۆنشتات نه‌ک له هه‌ڤده ساڵی ڕابوردوو، به‌ڵکو دوێنێ ڕویداوه”١ ترۆتسکی ئەوانه‌ی هه‌ر له‌و کاته‌دا نووسی، که ڕۆژانه کاریده‌کرد، تاکو په‌رده له ڕووی هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ستالینیستانه‌ی مێژوو و ئه‌فسانه‌ی ستالینی هه‌ڵبماڵێت. ئه‌وه‌ی که ئەو هیچ کاتێک لەنێو ڕه‌خنه‌ی خۆی له ستالین، تاکو ئه‌ودیو سنووره‌کانی ئه‌فسانه‌ی “شۆڕشی لێنینستی” نه‌ڕۆیشت، کەتوارێکه که لێره‌دا ده‌توانین به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕین.
(٢)
ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات ئه‌فسانه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی لەنێوبرد؛ ئه‌و ئه‌فسانەی که گوایە له‌نێو ده‌وڵه‌تی بۆلشه‌ڤیکی کرێکاران دەسەڵاتدارن. چونکه ئه‌و ئه‌فسانه به‌شێوه‌یه‌کی توندوتۆڵ لەتەک ئایدیۆلۆجی بۆلشه‌ڤیکی گرێیخواردبوو [هه‌تا ئێستا‌ش لێکهه‌ڵپێکراوه]. له‌به‌رئه‌وه‌ی کە له کڕۆنشتات دێمۆکراسییه‌کی کەتواریی ساده‌ی کرێکاریی چاره‌نووسساز ده‌ستیپێکردبوو، لەبەرئەوە ڕاپەڕینی کڕۆنشتات بووبووه مه‌ترسییه‌کی مه‌رگهینه‌ر بۆ بۆلشه‌ڤیکه ده‌سه‌ڵاتپاوانکاره‌کان، هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک ته‌نانه‌ت به‌هێزتر له هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی دیکە بوو، که له‌لایه‌ن له‌شکره داگیرکه‌ره‌کانی دێنیکین و کۆلچاک و یودنیتچ یان ڤرانگای ده‌کرا.
له‌به‌ر ئه‌و هۆیه، ڕابه‌رانی بۆلشه‌ڤیک له تێڕوانینی خۆیانه‌وه، یان ڕاستر بڵێم له‌سه‌ر بنه‌مای پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان، که ئاسایی کارایی له‌سه‌ر تێڕوانینی ئەوان داده‌نا،ناچاربوون به‌بێ هیچ دوودڵییه‌ک ڕاپەڕینی کڕۆنشتات دابمرکێننه‌وه.٢ هاوکاتی ڕاپه‌ڕینه‌که ڕابه‌رانی بۆلشه‌ڤیک لەنێو چاپه‌مه‌نییه‌کانی خۆیان (ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات)یان به دژه‌شۆڕشی نیشاندا و به‌و جۆره‌ی که ترۆتسکی هه‌ڕه‌شه‌ی لێکردن “وه‌ک په‌له‌وه‌ر کوژران”. له‌و ڕۆژه‌وه ئه‌و فریوکارییه به‌شێوه‌یه‌کی ده‌مارگیرانه ڕه‌وایه‌تی پێده‌درێت و سه‌رسه‌ختانه له‌لایه‌ن ترۆتسکیست و ستالینیسته‌کان بره‌وده‌درێت و به‌توندیی له‌سه‌ری پێیداده‌گرییدەکرێت.
ئه‌وه‌ی که هه‌م هه‌ندێک کۆڕ و کۆمەڵی مه‌نشه‌ڤیکی و هه‌م کۆڕ و کۆمەڵی گارده سپییه‌کان به‌ئاشکرا لەتەک کڕۆنشتات هاوده‌رییانده‌ربڕی، فریوکاریی ترۆتسکیست و ستالینیستییه‌کانی به‌هێزترکرد٣. هێنانه‌وه‌ی بڕوبیانووی لاواز بۆ ئه‌فسانه‌یه‌کی فەڕمیی که‌م جار به‌تواناده‌بێت. مه‌گه‌ر خودی ترۆتسکی له مێژووی شۆڕشی ڕوسیه بۆچوونه‌کانی ته‌واو دروست لەبارەی زانیاری ڕامیاریی و تێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵایه‌تی پرۆفیسۆر میلیوکۆڤ و دڵسۆزی کۆنه‌په‌رستانه‌ی بۆ ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات، ڕۆشننه‌کردبووه‌وه؟ هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نیا میلیوکۆڤ و گشت چاپه‌مه‌نییه‌کانی گاردی سپی هاوده‌ردییان لەتەک کڕۆنشتات دربڕی، ئیدی دەبێت ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات دژه‌شۆڕش بێت؟ بەگوێرەی ئه‌و باوه‌ڕه، ئه‌ی ده‌بێت ڕامیاری ئابووریی نوێ (نی‌پ) که ماوه‌یه‌کی کورت پاش کڕۆنشتات جێبه‌جێکرا، به چ شێوه‌یه‌ک هه‌ڵبسه‌نگێنرێت؟ (ئوستریالۆڤ)ی بۆرجوا به ئاشکرا ڕه‌زامه‌ندیی خۆی له‌باره‌ی ئه‌و ڕامیارییه نوێیه‌وه ڕاگه‌یاند! به‌ڵام ئەوە نه‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی، که بۆلشه‌ڤیکه‌کان ڕامیاریی (نی‌پ) وه‌ک کارێکی دژه‌شۆڕش ڕسوابکه‌ن. ئەو کەتواره نیشانده‌ری هەموو شێوه فریوده‌ره‌کانی ئه‌فسانه هه‌ڵبه‌ستراوه‌کانه. خۆمان له‌و بابه‌ته‌ی دوایی لاده‌ده‌ین. له‌ڕاستیدا بابه‌تێکی سه‌رنجڕاکێشه، که ته‌نیا له‌سه‌ر بناخه‌ی ڕه‌وتی کەتواریی ڕوداوه‌کان و له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌وتی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی و تایبه‌تمه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تیی شۆڕشی ڕوسیه ده‌تواندرێت له هۆی کارکردی کۆمه‌ڵایه‌تییانەی ئه‌فسانه هه‌ڵبه‌ستراوه‌کان تێبگه‌ین.
(٣)
ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات ساڵی ١٩٢١ به‌رزترین خاڵی دێمۆکراتییانەی شۆڕشێک به‌رجه‌سته‌ده‌کات، که ده‌بێت نێوەڕۆکە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی بەشێوه‌یه‌کی کورت بۆرجوازیییانە بناسرێت. ڕاپه‌ڕینه‌که به‌رهه‌می لایه‌نی پڕۆلیتێری ئەو شۆڕشه بۆرجوازییه بوو، ڕێک به‌و جۆره‌ی که له‌هەل و مەرجی تاکو ڕادەیەک یه‌کسانی ڕوداوه‌کانی مانگی ئایاری ١٩٣٧ له کاتا‌لۆنیا به‌رجه‌سته‌بوونی به‌رهه‌می لایه‌نی پڕۆلیتێری شۆڕشی ئیسپانیا بوون، یان ده‌سپێشخه‌رییه‌کانی بابۆوف ساڵی ١٧٨٦ کە ئاراستە‌ی پرۆلیتێریی نێو شۆڕشی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسه بوون٤. ئه‌وه‌ی که هه‌ر سێکیان لەتەک تێکشکان ڕووبه‌ڕووبوون، یه‌ک هۆکاری هاوبه‌شیان هه‌بوو، که له هه‌ر یه‌ک له‌و بارانه هەل و مەرج و پێداویستییه‌کانی سه‌رکه‌وتنی پڕۆلیتاریا له‌ئارادانه‌بوون. ڕوسیه‌ی تزاری وه‌ک وڵاتێکی دواکه‌وتوو له جەنگی یەکەمی جیهانی به‌شداریکرد. به مه‌به‌ستی ڕامیاریی و سەربازیی ده‌ستی به پیشه‌سازبوون کرد و به‌و کاره‌ی یه‌که‌مین هه‌نگاوه‌کانی به ئاراستە‌ی سه‌رمایه‌داری هه‌ڵگرتن؛ به‌ڵام پڕۆلیتاریا که له‌نێو ئەو هه‌ناوه‌وه پێگه‌یشت و له ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه لە بەرانبەر ژماره‌ی به‌رفراوانی دێهاتیی ڕوسیه که‌متر بوو. بەبێ گومان که‌شی ڕامیاری فەرمانداریی سه‌رکوتگه‌رانەی تزاری بوو بەهۆی ھەڵکشانی گیانی تێکۆشه‌رانه‌ی کرێکارانی ڕوسیە. ئەو پرسه بە ئەوان توانای به‌خشی، تاکو مۆری دیاریکراو له شۆڕشێک بده‌ن، که له‌باری به‌روپێشه‌وه‌چوون بوو، به‌ڵام نه به‌و ڕاده‌یه‌ی که ئاراستە‌که‌ی دیاریبکه‌ن. وێڕای بوونی پیشه‌سازیی پۆتلیڤ و پاڵافتگه‌ی نه‌وتیی له قه‌وقاز و کانه خه‌ڵوزی به‌رد له ناوچه‌ی دۆنێتزریڤیر و کارخانه‌کانی چنین له مۆسکۆ، پایه‌ی بنه‌ڕه‌تیی ئابووری کۆمەڵی ڕوسی کشتوکاڵیی بوو. ئەگەرچی ساڵی ١٨٦١ جۆرێک له ئازادی جوتیاران ڕوویدا، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش هێشتا پاشماوه‌ی سیستمی ڕه‌نجبه‌ریی به‌ته‌واوی له‌نێونه‌چوبوون. په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان ده‌ره‌به‌گیی و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی سه‌رخانه ڕامیارییه‌که بوون، خانزادەکان و پیاوانی ئایینی چینی سه‌روه‌ر بوون، که به هاریکاری سوپا و پۆلیس و بیرۆکراسیی له ئیمپراتۆری گه‌وره‌ی خاوه‌ن زه‌وییه گه‌وره‌کان ده‌سه‌ڵاتدارییانده‌کرد.
له ئه‌نجامدا شۆڕشی ڕوسیه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م به ئه‌رکێکی ئابووریی ڕووبه‌ڕووی لەنێوبردنی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و گشت به‌شه‌کانی دیکە، له‌وانه په‌یوه‌ندییه ڕه‌نجبه‌رییه‌کان، بووه‌وه. پێویست بوو کشتوکاڵ پیشه‌سازییبکاته‌وه و بیخاته ژێر ڕکێفی هەل و مەرجی به‌رهه‌مهێنانی کاڵایی مۆدێرنه، هه‌موو کۆتوبه‌نده‌کانی ده‌ره‌به‌گایه‌تیی (فیوداڵی) له‌سه‌ر پیشه‌سازیی تێکشکاند.
ئەو شۆڕشه له‌ڕووی ڕامیارییه‌وه ئه‌رکی لەنێوبردنی فەرمانداریی سه‌رکوتگه‌ر و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بەرتەریی خانزاده و ده‌ره‌به‌گه‌کان و داهێنانی جۆرێک له فەرمانداریی و ده‌زگه‌ی ده‌وڵه‌تیی له‌ئه‌ستۆبوو، تاکو له ڕووی ڕامیارییه‌وه بتوانێت وه‌ڵامی ئامانجه ئابوورییه‌کانی شۆڕش مسۆگه‌ربکات. ئه‌وه ئاشکرایه که ئەو ئه‌رکه ئابووریی و ڕامیارییانه لەتەک ئه‌و ئه‌رکانه گونجاوبوون، که له خۆراوا شۆڕشه‌کانی سه‌ده‌کانی هه‌ڤده‌هه‌م و هه‌ژده‌هه‌م و نۆزده‌هه‌م بەدیانهێنان٥. به‌ڵام شۆڕشی ڕوسیە، وه‌ک شۆڕشی دواتری چین، تایبه‌تمه‌ندیی تایبه‌ت بەخۆی هه‌بوو. له ئه‌وروپای خۆراوایی به‌ر له هه‌مووان له فه‌ره‌نسه بۆرجوازی هه‌ڵگری پێشڕه‌ویی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو، واته لایه‌نگری یه‌که‌مین ڕاپه‌ڕین بوون. له خۆرهەڵات له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسکران، بۆرجوازی لاواز بوو. له‌به‌رئەوە‌ش به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌شێوه‌یه‌کی زۆر ته‌نگاوته‌نگ لەتەک به‌رژه‌وه‌ندی تزاریزم پێکه‌وه‌به‌سترابوون. واته شۆڕشی بۆرجوازیی له ڕوسیە ده‌بوو به‌بێ بۆرجوازی و ته‌نانه‌ت دژی بۆرجوازی به‌ئه‌نجامبگات.
(٤)
لێنین ئەو تایبه‌تمه‌ندییه‌ی شۆڕشی ڕوسیە‌ی زۆر به وردی ده‌ستنیشانکرد. ئەو نووسی “مارکسیسته‌کان به‌ته‌واوی باوه‌ڕیان به بۆرجوازیبوونی کاره‌کته‌ری شۆڕشی ڕوسیه هه‌یه. ئەوە واتای چییه؟ ئەوە به‌و واتایه دێت، هه‌ر گۆڕانێکی دێمۆکراتییانه‌ی سیسته‌می ڕامیاریی و هه‌ر گۆڕانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی-ئابووریی که بۆ ڕوسیه بووه به پێداویستی، نه‌ک هه‌ر نا‌بێته هۆی به‌گۆڕسپاردنی سه‌رمایه‌داری، نه‌ک هه‌ر ناببێته هۆی به‌گۆڕسپاردنی سه‌روه‌ریی بۆرجوازی، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه بۆ یه‌که‌مین جار زه‌مینه بۆ گه‌شه‌سه‌ندنێکی فراوان و خێرای سه‌مایه‌داریی سازده‌که‌ن … “٦. له شوێنێکی دیکه نووسی ” سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی بۆرجوازی وه‌ک سه‌رکه‌وتنی بۆرجوازی لای ئێمه ئه‌سته‌مه. ئەوە ئاوه‌زنه‌گیر بەرچاودەکەوێت، به‌ڵام ئاوایه. کۆمه‌ڵی ده‌ستبه‌سه‌ری گەورەی جوتیاران و سته‌مێک که له‌لایه‌ن زه‌مینداره گه‌وره نیوه-ده‌ره‌به‌گه‌کان لە ئەوان ده‌کرێت، هێز و هوشیاریی پڕۆلیتاریای ڕێکخراو له‌نێو پارتیی سۆشیالیست، گشت ئەو هەل و مەرجه، کاره‌کته‌رێکی تایبه‌ت به شۆڕشه بۆرجوازییه‌که‌مان ده‌به‌خشن. به‌ڵام ئەو تایبه‌تمه‌ندییه، کاره‌کته‌ری بۆرجوازی شۆڕش له‌نێونابات.”٧
له‌به‌رئه‌وه لێره‌دا ڕۆشنکردنه‌وه‌یه‌کی ده‌خه‌ینه‌سه‌ر؛ پارتییەک که لێنین لێره‌دا لەبارەی ئەو دەدوێت، نه سۆشیالیست بوو و نه ئه‌وه‌ی که‌س ده‌توانێت پاگه‌نده‌ی ئه‌وه بکات، که پڕۆلیتاریا لەنێو ئەو ڕێکخراو بووە. هه‌ڵبه‌ته ڕاسته، که له هەندێک شتی لاوه‌کی ئەو پارتییە خۆی له پارتییه سۆشیال-دێمۆکراته‌کانی خۆراوا، ئه‌وانه‌ی که له هۆڵه‌کانی پارله‌مانی بۆرجوازی ڕۆڵێکی به‌رهه‌ڵستکارانەی به‌وه‌فایان گێڕا و به‌گشت ئامرازه گونجاوه‌کان هه‌وڵیاندا، تاکو ڕێگریی له هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی کۆمەڵی سه‌رمایه‌داری بۆ سۆشیالیستی بکه‌ن، جیاکرده‌وه. بەڵام له‌ڕووی کڕۆک و چییەتی سۆشیالیستییه‌وه نا.
پارتییەکەی لێنین له ڕوسیە پاش گۆڕانێکی شۆڕشگێڕانه زەمینە‌کانی له‌نێو‌برد، به‌ڵام به‌و جۆره‌ی که لێنین به‌خۆی دانیپیاده‌نا، پرسه‌که له‌سه‌ر شۆڕشێک بوو، که ماوه‌یه‌کی زۆر بوو له خۆراوا له شێوه‌گه‌لێکی دیکە به‌ئه‌نجامگه‌یشتبوو. به‌گشتی ئەو کەتواره بۆ سۆشیال-دێمۆکراسیی ڕوسی و به‌تایبه‌ت پارتیی بۆلشه‌ڤیک ناکارا نه‌بوو.
لێنین و بۆلشه‌ڤیکه‌کان شتەکەیان ئاوا دەدیت، که هێزی بار و دۆخی چینایه‌تی له ڕوسیه، ڕۆڵی ژاکۆبینه‌کان* ده‌داته پارتییه‌که‌ی ئەوان. بەبێ هۆ نه‌بوو، که لێنین سۆشیال-دێمۆکراته‌کانی وه‌ک “ژاکۆبینەکان له هاوپه‌یمانی لەتەک جه‌ماوه‌ر” پێناسه‌ده‌کرد؛ بەبێ هۆ نه‌بوو، پارتییه‌که‌ی وه‌ک کۆمیته‌ی شۆڕشگێڕه پیشه‌ییه‌کان پێکه‌وه‌نا ؛ بەبێ هۆ نه‌بوو، که ئەو له‌نێو نووسینه‌که‌ی “چی ده‌بێت بکرێت” ڕایگه‌یاند، که ئه‌رکی بنه‌ڕه‌تییان تێکۆشانکردنه له دژی خۆبه‌خۆی.
کاتێک که ڕۆزا لوکزه‌مبورگ له سه‌ره‌تای ئەو سه‌ده‌یه له‌و ده‌رکه ڕه‌خنه‌یگرت، ڕاستیده‌کرد، له هه‌مان کاتیش هه‌ڵه‌بوو، ئەو لەبارەی ئه‌وه‌ی ڕێکخراوه‌ی پیلانگێڕی لێنینی لەتەک شێوە سروشتییه‌کانی ڕێکخراوه‌ی کرێکارانی تێکۆشه‌ر هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی نییه، واته ئەو شێوانەی که له‌نێو په‌یوه‌ندییه‌کانی سه‌رمایه‌داری و له ململانێ و تێکۆشانی چینایه‌تییه‌وه پەرەیانسەندووه و سه‌ریانهه‌ڵداوه، ڕاستیده‌کرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئەو نه‌یدیتبوو و ده‌بوو بیبینێت، ئه‌وه بوو که له ڕوسیه ئاوا تێکۆشانێکی پڕۆلیتێریی به کڕۆکێکی مۆدێرنه‌وه له ئاستێکی زۆر نزم بوو، یان هه‌ر له ئارا بوو.
له ڕوسیه، شوێنێک که هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی سه‌رمایه‌دارانه‌ی به‌رهه‌مهێنان و کاری کرێگرتە لەنێو به‌رنامه‌ی کار نه‌بوو، پرسه‌که له‌سه‌ر تێکۆشانێکی دیکە بوو. بۆ ئەو تێکۆشانه پارتیی بۆلشه‌ڤیک ته‌واو گونجاوبوو. پێداویستییه‌کانی شۆڕشی به‌ته‌واوی به‌کرده‌وه دابینده‌کرد. ئه‌وه‌ی که شێوه‌ی ڕێکخراوه‌یی ئەو پارتییه – واته نێوەندێتی دێمۆکراتیک – به دیکتاتۆریی کۆمیته‌ی نێوەندی به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری ئه‌ندامان کۆتاییده‌هات ( هه‌ر به‌و جۆره‌ی که ڕۆزالوکزامبۆرگ پێشبینیده‌کرد)، سه‌لمێنرا، که ته‌واو ڕاسته؛ به‌ته‌واوی ئه‌و شته بوو، که پێداویستی ئه‌و “شۆڕشه بۆرجوازییه کاره‌کته‌ر جیاوازه” بوو.
(٥)
پارتیی بۆلشه‌ڤیک چه‌که هزرییه‌کانی له مارکسیزم ده‌ردەھێنان، له‌و کاته‌دا ته‌نیا تیئۆرییه‌کی ڕادیکاڵ بوو، که ده‌یتوانی ده‌ستی بۆ به‌رێت و بۆ ئەو چاره‌نووسسازبێت. به‌ڵام مارکسیزم ده‌هاویشته‌ی تیئۆریانه‌ی تێکۆشانێکی چینایه‌تی زۆر پێشکه‌وتوو بوو، که له ڕوسیه نامۆبوو و هه‌ر ئاوا ده‌رککردنی دروستی له ڕوسیه له‌ئارا نه‌بوو. ئاوا شکایه‌وه که پێشکه‌وتنی “مارکسیزم” له ڕوسیه ته‌نیا ناوه‌که‌ی لەتەک مارکسیزم لێکده‌چوو، له ڕاستیدا زۆر‌تر له ڕادیکالیزمی ژاکۆبینستی ئۆگوست بلانکی نزیکتر بوو، تاکو له ده‌رکی مارکس و ئینگلس.
لێنین و پلیخانۆف لەتەک بلانکی و تێڕوانینی ماتریالیزمی زانستی سروشگه‌را [Natural-Science Materialism] هاوبۆچوون بوون، که له ماتریالیزمی دیاله‌کتیکه‌وه زۆر دووربوو، تێڕوانینێک که لە سه‌ردەمی شۆڕشی گه‌وره‌ی چینایه‌تی فه‌ره‌نسه، چه‌کی سه‌ره‌کی تێکۆشان دژی خانزاده‌یی و ئایین بوو. له (ڕوسیه)ش بار و دۆخ لێکچووی هەمان بار و دۆخی پێش فه‌ره‌نسه‌ی بۆرجوازی بوو.
مارکسیزم به‌و جۆره‌ی که لێنین لە ئەو تێده‌گه‌یشت -به‌و جۆره‌ش که ده‌بوو لە ئەو تێبگات – توانای تێڕوانینێکی قوڵی له پرسە بنه‌ڕه‌تییەکانی شۆڕشی ڕوسیه بۆ ده‌سه‌به‌رده‌کرد. هه‌مان مارکسیزم بۆ پارتیی بۆلشه‌ڤیک ده‌زگه‌ی تێڕوانینی بۆ ده‌سته‌به‌رکرد، که به ده‌رکه‌وتووترین شێوه دژی ئه‌رک و کارکرده‌کانیشی وه‌ستایه‌وه. واته هه‌ر به‌و جۆره‌ی که پریۆبراژنسکی ساڵی ١٩٢٥ لەنێو کۆنفرانسێکی ناوچه‌یی مۆسکۆ به ئاشکرا دانیپیادانا، مارکسیزم له ڕوسیه به‌ته‌واوه‌تی بووبووه ئایدیۆلۆجی. به‌دڵنیایی کاری شۆڕشگێڕانه‌ی چینی کرێکاری ڕوسیه – تاکو ئه‌و جێیه‌ی که ئاوا کارێک بوونی هه‌بوو – لەتەک کارکردی پارتیی بۆلشه‌ڤیک هاوئاهه‌نگنه‌بوو، که به‌گشتی به‌رژه‌وه‌ندی شۆڕشی بۆرجوازیی ڕوسیه‌ی نوێنه‌رایه‌تیده‌کرد. کاتێک که ساڵی ١٩١٧ کرێکارانی ڕوسی خرۆشان، بەگوێرەی سروشتی چینایه‌تیی خۆیان، زۆر واوه‌تر له سنووره‌کانی شۆڕشی بۆرجوازی چوون. هه‌وڵیاندا تاکو چاره‌نووسی خۆیان بگرنه‌ده‌ست، به هاریکاری سۆڤیه‌ته‌کانی خۆیان خواسته‌کانی خۆیان وه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌ر بە‌دیبهێنن و سۆڤیەتەکانیان بسه‌پێنن.
پارتییەک که “هه‌میشه ڕاستیده‌کرد” و پێویست بوو به چینی کرێکار ڕێگه نیشانبدات – هه‌ر بۆخۆی به‌و جۆره‌ی کە ڕابه‌رانی له‌سه‌ر ئەوە پێداده‌گرییاندەکرد، پڕۆلیتاریا به‌بێ ئەو نه‌یده‌توانی ڕێگه‌ی دروستی خۆی بدۆزێته‌وه -، له دواوه شه‌له‌شه‌لی بوو. ناچارکرابوو مل به کەتواری سۆڤیەتە کرێکارییه‌کان بدات، به‌و جۆره‌ی که پێشهات، بوونی زۆرینه‌ی جوتیاران بسەلمێنێت. نه سۆڤیەتە کرێکارییه‌کان و نه زۆربەی جوتیاران لەتەک ڕێڕه‌وی پارتیی ته‌بانه‌بوون -ڕێڕه‌وێک که دووبارە‌کردنه‌وه‌ی گشت ئەزموونه‌کانی پێشوتری ئەو شۆڕشانە بوو، که له‌نێو هەل و مەرجی گه‌شه‌نه‌کردوو ئه‌نجامدرابوون. له ڕوسیه کاری شۆڕشگێڕانه چ له‌لایه‌ن کرێکاران و چ له‌لایه‌ن جوتیاران نه‌یده‌توانی ماوه‌یه‌کی زۆر به‌رده‌وامبێت. هەل و مەرجی مادیی و بنه‌مای کۆمه‌ڵایه‌تیی ئاوا کارێکی شۆڕشگێڕانه‌ی به‌رده‌وام له‌ئارادانه‌بوو.
(٦)
ئه‌وه‌ی ڕوویدا بەو جۆره بوو: سه‌رمایه‌داری (که‌م گه‌شه‌کردوو) لەنێونه‌برا؛ کاری کرێگرتە مایه‌وه؛ مارکس گوته‌نی به‌و جۆره‌ی که کاری کرێگرتە به‌یانکه‌ری سه‌رمایه‌یه، ھەر ئاوا به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، سه‌رمایه به‌یانکه‌ری کاری کرێگرتە‌یه. کرێکارانی ڕوسی کۆنتڕۆڵی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانیان به‌ده‌ستنه‌هێنا؛ به‌ڵکو ئه‌و کۆنتڕۆڵکردنه که‌وته ده‌ستی پارتیی (یا ده‌وڵه‌ت). له ئه‌نجامدا، کرێکارانی ڕوسی وه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌رانی زێده‌بایی مانه‌وه. نه ئه‌و کەتوارە‌ی که زێده‌بایی نه‌ک له‌لایه‌ن چینێک له سه‌رمایه‌دارانی تایبه‌تی، به‌ڵکو له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت، یان له‌لایه‌ن که‌سانێکی سه‌ربه پارتیی که کۆنتڕۆڵکه‌ری ده‌وڵه‌وت بوون، پاوانده‌کرا، نه ئه‌و کەتواره‌ش که گه‌شه‌ی ئابووری له ڕوسیه – به هۆی له‌ئارادانه‌بوونی چینی بۆرجوا – به ڕێڕه‌وێکی جیا له ئەوه‌ی خۆراوا بەرەو پێش چوو، هیچ شتێکی له پێگه‌ی چینی کرێکار وه‌ک چینێکی به‌هره‌کێشکراو یان کۆیله‌ی کرێگرته نه‌گۆڕی. که‌س ناتوانێت له به‌کاربردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن چینی کرێکار بدوێت. له‌ڕاستیدا ده‌وڵه‌تی تزاری وردوخاشکرابوو، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیەتیی جێی ئەوی نه‌گرته‌وه. سۆڤیەتەکان که به‌شێوه‌یه‌کی خۆبه‌خۆ له‌لایه‌ن کرێکارانی ڕوسیه پێکهاتبوون، سه‌ره‌تای هاوینی ١٩١٨ له‌لایه‌ن فەرمانداریی بۆلشه‌ڤیکی لە ئەوان ده‌سه‌ڵات سه‌ندرایه‌وه و به‌ته‌واوی دەستەمۆ و گۆشه‌گیرکران. ئیدی پایه‌ی ئابووریی وڵات، له‌جێی په‌یوه‌ندییه ڕه‌نجبه‌رییه‌کانی پێشتر یان په‌یوه‌ندییه‌کانی بێگاری و شێوه ده‌ره‌به‌گییەکان، شێوه‌یه‌ک له ئابووریی کۆیله‌وارانەی به‌خۆوه‌گرت، له‌و جۆره‌ی که ساڵی ١٩١٧ترۆتسکی له‌باره‌یه‌وه نووسی ” لەتەک ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی پڕۆلیتاریا نایێته‌وه”. ئەو تێزه دروستبوو، به‌ڵام بۆلشه‌ڤیکه‌کان – پاش ئه‌وه‌ی به‌هه‌ڵه ڕایانگه‌یاند، که ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان ده‌سه‌ڵاتدارێتی چینی کرێکاره - به‌ڕواڵه‌ت بۆ کۆتاییهێنان به سته‌می سه‌ر پڕۆلیتاریای ڕوسیه، ئەوان ئەوە‌یان له خزمه‌ت ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی خۆیان به‌کاردەبرد. به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی کەتواریی کرێکاری، سه‌روه‌ری ڕامیاریی نه‌ک وه‌ک ئامرازێک بۆ ئازادبوون، به‌ڵکو وه‌ک ئامرازێکی سه‌رکوتگه‌رایانه گه‌شه‌یکرد. له ڕوسیه‌ی بۆلشه‌ڤیکی هەل و مەرج له نێوان ڕوودانی شۆڕشی فێبریوه‌ری و سه‌رکوتی به‌هێزی کڕۆنشتات و ناساندنی ڕامیاری ئابووریی نوێی (نی‌پ)، لێکچووی شۆڕشی فێبریوه‌ری ١٨٤٨فه‌ره‌نسه بوو. مارکس لەبارەی ئەو شۆڕشە ئاوا بۆچوونی خۆی ده‌رخست ” له فه‌ره‌نسه ورده‌بۆرجوازی ئه‌و کاره ئه‌نجامده‌دات، که له‌باری ئاسایی ده‌بێت له‌لایه‌ن بۆرجوازیی پیشه‌سازییه‌وه ئه‌نجامبدرێت، کرێکار کارێک ئه‌نجامده‌دات، که له‌باری ئاسایی ئه‌رکی ورده‌بۆرجوازییه. ئه‌ی چ که‌سێک ئه‌رکی کرێکار ئه‌نجامدەدات؟ ئەو ئه‌رکه ئه‌نجامنه‌دراوه له فه‌ره‌نسه، به‌پوختی ڕاگه‌یێندراوه ”. له ڕوسیه ئەو ئه‌رکه ڕاگه‌یێندراوه، ئه‌نجامنه‌دراومایه‌وه. لەتەک ئەوە‌ش به ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی شۆڕشێک – که لەنێو ئەو ئۆکتۆبه‌ر ته‌نیا وێستگه‌یه‌ک بوو – کۆتاییهات. کڕۆنشتات ساتێکی شۆڕشگێڕانه بوو، که ڕه‌وڕه‌وه ناجێگیره‌کانی شۆڕشی گه‌یانده به‌رزترین لوتکه.
له چوارساڵی یه‌که‌می چاره‌نووسساز، دووبه‌ره‌کییه‌کی قوڵ دیاربوو: له‌لایه‌ک پارتیی بۆلشه‌ڤیک و فەرمانداریی بۆلشه‌ڤیکی، له‌لایه‌کی دیکە چینی کرێکار ڕوسیە. ئەو دووبه‌ره‌ییه به ده‌رکه‌وتنی ناکۆکی نێوان فەرمانداریی و جوتیاران، زۆر‌تر ده‌رکه‌وت. وێڕای هه‌بوونی ناکۆکی نێوان کرێکاران و جوتیاران، که ئیسمیتشکا – واته هاوپه‌یمانی چینایه‌تی ئەو دووانه – پەرده‌پۆشیکردبوو. له‌نێو تێڕوانینی ئێمه ده‌کرێت ناکۆکی نێوان جوتیاران و فەرمانداریی بۆلشه‌ڤیکی وه‌لابنرێت. ته‌نیا به ڕاگوزەر بە ئەوە ئاماژەدەدەین، چونکه چه‌ند لایه‌نەیی ناکۆکی نێوان کرێکاران و فەرمانداریی بۆلشه‌ڤیکی و جوتیاران، پێداویستیی دیکتاتۆری پارتیی ڕۆشنده‌کاته‌وه.
(٧)
له ماوه‌ی نێوان ڕودانی شۆڕش و ڕوداوه‌کانی ساڵی ١٩٢١، چینی کرێکاری ڕوسیه سه‌رقاڵی تێکۆشانێکی به‌رده‌وام بوو. ساڵی ١٩١٧ ئەو تێکۆشانه زۆر واوه‌تر له‌وه‌ی که بۆلشه‌ڤیکه‌کان له‌به‌رچاویانگرتبوو، بەرەو پێش چووبوو. ساڵی ١٩١٧ له‌نێوان مانگی مارچ و کۆتایی سێپته‌مبه‌ر، ٣٦٥ مانگرتن، ٣٨ جار ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی کارخانه، ١١١ جار ده‌رکردنی به‌ڕێوه‌به‌رانی کارخانه ڕویدا ٨. دروشمی بۆلشه‌ڤیکی ” کۆنترۆڵی به‌رهه‌مهێنان له‌لایه‌ن کرێکاران” لەنێو ئاوا بار و دۆخێک به‌درۆخرایه‌وه. کرێکاران ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانیان به ده‌ستپێشخه‌ری خۆیان کۆنتڕۊڵکردن، واته تاکو ١٤ی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩١٧، که بڕیاری کۆنترۆڵی کرێکاریی ده‌رچوو و ڕێگری بۆ ئەو چالاکییانه دروستکرد، واته ته‌نیا هه‌فته‌یه‌ک پاش بەده‌سه‌ڵاتگەییشتنی بۆلشه‌ڤیکه‌کان! پاش مانگی ئایاری ١٩١٨ ” نیشتمانییکردنە‌کان” ته‌نیا له‌لایه‌ن سۆڤیەتی نێوەندیی ئابوورییه‌وه ده‌توانرا ئه‌نجامبدرێن. ماوه‌یه‌کی کورت پاش ئەو ڕێکەوتە، مانگی ئه‌پریڵی ١٩١٨، بەرپرسیاریی تاکه‌که‌سی به‌رێوه‌به‌رایەتی کارخانه سه‌رله‌نوێ گەڕایەوە، ئه‌وانه چیدیکە نه‌ده‌بوو بۆ بڕیاره‌کانیان بڕوبیانوو بۆ کرێکاران”یان” بێننه‌وه. جێنیوەری ١٩١٨ سۆڤیەتەکانی کارخانه پاکتاو و سڕکرابوون. له‌وه به‌دواوه، لەتەک سه‌رکه‌وتنی کۆمونیزمی جه‌نگیی، یاسا ئابوورییه‌کانی کۆمەڵێکی به‌رهه‌مهێنانی کاڵایی، خۆیان له‌سه‌ر خۆیان په‌رده‌یان لادا. لێنین ئه‌فسووسی ده‌خوارد، که ” جڵه‌وی ڕێنوێنیکردن خه‌ریکه له‌ده‌ستده‌ر‌چێت … فارگۆنه‌که به باشی ئاوا بەرەوپێش ناچێت، زۆر جار به‌ته‌واوی و هەندێک جاریش وه‌ک وێناکردنی ئه‌و که‌سه نا، کە له پشت سکانه‌وه دانیشتووه”. ڕۆژنامه‌ی یه‌کێتییه‌کی کرێکاریی ڕوسی ڕایگه‌یاند، که ساڵی ١٩٢١به به‌شداریکردنی سەد و هەشتا و چوار هەزار (١٨٤٠٠٠) که‌س ، ٤٤٧ مانگرتن ڕویانداوه. هەندێک ژماره‌ی دیکە بەو جۆره‌ن، پێنج سەد و پێنج (٥٠٥) مانگرتن به به‌شداری سەد و پەنجا و چوار (١٥٤٠٠٠) که‌س، ساڵی ١٩٢٢؛ ٢٦٧ مانگرتن، ساڵی ١٩٢٤؛ ١٥١ مانگرتن له‌نێو کارخانه ده‌وڵه‌تییەکان ئه‌نجامدران؛ ساڵی ١٩٢٥؛ ١٩٩ مانگرتن ، که ٩٩ مانگرتتن له‌نێو کارخانه ده‌وڵه‌تییەکان بوون٩.
ژماره‌کان که‌مبوونەی بەرەبەری ناڕه‌زایه‌تییه کرێکارییه‌کان نیشانده‌ده‌ن. ساڵی ١٩٢١ به ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات ئەو بزوتنه‌وه‌یه بە لوتکه گەییشت. ٢٤ی فێبریوه‌ری ١٩٢١ کرێکارانی پترۆگراد مانیانگرت. داخوازییه‌کانیان ئەوانه بوون: ئازادی بۆ گشت کرێکاران، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره تایبه‌ته‌کان، هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ی سۆڤیه‌ته‌کان. ئەوانه هه‌مان ئه‌و داخوازییانه بوون، که چه‌ند ڕۆژ دواتر له کڕۆنشتات به‌رزکرانه‌وه. ناڕه‌زایه‌تیی گشتی سەرتاسەری وڵاتی گرته‌وه. له کاتی سه‌ری ساڵی ١٩٢٠-١٩٢١ ڕوسیه‌ی بۆلشه‌ڤیکی شانۆی ناکۆکییه‌کی قوڵ بوو. ده‌ستبه‌جێ ئەو بار و دۆخه “ئۆپۆزسیۆنی” کرێکاریی دروستکرد، که له‌لایه‌ن دوو که‌س له کرێکارانی پێشووتری پۆڵاوه ڕابه‌رییده‌کرا. ئەو ئۆپۆزسیۆنه خوازیاری ده‌ستکۆتاکردنی پارتیی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دیکتاتۆریی پارتیی و جێگرتنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن فەرمانداریی خۆیی جه‌ماوه‌ری به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه بوو. به‌کورتی: خوازیاری دێمۆکراسیی سۆڤیەتیی و کۆمونیزم بوو!
ماوه‌یه‌کی کورت پاش ئه‌وه، بار و دۆخی گشتی ڕوسیه وه‌ک له به‌ڵگه‌نامه‌کانی کڕۆنشتات باسکراون، کە بەو جۆره کورت و پوخت به دروستی ڕۆشنیکرده‌وه ” بەھۆ‌ی پاگه‌نده‌ی فریوده‌رانە، ڕۆڵه‌کانی خه‌ڵکی کرێکار به‌ره‌و پارتیی ڕاکێشران و خرانه ژێر کۆتوبه‌ندی دیسپلینێکی توند. کاتێک کۆمونیسته‌کان هه‌ستیانکرد، که به‌ڕاده‌ی پێویست به‌هێزن، سۆشیالیسته سه‌ر به هێڵه جیاوازه‌کانی دیکەیان هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌ستکۆتاکردن و دواجار خودی کرێکاران و جوتیارانیان له‌سه‌ر کورسیەکانی که‌شتی ده‌وڵه‌ت وه‌ده‌رنا، به‌ڵام هاوکات بۆلشەڤیکەکان خۆیان به‌ناوی ئه‌وان وڵاتیان فەرماندارییده‌کرد”١٠.
فێبریوه‌ری ١٩٢١ له پترۆگراد ناڕه‌زایه‌تی گه‌لیی ڕویاندا. خۆنیشانده‌رانی پڕۆلیتێری له شوێنی دوور له نێوەندی شار ڕێپێوانیانکرد. بە سوپای سوور فه‌رماندرا، تاکو ئەو خۆنیشاندانانه په‌رشوبڵاوبکات. سه‌ربازان له فەرمانە سه‌رپێچیانکرد، کە له کرێکاران ته‌قه‌بکه‌ن. دروشمی سەرەکی ئەوە بوو “مانگرتنی گشتی لە ٢٧ی فێبریوه‌ریی کەتوارییه! “. ٢٨ی فێبریوه‌ری له پترۆگراد سه‌ربازانی لێبڕاو و وه‌فادار به فەرمانداریی ئامادەبوون. ڕابه‌رانی مانگرتن ده‌ستگیرکران، کرێکاران بۆ کارخانه‌کان ڕه‌وانه‌کرانه‌وه. هه‌ستانه‌وەی بەرەی شۆڕش تێکشکا. به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش هه‌مان ڕۆژ، دەریاوانانی که‌شتیی جه‌نگی پێترۆپاڤلۆڤسک که له کڕۆنشتات له‌نگه‌ریخستبوو، خوازیاری هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ی سۆڤیه‌ته‌کان و ئازادی چاپه‌مه‌نی و کۆبوونه‌وه بۆ کرێکاران بوو! دەریاوانانی که‌شتی جه‌نگیی سێڤاستۆپۆل به‌و داخوازییانه‌وه په‌یوه‌ستبوو. ڕۆژی دواتر شازدە (١٦٠٠٠) هەزار که‌س له لەنگەرگەی کڕۆنشتات کۆبوونەوە، تاکو بۆ مانگرتوانی پێترۆگراد هاوپشتیی خۆیان ڕابگه‌یێنن.
(٨)
دژواره بتوانرێت گرنگیی یاخیبوونی کڕۆنشتات به‌ڕاده‌ی پێویست هه‌ڵبسه‌نگێنرێت. کڕۆنشتات وه‌ک فانۆسی ڕێنمایی ده‌ریا تیشکده‌هاوێت. ڕاپه‌ڕیوان لەنێو ڕۆژنامه‌که‌یان نووسییان “ئێمه له‌پێناو چی تێده‌کۆشین؟ چینی کرێکار هیواداربوو له‌نێو شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبێنێت. به‌ڵام ئه‌نجامه‌که‌ی ته‌نانه‌ت سه‌رکوتی زیاتر بوو. فەرمانداریی بۆلشه‌ڤیکی بۆ پاراستنی ژیانێکی ئاسووده بۆ کۆمیسار و بیروکراته‌کان، سیمبولی به‌ناوبانگی کرێکاری – چه‌کوش و داس-ی گۆڕی به سیاچاڵ و سه‌ره‌نێزه” . گشت ئەوانه به‌و واتایه بوون، که له کڕۆنشتات ساتی کەتواریی بۆ فەرمانداریی بۆلشه‌ڤیکی بە پێش هاتبوو، دروست به‌و جۆره‌ی که له ڕۆژانی جونی ١٨٤٨ یاخیبوونی پڕۆلیتاریای فه‌ره‌نسا، ساتی کەتواریی بوو بۆ کۆماری ڕادیکاڵی فه‌ره‌نسه. لێره‌ش وه‌ک ئه‌وێ، مه‌یدانی سه‌رکوتی پڕۆلیتاریا بوو به زادگای له‌دایبوونی سه‌رمایه‌داری. پڕۆلیتاریا له فه‌ره‌نسه کۆماری بۆرجوازی ناچارکرد، تاکو سروشتی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی وه‌ک ده‌وڵه‌ت، که ئامانجی بڕیاردراوی هه‌میشه‌ییکردنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه بوو، دەربخات. به هه‌مان شێوه له کڕۆنشتات کرێکاران و دەریاوانان پارتیی بۆلشه‌ڤیکی – که ته‌نیا ئامانجی جێگیرکردنی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی بوو – ناچارکرد، تاکو سروشتی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی وه‌ک دامه‌زراوه‌یه‌کی ئاشکرای دژایه‌تیکردنی کرێکاران دەربخات، که لەتەک تێکشکانی ڕاپه‌ڕین ڕێگه‌ی بۆ ئاوه‌ڵابوو.
له شه‌قامه‌کانی پاریس جەنراڵ کاڤایناک Cavaignac هیواکانی کرێکارانی له‌نێو خوێن گه‌وزاند. شۆڕشی کڕۆنشتات له‌لایه‌ن لیئۆن ترۆتسکی سه‌رکوتکرا. ترۆتسکی له مانگی مارچی ١٩٢١ بوو به کاڤایناک، گوستاڤ نۆسکه**ی شۆڕشی ڕوسیه. ئەو که به‌ناوبانگترین و ده‌رکه‌وتووترین نوێنه‌ری تیئۆری شۆڕشی به‌رده‌وام – گاڵته‌جاریی مێژوو- به سه‌رکوتکردنی کڕۆنشتات له لێبڕاوترین هه‌وڵی به‌ره‌و به‌رده‌وامی شۆڕش پاش ئۆکتۆبه‌ری ١٩١٧ بەریگرت.
به‌ڵام خۆلادان له‌و به‌سه‌رهاته له‌توانادانه‌بوو. پێشمه‌رجه‌کانی سه‌رکه‌وتنی پڕۆلیتاریا له کڕۆنشتات له‌ئارادانه‌بوون. ته‌نیا شتێک که ده‌یتوانی بە ئەوان کۆمەکبکات به ته‌واوی هه‌ر هه‌مان به‌رده‌وامی شۆڕش بوو، که بە ئەو ئاماژەمدا. کرێکارانی کڕۆنشتات به‌خۆیان ئەوە‌یان ده‌زانی و لە ئەوە تێگه‌یشتن. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه به‌رده‌وام بۆ هاوڕێکانیان له‌سه‌ر زه‌مینی سه‌رەکی ڕوسیا تێله‌گرامیانده‌نارد و خوازیاری پاڵپشتی چالاکانه‌بوون.
کرێکارانی کڕۆنشتات چاوی هیوایان بڕیبووه ” شۆڕشی سێیه‌م”، هه‌ر به‌و جۆره‌ی که هه‌زاران پڕۆلیتار له ڕوسیه به‌و شۆڕشه سێیه‌مه‌ی کڕۆنشتات هیواداربوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ڕوسیه‌ی دێهاتی ئه‌و سه‌رده‌مه لەتەک چینه کرێکاره تاکو ڕادەیەک گچکه‌که‌ی و ئابوورییه گه‌شه‌نه‌کردووه‌که‌ی به “شۆڕشی سێیه‌م” ناوده‌برا، شتێک له خۆشخه‌یاڵی به‌ولاوه‌تر بوو. کاتێک که ئه‌فسانه‌ی کڕۆنشتات تازه ده‌ستیپێکردبوو، لێنین گوتی که ” له کڕۆنشتات، ئه‌وانه ده‌سه‌ڵاتی گارده سپییه‌کانیان ناوێت، ئه‌وانه ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌شیان ناوێت. بەڵام ده‌سه‌ڵاتێکی دیکە بوونی نییه.”١١
لێنین تاکو ئه‌و جێیه‌ی که له‌و ساته دیاریکراوه‌دا ئه‌و جۆره ده‌سه‌ڵاته – لایەنی که‌م له ڕوسیه – نه‌بوو، ڕاستی ده‌گوت. به‌ڵام کرێکارانی کڕۆنشتات وه‌ک کرێکارانی ئا‌ڵمانیا له‌توانادابوونی شێوه‌یه‌کی دیکە له ده‌سه‌ڵاتیان دەرخستبوو. کرێکاران نه‌ک بۆلشه‌ڤیکه‌کان به کۆمۆنه‌کانی خۆیان و به سۆڤیه‌ته ئازادانه هه‌ڵبژێردراوه‌کانی خۆیان، نموونەیەک له شۆڕشی پڕۆلیتێریی و ده‌سه‌ڵاتی کرێکارییان نیشاندابوو.
نابێت دروشمی “سۆڤیەتەکان به‌بێ کۆمونیسته‌کان” ئێمە تووشی سەرسوڕمان بکات. بێبه‌زه‌ییه‌کان به‌ناوی “کۆمونیسته‌کان” خۆیان ده‌ناساند، ئه‌وانه‌ی که ئەم ڕۆژگارەش -به‌هه‌ڵه – خۆیان ئاوا ده‌ناسێنن: بۆلشه‌ڤیکه لایه‌نگره‌کانی سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌تین، ئه‌وانه‌ی که ئه‌و کات مانگرتنی کرێکارانی (پێترۆگراد)یان سه‌رکوتکرد. ساڵی ١٩٢١ ئاوەڵناوی “کۆمونیست” بۆ کرێکارانی کڕۆنشتات هەر وەک ساڵی ١٩٥٣ بۆ کرێکارانی ئاڵمانیای خۆرهەڵاتیی و ساڵی ١٩٥٦ بۆ کرێکارانی هه‌نگاریا نه‌فره‌تاوی بوو. به‌ڵام وێڕای ئەوە‌ش کرێکارانی کڕۆنشتات وه‌ک کرێکارانی دیکە به‌رژه‌وه‌ندیی چینایه‌تیی خۆیان بۆیان گرنگبوو. بەو جۆره تاکو ئەم ڕۆژەگارە‌ش شێوازه‌کانی تێکۆشانی پڕۆلیتێریانه‌ی خۆیان. هێشتا گرنگییه‌کی فراوانیان بۆ گشت هاوڕێ چینایه‌تییه‌کانیان هه‌یه، ئه‌وانه‌ی – که له هه‌ر کوێیه‌کی ئەو جیهانه بن – تێکۆشانی خۆیان بەرەوپێش ده‌به‌ن و له ئەزموونه‌کانیانەوە ئه‌وه فێربوون، که ئازادبوونیان ته‌نیا له گره‌وی تێکۆشانی خۆیاندایه.
په‌راوێزەکان:
[ کایۆ برێندل Cajo Brendel یه‌کێک له کۆنترین کۆمۆنیسته سۆڤیەتییه‌کانی هۆڵه‌نده، که سه‌ره‌تای ده‌هه‌ی ١٩٣٠ به‌دابڕانی یەکجارەکی له ترۆتسکیزم، به گروپی کۆمۆنیسته ئینته‌رناسیونالیسته‌کانی هۆڵه‌ند GIK په‌یوه‌ستبووه.- و] ساڵی ١٩٧١ یەکەم جار ئەم نووسینه له شێوه‌ی کۆڕ له په‌نجاهه‌مین ساڵڕۆژی ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات له‌نێو زانکۆی ته‌کنیکی بێرلین پێشکه‌شکرا. ده‌توانرێت له‌م سه‌رچاوه‌ی خواره‌وه ده‌قە بنەڕەتییەکەی ئەو گۆتاردانه به ئاڵمانی په‌یداکرێت:
http://www.members.partisan.net/brandel/crnstat.html
in: Agnoli, Johannes;Brandel,Cajo;mett,Ida:Die revolutionären Aktionen der russischen Arbeiter und Bauern : Die Kommune von Kronstat, Berlin: Karin Kramer Verlag, Berlin 1974 94 pages.
نووسینه‌که‌ی ترۆتسکی به ئینگلیزی به‌ناوی ” گاره‌گار له‌سه‌ر کڕۆنشتات، به‌ره‌یه‌کی خه‌ڵکانی تاوانبار” له New International, April 1938,p. 104 بڵاوکرایه‌وه. ئەو ناونیشانه‌م له بڵاوکراوه‌یه‌کی ترۆتسکیستی هۆڵه‌ندی که لەنێو ئەو ئه‌و گۆتاره پاش ماوه‌یه‌کی کورت دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی به ئینگلیزی، جارێکی دیکە وه‌رمگێڕا.
ترۆتسکی لەنێو بیۆگرافییه‌که‌ی له‌باره‌ی ستالین له پێداویستبوونی ئەو سه‌رکوتکردنه ده‌دوێت. له‌وێدا ده‌ڵێت ” ئه‌وه‌ی که فەرمانداریی سۆڤیه‌تی به‌پێچه‌وانه‌ی ئاره‌زووی خۆت له کڕۆنشتات ئه‌نجامیدا، پێداویستییه‌کی تراجیدی بوو” وێڕای ئەوە‌ش له‌نێو ڕسته‌ی دواتر ڕه‌خنه و هاوئاهه‌نگی لەتەک ئه‌فسانه، سه‌رله‌نوێ له ” مشتێک لادێی کۆنه‌په‌رست و سه‌ربازی یاخی” ده‌دوێت. بڕواننه :
English edition: Stalin:An Appraisal of the Man and His Influence, edition and annotated from the Russian by Charles Malamuth, London, 1947, P. 337
له‌نێو کۆڕ و کۆمەڵێکی دیاریکراوی مه‌نشه‌ڤیکه‌کان و گارده سپییه‌کان، واته هه‌موویان نا. گوتبوویان “ئه‌وانه به زۆری ئه‌وانه بوون، که ئه‌و سه‌رده‌مه له ده‌ره‌ی ڕوسیە په‌یداده‌بوون”. لەنێو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی ئه‌و سه‌رده‌مه ئاماژە بە ئه‌وه دراوه، چۆن پاشماوه‌ی تێکشکاوییه‌کانی گاردی سپی، کە ئێستا له ڕوسیه په‌یدان، به هه‌ستێکی ئاوا ورده‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی پێشڕه‌وی پرۆلیتێرییان له کڕۆنشتات دیاریکرد و به‌شێوه‌یه‌کی بێبه‌ندومه‌رج بۆ سه‌رکوتکردنی یاخیبووان خوازیاری خزمه‌تکردن به کاروانی ڕابه‌رانی بۆلشه‌ڤیکی بوون. بڕواننه :
`Die Warheit über Kronstadt` , 1921. Comlete reprinting of this work in German translation in Dokumente der Weltrevolution, vol. 2, Arbeiterdemokratie oder Parteidiktatur, Olten, 1967, p. 297ff
ده‌توانرێت بەبێ کۆتایی ئەو نموونانه درێژه‌بکرێنەوە، ده‌توانرێت ئەوانه لەتەک بزوتنه‌وه‌ی یەکسانیخوازان Levellers له‌نێق شۆڕشی بریتانیای سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌هه‌م به‌راوردبکرێن. به‌راوردکردنی کاراکتەری کۆمه‌ڵایه‌تیی شۆڕسی ڕوسیه لە ١٩١٧ ده‌توانرێت له‌م سه‌رچاوه‌ی خواره‌وه‌دا ببینی : in `Thesen über den Bolschewismus` , first published in Rätekorrespondenz, no 3, August 1934; reprint in Kollektiv Verlag, Berlin, n.d.–
6- I. Lenin , `Zwei Taktike der Sozialdemokratie in der demokratischen Revolution `, in Ausgewählte Werke, vol. 1, Berlin, Dietz Verlag, 1964, p.558
ئەو گوته، گێڕانه‌وه‌ی ناڕاسته‌وخۆیه له لێنین له گۆتارێکی (N. Insarov)، که سێپته‌مبه‌ری ساڵی ١٩٢٦ له‌نێو بڵاوکراوەی Proletari بڵاوکرایه‌وه. ئینسارۆڤ له نوسخه‌ی ڕوسی گشتی به‌رهه‌مه‌کانی لێنین، که له‌لایه‌ن Russian State Publishing House بڵاوکراوه‌تەوە، کەڵکی وه‌رگرتووه. ئەو ده‌ربڕینه له‌نێو به‌رگی ١١ی به‌شی یه‌ک لاپه‌ڕه ٢٨ ده‌ستدەکەوێت.
* له‌نێو شۆڕشی فه‌ره‌نسه “ژاکۆبینه‌کان” نازناوی ئه‌ندامانی (یانه‌ی ژاکۆبین) بوو. ژاکۆبینه‌کان ڕادیکاڵترین به‌شی بۆرجوازی فه‌ره‌نسه بوون, که به ڕابه‌ری ڕۆبسپیر له ساڵی ١٧٩٣ به کوده‌تا (فەرمانداریی ژیروندن)ە‌کانیان ڕوخاند و فەرمانداریی تیرۆرکاریان دامه‌زراند. ساڵێک دوای به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی ناپلیۆن ڕوبسپیر له سێداره درا. –و.ف
8 – TheThese figures were taken from F. Pollock (Die planwirtschaftlichen Versuche in der Sowjetunion 1917-1927, Leipzig, 1929, p. 25) and from the work of Y. G. Kotelnikov and V. L. Melier, Die Bauernbewegung 1917 (which also contains facts concerning strikes and workers’ political actions).
9 – ئامار لەبارەی مانگرتن و مانگرتووانه‌وه له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌ی یه‌کێتی ڕوسی Voprosy Truda, 1924, no 7/ 8 ئاماده‌کراوه. تۆمارگه‌ران په‌نجه بۆ ناته‌واوی ئەو ژمارانه ڕاده‌کێشن. ئێمه جارێکی دیکە له پۆلاک ( گوته‌ی سه‌ره‌وه، تێبینی ژماره ٩) ده‌گێڕینه‌وه.
له‌به‌شی یه‌که‌می (مێژوویی) پەرتووکی Labour Disputes in Soviet Russia, 1957-1965 (Oxford, 1969, p.15) Mary McAuley کۆمەڵێک زانیاری له‌باره‌ی ژماره‌ی مانگرتنه‌کان له ڕوسیه له ساڵه یه‌که‌مه‌کانی پاش شۆڕش ده‌خاته‌ڕوو. ئەو بۆ زانیارییه‌کانی پشت به Revzin inVestnik Truda, 1924, no 5-6, pp. 154-160 ده‌بەستێت. ئەو ژمارانه‌ی سه‌ره‌وه لەتەک ژانره‌کانی پۆلاک ده‌گونجێن.
10- ‘Die Wahrheit über Kronstadt 1921’, Dokumente der Weltrevolution, op. cit., vol. 2, p. 288.
** Gustav Noske ڕامیارکاری سۆشیال-دێمۆکرات، نوێنه‌ری سۆشیال-دێمۆکراته‌کان له ڕایشتاک، فه‌رمانده‌ی سوپا پاش شۆڕشی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩١٨ی ئا‌ڵمانیا، شالیاری پارێزگاریی له‌نێوان ساڵانی ١٩١٩-١٩٢٠. ئەو لێپرسراو و فه‌رمانده‌ی سه‌رکوت و کوشتاری دڕندانه‌ی ڕاپه‌ڕین له ئا‌ڵمانیا بوو. – و.ف
11- Dokumente der Weltrevolution, op. cit., vol. 2, p. 288.
بۆ خوێنه‌رانێک که له‌و باره‌وه خوازیاری زانیاری زیاترن ، ده‌توانن بڕواننه سه‌رچاوانه (و.ک. ) :
1- Der Aufstand von Kronstadt , Volin, ISBN 3-89771 -900 -2
2- Die Geschichte der Machno Bewegung, Peter A. Arschinoff, ISBN 3-928300-68-7
3- Emma Goldman : Niedergang der russischen Revolution, Kramer Verlag.
دەقی فارسی ئەو گوتارە له ماڵپه‌ری کاوشگر :www.kaveshger.org وه‌رگیراوه،
هه‌ر ئاوا ده‌توانن ده‌قه ئاڵمانییه‌که‌ی له‌م ئادره‌سه‌ی خواره‌وه به‌ده‌ست بێنن : http://www.members.partisan.net/brandel/crnstat.html
( له‌به‌ر هەندێک جیاوازی له‌نێوان ده‌قه ئاڵمانی و وه‌رگێڕانه فارسییه‌که، جارێکی دیکە لبە بەراوردکردن لەتەك ده‌قه ئاڵمانییهکە پێیداچوونەوەی بۆ کراوە )
* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj
وێڕای جیاوازی من لەتەک بۆچوونی نووسەر لەبارەی پێداویستی و زەمینەی گۆڕان و شۆڕشی ناچینایەتی (شۆڕشی سۆشیالیستی|ئەنارکیستی)، وەرگێڕانی ئەم نووسینە ھەوڵدان بوو بۆ نیشاندانی کەتواری فاشیستی فەرمانداریی بۆلشەڤیکی لە زمانی کەسانێکی مارکسیست بەڵام ڕەخنەگر لە بۆلشەڤێزم، بە خوێنەری دابڕاو و نائاگادری کوردیی-زمان.