Skip to content
ئازادی بۆ ھەموو زیندانیان
لەبری دروشمی ھەڵاوێرانەی ” ئازادی بۆ ھەموو زیندانیانی ڕامیاریی” یا “ئازادی بۆ ھەموو ژنانی زیندانی ڕامیاریی”، پێویستە دروشمی “ئازادی بۆ ھەموو زیندانیان و داخستنی ھەموو زیندانەكان” بەرز بكەینەوە….
بە بۆچوونی من دروشمگەلی ” ئازادی بۆ ھەموو زیندانیانی ڕامیاریی” یا “ئازادی بۆ ھەموو ژنانی زیندانی ڕامیاریی” نادروستن، چونكە وەھا ئایدیایەك دەیەوێت زیندانیانی كۆمەڵایەتی، كە بەرھەمی نایەكسانی و نادادوەریی كۆمەڵایەتیین، ھەڵاوێر بكات و لە بەرامبەردا زیندانیانی پاشڕەوی گروپە ڕامیارییەكان باڵاتر نیشان بدات و لەنێو خودی زینداندا لە ڕێگەی ئەم جۆرە بۆچوونانەوە، مۆری تاوانباری لە نێوچەوانی ناڕامیارییەكان بدات و پاساو بۆ سزا و داوەرییەكانی دەسەلات بھێنێتەوە….
ھەر بۆیە پێویستە ڕواڵەتییانە لە زیندانیان نەڕوانین و بەڵكو لە كڕۆكی بوونی زیندان و سزای زیندانیبوون بكۆڵینەوە.
ھەموو زیندانییەك كە لەسەر دزی، كوشتن، یا ھەر پرسێكی كۆمەڵایەتی دیكە بەندكرابێت، بەرھەمی سیستەمی ڕامیارییە، بە واتایەكی دیكە ھەموو گرفت و لادانە كۆمەڵایەتییەكان بەرھەمی چەپاندنی كۆمەڵگەن لەلایەن سیستەمی ڕامیاریییەوە، ئیتر ئەو سیسەمە دەرەبەگایەتی بێت یا سیستەمی نوێنەرایەتی پارلەمانی یا كۆمونیستی پارتیی…
چونكە سیستەمی سەروو خەڵكی بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لە بیركردنەوە و كولتووری كۆمەڵگە، پێویستی بە تێكشاكانی بەھا و نۆرمە كۆمەلایەتییە ئازادەكان ھەیە. ئەمەش پێویستی بە جێخستن و باوكردنی بۆچوونی كۆنەپەرستانەیە لە دووتوێی دروشمی بریقەداردا. ھەر بۆیە پێویستە لە پشتپەردەی ئە دروشمانە بكۆڵینەوە و لە جیھانبینی و فەلسەفەیەك وردبینەوە، كە پاشینەی ئەم دروشمانە پێكدەھێنیت …
ئەوی بە وردەكاری و چاوی ڕەخنەوە ئەم دروشمگەلە بخوێنێتەوە، ئەم پرسیارانەی بە خەیاڵدا دێت:
ئەی ژنانێكی زیندانی كە ڕامیار نین، چی؟
ئەی پیاوانێكی زیندانی كە ڕامیار نین، چی؟
ئەی پیاوانی زیندانیی ڕامیار چی؟
ئەی منالان و لاوانی ناڕامیار چی؟
ئایا وەھا دروشمێك بیانوو و پاساو ناداتە دەست سەروەران تاوەكو كەسانی چالاك و بەرھەڵستكار بە تاوانی دیكەی ناڕامیاریی زیندانی بكات و لە سێدارە بدات؟
لەم بارەوە مێژووی سەرمایەداریی پڕیەتی لە نموونەی زیندوو، كە لێرەدا لەبەر درێژی لیستەكەی تەنیا ناوی چەند كەسێكیان بیری خوێنەر دەخەمەوە…
( جەوھیل )ی سرودبێژی یەكێتییە كرێكارییەكان، كە لەلایەن سیستەمی پۆلیسی ئەمەریكاوە تۆمەتبار كرا و لەلایەن دادگەكانی سیستەمی دێمۆكراتی پارلەمانییەوە سزا درا و لە سێدارە درا!
(كاروان عوسمان) گۆرانیبێژی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەی بۆ كوردستان، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە تاوانبار كرا و لە سێدارە درا !!!
نازم حیكمەتی ھۆنەر، كە زۆربەی تەمەنی بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە زیندان ئاخێنرا !!!
ئەبو جەمال كە بیست ساڵ زیاترە لە زیندانی دیمۆكراتی پارلەمانی ئەمەریكادایە و ھەڕەشەی لەسێدارەدانی لەسەرە!!!!
سەدان و ھەزاران ژن لە زیندانەكانی دەوڵەتەكانی ھەر پێنج كیشوەر (قاڕە)ەكانی جیھاندا، بە تۆمەتی جۆراوجۆری مۆڕاڵی جوانترین و ناسكترین چركەساتەكانی ژیانیان لە سیاچاڵەكانی سەروەری سەرمایەدا دەژمێرن !!!
ئایا بە چاوگێڕانێك بە چواردەوری خۆماندا، ھێشتا دەتوانین ڕێگە بە خۆمان بدەین، كە دروشمگەلی دەستەبژێرانەی ئاوا بەرز بكەینەوە؟؟؟؟