ئازادی بۆ ھەموو زیندانیان

ئازادی بۆ ھەموو زیندانیان

لەبری دروشمی ھەڵاوێرانەی ” ئازادی بۆ ھەموو زیندانیانی ڕامیاریی” یا “ئازادی بۆ ھەموو ژنانی زیندانی ڕامیاریی”، پێویستە دروشمی “ئازادی بۆ ھەموو زیندانیان و داخستنی ھەموو زیندانەكان” بەرز بكەینەوە….

بە بۆچوونی من دروشمگەلی  ” ئازادی بۆ ھەموو زیندانیانی ڕامیاریی” یا “ئازادی بۆ ھەموو ژنانی زیندانی ڕامیاریی” نادروستن، چونكە وەھا ئایدیایەك دەیەوێت زیندانیانی كۆمەڵایەتی، كە بەرھەمی نایەكسانی و نادادوەریی كۆمەڵایەتیین، ھەڵاوێر بكات و لە بەرامبەردا زیندانیانی پاشڕەوی گروپە ڕامیارییەكان باڵاتر نیشان بدات و لەنێو خودی زینداندا لە ڕێگەی ئەم جۆرە بۆچوونانەوە، مۆری تاوانباری لە نێوچەوانی ناڕامیارییەكان بدات و پاساو بۆ سزا و داوەرییەكانی دەسەلات بھێنێتەوە….

ھەر بۆیە پێویستە ڕواڵەتییانە لە زیندانیان نەڕوانین و بەڵكو لە كڕۆكی بوونی زیندان و سزای زیندانیبوون بكۆڵینەوە.

ھەموو زیندانییەك كە لەسەر دزی، كوشتن، یا ھەر پرسێكی كۆمەڵایەتی دیكە بەندكرابێت، بەرھەمی سیستەمی ڕامیارییە، بە واتایەكی دیكە ھەموو گرفت و لادانە كۆمەڵایەتییەكان بەرھەمی چەپاندنی كۆمەڵگەن لەلایەن سیستەمی ڕامیاریییەوە، ئیتر ئەو سیسەمە دەرەبەگایەتی بێت یا سیستەمی نوێنەرایەتی پارلەمانی یا كۆمونیستی پارتیی…

چونكە سیستەمی سەروو خەڵكی بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لە بیركردنەوە و كولتووری كۆمەڵگە، پێویستی بە تێكشاكانی بەھا و نۆرمە كۆمەلایەتییە ئازادەكان ھەیە. ئەمەش پێویستی بە جێخستن و باوكردنی بۆچوونی كۆنەپەرستانەیە لە دووتوێی دروشمی بریقەداردا.  ھەر بۆیە پێویستە لە پشتپەردەی ئە دروشمانە بكۆڵینەوە و لە جیھانبینی و فەلسەفەیەك وردبینەوە، كە پاشینەی ئەم دروشمانە پێكدەھێنیت …

ئەوی بە وردەكاری و چاوی ڕەخنەوە ئەم دروشمگەلە بخوێنێتەوە، ئەم پرسیارانەی بە خەیاڵدا دێت:

ئەی ژنانێكی زیندانی كە ڕامیار نین، چی؟

ئەی پیاوانێكی زیندانی كە ڕامیار نین، چی؟

ئەی پیاوانی زیندانیی ڕامیار چی؟

ئەی منالان و لاوانی ناڕامیار چی؟

ئایا وەھا دروشمێك بیانوو و پاساو ناداتە دەست سەروەران تاوەكو كەسانی چالاك و بەرھەڵستكار بە تاوانی دیكەی ناڕامیاریی زیندانی بكات و لە سێدارە بدات؟

لەم بارەوە مێژووی سەرمایەداریی پڕیەتی لە نموونەی زیندوو، كە لێرەدا لەبەر درێژی لیستەكەی تەنیا ناوی چەند كەسێكیان بیری خوێنەر دەخەمەوە…

( جەوھیل )ی سرودبێژی یەكێتییە كرێكارییەكان، كە لەلایەن سیستەمی پۆلیسی ئەمەریكاوە تۆمەتبار كرا و لەلایەن دادگەكانی سیستەمی دێمۆكراتی پارلەمانییەوە سزا درا و لە سێدارە درا!

(كاروان عوسمان) گۆرانیبێژی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەی بۆ كوردستان، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە تاوانبار كرا و  لە سێدارە درا !!!

نازم حیكمەتی ھۆنەر، كە زۆربەی تەمەنی بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە زیندان ئاخێنرا !!!

ئەبو جەمال كە بیست ساڵ زیاترە لە زیندانی دیمۆكراتی پارلەمانی ئەمەریكادایە و ھەڕەشەی لەسێدارەدانی لەسەرە!!!!

سەدان و ھەزاران ژن لە زیندانەكانی دەوڵەتەكانی ھەر پێنج كیشوەر (قاڕە)ەكانی جیھاندا، بە تۆمەتی جۆراوجۆری مۆڕاڵی جوانترین و ناسكترین چركەساتەكانی ژیانیان لە سیاچاڵەكانی سەروەری سەرمایەدا دەژمێرن !!!

ئایا بە چاوگێڕانێك بە چواردەوری خۆماندا، ھێشتا دەتوانین ڕێگە بە خۆمان بدەین، كە دروشمگەلی دەستەبژێرانەی ئاوا بەرز بكەینەوە؟؟؟؟