Sozanî Nezm

Sozanî Nezm

Çawe têr sewzeket ;

wek Mnallî zendeqçû,

le ‘Merqedî Şîx û

Çawî Ejdîha le Şewezenga’

lêydetrism,

nawêrm Serê hellbirrim,

to Gyanim .. Dllim ..

Mêşkim dexoy

to Cadûgerî !

 *****

Brîqey Krase wallaket,

Serincim ranakêşê

Sallanêke buxçey

Nûştekantim frêdawe ..

lew Satewey,

Hest û Sozt frîwdawm

Rûxsarî zerdhellgerrawt,

Hewesm nabziwênê ..

Maçî Lêwî morgerrawt,

naşkênê Tasem ..

taze to,

Sozanî Nezmî ..

lerey Simt û Memant

Hewesî Xwakan debziwênê

çît le min dawe, brro !

 *****

le Bazarî xofroşî toda

Xewn û Xeyallî min,

Aferînêkî paşayane nayênê

bro Dest le Berokî min berde ..

le Ahengî Koyletî xota

Sema bo Serweran ke

ta Xuday gewre razîbê û

be çake Nawt bênê ..

brro îdî wazm lêbhêne,

çîdî Nîgay droyney Çawekant

tameziroyî Ewînm nabziwênê.  

***************

21î Sêptemberî 1999

لە پاگەندەی (كۆمونیست)بوونەوە بەرەو (پان- ناسیوناسیونال- فێمینیزم) /٢

لە پاگەندەی (كۆمونیست)بوونەوە بەرەو (پان- ناسیوناسیونال- فێمینیزم)

ھەژێن

خوێنەری ھێژا، ئەم نووسینەی بەردەستتان، ڕەخنەیەكە لە ئایدیۆلۆجیای فێمینیزمی بۆرجوازی، كە چەند ساڵێكە ژنانێك بەناوی ڕزگاری ژنانەوە، بە شێوازی جۆراوجۆر دەخوازن لەنێو بزووتنەوەی یەكسانی و ڕزگاری ھەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا، بەرجەستە و جێكەوتەی بكەن. ھەرچەندە لە ساڵانی ڕابوردوودا بە وەڵامدانەوەی چەند كەسێك لەو ژنانە و تەنانەت پیاوانێكیش، كە وەك ھەوڵی فریوكاریی یا چاولێگەریی لەو بارەدا قۆڵیانلێھەڵماڵیوە، بۆچوونی خۆمم دەربڕیووە، بەڵام لەبەرئەوەی كە بابەتەكەی خاتوو (ھۆزان مەحموود، فۆبیای فێمینیزم لە كوردستان ) فرەتر دێوجامەكەی تەنكتر و لیتەی ئایدیۆلۆجیاكەی خەستتركردووەتەوە، بەپێویستمزانی، وەك نۆژەنكردنەوەی بۆچوون و ڕەخنەكانی خۆم و خستنەڕووی ئەو گۆڕانە شێنیییانەی كە لە بیركردنەوەی خۆشمدا سەریانھەڵداوە، لەتەك نووسەر و خوێنەراندا بكەومە ئاڵووێری بۆچوون و پێگەییشتنە نوێیەكان.

بەشی دووەم

 

ئه‌م جۆره‌ بیرکردنه‌وه‌ و پرسیارکردنه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌یکه‌ بیر له‌ تێکشکاندنی چین وڕێگری و سنورداریە ‌جێنده‌ریه‌کانبکرێته‌وه‌.

 

جێگەی خۆیەتی بپرسین مەبەست لە “تێکشکاندنی چین ” چین، چییە؟ ئایا دەرھاویشتنی ژنانە لە نێو چین و توێژە كۆمەڵایەتی و پرۆلیتێرییەكان و چێكردنی قەوارەیەی ڕەگەزییە لێییان، ھەر ئەو كارەی كە زایۆنیزم لە ئایینی جوولەكە، نەتەوەی دروستكرد؟ من ناتوانم لەوە زیاتر لە تێكشكاندنی چین، تێبگەم، ئەوەش بنەمای سەرەكی ھەموو ئایدیۆلۆجیاكانە و بەو جۆرە دەسەڵات بۆ چین و توێژ و دەستەبژێرێك مسۆگەردەكەن !

 

ئەی مەبەست لە “سنورداریە ‌جێنده‌ریه‌کان ” چییە، ئایا ژنان وەك ڕەگەزێك زیندەبەچاڵدەكرێن و  لەبەردەم مەترسی سڕێنەوەی ڕەگەزییدان؟ یا ئەم دەستەواژانە وردەبەردی نێو كەڵەكن و ڕۆڵیان تەنیا پڕكردنەوەی بۆشایی ڕستەكانە؟

 

با كەمێك بگەڕێمەوە سەر ئەزموونی كاركردنی ئایدیۆلۆجیای زایۆنیزم، كە چۆن نەتەوەی دروستكرد و ئەو ئامانجەی كە بەدوایەوە بوو، چی بوو؟ ئەوی خوێندنەوەی بۆ مێژووی بزووتنەوەی كرێكاری و سۆشیالیستی جیھان لە پێش جەنگی جیھانی یەكەمەوە تا دەمی جەنگی جیھانی دووەم، ھەبێت، ئەوە دەزانێت، كە چالاكانی بزووتنەوەی كرێكاریی و سۆشیالیستیی جیھان بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی و ڕێكخراوترین بەشی كرێكاران، كرێكارانێك بوون، كە لە بنەماڵە جولەكەكانەوە ھاتبوون، بەڵام بە كورترین ماوە، بەھۆی تەشەنەپێدانی ئایدیۆلۆجیای زایۆنیستی و ڕەخساندنی ھەلی دەربازبوون لە كەلاوەكانی جەنگ لە ئەوروپا بەرەو (فەلەستین/ ئیسرائیل) و بەرێكەوتنی وەھا كۆچێك، نەك خۆیانی لە خەبات و  داوا ڕەواكانیان، دوورخستەوە و لە كۆمیونیتییە تازە ناتەباكاندا جێگیری كردن، بەڵكو بزووتنەوەی كرێكاری و سۆشیالیستی كە تەنیا مەترسییەك بوو بۆ سەروەریی چینایەتی براوە و دۆراوەكانی جەنگ، تووشی تێكشكانێك كرد، كە ھێشتاكە لەژێر باریدا پشتی ڕاستنەكردووەتەوە!

 

بەڵێ ھەموو ئایدیۆلۆجیایەكی دەسەڵاتخواز، پشت بەو ئەزموونانە دەبەستێت، كە سەروەریی چینایەتی لەپشت سەرییەوە كەڵەكەیكردوون و بۆی بوونەتە خەزێنە و سامانی چینایەتی. پان-فێمینیزم یا فێمینیزمی بۆرجوازیش، بە ھەمان ئاقاردا دەڕوات و ھەمان ئامانجی لەپێش خۆی داناوە، ساڵانی نەوەدەكان لە كوردستاندا خاوەنی بزووتنەوەیەكی یەكسانیخوازانە [بە ھەموو لاوازیی و ناڕۆشنییەكانیییەوە] بووین و پیاوان زۆرتر لە ژنان خەریكی چالاكیكردن بوون لەپێناویدا، بەڵام چەند ساڵێكە [ھەرچەندە لاواز] ئەو بزووتنەوە بەھۆی  دژایەتی پیاو و گێڕانەوەی ڕیشەی ستەم لە ژنان، لەلایەن فێمینیستانی دەسەڵاتخوازەوە، بۆ ئەستۆی پیاو، سڵەمینەوەیەك لەنێو پیاوانی ئازادیخواز و یەكسانیخوازدا بەرامبەر بزووتنەوەی ژنان دروستبووە و لەوەش خراپتر فێمینیزمی بۆرجوازی زەمینەی بۆ سەرھەڵدان و ھێزگرتنی بزووتنەوەی كۆنەپەرستانەی ڕەگەزپەرستیی لەنێوان پیاواندا ڕەخساندووە. بەڵێ ئەوە ئەو ئامانجەیە، كە فێمینیزمی بۆرجوازی لە دوویەتی و كاری بۆدەكات، ئەویش لێكدابرانی ڕیزی خەباتكارانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و ناڕازییە و دابەشاندنیانە بەسەر بزووتنەوەی ڕەگەزپەرستانەی پیاوان و ژناندا، كە دواجار دەسەڵات و دەستەبژێرە دەسەڵاتخوازەكان براوەی دەبن.

 

لێرەدا بەپێویستی دەزانم، ئاماژە بە دوو نموونە بدەم، یەكەم ڕۆڵی ژنانی كرێكارە لە ڕاپەڕینەكانی جیھاندا بە دیاریكراوی كۆمونەی پاریس و ئۆكتۆبەری ١٩١٧، بەتایبەت ئەمەی دواییان، ئەوە مانگرتنی كارخانەكانی ڕستن و چنین بوون، بوون بە چەخماخەی سەركەوتنی ئەو ڕاپەڕینە. دووەم، خۆپیشاندانەكانی ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوو لە ھەرێمی كوردستان دژی ڕژێمی بەعس، كە ئەگەرچی ھەژماری ژنان تیایاندا كەم بوو، بەڵام دەركەوتنی كچان لە ڕیزی پێشەوەدا ورە و جەربەزیی بە پیاوان دەبەخشی. لەبیرمان نەچێت، ھۆكاری ئەو ئامادەیی و كاریگەرییبوونە لە ئۆكتۆبەری ١٩١٧دا، ئەوەبوو كە فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بوونی نەبوو. ھەروەھا لە كوردستانی ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردووشدا كەس ناوی نەبیستبوو، بۆیە ژنانێكی خەباتكار، شانبەشانی پیاوان سنگیان بە گولەوە دەنا، بە پێچەوانەی ژنانێكەوە، كە ئەمڕۆ لە سایەی “دەسەڵاتی خۆماڵی”دا خەریكی موتوربەكردنی ئایدیۆلۆجیای دەسەڵاتخوازیی دەستەبژێریین لەنێو بزووتنەوەی یەكسانیخواز و ڕزگاریخوازیی ژناندا. بەم جۆرە دەبینین، ژنان لەو ساتە مێژووییانەدا توانیویانە وزە و ئامادەیی شۆڕشگێرانەیان بسەلمێنن، كە ئامێتەی خەباتی كۆمەڵایەتی بوون و لە بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكاندا چالاك بوون، بەڵام ئەمڕۆ، بە پێچەوانەوەی ئەو ساتانەوە، ژنان بكەر نین و كراونەتە بەركار، چ بە پاشكۆیی بۆ پارتەكان و بزووتنەوە ڕامیارییەكان و دەسەڵات، چ بە پاشكۆییان بۆ ژنانی دەسەڵاتخواز!

 

فێمینیزمی ڕەگەزپەرست (دژەپیاو) وەك كاردانەوەی ناھوشیارانەی ژنانی ناڕازی، دیاردەیەكی تازە نییە و ھەردەم لە تێڕوانینە گشتگیر و ستریۆتیپەكاندا ئامادەبووە و لە یاداوەریی ھەموومان و لە ئێستاشدا ڕۆژانە ئەم دەستەواژانە زۆر دەبیستینەوە “پیاوان، ھەموو ھەر ئاوان”، “پیاوان، چاكیان تێدا نییە”، ” پیاوان، وان ” و وا و وا … تد. ئەمە سەرەتاكانی فێمیزمی دژەپیاون، كە بەرھەمی ناھوشیاریی و تێڕوانینی كورتبینانەی جێكەوتەن و زەمینەسازی فێمنیزمی دەسەڵاتخوازن، ئەوەی كە ئەمڕۆ دەخوازێت، ھەموو ئەو نایەكسانییانەی كە دەسەڵاتی كولتووریی و ڕامیاریی چێكەر و ڕاگریانن، بۆ پیاو بگێڕێتەوە و ئاراستەی خەباتی ژنانی ئازادیخواز لە دژە-سەروەرەوە بۆ دژە-پیاو، وەربگێرێت!

 

بە بۆچوونی من لە باری یەكەمدا، ئاساییترین و سروشتیترین كاردانەوەی ناھوشیارانەیە، بەڵام لەوێدا كە دەبێتە زەمینەسازی میكانیزمەكانی جیاخوازیی و سەرھەڵدانی توندوتیژی و دواتر ھەڵخڕاندنی لەلایەن ژنانی دەسەڵاتخوازەوە، ئیدی لە كاردانەوەی ناھوشیارانەی نارازییانەوە دەگۆڕدرێت بۆ ئایدیۆلۆجیای جیاوازیساز، كە بێجگە لە خزمەتكردن بە درێژبوونەوەی دەسەڵاتی كولتووریی و دەسەڵاتی ڕامیاریی و سەروەری ھەندێك بەسەر ھەندێكی دیكەدا، ھیچی دیكە بەرھەمناھێنێت و ژنان لە سایەیدا ھیج یەكسانی و ڕزگاریی و سەربەخۆییەك مسۆگەر ناكەن، بەپێچەوانەوە، ئاو بەو ئاشەدا دەگەن، كە ڕەگەزپەرستیی پیاوان، چەند سەدەیە خستوویەتییە گەڕ، بەتایبەت لەو كاتەوەی كە ئەو ڕەگەزپەرستییە ڕامیارییكراوەتەوە و پێكھاتە ڕامیارییەكان وەك ئامرازی پاراستن و درێژەپێدانی، كاری بۆ دەكەن و برەوی پێدەدەن!

 

ژنی کورد له‌ باشوری کوردستان له‌ 22 ساڵیڕابردوه‌وه‌ توانیوه‌یه‌تی ڕێکخراو بیت. زۆرێک له‌م ڕێکخراوانه‌ به‌ ده‌ستپێشکه‌ری پیاوان وته‌نانه‌ت پڕۆگرامه‌کانیشیان له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ بۆده‌نوسرا..

 

پێشتر وەڵامی پرۆگرامنووسینی ڕێكخراوەكان لەلایەن خودی ژنانەوە، دایەوە، كە ناتوانێت مەرجی سەرەكی سەربەخۆیی و ڕادیكاڵبوونیان بێت. بەڵام حەزدەكەم لە خودی نووسەر بپرسم، ئەی چۆن بوو خودی (ئەو) ٢٠ ساڵ لەو ٢٢ ساڵەدا، ملی بە پرۆگرامە ئامادەكراوەكانی پیاوان دا و بە ھەموو شێوەیەكیش داكۆكی لەسەر دەكرد و تەنانەت ئەگەر پیاوێكی ھوشیار و ڕادیكاڵ ڕەخنەی لە پرۆگرامی پارتەكەی و ڕێكخراوە بەناو ژنییەكانی بگرتایە، ئەوا ئەو بە دوژمنی چینایەتی و دوژمنی كۆمونیزم خەتاباری دەكرد، كەچی ئەمڕۆ ھەر شتێك كە پیاو نووسەری بێت، یەكسەر دژی ژنە؟

 

بەپێچەوانەی تێڕوانینی فێمینیزمی دژە-پیاوەوە، لە مێژووی كوردستاندا یەكەمین ھۆنەرانێك، یەكەمین چیرۆكنووسانێك، یەكەمین نووسەرانانێك، یەكەمین ئەكتەرانێك، یەكەمین خەباتكارانێك، كە بانگەوازی یەكسانیان كردبێت، ئەوا پیاو بوون و  بەپێی دەرك و ھوشیاریی و ڕۆشنبیریی سەردەمەكەیان و بواردانی كولتووری كۆمەڵەكەیان، وێنای خۆیان بۆ یەكسانی ژن و پیاو خستووەتە ڕوو!

 

به‌ڵام ده‌بینین پرسی ژنی کورد هێشتا له‌ نه‌بوونی فیکر وتیۆری فێمینیستی و هۆشیاری یه‌کی ژنانه‌ ده‌ناڵێنێ. وه‌ جۆرێک له‌ چه‌قبه‌ستویی فیکری و سیاسی هه‌ست پێ ده‌کرێ

 

ھەرچەندە پێشتر وەك سەرەتایەك وەڵامم بەو ناڕۆشنییە لەمەڕ خەبات و چۆنیەتی سەرھەڵدانی خۆھوشیاریی تاك و جڤاك، دایەوە، بەڵام دیسانەوە ناچارم، كۆدی شاراوەی پشت ئەو پەیامەی سەرەوە، بخوێنمەوە، كە دەڵێت ” بزووتنەوەی ڕزگاری ژنان پێویستی بە تیئۆریی فێمینیستی ھەیە، كە ئەویش زادەی ئەوروپایە”. بەپێی تیۆرییەكانی كۆمیونیكەیشن، كۆدی شاراوەی نێو ئەم پەیامە، لە بارەی خۆدەرخستنی كەسی قسەكەرەوە، ئەوەیە كە  نووسەر دەیەوێت بە ژنانی خوێنەر بڵێت “من، ھەم بەپێی شارەزایی زمان و ھەم بەپێی ژیانم لە ئەوروپا، دەتوانم ئەو پەیامبەرە بم، كە فریاتان بكەوم، من تیئۆرییەكانی فێمینیزم ئاشنام، دوای من بكەون، ڕزگاربوونتان مسۆگەرە !”.

 

ئەمە بەدبەختییەكە بۆ خۆی. لەو لاوە ژنانی ژێردەست بە گیان و جەستە و بیر، ڕۆژانە دەرگیری خەبات و بەرەنگاربوونەوەی سەركوتگەرییە خێزانی و كولتووری و ئابووری و ڕامیارییەكانن، كەچی ژنانێكی لەخۆباییبوو، لە ئەوروپاوە، پێیانوایە، ڕزگاری ژنان بە ڕامیاریی و وەرگێڕانی چەند تیئۆرییەكی دەرخكراو، مەیسەر دەبێت و ژنان بەخۆیان بەبێ ڕابەرانی ڕامیارباز، توانانی بیركردنەوە و خەبات و دۆزینەوەی ئامرازەكانی خەباتی خۆیان نییە! ھەر وەھا پووچگەراییەك بوو، كە پارساڵ وای لە ژنێكی خۆبەرابەرزان كرد، كە پێش ئەوەی لە وڵاتی (سوێد)ەوە بگەڕێتەوە كوردستان، پەیامێكی لەم چەشنە بڵاوبكاتەوە “ئەوا من دەگەرێمەوە كوردستان، ئەمە ژمارە تەلەفۆنەكەمە، ئەوی قسەدەكات و دەیەوێت خەبات بكات، با پەیوەندیم پێوەبكات ! “. ئەمە پووچگەرایی ڕامیاریی و بیركردنەوەی دەستەبژێری سەروەرییخواز و خەڵك بەگێلزانە، ئەمە دەردێكی كوشندەیە، كە ژنانی ئازادیخوازی دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو، بەھۆی ڤایرۆسی ئایدیۆلۆجیای فێمینیزمی دەسەڵاتخوازەوە، تووشی بوون. بە بۆچوونی من یەكەم كەسانێك، كە پێویستیان بە ھاریكاری و فریاكەوتن ھەبێت، ئەوا خودی كەسانی دەستەبژێر و دەسەڵاتخواز و خۆبەڕابەرزانن، كەسانێك كە تووشی نەخۆشی خۆشەیدایی (نارسیزم – Narcissism) و سۆپەرمرۆڤی بوون!

 

بەڵێ منیش ھەست بە چەقبەستوویی ھزریی دەكەم، بەڵام ھۆكارەكەی ئاشنانەبوونی ژنان بە تیئۆرییە ئەوروپییەكانی پان-فێمینیزم نییە، بەڵكو ناسەربەخۆیی ژنانی ناڕازی و ڕزگاریخواز و یەكسانیخوازە وەك تاك، ملكەچییانە بۆ پێكھاتەی قوچكەیی ڕابەر و ڕابەریكراو، كە ھیچ جیاوازییەكی لەتەك خێڵ و خێزانی كورددا نییە، كوشتنی متمانەی ژن وەك تاك بەخۆی؛ ھەم لە پرۆسێسێكی مێژوویدا و ھەم لەلایەن دەستەبژێری دەسەڵاتخوازی نێو ڕێكخراوە بەناو ژنییەكانەوە، سەرباری ئەوانەش چاوەڕوانڕاگرتنی ژنان، بەوەی پەیامبەرە تازە پان-فێمینیستەكان، لە ئەوروپاوە تیئۆری و ھوشیارییان بۆ دەھێنن ! ئا ئەمەیە، بەدبەختی و ڕێگر و ھۆكاری چەقبەستنی ھزریی بزووتنەوەكە!

 

وەك وتم، خۆھوشیاریی بەرەنجامی ئەزموونگیری بەردەوامی كۆڕی خەباتە و لە دەرەوەی خەباتی جەماوەریی خودی ژنان یا كرێكاران بوونی نییە و ئەگەر ھەشبێت، ئەوا دژە و ئامانجی دەستەمۆكردنی لە پشتەوە وەستاوە ! ھیچ كەس ھێندە نانەوایەك لە نانكردن نازانێت، ھیچ كەس ھێندەی جوتیارێك لە كشت نازانێت، ھیچ كەس، ھێندەی خودی كرێكاراێك، یا ژنێك لە ستەم تێناگات و دەركی شێوازی خەبات و چەكە كاراكانی ناكات!

 

من دەتوانم، لەوە تێبگەم و دەركی ئەوە بكەم، كە بۆ ئەندامانی گۆشكراوی پاگەندەی ناكەتوارییانەی پارتەكان، كاتێك كە دەگەڕێنەوە كوردستان، یەكسەر تووشی شۆك دەبن و شەپۆلی دەسەڵاتخوازیی ڕاپێچیاندەكات. داوای لێبورد لە خوێنەر دەكەم و ھیوادارم نووسەریش ئەمە بە ھێرش و فشارێكی كەسیی لێوەرنەگرێت.

 

كاتێك كە پارتەكەی نووسەر، لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی ڕابوردوودا، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێكی ھەڵە كە بە ڕابەرەكەیان درابوو، خۆیان لێبووبووە ھێزی سێیەمی سەردەمی جەنگی نێوخۆیی ینك و پدك، بەڵام كاتێك كە بەشداری ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی پارێزگەی سلێمانیان كرد، تەنانەت ئەندامانی خێزانەكانی خۆشیان دەنگیان پێنەدابوون. وەھا سەرەنجامێك تووشی شۆكێكی كردن، كە بۆ ھێزگرتنەوە، ناچار دەستییان بە پشتێونەكەی (دكتۆر مەحموود عوسمان)ەوە گرتبوو و ھەفتانە وەك ھەنگوینیان لە كونەداردا دۆزیبێتەوە، كۆڕیان بۆ دەگێڕا.

 

ھەروا كاتێك كە دەسەڵاتی بەعس كۆتاییھات، ڕ‎ایانگەیاند، كە ستەمی نەتەوەیی كۆتاییھاتووە و یەكسەر ڕوویان لە خوارووی عیراق نا و كەوتنە پاگەندە بۆ سكیۆلاریستبوونی كۆمەڵگەی عیراق و ملنەدانی خەڵكی عیراق بە ئیسلامییەكان و مەزھەب، بەڵام كاتێك شەقی ڕۆژگار بۆی سەلماندن، كە دونیا بە پاگەندەسازی ناگۆڕێت، ئەندامانی بەدبەخت دیسانەوە تووشی شۆك بوونەوە و ناچار گەڕانەووە سەر قەوانە كۆنەكەی جارانیان (ڕیفراندۆم) و  پارتێكی دیكەیان بەناوی كوردستانەوە، قوتكردەوە!  دیسانەوە ئەم جارەش بۆ ڕاكێشانی خەڵك و فریودانیان بە پارتایەتی، كەوتنەوە لێدانەوەی قەوانی سكیولاریستبوونی كۆمەڵگەی كوردستان و ئەوەی جێگەی مەلا و مەزھەبی تێدانابێتەوە. بەڵێ لەم بارەدایە، كە نووسەر بەنیازی بەرپاكردنی شۆڕشێك لەنێو ژنان لەتەك كۆمەڵێكی دیكە، دەگەڕێتەوە كوردستان، بەڵام ڕووبەووبوونەوەی لەتەك كەتوار و باری ھوشیاریی تاك و كۆمەڵگەی كوردستان، تووشی شۆكێكی ئاوای دەكات، كە دەسەڵاتی بۆرجوازی كورد بە “دەسەڵاتی خۆماڵی” بناسێت و پشت لە كۆمونیزمەكەی بكات. چونكە بەھەمان تێڕوانینەوە، كە پێیوابوو، كۆمونیزم داھێنراوی ماركس و ئەنگلس و لێنین و (مەنسووری حیكمەت)ە، خەریكە سەرچەشمەی ڕزگاریی ژنان بۆ ئەوروپا دەگێڕێتەوە و ئازادیخوازیی ژنانیش بە ئایدیۆلۆجیای پان-فێمینیزمی ئەوروپییەكان، وابەستەدەكات.

 

یەکەم : ژنانێک که‌ پرسی ژن ده‌که‌نه‌ به‌شێک له‌ پرۆژه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی وڕزگاری نه‌ته‌وه‌ تێڕوانینێکی ئێجگار پیاوانه‌یان هه‌یه‌ بۆ پرسی ژن. ئه‌مانه‌ پێیان وەهایه‌ ماف و ئازادی ژنان ده‌سته‌به‌ر ناکرێ و مه‌حاڵه‌،تاوەکو نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌بێته‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت.  “

 

منیش پێموانییە، كە پرسی ڕزگاری ژنان و یەكسانی ھەمەلایەنەی ژنان و پیاوان، وابەستەی پرسی ڕزگاری نەتەوەیی بێت، ھەرچەندە ھەبوونی ڕزگاری ھەر یەكەیان كارایی لەسەر ئەوی دیكەیان دادەنێت، بەتایبەت ڕزگاری ژنان لە ڕووی كولتووری و خۆھوشیاریی تاكەوە، كاراییەكی زۆر لەسەر ئامادەنەبوونی تاكی كۆمەڵگەی ژێردەستە بۆ ملدان بە داگیركار، دادەنێت. بەم جۆرە، لەبەرئەوەی كە پرسەكە دەگەرێتەوە سەر ویست و ئامادەیی تاك بۆ ڕزگاربوون و ھەموو ڕزگاربوونێك لە تاك و لە دەروونی تاك و لە خوارەوەی كۆمەڵگەوە، كە تاك كۆڵەكە و بچووكترین یەكەیەتی، دەستپێدەكات، كەواتە مەرجی ڕزگاربوونی تاك، ئازادی خودیی تاك و ئامادەیی و شۆڕشگێڕانەی تاكە بۆ ڕزگاربوون، نەك پێچەوانەكەی؛ ئیدی ئەو ڕزگابوونە ڕزگاری ژنێك بێت یا ڕزگاری كرێكار و جوتیار و خوێندكار و منداڵ و كەمئەندام و خانەنشینێك بێت لە نایەكسانی ئابووریی و  پلەدوویی پێگەی كۆمەڵایەتی و كۆیلەتی سیستەمی ڕێكخستن و  سیستەمی پەروەردە و خوێندن و بەرێوەبەرایەتی.

 

بەپێچەوانەی بۆچوونی نووسەرەوە، ئەو تێڕوانینە پیاوانی نییە. چونكە یەكەم، گشتگیركردنی تێڕوانێك بەسەر گشت پیاواندا، لە بیرتەنگی ڕەگەزپەرستانەی فێمینیزمی دەسەڵاتخوازەوە سەرچاودەگرێت، دووەم، ئەوە تەنیا پرسی ڕزگاری ژنان و تەنیا كۆتایی ستەم لە ژنان نییە، كە پارتەكان و ڕامیاران و دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتخواز بەكۆتاییھاتنی ستەمی نەتەوەیییەوە دەیبەستنەوە، بەڵكو ھەموو پرس و داخوازییەكی كۆمەڵایەتیی و ئابووریی دیكەی تاكی چەوساوەی ناڕازی، بە داھاتوو دەسپێرن، لەوانە پرسی ژنان، كرێكاران، جوتیاران، خوێندكاران، منداڵان، فەرمانبەران، بێكاران، خانەنیشنان و ..تد پارتەكان و ڕامیاران چ لە سەردەمی شاخ و چ لە ئێستاشدا، چارەسەری پرسەكان بە داھاتوویەكی نادیار دەسپێرن. ئەمەش باشترین بەڵگەی “خۆماڵی” نەبوونی دەسەڵات و نەتەوەیینەبوونی دەوڵەتە ! ئیدی نووسەر دەخوازێت لە پشت دێوجامەی “دەسەڵاتی خۆماڵی” و “دەوڵەتی نەتەوەیی”دا چ پەیامێك بە گوێی ژناندا بدات؟ ئامانجی لە پیاوانیكردنی تێڕوانینی دەسەڵاتداران، چییە؟

 

سێهەمژنانی کۆمۆنیستیش که‌ پێیان وایه‌ فێمینیزم دژ‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیچینا‌یه‌تی و خه‌باتی کرێکارانه‌. ژن و پیاو نابێت له‌م خه‌باته‌دا جیابن،خۆ ئه‌گه‌ر چینی کرێکار شۆڕشێ کرد ئه‌وا مافه‌کانی ژنان به‌ شێوه‌یه‌کیئوتۆماتیک حه‌ل ده‌بن له‌ کۆمه‌ڵگادا. وه‌ مافی ژن ته‌نها له‌کۆمه‌ڵگایه‌کی سۆشیالیستیدا ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ.

 

كەس ناتوانێت نكۆڵی لە چەوتی ئەو بۆچوونە بكات، بەڵام دوو شت ھەن، نابێت لەبیرمان بچن، یەكەم فێمینیزم وەك خێوەتی گشتیی ڕەگەزی ژنان نا و دووەم، ھەموو كۆمونیستەكان ئاوا بیرناكەنەوە، من بەخۆم ھەرچەندە كۆمونیست نیم، بەڵام ھاوڕێیانێكی كۆمونیستم ھەن، كە دژی ئەو بۆچوونەن، ھەروەھا لەبیرماننەچێت فێمینیزمی دەسەڵاتخواز (بەدیاریكراوی باڵە بۆرجوازییەكەی) دوژمنی خەباتی سۆشیالیستییە و  بەدوژمنكردنی پیاوانیش، ھەر لەپێناو ئەو ئامانجەیە و وەك زایۆنیزم تەنیا ڕۆڵی جیاكردنەوە و دوژمنسازی دەگێڕێت!

 

ھەروەھا نە كۆمەڵگەی سۆشیالیستی لە شەو و ڕۆژێكی كودەتای پارتی پێشڕەودا سەرھەڵدەات و نە سۆشیالیزمی پارتیی و دەوڵەتیی لەتەك ئازادی و  سەربەخۆیی تاكدا دێنەوە! بەڵام دیسانەوە، سەیرە نووسەر ئاوا قساندەكات، ھەروەك وەك بێژی بەخۆی لە دەرەوەی ئەو تێڕانینەوە ھاتبێت! بەڵام ڕاستییەكەی خودی نووسەر دوو دەھەیە، ھەڵگری ئەو بۆچوونەیە و ئەگەر بەتەواوەتیش لەتەكیدا كۆك نەبووبێت، ئەوا بەجۆرێك بێدەنگەی ھەڵبژاردووە و چاوپۆشی لێكردووە. ئایا دەكرێت بزانین، ئەو ھۆكارانە چین، ئاوا لە نووسەر دەكەن، كە وەك شۆڕشەكەی پارتی پێشڕەو، لە شەو و ڕۆژێكدا دونیاكەی خۆی بگۆڕێت و خۆی نەناسێتەوە و ببێتە ڕەخنەگر و ڕەتگەرەی بێبەزیی كتوپڕی كۆمونیزمەكەی؟

 

ھەڵبەتە ئەوەی لای من جێگەی ڕەخنەیە لە نووسەر، ئەوە نییە، كە وازی لە پارت یا پاشكۆیی پارت ھێنابێت، یا ڕەتكردنەوەی فیمینیزمی ماركسیستی بێت، بەپێچەوانەوە من بۆ وازھێنان لە پارت و كۆتاییھێنان بە پاشكۆیی ئایدیۆلۆجیای پارت، دەستخۆشی لێدەكەم، بەڵام، ھێندەی سەردەمی فێمینیزمە پارتییەكەی، پان-فێمینیزمەكەشی جێگەی ڕەخنەیە، چونكە ھەردوو فێمینیزمەكە دوو فارگۆنی شەمەندەفەرێكن، كە یەك ھێڵی ھاتووچۆیان ھەیە، ئەویش پێكھاتەی قوچكەیی و سەروەریی دەستەبژێری ئابووریی و ڕامیارییە!

 

ئه‌مسێ ڕه‌وته‌ سیاسیه‌ی که‌ له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا کارده‌که‌ن به‌هێز یانلاواز، و ژنانێک که‌سه‌ر به‌و ڕه‌وتانه‌ن له‌ کارو چالاکی و گوتاریاندائه‌و خه‌ونه‌ پیاوانه‌یه‌ ڕه‌نگداده‌ته‌وه‌. که‌ تۆی ژن ده‌بیت چاوه‌ڕێ بیتتا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌م ئامانجه، جا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد بیت، یانخه‌لافه‌تی ئیسلامی یان سۆشیالیزم ئه‌وا ژنان ئێوه‌ش ئازاد ده‌کرێن. واته‌ئێمه‌ی پیاوان ئازادتان ده‌که‌ین و پاداشتتان ده‌ده‌ینه‌وه‌!  به‌ڵام ژنانئێوه‌ سوپاسگوزاری ئێمه‌ی پیاو بن که‌ له‌دونیای  سیاسه‌تی پیاوانه‌یخۆماندا جێمان کردونه‌ته‌وه‌.

 

بەڵام ئایا پان-فێمینیزمەكەی نووسەر، پەیامێكی دیكەی پێیە، كە لەوانەی سەرەوە جیاوازبێت؟ ئەوە نییە، كە خودی نووسەر، لە دەرەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و لە دەرەوەی خۆھوشیاریی تاك و لە دەوەرەی مێژوو بۆ تیئۆری دەگەڕێت و وەرگێڕانی سەرچاوەكانی ئایدیۆلۆجیای پان-فێمینیزم، دەخاتە سەروویی لیستی كاری خۆی یا ھاوبیرانییەوە و وەك تاكە چارەسەر و ڕێگەچارە پێشنیاری دەكات ؟!

 

بۆ من، خاڵی نێوكۆیی ئەو سێ ڕەوتەی سەرەوە، تەنیا چۆنیەتی تێڕوانینیان بۆ چارەسەری ستەمی ژنان نییە، بەڵكو خاڵی نێوكۆییان، پێكھاتەی قوچكەیی ڕێكخستن، پاشكۆكردنی تاك بۆ ڕابەر و سەركردایەتی، سڕینەوەی ڕۆڵی تاك لە كۆگەرایی قوچكەییدایە، ھەروەھا بەڵێنی سەرخەرمانە، كە ڕزگاریی و ئازادی و یەكسانی ھەمووان بە بەدەسەڵاتگەییشتنی خۆیان دەبەستنەوە ! ئایا نووسەر و ھاوبیرانی لە كوردستاندا شتێكی جیاواز لەوەی پارتەكان و دەسەڵاتیان خستووەتەڕوو؟ تكایە جیاوازییەكان كامانەن؟

 

بە بۆچوونی من، یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی تاكی چەپگەرا، ئەوەیە، كاتێك كە لە كۆیلەتی خۆی لەنێو ڕێكخستنی قوچكەیی (ھیرارشی) و  وابەستەیی و ملكەچی خۆی بۆ كەسانێك بەناوی ڕابەر و ئاوەزی پارت، دادەچلەكێت، یەكەم شت لەجیاتی ئەوەی بێت و ڕەخنە لە ڕابوردووی خۆی بگرێت و لە ڕێگەی ڕەخنەیەكی ڕادیكاڵ و ئاوەزپەسەندەوە بە خۆھوشیارییەكی متمانەدار و جێگیر بگات، دەكەوێتە ھەوڵی شاردنەوە و  سڕینەوە و نكۆڵیكردن لەو ڕابوردووی خۆی. ئەمەش ھەردەم ڕووبەڕووی مەترسی خۆھاویشتنەوە نێو قەوارەیەكی دیكەی قوچكەیی یا ئەوەی بەخۆی دەكەوێتە ھەوڵی دۆمینەتكردنی كەسانی دیكە و بەو جۆرە ئەو ڕێچكە نالۆجیكییەی، كە لە ھەرەسھێنانی ئیمپراتۆری بۆلشەڤیكەكانەوە دەستیپێكردوە، نەوە لە دوای نەوە، چەپەكان بە یەكتری دەبەخشن و  دەسەڵات و  ھێزە دژە-شۆڕشەكان ھێزی كۆمەڵایەتیی لێوەردەگرن!

 

ئەوەی گرنگەر لێرەدائاماژەی پێبدەم ئەوەیە، کەژنی کوردیش بێ ستراتیژ نین له‌م حیزبانه‌دا،ئه‌وانیش حه‌زبه‌ چێژی پله‌ و پایه‌و به‌شدار بوون له‌و ده‌سه‌ڵاته‌یپیاواندا ده‌که‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕۆلیان سیمبۆلیش بێت چێژ وه‌رده‌گرن. وه‌ هه‌ندێک جار هه‌ر ئه‌م ژنانه‌ هۆشیارانه‌ یان نا هۆشیارانه‌ زۆرگورزی کوشندە ده‌ده‌ن له‌ خه‌باتی ژنان.  له‌ ڕووی فیکری و تیۆری یه‌وه‌لاوازن، کۆمه‌ڵێک کڵێشه‌ی سیاسی ده‌ڵێن وهه‌ندێک کارو چالاکی ڕۆتیندووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌. ئه‌مانه‌ نه‌یان توانیوه‌ هۆشیاریه‌کی قووڵ له‌لایتاکی کورد به‌ ژن و پیاوه‌وه‌ دروستبکه‌ن.  “

 

نووسەر لەم پەرەگرافەدا چەند پەیام بە ئێمەی خوێنەر دەدات؛ پەیامی یەكەم، ” ژنی كورد بێ ستراتیژ نین ” و ستراتیژێك كە بۆ نووسەر سەرنجراكێش و پێشنیارە، حەزكردنی ژنانی كوردە لە پلەو پایە و دەسەڵاتداری و بەجۆرێك ئەرێنی دەنرخێنێت، ئەمەش بۆ ستراتیژی فێمینیزمێك دەگەڕێتەوە، كە نووسەر بووەتە ئاڵاھەڵگری.

 

پەیامی دووەم، ” ڕۆڵی ئەو ژنانە سیمبولییە ” و ئەمەیان نەرێنی دەنرخێنێت و من وەك خوێنەرێك ئاوا لە پەیامەكە تێدەگەم، كە ئەگەر ڕۆڵی ژنانی نێو پارتەكان، سیمبولی نەبووایە و ڕۆلێكی كارایان ھەبووایە، ئەوا نووسەر ڕۆڵەكەیانی بەرز دەنرخاند، ئەمەش دەكاتە ڕەتنەكردنەوەی پارتایەتی، ھەرچەندە نووسەر چەند دێڕ پێشتر بەڕواڵەت وابەستەیی ڕێكخراوەكان بۆ پارتەكان ڕەتدەكاتەوە. بۆ منی خوێنەری بە سەرنج، ئەمە بانێكە و دوو ھەوا. چونكە كاتێك كە چالاكانی ژنان لە پارتەكاندا، ئەندام بن، زۆر ئاسایی بەپێی پەیڕەوی پارتایەتی لە چەپەوە بۆ ڕاست، دەبێت ملكەچی پەیڕەووپرۆگرامی پارتەكەیان بن، ئەمەش بەواتای ملكەچی ھەموو چالاكی و كردارەكان كە ئەمندامی پارت لە ژیانی ڕۆژانە و كۆمەڵایەتییدا ئەنجامیاندەدات، دەبێت لە خزمەتی ڕامیارییەكانی پارتدا بن، كە دواجار دەكاتەوە پاشكۆیی ژنان و ڕێكخراوەكانی ژنان بۆ پارتی پێشڕەو و قوماندە !

 

پەیامی سێییەم، ” ھەندێك جار ئەو ژنانە ھوشیارانە یا ناھوشیارانە گورزی كوشندە لە خەباتی ژنان دەدەن …. ” دیسانەوە، لەبەرئەوەی كە نووسەر پارتایەتی ڕەتناكاتەوە و نایھەوێت لە ڕەگەوە ھۆكارەكانی سازش و پاشكۆیی ڕێكخراوەكان و ژنان ببرێتەوە، تەنیا ھەندێك جار ڕەخنەیان ئاراستەدەكات و نایھەوێت پەردە لەڕووی ئەو ڕاستییە لابدات، كە ھەموو پارتەكان و ژنانێك كە ئەندام و وابەستەی پارتەكان و ڕێكخراو پاشكۆكانی پارتەكانن، ھەموو كاتێك و لە ھەموو گۆشەیەكی ئەم جیھانەدا، ئەوە ئەوانن، كە گورزی كوشندەی یەكەم لە بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان دەدەن، وەك خوێنەرێك پێمخۆشە نووسەر نموونەیەكمان بداتێ، كە پارت و ژنانی ئەندامی پارت و ڕێكخراوە پاشكۆكانی پارت، گوزریان لە بزووتنەوەی ژنان نەدابێت و بۆ تاقە جارێك لە بەرژەوەندی و سەركەوتنی خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان، كار و چالاكییان كردبێت ؟!

 

بە بۆچوونی من ھەر كات چالاكانی بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی و جەماوەریی بوونە ئەندامی ھەر پارتێك چ چەپ و چ ڕاست، بخوازن یا نا، بە نەچاری دەبێت لە بەرژەوەندی پارتەكەیان ئەو گورزە لە بزووتنەوەكان بدەن، چونكە چالاكی ناسەربەخۆ [ئەندام و لایەنگری پارت و دەوڵەت]، سەربەخۆیی ئەوەی نییە، وەك ھەر تاكێكی ئازاد لە دەرەوەی بازنەی پەیڕەوپڕۆگرامی پارتەكەی، بیربكاتەوە و بڕیاربدات و خەباتبكات!

 

پەیامی چوارەم، ” لە ڕووی تیئۆرییەوە لاوازن و كۆمەلێك كلیشەی ڕامیاریی دەڵێنەوە و ھەندێك چالاكی رۆتین دووبارە دەكەنەوە … ئەوانە نەیانتوانیوە ھوشیارییەكی قوڵ لەلای تاكی كورد بە ژن و پیاوەوە دروستبكەن …. ” سەرنجگەلی لەم چەشنە ھەم لە ڕوانگەی باڵابوونی دەستەبژێرییەوە و ھەم لە ڕوانگەی ڕامیارییەوە ھەڵسەنگاندن بۆ توانای كەسەكان دەكەن و ھەم وردەگلیی و ڕەخنەی ڕواڵەتیین لە دیاردەكان! وەك دەزانین، ڕەخنە لە ڕواڵەت، ھیچ لە كڕۆك ناگۆڕێت، بەڵكو ڕیفۆرمی دەكات، واتە ئەگەر بشتوانێت ببێتە فشارێكی ناچاركەر، ئەوا لە باشترین باردا، دەسەندكاران ناچار بە گۆڕینی ڕواڵەت (فۆرم) دەكات. ئەگەر لەمانەش بگوزەرێن، ئەوا كۆمەڵێك گرفتی دیكە لەو وردەگلییانەدا دەبینین، كە تیئۆری واتە ھۆش بە بنەما دادەنێت و نەبوونی تیئۆری بە ھۆكاری دژەخەباتیان دەزانێت. ئەمەش بۆ گیرۆدەیی و وابەستەیی خودی نووسەر لە دوولاوە بە تیئۆرییەوە دەگەیێنێت، كە لەلایەك خەبات و ناڕەزایەتی بە بەرھەمی ھەبوونی تیئۆرییەوە دەبەستێتەوە، كە ھاوكات ڕێخۆشكەرە بۆ ھاندەرە كەسییەكە، واتە ھۆكاری دووەم، كە خۆی وەك تیئۆریكار یا تیئۆریدار دەبینێت و خۆی وەك سەرچاوەیەك پێشنیاردەكات!

 

ھەروەھا ڕواڵەتییانە لە ھۆكاری كێشەجوینەوەی ئەندامانی پارت و چالاكی ڕۆتینانەیان دەڕوانێت! ئەو خۆی لەوە لادەدات، كە ھۆكارەكەی بۆ ھەبوونی خودی پارت وەك پێشرەو دەگەڕێتەوە، كە ئەندامانی دەبەنگدەكات و كلێشەییانە پەروەردەیاندەكات و ڕۆڵە مێژووییەكانیان وەك تاك، تا ئاستی كۆمەلێك چالاكی ڕۆتینی ئاھەنگێڕان بەبۆنەی لەدایكبوون و مردنی ڕابەر، دامەزراندنی پارت و دروستكردنی ڕێكخراوە بەناو جەماوەریی و ژنییەكان، شەڕەدەندووك لەتەك لایەنگران و ئەندامانی پارتەكانی دیكە و پاگەندەكردن لە سەردەمی ھەڵبژاردنەكاندا بۆ پارتەكانیان و چوونە نێو بزووتنەوە جەماوەرییەكان بە ئامانجی دەستەمۆكردن و سیخوڕیكردن بەسەریانەوە و ..تد. ھۆكاری گشت ئەمانە، سەربەخۆنەبوونی تاكە، ئەندامبوونی تاكە لە پارتەكان و پاشڕەویی دەستەبژێراندا، ئاوەژوو دیدتنی ھاوكێشەكانە، لنگاوقوچ سەیركردن و دانانی ھاوكێشەی خەبات و تێئۆرییە، گەڕانەوەیە بۆ خوا وەك سەرچاوەی ئاوەز چ لە شێوەی ڕابەر و چ لە شێوەی پارت و دەوڵەتدا !

 

كاتێك كە ئەمە ئەرك و ڕۆڵی ئەندامانی پارت [لەم بابەتەدا ژنان] بێت، ئیدی چاوەرێكردنی ئەوەی بتوانن ھوشیاری قوڵ لەلای تاكی كورد بە ژن و پیاوەوە دروستبكەن‎، چاوەڕوانییەكی ناكەتوارییە !

 

بیست ودووساڵ له‌م جۆره‌ کارکردن و گوتاره‌ کاتی به‌سه‌رچووه‌، ئه‌وه‌ی هه‌ستیپێده‌کرێت، بۆشاییه‌‌که‌ بۆ دروستکردنی هۆشیاریه‌کی ژنانه‌. ده‌کرێ ئه‌مه‌وه‌کو شه‌پۆلێک له‌ کارو چالاکی ژنانه‌ پۆلێنبکرێت و ئیتر سه‌ره‌تایده‌ستپێکردنی شه‌پۆلێکی تر ده‌بینم. ئه‌م جاره‌ به‌ کارو تیۆر و تێڕوانینیژنان بۆ شیکاری و تیۆریزه‌ کردنی چه‌وسانه‌وه‌و پله‌دووی خۆیان له‌کۆمه‌ڵگەدا. دوور له‌ مه‌وعیزه‌ و ئامۆژگاری  پیاوانی ناو پارتە سیاسیەکان. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و فۆبیایه‌ی که‌ هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پرسی ئازادی ژن وفێمینیزم و ته‌نانه‌ت جێنده‌ریش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌ که‌،سه‌ره‌تایه‌کی تازه‌ هه‌یه‌‌ و‌ کولتوره‌ جیاکان کاری تێداده‌که‌ن.  “

 

پێش ھەموو شت، حەزدەكەم لە نووسەر بپرسم، كاتێكلە كوردستان ئەو تیئۆرییەی، كە ئەو دەیكاتە گۆچانەكەی موسی، بوونی نەبێت و بزووتنەوەیەك كە ئەو خوازیارییەتی بوونی نەبێت، ئیدی ترس (فۆبیا) لەلای پیاوان چۆن سەرھەڵدەدات و چۆن دەتوانێت بوونی ھەبێت؟ ترس لەو ساتەوە دروستدەبێت، كە نامۆیەك لە كۆمەڵگە [بازنەی كولتوورییدا]دا پەیدابووبێت، بۆ نموونە ترسی تاكی ڕەیسیست لە كەسانی كۆچەر، لەو ساتەوە دەستپێناكات، كە كۆچەرەكان لە وڵاتی خۆیاندا، بۆ ڕەسیستەكان نامۆن، بەڵكو لەو ساتەوە دەستپێدەكات، كە ڕوو لە وڵاتی ڕەیسیستەكان دەنێن، بەتایبەت كاتێك كە خەریكە ھەژماریان ڕوو لە زیادبوون دەبێت! لەسەر ئەم بنەمایە، سەرەتا و كۆتایی دەربڕینەكانی نووسەر بۆ یەكدی پارادۆكسن!

 

من ئەوەی نووسەر بە فۆبیا ناوی دەنێت، بە كاردانەوەی دەزانم، كاردانەوە بەرامبەر ئایدیۆلۆجیایەكی دژە-پیاو، ئەمەش شتێكی ناھوشیارانەی سروشتی و ئاساییە، چونكە ھەموو بوونەوەرێك كە ھەست بەوە بكات، كە ڕووبەڕووی دژایەتی دەبێتەوە، سەرەتا كۆئەندامەكانی دەكەونە خۆئامادەكردن بۆ بەرگری و پاشان بیری لێدەكاتەوە و دژە-ئایدیۆلۆجیای بۆ سازدەكات، لەم بارەوە دەبینین، كە لە بەرامبەر ژنانی دژە-پیاودا، دەنگی پیاوانی دژە-ژن لە سەرھەڵداندایە و ئەمەش سەنێرگەیەك بۆ سەردەرھێنانی كارگی ژەھراوی چێدەكات !

 

كاتێك دەتوانین، ئەوە بە فۆبیا ناوبنێین، ئەو ئایدیۆلۆجیەی كە نووسەر بە ڕزگاركەری ژنان ناویدەبات، قسە لە ئافراندنی زەمینەی خۆھوشیاریی یەكسانی ھەمەلایەنەی مرۆڤەكان بكات، ئەو كات دەتوانرێت كاردانەوەی مرۆڤە كۆنەپەرست و دژە یەكسانیخوازەكان، بە فۆبیا ناوببرێت. بەڵام كاتێك كە لەلای پیاوێكی ناھوشیار، لە بەرامبەر پاگەندەی [ھوشیارانە و ناھوشیارانەی] دژەپیاودا، ترس لە ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و ترس لە دروستبوونی جیایی و ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە ناھاوڕەگەزییەكان،دروستدەبێت، ناتوانین بە فۆبیا بەرامبەر ڕزگاریی ژن ناوببرێت!

 

پان-فێمینیزم، لە جیاتی پاگەندەكردنی ڕزگاری ھەموو تاكەكان لە لیتەی كۆنەپەرستیی و دەمارگریی ڕەگەزیی، خوازیارە كوتەك لە دەستی پیاوان بسێنێتەوە و بیداتە دەستی ژنان، ئەمە ئەو دەنگە تەنكئەندێشەیە، كە پێیوایە، ئەگەر لە كۆمەڵگەدا ژنان لە جێی پیاوان سەروەربن واتە لەجیاتی كۆمەڵگەی پاتریاكی، كۆمەڵگە ماتریاكی ھەبێت، ئەوا سەركوت و نایەكسانی و ناداوەری نامێنێت و توندوتیژی بەسەردەچێت، ئەمە ھەمان دەنگە كە پێیوایە، ئەگەر لە كۆمەڵگەدا لەجێی پارتێكی ناسیونالیست یا ئایینی، پارتێكی كۆمونیست سەروەربێت یا لەجیاتی چینی بۆرجوا، چینی كرێكار سەروەربێت، ئیدی كۆتایی بە مێژووی چەوسانەوە دێت. ئەمە بەدبەختییە، ئەمە ڕواڵەتگەرییە، ئەمە دۆشدامانە لەبەردەم كەتواردا، ئەمە قوفڵدانە لە بیركردنەوە ! چونكە تێنەگەییشتنە لە ھۆكاری سەرھەڵدانی سەروەری و پایەكانی مانەوە و ھێزە پارێزەرەكانی ! لە بارێكی ئاوادا، زۆر ئاساییە، كە پیاوانی ناھوشیار و تێنەگەییشتوو لە بنەما ئایدیۆلۆجییەكانی پان-فێمینیزم، وەك سروشتیترین كاردانەوەی دوور لە تێڕامان و ئەزموونگیری، بكەونە خۆ و پێكھاتەی دژ لەسەر ھەمان كێش و سەروا بۆ بەرگری لە خۆیان دروستبكەن و بەو كارەش بازاری كۆمەڵێك دەسەڵاتخوازی دیكە گەرمبكەن، ھەروەك چۆن ناسیونالیزمی كورد لە بەرامبەر ھێرشی ناسیونالیزمی داگیركەردا، دەست بۆ ھەمان ئایدیۆلۆجیا دەبات و بازاری كۆمەڵێك دەسەڵاتخواز گەرمدەكات، وەك ئەوەی ئەمڕۆكە دەسەڵاتخوازانێك، كە بە قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی بە ناسیونالیزم  و بە ڕشتنی خوێنی ھەزاران لاوی كرێكار و زەحمەتكێشی ناھوشیار، لەسەر تەختی دەسەڵات دانیشتوون ! قسەكەرانی (پان-فێمینیزم)یش بەو ئاراستەیە و لەسەر بنەمای ئەزموونگیریی لە ڕابوردووی دەسەڵاتخوازانی پێشخۆیان، دەیانەوێت بە دەسەڵاتبگەن !

 

ژنانخۆیان له‌م کێشمه‌ کێشه‌دا ده‌بێت بزانن قازانجی گشتی یان له‌ کوێدایه‌ وکام فیکر و کام کامپ هه‌ڵبژێرن. ئه‌م شه‌پۆله‌ تازه‌یه‌ ئه‌رکێتی تیۆریزه‌یهه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی ژن بکات. وه‌ ده‌ستپێشخه‌ر بێت بۆ دروست کردنیهۆشیاری یه‌کی فێمینیستی و ستراتیجی خه‌باتێک له‌به‌رامبه‌ر بێ مافیژناندا.  “

 

نووسەر  لە كۆتایی پەیامەكەیدا قسە لە “قازانجی گشتی ژنان” دەكات، كە بە واتا و دەربرێنێكی دروستتر دەكاتە “بەرژەوەندی گشتی” . ئایا ژنان چینێكی كۆمەڵایەتی یا توێژی چینێكی كۆمەڵایەتین یا ڕەگەزێك، كە تاكەكانی ئەندامی چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكانن؟ لە سەرەتای ساڵی دوو ھەزاردا بەم ئاراستەیە وتارێكم لە ژمارە یەكەمینەكانی (گۆڤاری دالیان)دا بڵاوكردەوەتەوە، لەبەرئەوە لێرەدا زۆر لەسەر ئەم پرسیارە ناوەستم، بەڵام بەبۆچوونی من، بەبێ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، ناتوانین قسە لەسەر ڕێگەچارەی كۆتاییھێنان بە ھەڵاواردنی ژنان بكەین، چونكە كاتێك ئێمە نەزانین ئەوە دیاریبكەین، كە ئایا ژنان چین و توێژی كۆمەڵایەتین یا نا، ھەرگیز ناتوانین بیر لە چۆنیەتی شێوەی ڕێكخستن و شێوازی خەبات و میكانیزمەكانی چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی خەباتەكەیان بكەینەوە و ناشتوانین ڕادیكاڵانە سەنگەر لە ستەمكاران بگرین !

 

ئەگەر ژنان چینێكی سەربەخۆی ناكۆمەڵایەتی بن، ئەوكات دەتوانین بە ئاراستەی تێروانینی دژە-پیاوانەی پان-فێمینیستەكان بچین، كە دەخوازن لە ھەموو مەیدانەكانی خەباتی كۆمەڵایەتییدا ژنان بە ھەستەوەریییەكی ترسەكییانە (فۆبیانە) لە پیاوان داببڕن، تاوەكو لەسەر زەمینەكانی خۆشباوەڕیی ژنانی ناڕازی بەو ئایدیۆلۆجیایە، سەروەریی و دەسەڵات و پێگەی ئابووریی بۆ خۆیان مسۆگەربكەن. بەڵام وەك دەبینین، ژن لە كۆمەڵگەدا دایكە، خوشكە، ھاوسەرە، نەنكە، كچە، كرێكارە، جوتیارە، مامۆستایە، فەرمانبەرە، بێكارە، كەمئەندام و خانەنشینە، بەرێوەبەرە، سەرمایەدارە، دەسەڵاتدارە، كەواتە ژن وەك تاكی ھەر یەك لەو چین و توێژە كۆمەڵایەتییانە، خەباتی بۆ ئازادی و یەكسانی و دادپەوەریی لە چوارچێوەی خەباتی كۆمەڵایەتی و جەماوەریی ئەو چین و توێژە كۆمەڵایەتییانەدا و بە گرێدانەوەی بە خەباتە سەرتاسەرییە دژە سەروەرییەكە بۆ كۆمەڵگەی ئازاد، مەیسەر دەبێت، واتە ژن لە ڕێكخراوی سەربەخۆی خوێندكاراندا باشتر دەتوانێت داخوازییەكانی لەپێناو یەكسانی و ڕزگاریدا كۆمەڵایەتی بكاتەوە، تاوەكو لە دەرەوەی ئەو مەیدانە، چونكە بە ئامادەبوونی لەو مەیدانەدا دەتوانێت ڕزگاری ژنان و یەكسانی ژنان و پیاوان وەك ئەندامی ڕێكخراوەكە بەسەر ئەندامە پیاوەكاندا بسەپێنێت و  داخوازییەكان لە داخوازی بالێكی كۆمەڵگەوە بكاتە داخوازی كۆمەلایەتی كۆمەڵگە، بەڵام بە پێچەوانەوە ھەر ڕێكخراوبوونێكی ڕەگەزپەرستانە و ھەر یەكگرتێك لەسەر بنەمای ڕەگەزیی، یەكگرتن و ڕەگەزپەستیییەكی دیكە بەرھەمدەھێڼیت و دەبێتە ھۆی چۆڵبوون و قەڵشبردنی مەیدانەكانی خەباتی كۆمەڵایەتی و دواجار تێكشكانی خەباتی چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان دژی سەروەریی و سەركوت و نایەكسانی و ناداپوەروەریی كۆمەڵایەتی و ئەمەش تەنیا بە قازانجی دەسەڵاتداران و سەروەریی چینایەتی تەواودەبێت و ژنانی ئازادیخواز  و ناڕازی نەك ھیچ قازانجێك لەو دابڕانە ناكەن، بەڵكو گەورەترین باجی بۆ دەدەن و تەنیا دەستەیەك لە ژنان كە فێمینیستە دەسەڵاتخوازەكانن وەك ھاوبەرژەوەندی پیاوانی دەسەڵاتدار، لێی بەھرەمەنددەبن و وەك دەستەبژێرێك لە دانیشتن و كۆڕ و سیمینارەكاندا توانایی خۆیان لە دەستەمۆكردنی بزووتنەوەی ژنان بۆ دەسەڵات نیشاندەدەن و لە بەرامبەردا دەسەڵاتیش دەكەوێتە سیمبولكردن و كارێزماپێبەخشین و بەرزكردنەوە و بەرتەریپێدانیان تا ئاستی سوپەر-ژن. لەم بارەوە لە پاش ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە، ھەموومان بینەری سەودا و مامەڵە و نامەناردن و پلە و دەسەڵاتخوازیی و مووچەی مشەخۆرانەی كۆمەلێك لەو ژنانە بووین، كە ھەموو توانای خۆیان خستبووە پێناو گۆڕینیی كڕۆكی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان دژی سەروەریی، بە دانانی پیاو وەك دوژمن و ھۆكاری چەوسانەوەی ژن.

 

لە كۆتاییدا ھیوادارم خوێنەری ھێژا، بەتایبەت ژنانی ناڕازی و ئازادیخواز، خۆیان بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەوە خەریكبكەن، بۆ ئەوەی لە پاوانگەریی سەروەرێكەوە نەكەونە داوی پاوانگەریی سەروەرێكی دیكە؛

ئایا بەڕاستی پیاو وەك تاك لەو خێزان و ڕێكخراو و پارت و دامودەزگەیانەدا، كە فێمینیستانی دەسەڵاتخواز دەخوازن وەك بڕیاردەر و سەركوتگەر نیشانبدەن، بوونەوەرێكی سەربەخۆ و ئازادە و لەو ستەم و نایەكسانی و نادادروەییە كولتووریی و ڕامیاریی و  ئابوورییانەی كە ژنانیان كۆیلە ڕاگرتووە، ڕزگاربووە؟

 

***********************************

خوێنەری ھێژا، لەم بەستەرەدا داتوانیت نووسینەكەی خاتوو (ھۆزان مەحموود) بخوێنیتەوە :

http://www.hawlati.co/%D9%81%DB%86%D8%A8%DB%8C%D8%A7%DB%8C-%D9%81%DB%8E%D9%85%DB%8C%D9%86%DB%8C%D8%B2%D9%85-%D9%84%D9%87%E2%80%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/

Le pagendey (komunîst)bûnewe berew (pan- nasîwnasîwnal- fêmînîzm)/2

Le pagendey (komunîst)bûnewe berew (pan- nasîwnasîwnal- fêmînîzm)

Hejên

Xwênerî hêja, em nûsîney berdesttan, rexneyeke le aydyolocyay fêmînîzmî borcwazî, ke çend sallêke jnanêk benawî rizgarî jnanewe, be şêwazî corawcor dexwazn lenêw bzûtnewey yeksanî û rizgarî hemelayeney jnan û pyawanda, berceste û cêkewtey bken. Herçende le sallanî raburdûda be wellamdanewey çend kesêk lew jnane û tenanet pyawanêkîş, ke wek hewllî frîwkarîy ya çawlêgerîy lew bareda qollyanlêhellmallîwe, boçûnî xomim derbrrîwwe, bellam leberewey ke babetekey xatû (hozan mehmûd, fobyay fêmînîzm le kurdistan ) fretir dêwcamekey tenktir û lîtey aydyolocyakey xesttirkirduwetewe, bepêwîstimzanî, wek nojenkirdnewey boçûn û rexnekanî xom û xistnerrûy ew gorrane şênîyyaney ke le bîrkirdnewey xoşimda seryanhelldawe, letek nûser û xwêneranda bkewme alluwêrî boçûn û pêgeyîştne nwêyekan.

Beşî duwem

em core bîrkirdnewe û pirsyarkirdne buwe hoy ewey ke bîr le têkişkandinî çîn wrrêgrî û snurdarye cênderyekan bikrêtewe.

Cêgey xoyetî bpirsîn mebest le ” têkişkandinî çîn ” çîn, çîye? Aya derhawîştinî jnane le nêw çîn û twêje komellayetî û prolîtêrîyekan û çêkirdnî qewareyey regezîye lêyyan, her ew karey ke zayonîzm le ayînî cûleke, netewey drustkird? Min natwanim lewe zyatir le têkişkandinî çîn, têbgem, eweş bnemay serekî hemû aydyolocyakane û bew core desellat bo çîn û twêj û destebjêrêk msogerdeken !

Ey mebest le ” snurdarye cênderyekan ” çîye, aya jnan wek regezêk zîndebeçalldekrên û  leberdem metrisî srrênewey regezîydan? Ya em destewajane wirdeberdî nêw kellekin û rollyan tenya pirrkirdnewey boşayî ristekane?

Ba kemêk bgerrêmewe ser ezmûnî karkirdnî aydyolocyay zayonîzm, ke çon netewey drustkird û ew amancey ke bedwayewe bû, çî bû? Ewî xwêndnewey bo mêjûy bzûtnewey krêkarî û soşyalîstî cîhan le pêş cengî cîhanî yekemewe ta demî cengî cîhanî duwem, hebêt, ewe dezanêt, ke çalakanî bzûtnewey krêkarîy û soşyalîstîy cîhan begşitî û ewrupa betaybetî û rêkixrawtirîn beşî krêkaran, krêkaranêk bûn, ke le bnemalle culekekanewe hatbûn, bellam be kurtirîn mawe, behoy teşenepêdanî aydyolocyay zayonîstî û rexsandinî helî derbazbûn le kelawekanî ceng le ewrupa berew (felestîn/ îsraîl) û berêkewtinî weha koçêk, nek xoyanî le xebat û  dawa rewakanyan, dûrxistewe û le komîwnîtîye taze natebakanda cêgîrî kirdin, bellku bzûtnewey krêkarî û soşyalîstî ke tenya metrisîyek bû bo serwerîy çînayetî brawe û dorawekanî ceng, tûşî têkişkanêk kird, ke hêştake lejêr barîda piştî rastnekirduwetewe!

Bellê hemû aydyolocyayekî desellatixwaz, pişt bew ezmûnane debestêt, ke serwerîy çînayetî lepşit serîyewe kellekeykirdûn û boy bûnete xezêne û samanî çînayetî. Pan-fêmînîzm ya fêmînîzmî borcwazîş, be heman aqarda derrwat û heman amancî lepêş xoy danawe, sallanî newedekan le kurdistanda xawenî bzûtneweyekî yeksanîxwazane [be hemû lawazîy û narroşnîyekanîyyewe] bûyn û pyawan zortir le jnan xerîkî çalakîkirdin bûn lepênawîda, bellam çend sallêke [herçende lawaz] ew bzûtnewe behoy  djayetî pyaw û gêrranewey rîşey stem le jnan, lelayen fêmînîstanî desellatixwazewe, bo estoy pyaw, sllemîneweyek lenêw pyawanî azadîxwaz û yeksanîxwazda beramber bzûtnewey jnan drustbuwe û leweş xraptir fêmînîzmî borcwazî zemîney bo serhelldan û hêzgirtnî bzûtnewey koneperistaney regezpersitîy lenêwan pyawanda rexsanduwe. Bellê ewe ew amanceye, ke fêmînîzmî borcwazî le dûyetî û karî bodekat, ewîş lêkdabranî rîzî xebatkaraney jnan û pyawanî azadîxwaz û narrazîye û dabeşandinyane beser bzûtnewey regezperistaney pyawan û jnanda, ke dwacar desellat û destebjêre desellatixwazekan brawey debin.

Lêreda bepêwîstî dezanim, amaje be dû nmûne bdem, yekem rollî jnanî krêkare le raperrînekanî cîhanda be dyarîkrawî komuney parîs û oktoberî 1917, betaybet emey dwayyan, ewe mangirtnî karxanekanî ristin û çnîn bûn, bûn be çexmaxey serkewtinî ew raperrîne. Duwem, xopîşandanekanî heştakanî sedey raburdû le herêmî kurdistan djî rjêmî be’s, ke egerçî hejmarî jnan tyayanda kem bû, bellam derkewtinî kçan le rîzî pêşeweda wre û cerbezîy be pyawan debexşî. Lebîrman neçêt, hokarî ew amadeyî û karîgerîybûne le oktoberî 1917da, ewebû ke fêmînîzmî desellatixwaz bûnî nebû. Herweha le kurdistanî heştakanî sedey raburdûşda kes nawî nebîstibû, boye jnanêkî xebatkar, şanbeşanî pyawan singyan be gulewe dena, be pêçewaney jnanêkewe, ke emrro le sayey “desellatî xomallî”da xerîkî muturbekirdnî aydyolocyay desellatixwazîy destebjêrîyn lenêw bzûtnewey yeksanîxwaz û rizgarîxwazîy jnanda. Bem core debînîn, jnan lew sate mêjûyyaneda twanîwyane wze û amadeyî şorrşigêraneyan bselmênin, ke amêtey xebatî komellayetî bûn û le bzûtnewe komellayetîyekanda çalak bûn, bellam emrro, be pêçewanewey ew satanewe, jnan bker nîn û krawnete berkar, çi be paşkoyî bo partekan û bzûtnewe ramyarîyekan û desellat, çi be paşkoyyan bo jnanî desellatixwaz!

Fêmînîzmî regezpersit (djepyaw) wek kardanewey nahuşyaraney jnanî narrazî, dyardeyekî taze nîye û herdem le têrrwanîne giştgîr û stiryotîpekanda amadebuwe û le yadawerîy hemûman û le êstaşda rojane em destewajane zor debîstînewe “pyawan, hemû her awan”, “pyawan, çakyan têda nîye”, ” pyawan, wan ” û wa û wa … Tid. Eme seretakanî fêmîzmî djepyawn, ke berhemî nahuşyarîy û têrrwanînî kurtibînaney cêkewten û zemînesazî fêmnîzmî desellatixwazn, ewey ke emrro dexwazêt, hemû ew nayeksanîyaney ke desellatî kultûrîy û ramyarîy çêker û ragiryanin, bo pyaw bgêrrêtewe û arastey xebatî jnanî azadîxwaz le dje-serwerewe bo dje-pyaw, werbigêrêt!

Be boçûnî min le barî yekemda, asayîtrîn û sruştîtrîn kardanewey nahuşyaraneye, bellam lewêda ke debête zemînesazî mîkanîzmekanî cyaxwazîy û serhelldanî tundutîjî û dwatir hellxirrandinî lelayen jnanî desellatixwazewe, îdî le kardanewey nahuşyaraney narazîyanewe degorrdirêt bo aydyolocyay cyawazîsaz, ke bêcge le xizmetkirdin be drêjbûnewey desellatî kultûrîy û desellatî ramyarîy û serwerî hendêk beser hendêkî dîkeda, hîçî dîke berhemnahênêt û jnan le sayeyda hîc yeksanî û rizgarîy û serbexoyyek msoger naken, bepêçewanewe, aw bew aşeda degen, ke regezpersitîy pyawan, çend sedeye xistûyetîye gerr, betaybet lew katewey ke ew regezpersitîye ramyarîykrawetewe û pêkhate ramyarîyekan wek amrazî parastin û drêjepêdanî, karî bo deken û brewî pêdeden!

jnî kurd le başurî kurdistan le 22 sallî rabirdwewe twanîweyetî rêkixraw bît. Zorêk lem rêkixrawane be dest pêşkerî pyawan wtenanet prrogramekanîşyan lelayen pyawanewe bo denusra..

Pêştir wellamî programnûsînî rêkixrawekan lelayen xudî jnanewe, dayewe, ke natwanêt mercî serekî serbexoyî û radîkallbûnyan bêt. Bellam hezdekem le xudî nûser biprism, ey çon bû xudî (ew) 20 sall lew 22 salleda, mlî be programe amadekrawekanî pyawan da û be hemû şêweyekîş dakokî leser dekrid û tenanet eger pyawêkî huşyar û radîkall rexney le programî partekey û rêkixrawe benaw jnîyekanî bgirtaye, ewa ew be dujminî çînayetî û dujminî komunîzm xetabarî dekrid, keçî emrro her ştêk ke pyaw nûserî bêt, yekser djî jne?

Bepêçewaney têrrwanînî fêmînîzmî dje-pyawewe, le mêjûy kurdistanda yekemîn honeranêk, yekemîn çîroknûsanêk, yekemîn nûserananêk, yekemîn ekteranêk, yekemîn xebatkaranêk, ke bangewazî yeksanyan kirdbêt, ewa pyaw bûn û  bepêy derk û huşyarîy û roşnibîrîy serdemekeyan û bwardanî kultûrî komellekeyan, wênay xoyan bo yeksanî jin û pyaw xistuwete rû!

Bellam debînîn pirsî jnî kurd hêşta le nebûnî fîkir û tyorî fêmînîstî û hoşyarî yekî jnane denallênê. We corêk le çeq bestuîy fîkrî û syasî hest pê dekrê

Herçende pêştir wek seretayek wellamim bew narroşnîye lemerr xebat û çonyetî serhelldanî xohuşyarîy tak û cvak, dayewe, bellam dîsanewe naçarm, kodî şarawey pişt ew peyamey serewe, bixwênmewe, ke dellêt ” bzûtnewey rizgarî jnan pêwîstî be tîorîy fêmînîstî heye, ke ewîş zadey ewrupaye”. Bepêy tyorîyekanî komîwnîkeyişn, kodî şarawey nêw em peyame, le barey xoderxistinî kesî qsekerewe, eweye ke  nûser deyewêt be jnanî xwêner bllêt “min, hem bepêy şarezayî zman û hem bepêy jyanim le ewrupa, detwanim ew peyambere bim, ke firyatan bkewm, min tîorîyekanî fêmînîzm aşnam, dway min bkewn, rizgarbûntan msogere !”.

Eme bedbextîyeke bo xoy. Lew lawe jnanî jêrdest be gyan û ceste û bîr, rojane dergîrî xebat û berengarbûnewey serkutgerîye xêzanî û kultûrî û abûrî û ramyarîyekanin, keçî jnanêkî lexobayîbû, le ewrupawe, pêyanwaye, rizgarî jnan be ramyarîy û wergêrranî çend tîorîyekî derixkraw, meyser debêt û jnan bexoyan bebê raberanî ramyarbaz, twananî bîrkirdnewe û xebat û dozînewey amrazekanî xebatî xoyan nîye! Her weha pûçgerayyek bû, ke parsall way le jnêkî xoberaberzan kird, ke pêş ewey le wllatî (swêd)ewe bgerrêtewe kurdistan, peyamêkî lem çeşne bllawbkatewe “ewa min degerêmewe kurdistan, eme jmare telefonekeme, ewî qsedekat û deyewêt xebat bkat, ba peywendîm pêwebkat ! “. Eme pûçgerayî ramyarîy û bîrkirdnewey destebjêrî serwerîyixwaz û xellk begêlzane, eme derdêkî kuşindeye, ke jnanî azadîxwazî dehey newedî sedey raburdû, behoy vayrosî aydyolocyay fêmînîzmî desellatixwazewe, tûşî bûn. Be boçûnî min yekem kesanêk, ke pêwîstyan be harîkarî û firyakewtin hebêt, ewa xudî kesanî destebjêr û desellatixwaz û xoberraberzanin, kesanêk ke tûşî nexoşî xoşeydayî (narsîzm – Narcissism) û soperimrovî bûn!

Bellê mnîş hest be çeqbestûîy hizrîy dekem, bellam hokarekey aşnanebûnî jnan be tîorîye ewrupîyekanî pan-fêmînîzm nîye, bellku naserbexoyî jnanî narrazî û rizgarîxwaz û yeksanîxwaze wek tak, milkeçîyane bo pêkhatey quçkeyî raber û raberîkraw, ke hîç cyawazîyekî letek xêll û xêzanî kurdda nîye, kuştinî mitmaney jin wek tak bexoy; hem le prosêsêkî mêjûyda û hem lelayen destebjêrî desellatixwazî nêw rêkixrawe benaw jnîyekanewe, serbarî ewaneş çawerrwanrragirtnî jnan, bewey peyambere taze pan-fêmînîstekan, le ewrupawe tîorî û huşyarîyan bo dehênin ! A emeye, bedbextî û rêgir û hokarî çeqbestinî hizrîy bzûtneweke!

Wek wtim, xohuşyarîy berencamî ezmûngîrî berdewamî korrî xebate û le derewey xebatî cemawerîy xudî jnan ya krêkaran bûnî nîye û eger heşbêt, ewa dje û amancî destemokirdnî le piştewe westawe ! Hîç kes hênde nanewayek le nankirdin nazanêt, hîç kes hêndey cutyarêk le kişt nazanêt, hîç kes, hêndey xudî krêkaraêk, ya jnêk le stem tênagat û derkî şêwazî xebat û çeke karakanî nakat!

Min detwanim, lewe têbgem û derkî ewe bkem, ke bo endamanî goşkrawî pagendey naketwarîyaney partekan, katêk ke degerrênewe kurdistan, yekser tûşî şok debin û şepolî desellatixwazîy rapêçyandekat. Daway lêburd le xwêner dekem û hîwadarm nûserîş eme be hêrş û fşarêkî kesîy lêwernegrêt.

Katêk ke partekey nûser, le nawerrastî newedekanî sedey raburdûda, leser bnemay raportêkî helle ke be raberekeyan drabû, xoyan lêbûbuwe hêzî sêyemî serdemî cengî nêwxoyî înk û pidk, bellam katêk ke beşdarî hellbjardinî şarewanîyekanî parêzgey slêmanyan kird, tenanet endamanî xêzanekanî xoşyan dengyan pênedabûn. Weha serencamêk tûşî şokêkî kirdin, ke bo hêzgirtnewe, naçar destîyan be piştêwnekey (diktor mehmûd ‘usman)ewe girtbû û heftane wek henguynyan le kunedarda dozîbêtewe, korryan bo degêrra.

Herwa katêk ke desellatî be’si kotayîhat, r‎ayangeyand, ke stemî neteweyî kotayîhatuwe û yekser rûyan le xwarûy ‘îraq na û kewtne pagende bo sikyolarîstibûnî komellgey ‘îraq û milnedanî xellkî ‘îraq be îslamîyekan û mezheb, bellam katêk şeqî rojgar boy selmandin, ke dunya be pagendesazî nagorrêt, endamanî bedbext dîsanewe tûşî şok bûnewe û naçar gerranewwe ser qewane konekey caranyan (rîfrandom) û  partêkî dîkeyan benawî kurdistanewe, qutkirdewe!  Dîsanewe em careş bo rakêşanî xellk û frîwdanyan be partayetî, kewtnewe lêdanewey qewanî skîwlarîstibûnî komellgey kurdistan û ewey cêgey mela û mezhebî têdanabêtewe. Bellê lem baredaye, ke nûser benyazî berpakirdnî şorrşêk lenêw jnan letek komellêkî dîke, degerrêtewe kurdistan, bellam rûbewubûnewey letek ketwar û barî huşyarîy tak û komellgey kurdistan, tûşî şokêkî away dekat, ke desellatî borcwazî kurd be “desellatî xomallî” bnasêt û pişt le komunîzmekey bkat. Çunke beheman têrrwanînewe, ke pêywabû, komunîzm dahênrawî markis û englis û lênîn û (mensûrî hîkmet)e, xerîke serçeşmey rizgarîy jnan bo ewrupa degêrrêtewe û azadîxwazîy jnanîş be aydyolocyay pan-fêmînîzmî ewrupîyekan, wabestedekat.

yekem : jnanêk ke pirsî jin dekene beşêk le projey netewayetî û rizgarî netewe têrrwanînêkî êcgar pyawaneyan heye bo pirsî jin. Emane pêyan wehaye maf û azadî jnan desteber nakrê û mehalle, taweku netewey kurd nebête xawenî dewllet.  “

Mnîş pêmwanîye, ke pirsî rizgarî jnan û yeksanî hemelayeney jnan û pyawan, wabestey pirsî rizgarî neteweyî bêt, herçende hebûnî rizgarî her yekeyan karayî leser ewî dîkeyan dadenêt, betaybet rizgarî jnan le rûy kultûrî û xohuşyarîy takewe, karayyekî zor leser amadenebûnî takî komellgey jêrdeste bo mildan be dagîrkar, dadenêt. Bem core, leberewey ke pirseke degerêtewe ser wîst û amadeyî tak bo rizgarbûn û hemû rizgarbûnêk le tak û le derûnî tak û le xwarewey komellgewe, ke tak kolleke û bçûktirîn yekeyetî, destipêdekat, kewate mercî rizgarbûnî tak, azadî xudîy tak û amadeyî û şorrşigêrraney take bo rizgarbûn, nek pêçewanekey; îdî ew rizgabûne rizgarî jnêk bêt ya rizgarî krêkar û cutyar û xwêndkar û mindall û kemendam û xanenşînêk bêt le nayeksanî abûrîy û  pledûîy pêgey komellayetî û koyletî sîstemî rêkxistin û  sîstemî perwerde û xwêndin û berêweberayetî.

Bepêçewaney boçûnî nûserewe, ew têrrwanîne pyawanî nîye. Çunke yekem, giştgîrkirdnî têrrwanêk beser gişt pyawanda, le bîrtengî regezperistaney fêmînîzmî desellatixwazewe serçawdegrêt, duwem, ewe tenya pirsî rizgarî jnan û tenya kotayî stem le jnan nîye, ke partekan û ramyaran û desellatdaran û opozsyonî desellatixwaz bekotayîhatnî stemî neteweyîyewe deybestnewe, bellku hemû pris û daxwazîyekî komellayetîy û abûrîy dîkey takî çewsawey narrazî, be dahatû despêrn, lewane pirsî jnan, krêkaran, cutyaran, xwêndkaran, mindallan, fermanberan, bêkaran, xanenîşnan û ..tid partekan û ramyaran çi le serdemî şax û çi le êstaşda, çareserî pirsekan be dahatûyekî nadyar despêrn. Emeş baştirîn bellgey “xomallî” nebûnî desellat û neteweyînebûnî dewllete ! Îdî nûser dexwazêt le pişt dêwcamey “desellatî xomallî” û “dewlletî neteweyî”da çi peyamêk be gwêy jnanda bdat? Amancî le pyawanîkirdnî têrrwanînî desellatdaran, çîye?

sêhem:  jnanî komonîstîş ke pêyan waye fêmînîzm dij be berjewendî çînayetî û xebatî krêkarane. Jin û pyaw nabêt lem xebateda cyabin, xo eger çînî krêkar şorrşê kird ewa mafekanî jnan be şêweyekî utomatîk hel debin le komellgada. We mafî jin tenha le komellgayekî soşyalîstîda desteber dekrê.

Kes natwanêt nkollî le çewtî ew boçûne bkat, bellam dû şit hen, nabêt lebîrman bçin, yekem fêmînîzm wek xêwetî giştîy regezî jnan na û duwem, hemû komunîstekan awa bîrnakenewe, min bexom herçende komunîst nîm, bellam hawrrêyanêkî komunîstim hen, ke djî ew boçûnen, herweha lebîrmanneçêt fêmînîzmî desellatixwaz (bedyarîkrawî balle borcwazîyekey) dujminî xebatî soşyalîstîye û  bedujminkirdnî pyawanîş, her lepênaw ew amanceye û wek zayonîzm tenya rollî cyakirdnewe û dujminsazî degêrrêt!

Herweha ne komellgey soşyalîstî le şew û rojêkî kudetay partî pêşrrewda serhelldeat û ne soşyalîzmî partîy û dewlletîy letek azadî û  serbexoyî takda dênewe! Bellam dîsanewe, seyre nûser awa qsandekat, herwek wek bêjî bexoy le derewey ew têrranînewe hatbêt! Bellam rastîyekey xudî nûser dû deheye, hellgirî ew boçûneye û eger betewawetîş letekîda kok nebûbêt, ewa becorêk bêdengey hellbjarduwe û çawpoşî lêkirduwe. Aya dekrêt bzanîn, ew hokarane çîn, awa le nûser deken, ke wek şorrşekey partî pêşrrew, le şew û rojêkda dunyakey xoy bgorrêt û xoy nenasêtewe û bbête rexnegir û retgerey bêbezîy ktuprrî komunîzmekey?

Hellbete ewey lay min cêgey rexneye le nûser, ewe nîye, ke wazî le part ya paşkoyî part hênabêt, ya retkirdnewey fîmînîzmî markisîstî bêt, bepêçewanewe min bo wazhênan le part û kotayîhênan be paşkoyî aydyolocyay part, destxoşî lêdekem, bellam, hêndey serdemî fêmînîzme partîyekey, pan-fêmînîzmekeşî cêgey rexneye, çunke herdû fêmînîzmeke dû fargonî şemendeferêkin, ke yek hêllî hatûçoyan heye, ewîş pêkhatey quçkeyî û serwerîy destebjêrî abûrîy û ramyarîye!

” em sê rewte syasyey ke le komellgay êmeda kardeken behêz yan lawaz, û jnanêk keser bew rewtanen le karu çalakî û gutaryanda ew xewne pyawaneye rengdadetewe. Ke toy jin debît çawerrê bît ta degeyne em amance, ca dewlletî netewey kurd bît, yan xelafetî îslamî yan soşyalîzm ewa jnan êweş azad dekrên. Wate êmey pyawan azadtan dekeyn û padaşttan dedeynewe!  Bellam jnan êwe supasguzarî êmey pyaw bin ke ledunyay  syasetî pyawaney xomanda cêman kirdunetewe.

Bellam aya pan-fêmînîzmekey nûser, peyamêkî dîkey pêye, ke lewaney serewe cyawazbêt? Ewe nîye, ke xudî nûser, le derewey bzûtnewey rizgarîxwazaney jnan û le derewey xohuşyarîy tak û le dewerey mêjû bo tîorî degerrêt û wergêrranî serçawekanî aydyolocyay pan-fêmînîzm, dexate serûîy lîstî karî xoy ya hawbîranîyewe û wek take çareser û rêgeçare pêşnyarî dekat ?!

Bo min, xallî nêwkoyî ew sê rewtey serewe, tenya çonyetî têrrwanînyan bo çareserî stemî jnan nîye, bellku xallî nêwkoyyan, pêkhatey quçkeyî rêkxistin, paşkokirdnî tak bo raber û serkirdayetî, srrînewey rollî tak le kogerayî quçkeyîdaye, herweha bellênî serxermane, ke rizgarîy û azadî û yeksanî hemuwan be bedesellatgeyîştinî xoyan debestnewe ! Aya nûser û hawbîranî le kurdistanda ştêkî cyawaz lewey partekan û desellatyan xistuweterrû? Tkaye cyawazîyekan kamanen?

Be boçûnî min, yekêk le grifte serekîyekanî takî çepgera, eweye, katêk ke le koyletî xoy lenêw rêkxistinî quçkeyî (hîrarşî) û  wabesteyî û milkeçî xoy bo kesanêk benawî raber û awezî part, dadeçlekêt, yekem şit lecyatî ewey bêt û rexne le raburdûy xoy bigrêt û le rêgey rexneyekî radîkall û awezpesendewe be xohuşyarîyekî mitmanedar û cêgîr bgat, dekewête hewllî şardnewe û  srrînewe û nkollîkirdin lew raburdûy xoy. Emeş herdem rûberrûy metrisî xohawîştnewe nêw qewareyekî dîkey quçkeyî ya ewey bexoy dekewête hewllî domînetkirdnî kesanî dîke û bew core ew rêçke nalocîkîyey, ke le hereshênanî împratorî bolşevîkekanewe destîpêkirdwe, newe le dway newe, çepekan be yektirî debexşin û  desellat û  hêze dje-şorrşekan hêzî komellayetîy lêwerdegrin!

ewey gringer lêreda amajey pêbdem eweye, kejnî kurdîş bê sitratîj nîn lem hîzbaneda, ewanîş hezbe çêjî ple û payew beşdar bûn lew desellatey pyawanda deken. Tenanet eger rolyan sîmbolîş bêt çêj werdegrin. We hendêk car her em jnane hoşyarane yan na hoşyarane zor  gurzî kuşinde deden le xebatî jnan.  Le rûy fîkrî û tyorî yewe lawazn, komellêk kllêşey syasî dellên whendêk karu çalakî rotîn dûbare dekenewe. Emane neyan twanîwe hoşyaryekî qûll lelay takî kurd be jin û pyawewe drustibken.  “

Nûser lem peregrafeda çend peyam be êmey xwêner dedat; peyamî yekem, ” jnî kurd bê sitratîj nîn ” û sitratîjêk ke bo nûser serincrakêş û pêşnyare, hezkirdnî jnanî kurde le plew paye û desellatdarî û becorêk erênî denrixênêt, emeş bo sitratîjî fêmînîzmêk degerrêtewe, ke nûser buwete allahellgirî.

Peyamî duwem, ” rollî ew jnane sîmbulîye ” û emeyan nerênî denrixênêt û min wek xwênerêk awa le peyameke têdegem, ke eger rollî jnanî nêw partekan, sîmbulî nebuwaye û rolêkî karayan hebuwaye, ewa nûser rollekeyanî berz denirxand, emeş dekate retnekirdnewey partayetî, herçende nûser çend dêrr pêştir berrwallet wabesteyî rêkixrawekan bo partekan retdekatewe. Bo mnî xwênerî be sernic, eme banêke û dû hewa. Çunke katêk ke çalakanî jnan le partekanda, endam bin, zor asayî bepêy peyrrewî partayetî le çepewe bo rast, debêt milkeçî peyrrewuprogramî partekeyan bin, emeş bewatay milkeçî hemû çalakî û kirdarekan ke emindamî part le jyanî rojane û komellayetîyda encamyandedat, debêt le xizmetî ramyarîyekanî partda bin, ke dwacar dekatewe paşkoyî jnan û rêkixrawekanî jnan bo partî pêşrrew û qumande !

Peyamî sêyyem, ” hendêk car ew jnane huşyarane ya nahuşyarane gurzî kuşinde le xebatî jnan deden …. ” Dîsanewe, leberewey ke nûser partayetî retnakatewe û nayhewêt le regewe hokarekanî sazş û paşkoyî rêkixrawekan û jnan bibrêtewe, tenya hendêk car rexneyan arastedekat û nayhewêt perde lerrûy ew rastîye labdat, ke hemû partekan û jnanêk ke endam û wabestey partekan û rêkixraw paşkokanî partekanin, hemû katêk û le hemû goşeyekî em cîhaneda, ewe ewanin, ke gurzî kuşindey yekem le bzûtnewe komellayetîyekan deden, wek xwênerêk pêmxoşe nûser nmûneyekman bdatê, ke part û jnanî endamî part û rêkixrawe paşkokanî part, guzryan le bzûtnewey jnan nedabêt û bo taqe carêk le berjewendî û serkewtinî xebatî azadîxwazaney jnan, kar û çalakîyan kirdbêt ?!

Be boçûnî min her kat çalakanî bzûtnewey komellayetî û cemawerîy bûne endamî her partêk çi çep û çi rast, bixwazn ya na, be neçarî debêt le berjewendî partekeyan ew gurze le bzûtnewekan bden, çunke çalakî naserbexo [endam û layengirî part û dewllet], serbexoyî ewey nîye, wek her takêkî azad le derewey bazney peyrrewpirrogramî partekey, bîrbkatewe û birryarbdat û xebatbkat!

Peyamî çwarem, “ le rûy tîorîyewe lawazn û komelêk klîşey ramyarîy dellênewe û hendêk çalakî rotîn dûbare dekenewe … Ewane neyantwanîwe huşyarîyekî qull lelay takî kurd be jin û pyawewe drustibken …. ”  Serincgelî lem çeşne hem le rwangey ballabûnî destebjêrîyewe û hem le rwangey ramyarîyewe hellsengandin bo twanay kesekan deken û hem wirdeglîy û rexney rwalletîyn le dyardekan! Wek dezanîn, rexne le rwallet, hîç le krrok nagorrêt, bellku rîformî dekat, wate eger biştwanêt bbête fşarêkî naçarker, ewa le baştirîn barda, desendkaran naçar be gorrînî rwallet (form) dekat. Eger lemaneş bguzerên, ewa komellêk griftî dîke lew wirdeglîyaneda debînîn, ke tîorî wate hoş be bnema dadenêt û nebûnî tîorî be hokarî djexebatyan dezanêt. Emeş bo gîrodeyî û wabesteyî xudî nûser le dûlawe be tîorîyewe degeyênêt, ke lelayek xebat û narrezayetî be berhemî hebûnî tîorîyewe debestêtewe, ke hawkat rêxoşkere bo handere kesîyeke, wate hokarî duwem, ke xoy wek tîorîkar ya tîorîdar debînêt û xoy wek serçaweyek pêşnyardekat!

Herweha rwalletîyane le hokarî kêşecuynewey endamanî part û çalakî rotînaneyan derrwanêt! Ew xoy lewe ladedat, ke hokarekey bo hebûnî xudî part wek pêşrew degerrêtewe, ke endamanî debengdekat û klêşeyyane perwerdeyandekat û rolle mêjûyyekanyan wek tak, ta astî komelêk çalakî rotînî ahengêrran beboney ledaykbûn û mirdnî raber, damezrandinî part û drustkirdnî rêkixrawe benaw cemawerîy û jnîyekan, şerredendûk letek layengran û endamanî partekanî dîke û pagendekirdin le serdemî hellbjardnekanda bo partekanyan û çûne nêw bzûtnewe cemawerîyekan be amancî destemokirdin û sîxurrîkirdin beseryanewe û ..tid. Hokarî gişt emane, serbexonebûnî take, endambûnî take le partekan û paşrrewîy destebjêranda, awejû dîdtinî hawkêşekane, lingawquç seyirkirdin û dananî hawkêşey xebat û têorîye, gerraneweye bo xwa wek serçawey awez çi le şêwey raber û çi le şêwey part û dewlletda !

Katêk ke eme erk û rollî endamanî part [lem babeteda jnan] bêt, îdî çawerêkirdnî ewey bitwanin huşyarî qull lelay takî kurd be jin û pyawewe drustibken‎, çawerrwanîyekî naketwarîye !

Bîst û dûsall lem core karkirdin û gutare katî beserçuwe, ewey hestî pêdekrêt, boşayyeke bo drustkirdnî hoşyaryekî jnane. Dekrê eme weku şepolêk le karu çalakî jnane polênbikrêt û îtir seretay destipêkirdnî şepolêkî tir debînim. Em care be karu tyor û têrrwanînî jnan bo şîkarî û tyorîze kirdnî çewsanewew pledûy xoyan le komellgeda. Dûr le mew’îze û amojgarî  pyawanî naw parte syasyekan. Herboyeş ew fobyayey ke heye beramber be pirsî azadî jin û fêmînîzm û tenanet cênderîş lewewe serçawey girtwe ke, seretayekî taze heye û kulture cyakan karî têdadeken.  “

Pêş hemû şit, hezdekem le nûser biprism, katêkle kurdistan ew tîorîyey, ke ew deykate goçanekey musî, bûnî nebêt û bzûtneweyek ke ew xwazyarîyetî bûnî nebêt, îdî tris (fobya) lelay pyawan çon serhelldedat û çon detwanêt bûnî hebêt? Tris lew satewe drustdebêt, ke namoyek le komellge [bazney kultûrîyda]da peydabûbêt, bo nmûne tirsî takî reysîst le kesanî koçer, lew satewe destipênakat, ke koçerekan le wllatî xoyanda, bo resîstekan namon, bellku lew satewe destipêdekat, ke rû le wllatî reysîstekan denên, betaybet katêk ke xerîke hejmaryan rû le zyadbûn debêt! Leser em bnemaye, sereta û kotayî derbrrînekanî nûser bo yekdî paradoksin !

Min ewey nûser be fobya nawî denêt, be kardanewey dezanim, kardanewe beramber aydyolocyayekî dje-pyaw, emeş ştêkî nahuşyaraney sruştî û asayye, çunke hemû bûnewerêk ke hest bewe bkat, ke rûberrûy djayetî debêtewe, sereta koendamekanî dekewne xoamadekirdin bo bergirî û paşan bîrî lêdekatewe û dje-aydyolocyay bo sazdekat, lem barewe debînîn, ke le beramber jnanî dje-pyawda, dengî pyawanî dje-jin le serhelldandaye û emeş senêrgeyek bo serderhênanî kargî jehrawî çêdekat !

Katêk detwanîn, ewe be fobya nawbinêyn, ew aydyolocyey ke nûser be rizgarkerî jnan nawîdebat, qse le afrandinî zemîney xohuşyarîy yeksanî hemelayeney mrovekan bkat, ew kat detwanrêt kardanewey mrove konepersit û dje yeksanîxwazekan, be fobya nawbibrêt. Bellam katêk ke lelay pyawêkî nahuşyar, le beramber pagendey [huşyarane û nahuşyaraney] djepyawda, tris le hellweşandnewey peywendîye komellayetîyekan û tris le drustibûnî cyayî û hellweşandnewey peywendîye nahawrregezîyekan,drustdebêt, natwanîn be fobya beramber rizgarîy jin nawbibrêt!

Pan-fêmînîzm, le cyatî pagendekirdnî rizgarî hemû takekan le lîtey konepersitîy û demargirîy regezîy, xwazyare kutek le destî pyawan bsênêtewe û bîdate destî jnan, eme ew denge tenkendêşeye, ke pêywaye, eger le komellgeda jnan le cêy pyawan serwerbin wate lecyatî komellgey patiryakî, komellge matiryakî hebêt, ewa serkut û nayeksanî û nadawerî namênêt û tundutîjî beserdeçêt, eme heman denge ke pêywaye, eger le komellgeda lecêy partêkî nasîwnalîst ya ayînî, partêkî komunîst serwerbêt ya lecyatî çînî borcwa, çînî krêkar serwerbêt, îdî kotayî be mêjûy çewsanewe dêt. Eme bedbextîye, eme rwalletgerîye, eme doşdamane leberdem ketwarda, eme qufilldane le bîrkirdnewe ! Çunke tênegeyîştne le hokarî serhelldanî serwerî û payekanî manewe û hêze parêzerekanî ! Le barêkî awada, zor asayye, ke pyawanî nahuşyar û tênegeyîştû le bnema aydyolocîyekanî pan-fêmînîzm, wek sruştîtrîn kardanewey dûr le têrraman û ezmûngîrî, bkewne xo û pêkhatey dij leser heman kêş û serwa bo bergirî le xoyan drustibken û bew kareş bazarî komellêk desellatixwazî dîke gerimbken, herwek çon nasîwnalîzmî kurd le beramber hêrşî nasîwnalîzmî dagîrkerda, dest bo heman aydyolocya debat û bazarî komellêk desellatixwaz gerimdekat, wek ewey emrroke desellatixwazanêk, ke be qostnewey xoşbawerrîy be nasîwnalîzm  û be riştnî xwênî hezaran lawî krêkar û zehmetkêşî nahuşyar, leser textî desellat danîştûn ! Qsekeranî (pan-fêmînîzm)îş bew arasteye û leser bnemay ezmûngîrîy le raburdûy desellatixwazanî pêşxoyan, deyanewêt be desellatbgen !

jnan xoyan lem kêşme kêşeda debêt bzanin qazancî giştî yan le kwêdaye û kam fîkir û kam kamp hellbijêrn. Em şepole tazeye erkêtî tyorîzey hemû layenekanî jyanî jin bkat. We destipêşxer bêt bo drust kirdnî hoşyarî yekî fêmînîstî û sitratîcî xebatêk leberamber bê mafî jnanda.  “

Nûser  le kotayî peyamekeyda qse le “qazancî giştî jnan” dekat, ke be wata û derbirênêkî drusttir dekate “berjewendî giştî” . Aya jnan çînêkî komellayetî ya twêjî çînêkî komellayetîn ya regezêk, ke takekanî endamî çîn û twêje komellayetîyekanin? Le seretay sallî dû hezarda bem arasteye wtarêkim le jmare yekemînekanî (govarî dalyan)da bllawkirdewetewe, leberewe lêreda zor leser em pirsyare nawestim, bellam beboçûnî min, bebê wellamdanewe bem pirsyare, natwanîn qse leser rêgeçarey kotayîhênan be hellawardinî jnan bkeyn, çunke katêk ême nezanîn ewe dyarîbkeyn, ke aya jnan çîn û twêjî komellayetîn ya na, hergîz natwanîn bîr le çonyetî şêwey rêkxistin û şêwazî xebat û mîkanîzmekanî çonyetî berewpêşbirdnî xebatekeyan bkeynewe û naştwanîn radîkallane senger le stemkaran bigrîn !

Eger jnan çînêkî serbexoy nakomellayetî bin, ewkat detwanîn be arastey têrwanînî dje-pyawaney pan-fêmînîstekan bçîn, ke dexwazn le hemû meydanekanî xebatî komellayetîyda jnan be hestewerîyyekî tirsekîyane (fobyane) le pyawan dabbirrin, taweku leser zemînekanî xoşbawerrîy jnanî narrazî bew aydyolocyaye, serwerîy û desellat û pêgey abûrîy bo xoyan msogerbken. Bellam wek debînîn, jin le komellgeda dayke, xuşke, hawsere, nenke, kçe, krêkare, cutyare, mamostaye, fermanbere, bêkare, kemendam û xanenşîne, berêwebere, sermayedare, desellatdare, kewate jin wek takî her yek lew çîn û twêje komellayetîyane, xebatî bo azadî û yeksanî û dadpewerîy le çwarçêwey xebatî komellayetî û cemawerîy ew çîn û twêje komellayetîyaneda û be grêdanewey be xebate sertaserîye dje serwerîyeke bo komellgey azad, meyser debêt, wate jin le rêkixrawî serbexoy xwêndkaranda baştir detwanêt daxwazîyekanî lepênaw yeksanî û rizgarîda komellayetî bkatewe, taweku le derewey ew meydane, çunke be amadebûnî lew meydaneda detwanêt rizgarî jnan û yeksanî jnan û pyawan wek endamî rêkixraweke beser endame pyawekanda bsepênêt û  daxwazîyekan le daxwazî balêkî komellgewe bkate daxwazî komelayetî komellge, bellam be pêçewanewe her rêkixrawbûnêkî regezperistane û her yekgirtêk leser bnemay regezîy, yekgirtin û regezpestîyyekî dîke berhemdehêڼît û debête hoy çollbûn û qellişbirdnî meydanekanî xebatî komellayetî û dwacar têkişkanî xebatî çîn û twêje komellayetîyekan djî serwerîy û serkut û nayeksanî û nadapwerwerîy komellayetî û emeş tenya be qazancî desellatdaran û serwerîy çînayetî tewawdebêt û jnanî azadîxwaz  û narrazî nek hîç qazancêk lew dabrrane naken, bellku gewretrîn bacî bo deden û tenya desteyek le jnan ke fêmînîste desellatixwazekanin wek hawberjewendî pyawanî desellatdar, lêy behremenddebin û wek destebjêrêk le danîştin û korr û sîmînarekanda twanayî xoyan le destemokirdnî bzûtnewey jnan bo desellat nîşandeden û le beramberda desellatîş dekewête sîmbulkirdin û karêzmapêbexşîn û berizkirdnewe û berterîpêdanyan ta astî super-jin. Lem barewe le paş ruxanî rjêmî be’sewe, hemûman bînerî sewda û mamelle û namenardin û ple û desellatixwazîy û mûçey mşexoraney komelêk lew jnane bûyn, ke hemû twanay xoyan xistbuwe pênaw gorrînîy krrokî xebatî rizgarîxwazaney jnan djî serwerîy, be dananî pyaw wek dujmin û hokarî çewsanewey jin.

Le kotayîda hîwadarm xwênerî hêja, betaybet jnanî narrazî û azadîxwaz, xoyan be wellamdanewey em pirsyarewe xerîkbken, bo ewey le pawangerîy serwerêkewe nekewne dawî pawangerîy serwerêkî dîke;

Aya berrastî pyaw wek tak lew xêzan û rêkixraw û part û damudezgeyaneda, ke fêmînîstanî desellatixwaz dexwazn wek birryarder û serkutger nîşanbden, bûnewerêkî serbexo û azade û lew stem û nayeksanî û nadadirweyye kultûrîy û ramyarîy û  abûrîyaney ke jnanyan koyle ragirtuwe, rizgarbuwe?

***********************************

Xwênerî hêja, lem bestereda datwanît nûsînekey xatû (hozan mehmûd) bixwênîtewe :

http://www.hawlati.co/%D9%81%DB%86%D8%A8%DB%8C%D8%A7%DB%8C-%D9%81%DB%8E%D9%85%DB%8C%D9%86%DB%8C%D8%B2%D9%85-%D9%84%D9%87%E2%80%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/

لە پاگەندەی (كۆمونیست)بوونەوە بەرەو (پان- ناسیوناسیونال- فێمینیزم) / بەشی یەكەم

لە پاگەندەی (كۆمونیست)بوونەوە بەرەو (پان- ناسیوناسیونال- فێمینیزم)

بەشی یەكەم

خوێنەری ھێژا، ئەم نووسینەی بەردەستتان، ڕەخنەیەكە لە ئایدیۆلۆجیای فێمینیزمی بۆرجوازی، كە چەند ساڵێكە ژنانێك بەناوی ڕزگاری ژنانەوە، بە شێوازی جۆراوجۆر دەخوازن لەنێو بزووتنەوەی یەكسانی و ڕزگاری ھەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا، بەرجەستە و جێكەوتەی بكەن. ھەرچەندە لە ساڵانی ڕابوردوودا بە وەڵامدانەوەی چەند كەسێك لەو ژنانە و تەنانەت پیاوانێكیش، كە وەك ھەوڵی فریوكاریی یا چاولێگەریی لەو بارەدا قۆڵیانلێھەڵماڵیوە، بۆچوونی خۆمم دەربڕیووە، بەڵام لەبەرئەوەی كە بابەتەكەی خاتوو (ھۆزان مەحموود، فۆبیای فێمینیزم لە كوردستان ) فرەتر دێوجامەكەی تەنكتر و لیتەی ئایدیۆلۆجیاكەی خەستتركردووەتەوە، بەپێویستمزانی، وەك نۆژەنكردنەوەی بۆچوون و ڕەخنەكانی خۆم و خستنەڕووی ئەو گۆڕانە شێنیییانەی كە لە بیركردنەوەی خۆشمدا سەریانھەڵداوە، لەتەك نووسەر و خوێنەراندا بكەومە ئاڵووێری بۆچوون و پێگەییشتنە نوێیەكان.

ژنیکورد ساڵانێکی زۆر دوچاری چه‌سانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی  و جێنده‌ری بوه‌، چوه‌ک کورد چ وه‌ک ژن.

 

ستەمی نەتەوەیی لەسەر خەڵكی كوردستان ستەمێكی ڕەگەزیی نەبووە و ھۆكارەكەشی ڕەگەزپەستیی داگیركەر نەبووە، ھەروا كە لەلایەن سەربازان و دەزگە سەركوتگەرەكانی داگیركەرانەوە، ژنانی كورد تووشی توندوتیژی بوون، ئاواش لەلایەن ھێزە چەكدارە بەرھەڵستكارە بەناو نەتەوەییەكانەوە ژنان دووچاری توندوتیژی بوون، چونكە ھەردوولا چ داگیركەران و چ ھێزە بەرھەڵستارەكان لەسەر یەك بنەما و ئایدیای چینایەتی ھاتوونەتەبوون و بۆ پاراستنی پێگەی چینایەتییان، ھەر ھەوڵدانێك كە ویستبێتی لە بازنەی سەروەرییدا دەربچێت، ئەوا لەلایەن لەتەك توندوتیژی ڕووبەڕووبووەتەوە. ھەر ئاوا كە ڕژێمی بەعسی داگیركەر، ژنانی وەك خاڵی لاوازی بەرھەڵستكاران بەكاردەبرد، ھەرئاواش ھێزە بەرھەڵستكارەكان ژنانیان وەك نامووس و شەرەفی پیاو و نەتەوە ھەژماردەكرد.

 

بەڵام ئەگەر بەویژدانەوە و دوور لە كەفوكوڵی ڕەگەزپەرستییەوە بەراوردی ستەم و توندوتیژی لە ژنان و پیاوان لە سایەی داگیركەردا بكەین، ئەوا پیاوان گەورەترین قوربانی بوون و گەورەترین توندوتیژییان بەرامبەركراوە، ئەمەش بەدڵنیاییەوە لەبەر بوونە ڕەگەزیەكەیان (نیرینەبوونیان) نەبووە، بەڵكو لەبەر بەشداری و چالاكی و ئامادەیی خەباتكارانەیان بووە. ھەڵبەتە ژنانیش بەو ڕادەی كە بەشداربووبن، بەھەمان شێوە تووشی توندوتیژی و ئەتك و فشار و ئەشكەنجەی سێكسی بوونەتەوە، بەڵام پیاوانیش لەوە بێبەش نەبوون و كەم نین ئەو پێشمەرگە و زیندانیانەی كە بەھۆی ئەتك و ئەشكەنجە و فشارەوە، توانای سێكسییان لەدەستداوە یا تووشی نەخۆسی دەروونیی بوون.

 

بێجگە لەوە، ئەوەی كە ژنانی فێمینیستی دەسەڵاتخواز و پیاوانی دیوانەكانی دەسەڵات نایانەوێت، قسەی لەسەر بكەن، ڕیشەی كولتووریی و ئابووریی و ڕامیاریی ستەم و توندوتیژییە چ بەرامبەر ژنان و چ بەرامبەر پیاوان. ستەمی ڕەگەزیی؛ چ لە ژنان بە پلەی یەكەم و چ لە پیاوانی ھاوڕەگەزباز (ھۆمۆسێكسوێل) بە پلەی دووەم و چ لە پیاوان بەگشتی بە پلەی سێیەم، بەشێكی جیانەكراوەیە لە كولتووری خیڵەكی و باشترین  بەڵگەش بەبێ ئەوەی بچینە پای توێژینەوەی بنەما ئابووریی و پێكھاتەییەكانی خیڵ و دابەشكردنی دەسەڵات یا چۆنییەتی دەسەڵاتداریی و بەرێوەبەرایەتی خێڵ، ئەوا بەراوردێكی زۆر خێرا و گوزەریی لەنێوان ناوچە خێلەكییەكانی كوردستان و ناوچە ناخێڵەكییەكانی كوردستان، واتە ئەو ناوچانەی خیڵیان ھەیە و ئەوانەی كە خێڵیان نییە، بدەین، ئەوا بە ئاسانی ئاست و ڕادەی ڕەنگدانەوەی تاكایەتی و سەربەستی تاك لە كولتووری ھەردوو ناوچەكەدا دەبینین و ئامارەكانی كوشتنی ژنان چ پێش ڕاپەڕین و چ پاش ڕاپەڕین، ئەوە نیشاندەدەن و ھیچ پێیوست بە بەدواداچوون ناكات، ھەڵبەتە شتێك كە نابێت، فەرامۆشی بكەین، كارایی دیاردەی چەكداركردنی خەڵكی گوندە ڕاگوازراوەكان و دووبەرەكی پارتەكان و جەنگی نێوخۆیی و ھاندانی پارتە بەرھەڵستكارەكان بۆ چەكھەڵگرتنی سەرۆكخێڵەكان و نۆژەنكردنەوەی خێڵایەتییە لە شێوەی “ئەفواج خەفیفە و سەقیلە”دا، كە پایەگا و لەشكرگەكان، جێگەی گوندە خێڵەكییە ڕاگوازراەكانیان گرتبووەوە، لەسەر تاودانی ستەم لە ژنان، كارایی زۆر ھەبوو.

 

له‌لایه‌ک ده‌بێته‌ هۆی لێ سە‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات لێی، وه‌کو به‌ شێک، له‌گروپێک ،له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی فاشیستی وه‌کو عێراقدا.

 

بە بۆچوونی من، ئەوەی كە نووسەر لەم دێڕانەدا بەدوایەوەیە، ئامانجێكی زۆر دوورە لە پرسی ڕەگەزیی و ستەم لە ژنان، چونكە دەوڵەت لە ھیچ سەردەمێكدا نەتەوەیی نەبووە و ناشبێت، لەبەرئەوەی كە خودی نەتەوە بریتی نییە لە پێكھاتەیەكی پێكھاتوو لە كۆمەڵێك ئەندامی ھاوبەرژەوەند و  ھاوخەون، ئیدی دەوڵەت چۆن دەتوانێت نوێنەری چون یەكی گشت ئەندامانی وەھا پێكھاتەیەك بێت؟

 

لەو دەربڕینەی سەرەوەدا نووسەر بیەوێت یا نەیەوێت، خەریكە ئاو بە ئاشی دەسەڵاتی بۆرجوازی كورددا دەكات و  دەیھەوێت بە وێناكردنی وەھا بوونێك “دەوڵەتی نەتەوەیی”، پەیامێكی لەم جۆرە بەگوێی تاكی ستەملێكراوی كورددا بدات، كە ” ئەوە نەتەوەی عەرەبە، كە ستەمی لە تۆ كردووە و  پێویستە تۆش لە پشت دەسەڵاتی نەتەوەیی خۆت [بۆرجوازی كورد]ە بوەستیت و سەنگەر لە نەتەوەی بەرامبەر بگریت”!

 

پاشان، فاشیستبوون، دیاردەیەكی دیاریكراوی جۆرێك لە دەوڵەت نییە، بەڵكو كڕۆكی دەوڵەت پێكدەھێنیت، ئیدی ئەو دەوڵەتە بەناو نەتەوەیی بێت یا بەناو نیشتمانی، پاشایەتی بێت یا پارلەمانی، تاكپارتی بێت یا سەربازیی، ھەر كات، چین و توێژە ژێردەستەكانی ڕاپەڕین، ئەوا وەك دەوڵەتەكەی مۆسۆلۆنی و ھیتلەر و فرانكۆ، دێوجامە نەتەوەیی و نیشتمانییەكەی دادەدڕێت و لە پارلەمانەوە بڕیارە فاشیستییەكان پەخشاندەكات!

 

نووسەر دەیھەوێت، ئەو ڕاستییە ئاوەژووبكاتەوە، كە ژنانی كورد پێش ئەوەی دەسەڵاتی داگیركەر دەسەڵاتیان لێبسێنێتەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی خێڵەوە وەك كۆیلە ڕاگیراون و خاوەنی دەسەڵات نەبوون، چونكە كوردستان پێش داگیركردن، كۆمەڵگەیەكی ناچینایەتی نەبووە، تاوەكو ژن وەك تاك و وەك بەشێك لە كۆمەڵگە، خاوەنی دەسەڵات بووبێت. ئەگەر ناسیونالیزمی عەرەب وەك ڕژێم و وەك داگیركەر، شانازییە شوناسییەكانی لە شانازیی خێڵایەتییەوە وەرگرتبێت، ئەوا ناسیونالیزمی كورد چ وەك سروشت و چ وەك لاساییكردنەوە لە بەرپەرچدانەوەدا، ھەمان پێكھاتەی ھەبووە و ھەیەتی. ئەو سروشتە خێڵەكییەی ڕژێمی داگیركەر و بزاڤی بەرھەڵستكاریی چەكداری، بۆ سروشت و ڕەچەڵەكی ناسیونالیزم دەگەڕێتەوە، كە بێجگە لە ھەوڵی گەورەكردنەوەی قەوارەی خیڵ لە نەتەوەدا ھیچی دیكە نییە و نەبووە.

 

هه‌روه‌ها دووچاری جۆرێکی تریشله‌چه‌وسانه‌وه‌ بوه‌و هه‌یه‌. ئه‌ویش (نه‌بوونی شانازیە به‌خودی خۆی)

 

نەبوونی شانازی ڕەگەزیی بۆ ستەم و نەبوونی دەسەڵات ناگەریتەوە و خودی ڕەگەزپەستی شایانی شانازیی نییە، تاوەكو بەشێك یا بنەمایەك بێت بۆ ئازادی و ڕزگاربوون. نەبوونی شانازی، چەوسانەوە نییە، تا لە دەرەوەی خودەوە بەسەر تاكدا بسەپێنرێت، بەڵكو پەیوەندی بە ڕادەی خۆھوشیاری و ئامادەیی دەروونی خودی تاكەوە بۆ ئازادی و ڕزگاربوون، ھەیە.  كاتێك كە ژن ئامادەیی كۆیلەبوونی لەوە زیاتربێت، كە دەسەڵات و پیاوی پاوانگەر دەیخوازێت، ئیدی شانازییەكان وەك ڕەنگدانەوەی دەركی ئازادی، دەگۆڕدرێن و شانازی بە سەربەخۆیی خود و ھەبوونی توانانی ھزرین و فیلۆسۆفی ژیان، شانازیكردن بە پێگەی توانانی ئابووریی خاوەنەكەی و بڕی خشڵ و زیڕ و پانوپڕۆی ئۆتۆمەبێلەكەی و مۆدیلگەرایی، جێگەی دەگرێتەوە.

 

ڕاستە ئەمە پەیوەندی بە كۆی پەیوەندییە كولتوورییەكان و بۆڕەخسانە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانەوە ھەیە، بەڵام بێجگە لە نادەربەستی خودی تاكی كۆیلە [لەم بابەتەدا ژن] ھیچ شتێك نەبووتە ڕێگر لەوەی كە ژنانێك بوار و سەربەستی خوێندن و كاركردن و چوونەدەریان ھەیە، لەجیاتی دەبەنگبوون لە كولتووری بەكاربەرییدا، لەجیاتی ساخكردنەوەی مۆدێلە بێئەژمارەكان، خۆیان بە خۆڕۆشنبیركردنەوە خەریكبكەن و لەو رێگەوە شانازییە كەسییەكانیان ڕۆبنێن و سەربەخۆییەكی ھزریی و فیلۆسۆفی بەدەستبھێنن.

 

ھەڵبەتە من مەبەستم شانازی تاكەكەسە بە سەربەخۆبوون و ئەندێشمەندی و كاراكتەری بڕوابەخۆبوو، نەك شانازی ڕەگەزیی، چونكە شانازیی ڕەگەزیی شەرمەزارییە بۆ تاكی ئازادیخواز و ژنانێك، كە شەیدای ئازادی و ڕزگاربوونن، یەكەم ھەنگاو،ھەر ئاوا كە پێویستە بە ھەموو بوونێكیانەوە دژایەتی شانازی ڕەگەزیی نێرینە بكەن، پێویستە ئەو شانازییە ڕەگەزییەی كە فێمینیستە دەسەڵاتخوازەكان خەریكن لە بیری ژنانی ناڕازیدا دەیچێنن، فرێدەنە تەنەكەی زبڵەكەیانەوە، چونكە مرۆڤی ئازادیخواز پێویستی بە شانازی ڕەگەزیی، نەژادیی، نەتەوەیی، ئایینی، ئایدیۆلۆجی و دەستەبژێریی و سەروەرانە نییە و تا كاتێك ئەو شانازییانەی ژێرپێ نەخستبێت، ئەوا ئازادییەكەی لە خەیاڵەوە نابێتە تان و پۆی كەتواری ژیانی.

 

شانازیی ڕەگەزیی بەژنبوون یا بە پیاوبوونەوە، وەك بوونێكی كولتووری، شانازی بە كۆیلەبوونەوە دروستدەكات، ھەروەك چۆن لەژێر كارایی پاگەندە و بیركردنەوەی پارتە كۆمونیستەكاندا شانازی بە كرێكاربوونەوە تا ئێستاش بووەتە ھۆی كۆیلە مانەوەی كرێكاران لەنێو جاڵجڵۆكەی ئایدیۆلۆجیاكاندا، ھەروا ژنبوون و پیابوونیش لە چەمكە كولتووریی و ڕامیارییەكەیاندا، تەنیا شوناسی كۆیلەبوونن لە چوارچێوەی سیستەمی كولتووری و ڕامیارییدا، لەبەرئەوە نەك ناتوانرێت مایەی شانازی بن، بەڵكو پێویستە تاكی ئازادیخواز وەك نەنگییەك وەریانبگرێت!

له‌ماوه‌یده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیدا،

 

دەسەڵاتی خۆماڵی چییە؟ خوێنەری ھێژا، ھیچ مەبەستم گاڵتەپێكردن و لاقرتێكردن نییە، بەڵام من ڕۆن و برنجی خۆماڵێم بیستوون، بەڵام دەسەڵاتی خۆماڵێم نەبیستووە ! ئەوە لە كەیەوە دەسەڵاتی بۆرجوازی و پیاوسالارانەی ھەرێمی كوردستان، بووە بە دەسەڵاتی خۆماڵی ژنانی ستەمدیدە و كۆمونیستەكان ؟

 

ھەڵبەتە من دەزانم لەكەیەوە ئەم پووچوێژییە لەنێو خۆبەكۆمونیستزانەكاندا سەریھەڵداوە و سەرچاوەكەی بۆ كامە گۆمی لیخن و لیڵ دەگەرێتەوە، لێرەدا خۆم لەو باسە لادەدەم و ئەگەر پێویستیكرد، لە داھاتوودا پەردە لەسەر ئەم  بۆچوونە شەرمنۆكانەیە لادەدەم، كە ناوێرێت بە ئاشكرا كراسە سوورە دێوجامەیەكەی فڕێبدات و ئاڵای دەسەڵاتە خۆماڵییەكە بە شانیدا بدات !

 

ئەمە كڕۆكی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز (بۆرجوازییە)، ئەگەر مەبەستم لەم ڕەخناندنە، فرەتر ڕاكێشانی ژنانی ناڕازی نەبووایە بۆ وردبوونەوە لە كۆدی پەیام و پشتپەردەی دەستەواژە پێچراوەكانی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز، كە چەند ساڵێكە دەسەڵاتداران و پارتە ڕامیارەكان ئاو بە ئاشیدا دەكەن، ئەوا ئەوەندە بەس بوو بنووسم “فێمینیزمی بۆرجوازی بەبێ توانج !” .

 

ئه‌وهه‌وڵانه‌ی تا ئێستا بوون له‌ کوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاریژنان، ناکرێ به‌ ئاسانی له‌ چوارچێوه‌ی فێمینیزمدا پۆلێنی بکه‌ین. هۆکاره‌کانی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆنه‌بونی ژنان وهاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی ڕێکخراوی ژنان له‌منداڵدانی  پارتە سیاسیەکان، که‌خۆیانله‌ بنه‌ڕه‌تدا کڵه‌بێکی( یانە) پیاوانه بوون.

بەداخەوە كات و گرفتاری ڕۆژگار بوارنادات، ئەگیا لێرەدا قسەیەكیشم لە وێرانی زمانی نووسەر دەكرد، تكادەكەم، بۆ خاتری ئەھریمەن، ئەم ڕستەیەت “ ئه‌وهه‌وڵانه‌ی تا ئێستا بوون له‌ کوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاریژنان، ” لە كام زمانی نا(ھیند و ئەوروپیەوە) وەرگێڕاوە، كامە ژنی بەدبەخت، كە بەو شێوە قسان دەكات؟

دەكرێت بزانین فێمینیزم چییە و لە كامە پێناسەدا جێگەی دەبێتەوە و دەربڕی خەون و ئاواتی كامە توێژ لە ژنانی كۆمەڵە و ئەو سەربەخۆبوون و ئازادییەی كە پاگەندەی دەكات، لە كوێدا سنوورەكانی دەستپێدەكەن و لە كوێدا كۆتاییاندێت، چ بەستەرگەلێك بە بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەوە دەیبەستنەوە و داخوازییە ھاوبەش و ناكۆكەكانی لەتەك بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكانی دیكەدا، كە ژنان وەك بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی تیایاندا ھاوشانی پیاوان، توێژێكیان تێدا پێكدەھێنن، چین؟

ئایا ئەم (پان-فێمینیزم)ە ڕەوتێكی تازەیە و نووسەر داھێنەریەتی یا دێوجامەیەكی دیكەیە لە جۆری دێوجامەكانی دیكەی وەك “ھاونەتەوە” و  “ھاونیشتمانی” و “ھاووڵاتی” و “ھاوشاری” ؟

ئایا ئەم فێمیزمە گوتارێكی پێیە، كە قسەگەرانی یەكسانی ھەمەلایەنەی ژن و پیاو دەركیاننەكردبێت؟ ئایا توانای تێپەڕبوون و برینی سنوورەكانی پێكھاتەی قووچكەیی (ھیرارشیانەی) ڕێكخستنی ڕامیارییانەی كۆمەڵگەی ھەیە؟ ئایا بەتەمایە بەرامبەر دەسەڵاتی كولتووریی، كە ھەمان دەستی شاراوەی دەسەڵاتی ڕامیارییە، ئاڵای جەنگی ڕزگاریی بەشانیدا بدات ؟

لەبەرئەوەی كە نووسەر ھەر لە سەرەتاوە، ئاڵای دەسەڵاتخوازیی بەرزكردووەتەوە، ھیچ كات نایەوێت بە ڕەوتی مێژوویی پێكھاتە سەروەرییەكاندا بچێتە خوار و لە ڕەگەوە ستەم لەنێوبەرێت، بۆیە زۆر ڕواڵەتییانە، گرفتی ناكارایی ڕێكخراوەكانی ژنان لە وابەستەیی پارتەكاندا دەستنیشاندەكات. بەڵام ئەمە بۆ دێوجامەیی فێمینیزمەكەی نووسەر دەگەرێتەوە، كە ھیچ كات نایەوێت ڕەگی ستەم لە ژنان بخاتەڕوو، كە دەسەڵاتی كولتووریی و ڕامیارییین و ئامانجەكەشیان، مسۆگەركردنی بەرتەریی ئابووریی و سەروەریی كەمینەی مشەخۆرە بەسەر زۆرینەی ڕەنجدەردا.

ئایا ڕێكخراوگەلێك كە نووسەر، دەیەوێت بیانكاتە ئەڵتەرناتیڤی ڕێكخراوەكانی ئێستا، لە ڕووی پێكھاتنی ڕێكخستن و شێوازی كاركردن و چۆنیەتی دابەشكردنی كار و چالاكی و بوار و مافی ئەندامان لە بڕیاردانەوە چ جیاوازییەكیان لەتەك ڕێكخراوەكانی ئیستادا ھەیە؟ ئایا ڕێكخراوەكانی نووسەر ئۆتۆریتەی ڕابەر و سكرتێر و ھەوڵی پاوانگەرانەی كەسانی دەسەڵاتخواز، ڕەتدەكەنەوە؟ ئەگەر نا، چۆن دەتوانن، كۆپیكردنەوەی یانە “كڵەب”ەكانی دەستەمۆكردنەوەی تاكی ناڕازی و ڕۆنانی دەسەڵاتی دەستەبژێر بەسەر ئەندامانی خوارەوەدا نەبن؟

بەبۆچوونی من، گرفتەكە لە بوونی ڕێكخستنی قوچكەیی (باڵا و پایین)، خەباتی ناڕاستەوخۆ یا جێبەجێكاریی فەرمانی دەستەبژێر، نایەكسانی ئەندامان لە بڕیاردان و جێبەجێكردن و بەرپرسیارییەتیدایە، لە تێڕوانین بۆ ئازادی تاك و چۆنیەتی ڕزگاری تاكدایە، لە بوونی زمینە و ئایدیا و ئامانج و شێواز و  كاركردنی ئەو ڕێكخراوانەدایە، كە ھیچ جیاوازییەكیان لەتەك پێكھاتە و شێوەی خێزان، فێرگە، كارگە، مزگەوت، پارت، دەوڵەتدا نییە، چ ئەو ڕێكخراوانەی كە تا ھەنووكە بوون و ھەن، چ ئەو ڕێكخراوانەی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بۆ داھاتوو مژدەیاندەبەخشێتەوە !

ھەڵبەتە نەوتراو نەمێنێتەوە، پێویستە ژنانی ناڕازی و ئازادیخواز، دڵخۆشبن بەوەی كە ئەگەر لەو یانە پیاوانانەدا، ژنان جێگەیان نەبووبێتەوە، چونكە ئەركی پیاوانی ئازادیخوازیش ئەوەیە، كە پیاوانی خۆشباوەڕ و دەستەمۆكراو لەو یانانە (پارتانە)دا دەربكێشن. بەڵام پیاوانەبوونی ئەو پارتانە، بەو ئاراستە و جۆرە نییە، كە فێمینیزمی دەسەڵاتخواز دەیھەوێت، وێنای بكات. نەخێر لەو پارتانەدا پیاوانیش وەك ژنان ژێردەستە و دەستەمۆن، ڕێك بەپێچەوانەوە، كە ھاوبیرانی نووسەر دەیانەوێت لە بەرامبەر دەبەنگبوونی پیاوانی پارتدا، لەشكرێك ژنی دەبەنگراو لە پارتی دیكەدا پەروەردەبكەن، چونكە فێمینیزمی بۆرجوازی، یەكسانی مرۆڤەكان و بەدیاریكراوی ژن و پیاو، بە ھەبوونی ھەمان ماف بۆ ژنان، كە پیاوانی كۆیلە ھەیانن، واتە پۆلیسبوون، سەربازبوون، سیخوڕبوون، ئەشكەنجەدەربوون، بەڕێوەبەربوون، سەركردەبوون، سەرۆككۆماربوون، چەنەبازبوونی ڕامیارانە، مشەخۆڕبوون؛ بەواتایەكی دیكە، دارابوونی ھەموو مافێكی نەرێنیی نێرینەی ژێردەستە، یەكسان و وێنادەكات!

بێجگە لەمەش، ڕەخنەگرتن لە ھەر بیركردنەوە و پێكھاتەیەك چ خێزان بێت یا پارت و ڕێكخراوی پیشەیی و جەماوەریی و لە ھەر كولتوورێك، بەبێ ڕەخنەگرتن لە ڕۆڵ و ڕابوردووی خۆمان لەناویاندا، ناكرێت بەھەند وەربگیردرێت، ئاخر ڕابوردوو واتە چالاكی و ڕۆڵی كۆمەڵە كەسێك و لە دەرەوەی ڕۆڵی كۆمەڵەكەسەكان، مێژوو بوونی نییە و ھیچ رێكخراوێك ناتوانێت بوونی ھەبێت! ئایا دەكرێت نووسەر ھەر ئاوا وەك ئەوەی لە دەرەوەی ئەو مێژووەوە ھاتبێت، دوو ھێڵی چەپ و ڕاست بەسەر ڕێكخراوانەدا بھێنێت، بەبێ ئەوەی پێداچوونەوەی مێژووی ڕۆڵ و كاركرد و ئەندامبوونی خۆی لەو پێكھاتانەدا لە ساڵی ١٩٩٣تا مانگكێك لەمەربەر، بكات و  بیداتە بەر ڕەخنە و  لەوێوە وەك ئەزموونگیریی كەسیی خۆی لەتەك ژنانی كەم ئەزمووندا بەشی بكات و  بیكاتە كۆمەكێك لە پێگەیینی كردەیی و ڕوانگەیی و ژنان لەوە بیانگێڕێتەوە، كە وەك خودی نووسەر، زیاتر لە دوو دەھە تەمەنیان لەو یانانەدا بەسەر نەبەن، كە پاشكۆی پارتەكان یا دەسەڵاتن !

سه‌رتاپایپه‌یڕه‌وو پڕۆگرامی ئه‌م حیزبانه‌ له‌لایه‌ن پیاوه‌وه‌ دانراوه‌. که‌واته‌ژنی کورد به‌هێزنه‌کراوه‌ وڕێگه‌نه‌دراوه‌ له‌ سه‌ر ماف وئازادی یه‌کانیخۆی، ته‌نانه‌ت له‌ حیزبه‌کانیشدا قسه‌ی خۆی هه‌بێت.

 

ئەوەی كە یەكسانی ژمارەی ژنە-پارلەمانتاران و ڕێژەی داڕێژەرانی پەیڕەوپرۆگرامێك، بە مەرجی بوونی یەكسانی بزانرێت، یەكێكە لە سەرەكیترین و گەورەترین گرفتەكانی تێگەیشتنی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بۆ ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆیی تاك. ئەگەر بەو پێوەرەبێت، ئەوا ھەموو پارتەكان لە خزمەتی كرێكاران و  ھەموو سەندیكا زەردەكان پێشەنگی قسەكەرانی سۆشیالیزم دەبن و ھەموو ژنكوشتنەكان كاری ژنان دەبن! چونكە ئەوەندەی ژنان [دایك، خوشك، ئامۆژن، خاڵۆژن، براژن] پیاوان بۆ پیاوەتی و بۆ زاڵبوون بەسەر  ھاوسەرەكانیانیدا ھانیدەدەن، ئەوەندە خودی نێرینەكانی خێزان و بنەماڵە بەو كارە ھەڵناستن، باشترین بەڵگەش ناكۆكی نێوان خەس و بووك و دش و براژنە.

 

ئایا ھێشتا بوونی ژمارەی زۆری كرێكاران لە پارتێكدا یا لە سەندیكایەكی زەرددا یا بوونی ھەژماری زۆری كرێكاران لە پارلەماندا وەك نوێنەر، دەكاتە ئەوەی كە پارتەكان و سەندیكا زەردەكان و پارلەمانەكان لە خزمەتی كرێكاراندان؟! ئایا ئەمە وایە؟ ئەدی چۆن دەتوانین ناسەربەخۆبوونی ڕێكخراوەكانی ژنان تەنیا بۆ ئامادەنەبوونی ژنان لە نووسینەوەی پەیڕەووپرۆگرامدا یا لە سەركردایەتی پارت و رێكخراوەكاندا ببینین؟ ئایا ژنبوونی ژنەشای بریتانی، سەرۆكشالیاریی (ئەنجێلا میركل)ی ئاڵمانیا یا بەێوەبەربوون و سەرمایەداربوونی ژنانێك، دەكاتە ئەوەی كە لە بریتانیا و ئەڵمانیا ژنان بە تەواوەتی یەكسان و ئازادن؟ ئایا لەو كۆمپانیا و كارخانانەدا كە خاوەنەكانیان ژنانی ملیاردلێر و ملیۆنێرن، ژنان یەكسان و ئازادن؟ تكادەكەم بە دواداچون بكەن، بزانن لە بریتانیا و ئاڵمانیا وەك تۆپ-دێمۆكراتی پارەلەمانی، ژنان ھەمان مووچەی یەكسان بۆ ھەمان كاری یەكسانی وردەگرن؟ بزانن لەو كۆمپانیا و كارخانانەدا كە ژنان خاوەنیانن، ژنان ھەمان ماف و مووچەی یەكسانیان ھەیە؟ ئایا لەو فێرگە و فەرمانگە و كارگێڕییانەدا كە ژنان سەرۆك و بەرێوەبەرن، ژنان لەلایەن بەڕێوەبەر و سەرۆكەكانەوە باشتر و مرۆڤدۆستانەتر ، ڕەفتاریان لەتەكدا دەكرێت؟

 

بە بۆچوونی من، گرفتەكە بۆ نەبوونی خوێندنەوە و لێكۆڵینەوەی مێژوویی و سەرنجنەدانی ڕەگە سەرەكییەكانی ستەم لە ژان، دەگەرێتەوە، كە وەك ھەر ستەمێكی دیكە بۆ سەروەریی سیستەمی كولتووریی و ھەبوونی سیستەمی ڕامیاریی دەگەرێتەوە، كە تەنیا سەنگەر و ڕێگەچارەی بەرەنگابوونەوەی ستەمی كولتووریی و سیستماتیكی ڕامیاریی، یەكگرتووی خەباتی كۆمەڵایەتییە، خەباتێك كە ئامانجی ھەڵوەشاندنەوەی پێكھاتە قوچكەیی و سیستەمە ڕامیارییەكانە، كە بە لەنێوبردنی زەمینە كولتووریی و كۆمەڵایەتیی و ئابوورییەكانی مەیسەردەبێت، واتە شۆڕشی كۆمەڵایەتی. بەڵام تكادەكەم، ئەم بۆچوونە لەبەردەم ئاوێنەی بالانوێنی ئاراستە ڕامیاریی و سۆشیالیزمە دەسەڵاتخوازەكاندا لێكمەدەنەوە، چونكە بە سەرەنجامێكی تەواو ئاوەژوو لە مەبەستەكەی من دەگەن.

 

من نامەوێت، بڵێم، دەبێت ژنان، نەتەوەكان، كەمینە و چین و توێژە ژێردستەكان، تا لەنێوچوونی كۆمەڵگەی چینایەتی؛ تا سەركەوتنی یەكجارەكی شۆڕشی كۆمەڵایەتی بوەستن و چاوەڕێی “بەڵێنی سەرخەرمان” بن. نا و نەخێر و زۆر بە پێچەوانەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی لە تێڕوانینی مندا شۆڕش كردە و چالاكییەكی ھەر ڕۆژەی بەردەوامە و سەنگەرەكانی تەنیا خەباتی سەربەخۆی جەماوەریین، بەدەسەڵاتگەییشتنی پارت و قوتكردنەوەی  دەوڵەتێك بەناوی نەتەوە و پڕۆلیتاریا و …تد بە شۆڕش نازانم و زیاتر لەوەش بە دژەشۆرشی دەزانم، كەواتە خەبات و دەستكەوت و ڕزگاری و كولتوورییكردنەوەی ئازادی و ڕزگاری و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، ھەر ئەمڕۆ و ھەر لە شوێنی ژیان و كار و فەرمان و خوێندنی خۆماندا و بە دەستپێشخەریی خودی تاك لە خەباتێكی ڕاستەوخۆ و ڕێكخستنێكی سەربەخۆ و خۆھوشیارییەكی شۆڕشگیرانەدا، تەواو پێچەوانەی بیركردنەوە و بۆچوون و تێڕامان و ئامانجی پارتەكان و ڕامیاران و دەسەڵاتداران و دەستەبژێران و دەسەڵاتخوازانەوە، كە ھەردەم لە ھەوڵی دەستەمۆكردنەوەی تاكی ناڕازین بۆ سەروەریی و بەرتەریی خۆیان وەك ڕابەر، دەستەبژێر، ھۆشی سەرووخەڵكی، سۆپەرمرۆڤ! ئەمە ئەو ئامانجەیە، كە فێمینیستانی بۆرجوازی ھەوڵی بۆدەدەن، واتە جێگرتنەوەی پیاوانی دەسەڵاتدار، بە ژنانی دەسەڵاتدار، پیاوانی سەركوتگەر، بە ژنانی سەركوتگەر، …تد.

 

 

هۆشیاری یه‌کی فێمینیستی لای تاکیکورد به‌ ژن و پیاوه‌وه‌ دروست بکرێ.

 

من تێناگەم، نووسەری ئەم دەستەواژانە، چەندە خۆی لە دەربڕینەكان و بۆچوونەكانی خۆی تێدەگات و چەندە بەخۆی لە پارادۆكسی بۆچوونەكانیدا سەردەردەكات؟

كاتێك، كە فێمینیزم، گەڕانەوە بێت بۆ سەر ڕەگەزی مێیینە و دروستكردنی شانازیكردن بە مێینەبوونەوە، ئەگەر ئەو وێنا دژە-ژنییەی پیاو، كە نووسەر و ھاوبۆچوونەكانی بۆ پیاو بەگشتی و پیاوی كورد بەتایبەتی دروستی دەكەن، دروستبێت، ئیدی چۆن دەكرێت، ھوشیاریی فێمینیستی لەلای پیاوان دروستبكرێت ؟!

 

ئەگەر نووسەر بینووسایە ھوشیاریی سەربەخۆیی (ئۆتۆنۆمی) تاك یا ھوشیاریی ناڕەگەزیی یا یونیسێكسی، ئەوا من ناچار بە ئاراستەكردنی ئەم پرسیارانە نەدەبووم، بۆیە حەزدەكەم بزانم، لە ڕوانگەی نووسەرەوە “ھوشیاریی فێمینیستی” چییە و چ ئامانجێك بە دوای خۆیدا دەھێنیت؟ كامە ئاراستەی فێمینیستی؟ تا چەندێك نووسەر دەتوانێت لەژێر خێوەتی (پان-فێمینیزم)ەكەیدا؛ فێمینیزمی ئیسلامی كە ژن وەك “جوانكاریی و دیارییەكی خودا و زەمینەێك بۆ كێلان و كەرستەیەك بۆ دامركاندنەوەی ھەوەسی پیاو و دەزگەیەك بۆ خستنەوەی وەچە” بۆ پیاو ڕەتناكاتەوە لەتەك فێمینیزمی ئەناركیدا كە ھەموو دەسەڵاتێكی سەرووتاك ڕەتدەكاتەوە و ھەموو سەروەرییەك چ سەروەری خوا، چ ھی باوك و ھاوسەر، چ ھی ڕابەر و پارت، چ ھی پارلەمان و دەوڵەت، ڕەتدەكاتەوە، پێكەوە لەسەر خوانی ڕەگەزپەرستیی دابنێت و دەیانكاتە تەواوگەری یەكدی؟

 

به‌ڵام گرنگه‌ ئێمه‌ ته‌رجومه‌ی ئه‌وباس ودیباته‌ فیکریانه‌ی که‌هه‌یه‌ له‌ئاستێکی نێونه‌ته‌وه‌یدا، له‌کۆنتێکستی خۆماندا بگونجێنین وگرێکان بکه‌ینه‌وه‌…

 

یەكێكی دیكە لە گرفتە سەرەكییەكانی فێمینیزمی بۆرجوازی، ئەوەیە، وەك ھەر ھزر و بۆچوون و تیڕوانین و پێكھاتەیەكی سەرووخەڵكی، چارەسەرەكان بۆ وردكردنەوە و لێكدانەوەی ھۆشە باڵاكان و ھۆش بۆ پێش ماددە، دەگێڕیتەوە و ژنانی ئازادیخواز وابەستەی تێڕوانێك دەكات، كە بووەتە مۆدێڵ و نووسەر دەیھەوێت وەك دیاری بیھێنێت و خۆی بەھۆی شارەزایی زمانی سەرچاوەكانی ئەو ئایدیۆلۆجیایەوە، ببێتە پەیامبەری!

 

ئاخر، ئەگەر فێمینیزم، ھوشیاریی ڕزگاریخوازییە و بەرەنجامی ئەزموونگیری خەبات و پێگەییشتنی تێكۆشەرانی ئەو پێناوەیە، ئیدی چ پێویستییەك بە وەرگێڕانی دەكات، بۆ لە بوونە كۆمەڵایەتییەكەی خەباتی ڕزگاریخوازانە و یەكسانیخوازانەی ژنانی كوردستان خۆیاندا بۆی ناگەرێن، بۆچ پێویستی بە ھاوردن و سپاردنی وەستایی موتۆربەكردنی بە كەسانێكی دیكە دەسپێرن؟

 

ئەگەر ستەم لە ژنان لە كۆمەڵگەیەكدا، بوونێكی ماددی و كەتواریی ھەبێت، ئەوا بنەما ھزرییەكانی و فیلۆسۆفی و شێوازەكانی خەباتی لە كەتوارە ماددییەكەیدا سەرھەڵدەدەن و ھیچ پێویستیان بە قەرزكردن و موتوربەكردن نییە! بەڵام لەبەرئەوەی كە نووسەر بەخۆی دوو دەھەیە، ھەڵگری ئەو ھزریەیە، كە سۆشیالیزم داھێنراوی كەسانێكی دیاریكراوە و كاری تیئۆریی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی و یەكسانیخوازییدا كاری ھەموو تاكە بەركەوتووەكانی سەركوت و نایەكسانی نییە و ئەوە تەنیا ڕابەرانن، كە توانانی بیركردنەوە و تێگەییشتنیان لە ھۆكاری ستەم و چۆنیەتی خەبات و شێوازی بەرەنگارییان ھەیە و ئەوانی دیكە، پێویستە وەك كۆیلەكانی بەردەم كلیسا و دەوڵەت، ڕێنوێنییەكانی سەرەوە ئەنجامبدەن، بۆیە لە دەرەوەی بزووتنەوەی ژنانی كۆمەڵگەی كوردستان، بۆ سەرخەتەكانی فێمینزیمەكەی دەگەڕێت.

 

ھەنگاوی یەكەم، ئەمە پەیامێكە بۆ ژنان كە دەڵێت “ئێوەی ژنانی ژێردەستە، بەخۆتان توانای بیركردنەوە و ھوشیاربوونەوە و  تیئۆریزەی ئەزموونەكان و خۆڕزگاركردنتان نییە، لەبەرئەوە پێویستان بە پەیامبەرانێكی وەك من ھەیە، كە دەستم بە سەرچاوەی ئایەتە پیرۆزەكانی فێمینیزم دەگات”! بەڵێ ئەمە ئەو گاڵتەجارییەیە، كە دەستەبژێری ڕامیار، ڕۆشنبیر و خوێندەوار، دەیكاتە بەردەبازی پەڕینەوە بەرەو بەھەشتی دەوڵەتی باش و كۆمەڵگەی یەكسانی ماتریاكی (ماتەریاشات)!

 

فێمینیزم چ وه‌ک بزوتنه‌وه‌ و چ وه‌کتێرم و تیۆرە له‌ ئه‌وروپاوه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌.

 

ئەگەر منیش بەبێ خوێندنەوەی پاشخانی ئەم بڕیاردان و  پێگەیینە، وەڵام بدەمەوە، دەبێت بێژم، كەواتە فێمینیزم، ھیچ پەیوەندییەكی بە ستەم لە ژنان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ژنانەوە نییە و یەكسانیش ئامانجی نییە! چونكە ئەگەر ئێمە بڕوامان بەوە ھەبێت، كە لە كوێ ستەم ھەبێت، لەوێش بەرھەڵستكاری بەرامبەر ستەم ھەیە و لە كوێش بەرھەڵستكاری ھەبوو، لەوێش ھزر و بۆچوون و ئەزموون و تیئۆری ئازادیخوازانە بوونی ھەیە! لەبەرئەوە، یا ئەوەتا فێمینیزم، ھیچ پەیوەندییەكی بە خەبات و بەرھەڵستكاریی خودی ژنانی ئازادیخوازی كوردستانەوە نییە و ئایدیۆلۆجیاییەكی ھاوردە و چێكراوی دەستەبژێری دەسەڵاتخوازە، كە دەخوازێت لە خەباتی یەكسانیخوازانە و ڕزگاریخوازانەی ژنانی ستەملێكراودا، كایەی بەدستھێنانی دەسەڵات و پێگەی ئابووریی باڵاتر چێبكات، یان بەلایەنی كەمەوە خۆی لە دەستەبژێری پیاوان بە شیاوتر دەبینێت، لەوەی كە باشتر دەتوانێت چەوسێنەر و سەروەری ژنان بێت، یا ئەوەتا فێمینیزم [بەڵام فمینیزمی دەسەڵاتخواز نا] ئاراستەیەكی ئازادیخوازانەی نێو خودی بزووتنەوەی ڕزگاری ژنان و كۆمەڵگەكانە و ئیدی لەو بارەدا ھیچ پێویستی بە قەرزكردن و ھاوردن و وەرگیرانی ئایدیۆلۆجییایەك، كە لە نێو ژنانی ڕیفۆرمیست و دەسەڵاتخوازدا سەریھەڵداوە، نییە و خەباتی جەماوەریی و كۆمەڵایەتیی خودی ژنان، وەڵام بە پێداویستییەكانی خۆی و دەداتەوە!

 

ھەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە، كە پێویستمان بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی بزووتنەوەی ژنان لە وڵاتان و كیشوەرەكانی دیكە نییە، نا و نەخێر، بەڵكو مەبەستم ڕەتكردنەوەی ھاوردنی فێمینیزمە وەك ئایدۆلۆجیاییەكی پان-ڕەگەزیی دەسەڵاتخواز! ھەروەك چۆن كەسانێك بەناوی نەتەوە و ھاوبەرژەوەندیی ھەموو ئەندامانی نەتەوە و بە ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستی، توانییان بەدەسەڵاتێك بگەن، كە لە ئەمڕۆدا دووبارە كەسەكان ناچارن خەبات بۆ لەنێوبردنی بكەنەوە، ھەر ئاواش ئەگەر پان-فێمینیزمەكەی نووسەریش، وەك ئایدیلۆجیایەك، كە خزمەت بە بەدەسەڵاتگەییشتنی دەستەبژێرێك لەنێو ژناندا دەكات، بە دەسەڵات بگات، پاشان دووبارە ژنان ناچار بە خەبات بۆ وەڵانان و لەنێوبردنی پێگە و دەسەڵاتیان دەبنەوە!

 

تەواوگەری لە بەشی دووەمدا دەخوێننەوە …

 

***********************************

خوێنەری ھێژا، لەم بەستەرەدا داتوانیت نووسینەكەی خاتوو (ھۆزان مەحموود) بخوێنیتەوە :

http://www.hawlati.co/%D9%81%DB%86%D8%A8%DB%8C%D8%A7%DB%8C-%D9%81%DB%8E%D9%85%DB%8C%D9%86%DB%8C%D8%B2%D9%85-%D9%84%D9%87%E2%80%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/

Le pagendey (komunîst)bûnewe berew (pan- nasîwnasîwnal- fêmînîzm) / Beşî yekem

Le pagendey (komunîst)bûnewe berew (pan- nasîwnasîwnal- fêmînîzm)

Beşî yekem

Xwênerî hêja, em nûsîney berdesttan, rexneyeke le aydyolocyay fêmînîzmî borcwazî, ke çend sallêke jnanêk benawî rizgarî jnanewe, be şêwazî corawcor dexwazn lenêw bzûtnewey yeksanî û rizgarî hemelayeney jnan û pyawanda, berceste û cêkewtey bken. Herçende le sallanî raburdûda be wellamdanewey çend kesêk lew jnane û tenanet pyawanêkîş, ke wek hewllî frîwkarîy ya çawlêgerîy lew bareda qollyanlêhellmallîwe, boçûnî xomim derbrrîwwe, bellam leberewey ke babetekey xatû (hozan mehmûd, fobyay fêmînîzm le kurdistan ) fretir dêwcamekey tenktir û lîtey aydyolocyakey xesttirkirduwetewe, bepêwîstimzanî, wek nojenkirdnewey boçûn û rexnekanî xom û xistnerrûy ew gorrane şênîyyaney ke le bîrkirdnewey xoşimda seryanhelldawe, letek nûser û xwêneranda bkewme alluwêrî boçûn û pêgeyîştne nwêyekan.

Jnî kurd sallanêkî zor duçarî çesanewey netewayetî  û cênderî bwe, çi wek kurd çi wek jin.

Stemî neteweyî leser xellkî kurdistan stemêkî regezîy nebuwe û hokarekeşî regezpestîy dagîrker nebuwe, herwa ke lelayen serbazan û dezge serkutgerekanî dagîrkeranewe, jnanî kurd tûşî tundutîjî bûn, awaş lelayen hêze çekdare berhellistkare benaw neteweyyekanewe jnan dûçarî tundutîjî bûn, çunke herdûla çi dagîrkeran û çi hêze berhellistarekan leser yek bnema û aydyay çînayetî hatûnetebûn û bo parastinî pêgey çînayetîyan, her hewilldanêk ke wîstibêtî le bazney serwerîyda derbçêt, ewa lelayen letek tundutîjî rûberrûbuwetewe. Her awa ke rjêmî be’sî dagîrker, jnanî wek xallî lawazî berhellistkaran bekardebrid, herawaş hêze berhellistkarekan jnanyan wek namûs û şerefî pyaw û netewe hejmardekrid.

Bellam eger bewîjdanewe û dûr le kefukullî regezpersitîyewe berawridî stem û tundutîjî le jnan û pyawan le sayey dagîrkerda bkeyn, ewa pyawan gewretrîn qurbanî bûn û gewretrîn tundutîjîyan beramberkrawe, emeş bedillnyayyewe leber bûne regezyekeyan (nîrînebûnyan) nebuwe, bellku leber beşdarî û çalakî û amadeyî xebatkaraneyan buwe. Hellbete jnanîş bew radey ke beşdarbûbin, beheman şêwe tûşî tundutîjî û etk û fşar û eşkencey sêksî bûnetewe, bellam pyawanîş lewe bêbeş nebûn û kem nîn ew pêşmerge û zîndanyaney ke behoy etk û eşkence û fşarewe, twanay sêksîyan ledestdawe ya tûşî nexosî derûnîy bûn.

Bêcge lewe, ewey ke jnanî fêmînîstî desellatixwaz û pyawanî dîwanekanî desellat nayanewêt, qsey leser bken, rîşey kultûrîy û abûrîy û ramyarîy stem û tundutîjîye çi beramber jnan û çi beramber pyawan. Stemî regezîy; çi le jnan be pley yekem û çi le pyawanî hawrregezbaz (homosêksiwêl) be pley duwem û çi le pyawan begşitî be pley sêyem, beşêkî cyanekraweye le kultûrî xîllekî û baştirîn  bellgeş bebê ewey bçîne pay twêjînewey bnema abûrîy û pêkhateyyekanî xîll û dabeşkirdnî desellat ya çonîyetî desellatdarîy û berêweberayetî xêll, ewa berawridêkî zor xêra û guzerîy lenêwan nawçe xêlekîyekanî kurdistan û nawçe naxêllekîyekanî kurdistan, wate ew nawçaney xîllyan heye û ewaney ke xêllyan nîye, bdeyn, ewa be asanî ast û radey rengdanewey takayetî û serbestî tak le kultûrî herdû nawçekeda debînîn û amarekanî kuştinî jnan çi pêş raperrîn û çi paş raperrîn, ewe nîşandeden û hîç pêyust be bedwadaçûn nakat, hellbete ştêk ke nabêt, feramoşî bkeyn, karayî dyardey çekdarkirdnî xellkî gunde ragwazrawekan û dûberekî partekan û cengî nêwxoyî û handanî parte berhellistkarekan bo çekhellgirtnî serokxêllekan û nojenkirdnewey xêllayetîye le şêwey “efwac xefîfe û seqîle”da, ke payega û leşkirgekan, cêgey gunde xêllekîye ragwazraekanyan girtbuwewe, leser tawdanî stem le jnan, karayî zor hebû.

Lelayek debête hoy lê sendnewey desellat lêy, weku be şêk, le grupêk ,leçwarçêwey dewlletêkî neteweyî faşîstî weku ‘êraqda.

Be boçûnî min, ewey ke nûser lem dêrraneda bedwayeweye, amancêkî zor dûre le pirsî regezîy û stem le jnan, çunke dewllet le hîç serdemêkda neteweyî nebuwe û naşbêt, leberewey ke xudî netewe brîtî nîye le pêkhateyekî pêkhatû le komellêk endamî hawberjewend û  hawxewn, îdî dewllet çon detwanêt nwênerî çun yekî gişt endamanî weha pêkhateyek bêt?

Lew derbrrîney sereweda nûser byewêt ya neyewêt, xerîke aw be aşî desellatî borcwazî kurdda dekat û  deyhewêt be wênakirdnî weha bûnêk “dewlletî neteweyî”, peyamêkî lem core begwêy takî stemlêkrawî kurdda bdat, ke ” ewe netewey ‘erebe, ke stemî le to kirduwe û  pêwîste toş le pişt desellatî neteweyî xot [borcwazî kurd]e bwestît û senger le netewey beramber bigrît”!

Paşan, faşîstibûn, dyardeyekî dyarîkrawî corêk le dewllet nîye, bellku krrokî dewllet pêkdehênît, îdî ew dewllete benaw neteweyî bêt ya benaw nîştmanî, paşayetî bêt ya parlemanî, takpartî bêt ya serbazîy, her kat, çîn û twêje jêrdestekanî raperrîn, ewa wek dewlletekey mosolonî û hîtler û franko, dêwcame neteweyî û nîştmanîyekey dadedrrêt û le parlemanewe birryare faşîstîyekan pexşandekat!

Nûser deyhewêt, ew rastîye awejûbkatewe, ke jnanî kurd pêş ewey desellatî dagîrker desellatyan lêbsênêtewe, lelayen desellatdaranî xêllewe wek koyle ragîrawn û xawenî desellat nebûn, çunke kurdistan pêş dagîrkirdin, komellgeyekî naçînayetî nebuwe, taweku jin wek tak û wek beşêk le komellge, xawenî desellat bûbêt. Eger nasîwnalîzmî ‘ereb wek rjêm û wek dagîrker, şanazîye şunasîyekanî le şanazîy xêllayetîyewe wergirtbêt, ewa nasîwnalîzmî kurd çi wek sruşt û çi wek lasayîkirdnewe le berperçdaneweda, heman pêkhatey hebuwe û heyetî. Ew sruşte xêllekîyey rjêmî dagîrker û bzavî berhellistkarîy çekdarî, bo sruşt û reçellekî nasîwnalîzm degerrêtewe, ke bêcge le hewllî gewrekirdnewey qewarey xîll le neteweda hîçî dîke nîye û nebuwe.

Herweha dûçarî corêkî trîş leçewsanewe bwew heye. Ewîş (nebûnî şanazye bexudî xoy)

Nebûnî şanazî regezîy bo stem û nebûnî desellat nagerîtewe û xudî regezpestî şayanî şanazîy nîye, taweku beşêk ya bnemayek bêt bo azadî û rizgarbûn. Nebûnî şanazî, çewsanewe nîye, ta le derewey xudewe beser takda bsepênrêt, bellku peywendî be radey xohuşyarî û amadeyî derûnî xudî takewe bo azadî û rizgarbûn, heye.  Katêk ke jin amadeyî koylebûnî lewe zyatribêt, ke desellat û pyawî pawanger deyixwazêt, îdî şanazîyekan wek rengdanewey derkî azadî, degorrdirên û şanazî be serbexoyî xud û hebûnî twananî hizrîn û fîlosofî jyan, şanazîkirdin be pêgey twananî abûrîy xawenekey û brrî xşill û zîrr û panuprroy otomebêlekey û modîlgerayî, cêgey degrêtewe.

Raste eme peywendî be koy peywendîye kultûrîyekan û borrexsane abûrîy û komellayetîyekanewe heye, bellam bêcge le naderbestî xudî takî koyle [lem babeteda jin] hîç ştêk nebûte rêgir lewey ke jnanêk bwar û serbestî xwêndin û karkirdin û çûnederyan heye, lecyatî debengibûn le kultûrî bekarberîyda, lecyatî saxkirdnewey modêle bêejmarekan, xoyan be xorroşnibîrkirdnewe xerîkbken û lew rêgewe şanazîye kesîyekanyan robnên û serbexoyyekî hizrîy û fîlosofî bedestibhênin.

Hellbete min mebestim şanazî takekese be serbexobûn û endêşmendî û karakterî birrwabexobû, nek şanazî regezîy, çunke şanazîy regezîy şermezarîye bo takî azadîxwaz û jnanêk, ke şeyday azadî û rizgarbûnin, yekem hengaw,her awa ke pêwîste be hemû bûnêkyanewe djayetî şanazî regezîy nêrîne bken, pêwîste ew şanazîye regezîyey ke fêmînîste desellatixwazekan xerîkin le bîrî jnanî narrazîda deyçênin, frêdene tenekey zibllekeyanewe, çunke mrovî azadîxwaz pêwîstî be şanazî regezîy, nejadîy, neteweyî, ayînî, aydyolocî û destebjêrîy û serwerane nîye û ta katêk ew şanazîyaney jêrpê nexistbêt, ewa azadîyekey le xeyallewe nabête tan û poy ketwarî jyanî.

Şanazîy regezîy bejnibûn ya be pyawbûnewe, wek bûnêkî kultûrî, şanazî be koylebûnewe drustdekat, herwek çon lejêr karayî pagende û bîrkirdnewey parte komunîstekanda şanazî be krêkarbûnewe ta êstaş buwete hoy koyle manewey krêkaran lenêw callcillokey aydyolocyakanda, herwa jinbûn û pyabûnîş le çemke kultûrîy û ramyarîyekeyanda, tenya şunasî koylebûnin le çwarçêwey sîstemî kultûrî û ramyarîyda, leberewe nek natwanrêt mayey şanazî bin, bellku pêwîste takî azadîxwaz wek nengîyek weryanbigrêt!

Lemawey desellatî xomallîda,

Desellatî xomallî çîye? Xwênerî hêja, hîç mebestim galltepêkirdin û laqritêkirdin nîye, bellam min ron û brincî xomallêm bîstûn, bellam desellatî xomallêm nebîstuwe ! Ewe le keyewe desellatî borcwazî û pyawsalaraney herêmî kurdistan, buwe be desellatî xomallî jnanî stemdîde û komunîstekan ?

Hellbete min dezanim lekeyewe em pûçwêjîye lenêw xobekomunîstzanekanda serîhelldawe û serçawekey bo kame gomî lîxin û lîll degerêtewe, lêreda xom lew base ladedem û eger pêwîstîkrid, le dahatûda perde leser em  boçûne şerimnokaneye ladedem, ke nawêrêt be aşkra krase sûre dêwcameyekey frrêbdat û allay desellate xomallîyeke be şanîda bdat !

Eme krrokî fêmînîzmî desellatixwaz (borcwazîye), eger mebestim lem rexnandne, fretir rakêşanî jnanî narrazî nebuwaye bo wirdbûnewe le kodî peyam û piştperdey destewaje pêçrawekanî fêmînîzmî desellatixwaz, ke çend sallêke desellatdaran û parte ramyarekan aw be aşîda deken, ewa ewende bes bû bnûsim “fêmînîzmî borcwazî bebê twanc !” .

Ewhewllaney ta êsta bûn le kurdistan bo azadî û rizgarî jnan, nakrê be asanî le çwarçêwey fêmînîzimda polênî bkeyn. Hokarekanî emeş degerrênewe bo serbexonebunî jnan û hatnederewey rêkixrawî jnan lemindalldanî  parte syasyekan, kexoyan le bnerretda kllebêkî( yane) pyawane bûn.

Bedaxewe kat û griftarî rojgar bwarnadat, egya lêreda qseyekîşm le wêranî zmanî nûser dekrid, tkadekem, bo xatrî ehrîmen, em risteyet ” ewhewllaney ta êsta bûn le kurdistan bo azadî û rizgarî jnan, ” le kam zmanî na(hînd û ewrupyewe) wergêrrawe, kame jnî bedbext, ke bew şêwe qsan dekat?

Dekrêt bzanîn fêmînîzm çîye û le kame pênaseda cêgey debêtewe û derbrrî xewn û awatî kame twêj le jnanî komelle û ew serbexobûn û azadîyey ke pagendey dekat, le kwêda snûrekanî destipêdeken û le kwêda kotayyandêt, çi bestergelêk be bzûtnewe komellayetîyekanî komellgewe deybestnewe û daxwazîye hawbeş û nakokekanî letek bzûtnewe komellayetîyekanî dîkeda, ke jnan wek bûnewerêkî komellayetî tyayanda hawşanî pyawan, twêjêkyan têda pêkdehênin, çîn?

Aya em (pan-fêmînîzm)e rewtêkî tazeye û nûser dahêneryetî ya dêwcameyekî dîkeye le corî dêwcamekanî dîkey wek “hawnetewe” û  “hawnîştmanî” û “hawullatî” û “hawşarî” ?

Aya em fêmîzme gutarêkî pêye, ke qsegeranî yeksanî hemelayeney jin û pyaw derkyannekirdbêt? Aya twanay têperrbûn û brînî snûrekanî pêkhatey qûçkeyî (hîrarşyaney) rêkxistinî ramyarîyaney komellgey heye? Aya betemaye beramber desellatî kultûrîy, ke heman destî şarawey desellatî ramyarîye, allay cengî rizgarîy beşanîda bdat ?

Leberewey ke nûser her le seretawe, allay desellatixwazîy berizkirduwetewe, hîç kat nayewêt be rewtî mêjûîy pêkhate serwerîyekanda bçête xwar û le regewe stem lenêwberêt, boye zor rwalletîyane, griftî nakarayî rêkixrawekanî jnan le wabesteyî partekanda destinîşandekat. Bellam eme bo dêwcameyî fêmînîzmekey nûser degerêtewe, ke hîç kat nayewêt regî stem le jnan bxaterrû, ke desellatî kultûrîy û ramyarîyîn û amancekeşyan, msogerkirdnî berterîy abûrîy û serwerîy kemîney mşexore beser zorîney rencderda.

Aya rêkixrawgelêk ke nûser, deyewêt byankate ellternatîvî rêkixrawekanî êsta, le rûy pêkhatnî rêkxistin û şêwazî karkirdin û çonyetî dabeşkirdnî kar û çalakî û bwar û mafî endaman le birryardanewe çi cyawazîyekyan letek rêkixrawekanî îstada heye? Aya rêkixrawekanî nûser otorîtey raber û skirtêr û hewllî pawangeraney kesanî desellatixwaz, retdekenewe? Eger na, çon detwanin, kopîkirdnewey yane “klleb”ekanî destemokirdnewey takî narrazî û ronanî desellatî destebjêr beser endamanî xwareweda nebin?

Beboçûnî min, grifteke le bûnî rêkxistinî quçkeyî (balla û payîn), xebatî narrastewxo ya cêbecêkarîy fermanî destebjêr, nayeksanî endaman le birryardan û cêbecêkirdin û berpirsyarîyetîdaye, le têrrwanîn bo azadî tak û çonyetî rizgarî takdaye, le bûnî zmîne û aydya û amanc û şêwaz û  karkirdnî ew rêkixrawanedaye, ke hîç cyawazîyekyan letek pêkhate û şêwey xêzan, fêrge, karge, mizgewt, part, dewlletda nîye, çi ew rêkixrawaney ke ta henûke bûn û hen, çi ew rêkixrawaney fêmînîzmî desellatixwaz bo dahatû mijdeyandebexşêtewe !

Hellbete newtraw nemênêtewe, pêwîste jnanî narrazî û azadîxwaz, dillxoşbin bewey ke eger lew yane pyawananeda, jnan cêgeyan nebûbêtewe, çunke erkî pyawanî azadîxwazîş eweye, ke pyawanî xoşbawerr û destemokraw lew yanane (partane)da derbikêşn. Bellam pyawanebûnî ew partane, bew araste û core nîye, ke fêmînîzmî desellatixwaz deyhewêt, wênay bkat. Nexêr lew partaneda pyawanîş wek jnan jêrdeste û destemon, rêk bepêçewanewe, ke hawbîranî nûser deyanewêt le beramber debengibûnî pyawanî partda, leşkirêk jnî debengraw le partî dîkeda perwerdebken, çunke fêmînîzmî borcwazî, yeksanî mrovekan û bedyarîkrawî jin û pyaw, be hebûnî heman maf bo jnan, ke pyawanî koyle heyanin, wate polîsbûn, serbazbûn, sîxurrbûn, eşkencederbûn, berrêweberbûn, serkirdebûn, serokkomarbûn, çenebazbûnî ramyarane, mşexorrbûn; bewatayekî dîke, darabûnî hemû mafêkî nerênîy nêrîney jêrdeste, yeksan û wênadekat!

Bêcge lemeş, rexnegirtin le her bîrkirdnewe û pêkhateyek çi xêzan bêt ya part û rêkixrawî pîşeyî û cemawerîy û le her kultûrêk, bebê rexnegirtin le roll û raburdûy xoman lenawyanda, nakrêt behend werbigîrdirêt, axir raburdû wate çalakî û rollî komelle kesêk û le derewey rollî komellekesekan, mêjû bûnî nîye û hîç rêkixrawêk natwanêt bûnî hebêt! Aya dekrêt nûser her awa wek ewey le derewey ew mêjuwewe hatbêt, dû hêllî çep û rast beser rêkixrawaneda bhênêt, bebê ewey pêdaçûnewey mêjûy roll û karkird û endambûnî xoy lew pêkhataneda le sallî 1993ta mangikêk lemerber, bkat û  bîdate ber rexne û  lewêwe wek ezmûngîrîy kesîy xoy letek jnanî kem ezmûnda beşî bkat û  bîkate komekêk le pêgeyînî kirdeyî û rwangeyî û jnan lewe byangêrrêtewe, ke wek xudî nûser, zyatir le dû dehe temenyan lew yananeda beser neben, ke paşkoy partekan ya desellatin !

Sertapay peyrrewu prrogramî em hîzbane lelayen pyawewe danrawe. Kewate jnî kurd behêznekrawe wrrêgenedrawe le ser maf wazadî yekanî xoy, tenanet le hîzbekanîşda qsey xoy hebêt.

Ewey ke yeksanî jmarey jne-parlemantaran û rêjey darrêjeranî peyrrewprogramêk, be mercî bûnî yeksanî bzanrêt, yekêke le serekîtrîn û gewretrîn griftekanî têgeyiştnî fêmînîzmî desellatixwaz bo azadî û rizgarî û serbexoyî tak. Eger bew pêwerebêt, ewa hemû partekan le xizmetî krêkaran û  hemû sendîka zerdekan pêşengî qsekeranî soşyalîzm debin û hemû jinkuştnekan karî jnan debin! Çunke ewendey jnan [dayk, xuşk, amojn, xallojn, brajn] pyawan bo pyawetî û bo zallbûn beser  hawserekanyanîda hanîdeden, ewende xudî nêrînekanî xêzan û bnemalle bew kare hellnastin, baştirîn bellgeş nakokî nêwan xes û bûk û diş û brajne.

Aya hêşta bûnî jmarey zorî krêkaran le partêkda ya le sendîkayekî zerdda ya bûnî hejmarî zorî krêkaran le parlemanda wek nwêner, dekate ewey ke partekan û sendîka zerdekan û parlemanekan le xizmetî krêkarandan?! Aya eme waye? Edî çon detwanîn naserbexobûnî rêkixrawekanî jnan tenya bo amadenebûnî jnan le nûsînewey peyrrewuprogramda ya le serkirdayetî part û rêkixrawekanda bbînîn? Aya jinbûnî jneşay brîtanî, serokşalyarîy (encêla mîrkil)î allmanya ya beêweberbûn û sermayedarbûnî jnanêk, dekate ewey ke le brîtanya û ellmanya jnan be tewawetî yeksan û azadin? Aya lew kompanya û karxananeda ke xawenekanyan jnanî milyardilêr û milyonêrn, jnan yeksan û azadin? Tkadekem be dwadaçun bken, bzanin le brîtanya û allmanya wek top-dêmokratî parelemanî, jnan heman mûçey yeksan bo heman karî yeksanî wirdegrin? Bzanin lew kompanya û karxananeda ke jnan xawenyanin, jnan heman maf û mûçey yeksanyan heye? Aya lew fêrge û fermange û kargêrrîyaneda ke jnan serok û berêwebern, jnan lelayen berrêweber û serokekanewe baştir û mrovdostanetir , reftaryan letekda dekrêt?

Be boçûnî min, grifteke bo nebûnî xwêndnewe û lêkollînewey mêjûîy û serincnedanî rege serekîyekanî stem le jan, degerêtewe, ke wek her stemêkî dîke bo serwerîy sîstemî kultûrîy û hebûnî sîstemî ramyarîy degerêtewe, ke tenya senger û rêgeçarey berengabûnewey stemî kultûrîy û sîstmatîkî ramyarîy, yekgirtûy xebatî komellayetîye, xebatêk ke amancî hellweşandnewey pêkhate quçkeyî û sîsteme ramyarîyekane, ke be lenêwbirdnî zemîne kultûrîy û komellayetîy û abûrîyekanî meyserdebêt, wate şorrşî komellayetî. Bellam tkadekem, em boçûne leberdem awêney balanwênî araste ramyarîy û soşyalîzme desellatixwazekanda lêkmedenewe, çunke be serencamêkî tewaw awejû le mebestekey min degen.

Min namewêt, bllêm, debêt jnan, netewekan, kemîne û çîn û twêje jêrdistekan, ta lenêwçûnî komellgey çînayetî; ta serkewtinî yekcarekî şorrşî komellayetî bwestin û çawerrêy “bellênî serxerman” bin. Na û nexêr û zor be pêçewanewe, leber roşnayî ewey le têrrwanînî minda şorrş kirde û çalakîyekî her rojey berdewame û sengerekanî tenya xebatî serbexoy cemawerîyn, bedesellatgeyîştinî part û qutkirdnewey  dewlletêk benawî netewe û prrolîtarya û …tid be şorrş nazanim û zyatir leweş be djeşorşî dezanim, kewate xebat û destkewt û rizgarî û kultûrîykirdnewey azadî û rizgarî û yeksanî û dadperwerîy komellayetî, her emrro û her le şwênî jyan û kar û ferman û xwêndinî xomanda û be destipêşxerîy xudî tak le xebatêkî rastewxo û rêkxistinêkî serbexo û xohuşyarîyekî şorrşigîraneda, tewaw pêçewaney bîrkirdnewe û boçûn û têrraman û amancî partekan û ramyaran û desellatdaran û destebjêran û desellatixwazanewe, ke herdem le hewllî destemokirdnewey takî narrazîn bo serwerîy û berterîy xoyan wek raber, destebjêr, hoşî serûxellkî, soperimrov! Eme ew amanceye, ke fêmînîstanî borcwazî hewllî bodeden, wate cêgirtnewey pyawanî desellatdar, be jnanî desellatdar, pyawanî serkutger, be jnanî serkutger, …tid.

Hoşyarî yekî fêmînîstî lay takî kurd be jin û pyawewe drust bikrê.

Min tênagem, nûserî em destewajane, çende xoy le derbrrînekan û boçûnekanî xoy têdegat û çende bexoy le paradoksî boçûnekanîda serderdekat?

Katêk, ke fêmînîzm, gerranewe bêt bo ser regezî mêyîne û drustkirdnî şanazîkirdin be mêynebûnewe, eger ew wêna dje-jnîyey pyaw, ke nûser û hawboçûnekanî bo pyaw begşitî û pyawî kurd betaybetî drustî deken, drustibêt, îdî çon dekrêt, huşyarîy fêmînîstî lelay pyawan drustibkrêt ?!

Eger nûser bînûsaye huşyarîy serbexoyî (otonomî) tak ya huşyarîy narregezîy ya îwnîsêksî, ewa min naçar be arastekirdnî em pirsyarane nedebûm, boye hezdekem bzanim, le rwangey nûserewe “huşyarîy fêmînîstî” çîye û çi amancêk be dway xoyda dehênît? Kame arastey fêmînîstî? Ta çendêk nûser detwanêt lejêr xêwetî (pan-fêmînîzm)ekeyda; fêmînîzmî îslamî ke jin wek “cwankarîy û dyarîyekî xuda û zemîneêk bo kêlan û keristeyek bo damirkandnewey hewesî pyaw û dezgeyek bo xistnewey weçe” bo pyaw retnakatewe letek fêmînîzmî enarkîda ke hemû desellatêkî serûtak retdekatewe û hemû serwerîyek çi serwerî xwa, çi hî bawk û hawser, çi hî raber û part, çi hî parleman û dewllet, retdekatewe, pêkewe leser xwanî regezpersitîy dabnêt û deyankate tewawgerî yekdî?

Bellam gringe ême tercumey ew bas wdîbate fîkiryaney keheye leastêkî nêwneteweyda, le kontêksitî xomanda bguncênîn wigrêkan bkeynewe…

Yekêkî dîke le grifte serekîyekanî fêmînîzmî borcwazî, eweye, wek her hzir û boçûn û tîrrwanîn û pêkhateyekî serûxellkî, çareserekan bo wirdkirdnewe û lêkdanewey hoşe ballakan û hoş bo pêş madde, degêrrîtewe û jnanî azadîxwaz wabestey têrrwanêk dekat, ke buwete modêll û nûser deyhewêt wek dyarî bîhênêt û xoy behoy şarezayî zmanî serçawekanî ew aydyolocyayewe, bbête peyamberî!

Axir, eger fêmînîzm, huşyarîy rizgarîxwazîye û berencamî ezmûngîrî xebat û pêgeyîştinî têkoşeranî ew pênaweye, îdî çi pêwîstîyek be wergêrranî dekat, bo le bûne komellayetîyekey xebatî rizgarîxwazane û yeksanîxwazaney jnanî kurdistan xoyanda boy nagerên, boç pêwîstî be hawirdin û spardinî westayî mutorbekirdnî be kesanêkî dîke despêrn?

Eger stem le jnan le komellgeyekda, bûnêkî maddî û ketwarîy hebêt, ewa bnema hizrîyekanî û fîlosofî û şêwazekanî xebatî le ketware maddîyekeyda serhelldeden û hîç pêwîstyan be qerizkirdin û muturbekirdin nîye! Bellam leberewey ke nûser bexoy dû deheye, hellgirî ew hizryeye, ke soşyalîzm dahênrawî kesanêkî dyarîkrawe û karî tîorîy le bzûtnewey azadîxwazîy û yeksanîxwazîyda karî hemû take berkewtuwekanî serkut û nayeksanî nîye û ewe tenya raberanin, ke twananî bîrkirdnewe û têgeyîştinyan le hokarî stem û çonyetî xebat û şêwazî berengarîyan heye û ewanî dîke, pêwîste wek koylekanî berdem klîsa û dewllet, rênwênîyekanî serewe encambden, boye le derewey bzûtnewey jnanî komellgey kurdistan, bo serxetekanî fêmînzîmekey degerrêt.

Hengawî yekem, eme peyamêke bo jnan ke dellêt “êwey jnanî jêrdeste, bexotan twanay bîrkirdnewe û huşyarbûnewe û  tîorîzey ezmûnekan û xorrizgarkirdintan nîye, leberewe pêwîstan be peyamberanêkî wek min heye, ke destim be serçawey ayete pîrozekanî fêmînîzm degat”! Bellê eme ew galltecarîyeye, ke destebjêrî ramyar, roşnibîr û xwêndewar, deykate berdebazî perrînewe berew beheştî dewlletî baş û komellgey yeksanî matiryakî (materyaşat)!

Fêmînîzm çi wek bzutnewe û çi wek têrm û tyore le ewrupawe serîhelldawe.

Eger mnîş bebê xwêndnewey paşxanî em birryardan û  pêgeyîne, wellam bdemewe, debêt bêjm, kewate fêmînîzm, hîç peywendîyekî be stem le jnan û bzûtnewey rizgarîxwazîy jnanewe nîye û yeksanîş amancî nîye! Çunke eger ême birrwaman bewe hebêt, ke le kwê stem hebêt, lewêş berhellistkarî beramber stem heye û le kwêş berhellistkarî hebû, lewêş hzir û boçûn û ezmûn û tîorî azadîxwazane bûnî heye! Leberewe, ya eweta fêmînîzm, hîç peywendîyekî be xebat û berhellistkarîy xudî jnanî azadîxwazî kurdistanewe nîye û aydyolocyayyekî hawirde û çêkrawî destebjêrî desellatixwaze, ke dexwazêt le xebatî yeksanîxwazane û rizgarîxwazaney jnanî stemlêkrawda, kayey bedisthênanî desellat û pêgey abûrîy ballatir çêbkat, yan belayenî kemewe xoy le destebjêrî pyawan be şyawtir debînêt, lewey ke baştir detwanêt çewsêner û serwerî jnan bêt, ya eweta fêmînîzm [bellam fmînîzmî desellatixwaz na] arasteyekî azadîxwazaney nêw xudî bzûtnewey rizgarî jnan û komellgekane û îdî lew bareda hîç pêwîstî be qerizkirdin û hawirdin û wergîranî aydyolocîyayek, ke le nêw jnanî rîformîst û desellatixwazda serîhelldawe, nîye û xebatî cemawerîy û komellayetîy xudî jnan, wellam be pêdawîstîyekanî xoy û dedatewe!

Hellbete mebestim ewe nîye, ke pêwîstman be sûdwergirtin le ezmûnî bzûtnewey jnan le wllatan û kîşwerekanî dîke nîye, na û nexêr, bellku mebestim retkirdnewey hawirdnî fêmînîzme wek aydolocyayyekî pan-regezîy desellatixwaz! Herwek çon kesanêk benawî netewe û hawberjewendîy hemû endamanî netewe û be aydyolocyay nasîwnalîstî, twanîyan bedesellatêk bgen, ke le emrroda dûbare kesekan naçarn xebat bo lenêwbirdnî bkenewe, her awaş eger pan-fêmînîzmekey nûserîş, wek aydîlocyayek, ke xizmet be bedesellatgeyîştinî destebjêrêk lenêw jnanda dekat, be desellat bgat, paşan dûbare jnan naçar be xebat bo wellanan û lenêwbirdnî pêge û desellatyan debnewe!

Tewawgerî le beşî duwemda dexwênnewe …

***********************************

Xwênerî hêja, lem bestereda datwanît nûsînekey xatû (hozan mehmûd) bixwênîtewe :

http://www.hawlati.co/%D9%81%DB%86%D8%A8%DB%8C%D8%A7%DB%8C-%D9%81%DB%8E%D9%85%DB%8C%D9%86%DB%8C%D8%B2%D9%85-%D9%84%D9%87%E2%80%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86

ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌ شاره‌كانی كوردستان، په‌یامی ئاڵوگۆڕێكی مه‌زنه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا

ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌ شاره‌كانی كوردستان، په‌یامی ئاڵوگۆڕێكی مه‌زنه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا

٣ی ئۆگوستی ٢٠٠٥

ئه‌وڕۆكه‌ جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی خۆرھەڵاتی كوردستان له‌ شاره‌كانی مه‌هاباد و (سنه)دا، له‌ كاتێكدا ڕاده‌په‌ڕێ، كه‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاستەوخۆ خاوه‌نی دوو ئه‌زموونه‌. دوو ئه‌زموونی تێكشكاو؛ ڕاپەڕینی جه‌ماوه‌ری له‌ ساڵی ١٩٧٩دا هاوشانی شاره‌كانی‌دیكەی ئێران و ڕاپه‌ڕینی ئازاری ١٩٩١ی باشووری كوردستان. له‌وانه‌یه‌ كه‌سانێك هه‌بن، چ له‌ ناهوشیارییانه‌وه‌ چ له‌ كۆنه‌پارێزییانه‌وه‌ دژی ئه‌م بۆچوونه‌ بن، بەڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردی هه‌ردوو ڕاپەڕینه‌كه‌ سه‌ره‌ڕای جیاوازی سه‌رده‌م و كارایی ده‌ره‌كی له‌سه‌ریان، ده‌بینین، كه‌ هیچكامیان به‌ئاكام نه‌گه‌یشتوون !

له‌ ڕاپەڕینی ١٩٧٩دا به‌هۆی زاڵبوونی پاگه‌نده‌ی جیهانی بۆ ئاخونده‌كان و دژه‌خونی چه‌په‌كان له‌جه‌ماوه‌ر، له‌سه‌ر ئاستی ئێران ئاخونده‌كان ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ده‌ست و به‌مه‌ش نه‌ك ھەر ڕاپه‌ڕین تێكشكا، به‌ڵكو به‌ره‌ی دژه‌شۆڕش به‌هاریكاری جیهانی توانییان سواری شه‌پۆله‌كانی شۆڕش بن و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌ بهاژوون. له‌سه‌ر ئاستی كوردستانیش ململانێی پارت و گروپه‌ ڕامیارییه‌كان توانی دووبه‌ره‌كی له‌ناو ڕیزه‌كانی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو و ئازادیخوازدا دروستبكات و ئاماده‌یی به‌رگری جه‌ماوه‌ر له‌به‌رامبه‌ر له‌شكركێشی سوپای ئاخونده‌كاندا، لاواز بكه‌ن.

له‌ ئه‌زموونی دوومیشدا، سه‌ره‌ڕای ڕۆڵی سه‌ره‌كی هێزی هاوپه‌یمانان و وابه‌سته‌یی پارت و گروپه‌ ڕامیارییه‌كانی ناو به‌ره‌ی كوردستانی و ئۆپۆزسیۆنی عیراقی، كه‌ له‌ ڕاستیدا ئەوانیش فره‌تر هه‌ر ئه‌و به‌ره‌ كوردستانییه‌ بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕاپەڕینی جه‌ماوه‌ری له‌به‌رژه‌وه‌ندیان نه‌بوو، به‌تایبه‌ت ئه‌‌وه‌ی كه‌ لەنێو ئه‌و ڕاپەڕینه‌دا، وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران، هێزێكی ڕادیكاڵی جه‌ماوه‌ریی خۆڕێكخستوو له‌  (شوراكان)دا له‌ په‌ره‌سه‌ندندا بوو، تێكشكانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ و به‌ڕێخستنی كۆڕه‌وی ملیۆنی و دواتر گفتوگۆی به‌ره‌ لەتەك ڕژێم، چووه‌ ده‌ستوری كاری هێزه‌هاوپه‌یمانه‌كان و به‌ره‌ی كوردستانی و هاوبه‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو لا له‌و ساته‌دا لەتەك ڕژێمی به‌عس.

   نائاماده‌یی ئه‌وڕۆكه‌ی هێزه‌ ڕامیارییه‌كانی خۆرھەڵاتی كوردستان و ئێران به‌گشتی بۆ پشتگیری له‌م ڕاپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌، هۆكه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وان ناتوانن كۆنترۆڵی ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌ خۆبه‌خۆییه‌ بكه‌ن و لەتەك ستراتیجی ئه‌واندا نایێته‌وه،‌ كه‌ چاویان بڕیوه‌ته‌ گفتوگۆ لەتەك ڕژێم و به‌ڵین و ڕامیاریی چه‌په‌ڵی زلهێزه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا. به‌د‌ڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم، ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر له‌ خۆرھەڵاتی كوردستان سوود له‌ ئه‌زموونه‌كه‌ی ئازاری ١٩٩١ی باشووری كوردستان وه‌رنه‌گرێت، ئه‌وا ئه‌گه‌ر ڕاپەڕین به‌ ڕاماڵینی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌ كوردستاندا كۆتایی بێت، هیچ جێگه‌ی گومان نییه‌، كه‌ هێزه‌ ڕامیارییه‌كان هه‌ر له‌ چه‌پیانه‌وه‌ بیگره‌ تا ڕاستییان، ئه‌گه‌ر وه‌ك به‌ره‌ی كوردستانی پاشه‌كشی كتوپڕ و نه‌خشه‌بۆكێشڕاو نه‌كه‌ن، ئه‌وا بەبێ سێ‌ و دوو به‌ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و ناوچه‌گه‌ری و كۆنه‌قین، ڕاپه‌ڕین له‌بارده‌به‌ن. ئه‌م بۆچوونه‌ نه‌ له‌  ڕك و دژایه‌تی ڕامیارییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ و نه‌ له‌ نائومێدییه‌وه‌، به‌ڵكو دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌م ڕووداوانه‌ پێشینه‌یه‌كی مێژوویی هه‌یه‌ و تایبه‌ت به‌ ناوچه‌یه‌ك و نه‌ته‌وه‌یه‌ك نییه ‌!

   بۆ ده‌ركه‌وتنی باشتری ڕاستی ئه‌م بۆچوونه‌، بڕواننه‌ هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ ڕامیارییه‌كان له‌مه‌ر خۆ به‌خاوه‌نكردنی گیانبه‌ختكردوو «شوانه»‌وه‌ و له‌وێشه‌وه‌ خۆ به‌خاوه‌نكردنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌! هه‌روه‌ها بڕواننه‌ هه‌نگاوی به‌كرده‌وه‌یان بۆ هه‌ڵخڕان و سه‌رتاسه‌ریكردنه‌وه‌ی خۆپێشاندانه‌كان و ڕاكێشانی ڕای گشتی بۆ پشتیوانی له‌ جه‌ماوه‌ر و خستنه‌ڕووی سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی كۆماری ئیسلامی و ته‌نانه‌ت نائاماده‌ییان بۆ گه‌یاندن و ڕاكێسانی مێدیای جیهانی و ڕۆژنامه‌وانانی ئازاد‌ له‌م كاته‌دا، كه‌ كۆماری ئیسلامی دووباره‌ لەتەك یه‌كێتی ئه‌وروپی له‌سه‌ر چه‌كی ئه‌تۆمی، ده‌رگیره‌! له‌ولاشه‌وه‌ بڕواننه‌ هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی هێزه‌ ڕامیارییه‌كانی باشووری كوردستان به‌ فه‌رمانڕه‌وا و نافه‌رمانڕه‌وایانه‌وه‌، كه‌ قسه‌ی سه‌رزمان و بنیزمانیان مافی نه‌ته‌وایه‌تییه‌ و خۆیان به‌ قسه‌كه‌ری نه‌ته‌وه‌ ده‌زانن ! ئایا ئه‌گه‌ر له‌ ترسی به‌رگرتن و سه‌ركوتگه‌ری ئه‌وان نه‌بێت، جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی باشووری كوردستان، كه‌ هه‌ر ئێستا له‌به‌رده‌م مه‌ترسی لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وت و سه‌پاندنی كۆمارێكی ئیسلامی وه‌ك ئێراندایه‌ به‌سه‌ریدا، ناڕژێته‌ سه‌رشه‌قامه‌كان بۆ پشتگیری ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری مه‌هاباد و سنه‌؟

ئه‌مانه‌ خاڵگه‌لێكن، كه‌ ناكرێ لاوه‌كی و كاتی چاو لێبكرێن، ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستی چینایه‌تی بۆرجوازی كورده‌ چ له‌ خۆرھەڵات و چ له‌ باشوور به‌رامبه‌ر ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری به‌ ئامانجی خۆی بگات، ئه‌وا ئه‌وان وه‌ك هێزی سه‌روخه‌ڵكی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یان نابێت، كه‌ له‌ پێناویدا له‌دایكبوون. ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌دوایه‌وه‌ن كۆتاییهێنان به‌ سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی و سه‌ركوتی ئایینی نییه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌ته‌مان بیسه‌پێنن، ئازادی و سیسته‌مێكی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئازادانه‌ نییه‌، كه‌ ئازادییه‌ گشتییه‌كان و تاكه‌كه‌سییه‌كان دابینبكات، به‌ڵكو پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی و ئه‌مه‌ش ده‌توانین له‌ هه‌ڵوێستی به‌ره‌ی كوردستانی و دوو پارته‌ فه‌رمانڕه‌واكه‌ی پاشایه‌تی بارزان و (تاڵه‌بان‌)دا ببینین، كه‌ چوارده‌ ساڵه‌ یاری به‌ چاره‌نووسی جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ن و مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی كوردیان كردووه‌ به‌كارتی قومار و یاری به‌ده‌ستهێنان و پاڕاستنی كورسی پارته‌كانیان مۆسگەرده‌كه‌ن !

   له‌م باره‌وه‌ ده‌كرێ فره‌ قسه‌ بكرێت و فره‌ باسی دیكەشی لێده‌بێته‌وه‌، بەڵام ئه‌وه‌ی له‌م ساته‌دا فره‌ گرنگه‌، سوودوه‌رگرتنه‌ له‌و وانانه‌ی كه‌ له‌و دوو ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ بۆ جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیوی مه‌هاباد و سنه‌ به‌جێماون و ده‌كرێ هه‌ڵسوراوانی جه‌ماوه‌ریی سه‌رخه‌ت و خاڵه‌ سه‌ره‌كی و ده‌ستبه‌جێكانیان بۆ مسۆگه‌ركردنی سه‌ركه‌وتن، لێوه‌ به‌ده‌ستبهێنن، كه‌ به‌بۆچوونی من ئه‌م خاڵانه‌ به‌شێكیانن:

–          پێكهێنانی كۆمیته‌كانی مانگرتن و خۆپیشاندان.

–          به‌رزكردنه‌وه‌ی داخوازییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان، كه‌ ده‌ربڕی خواست و خه‌ونی گشتین، له‌بری دروشم و داخوازیی پارت و گروپه‌ ڕامیارییه‌كان.

–          په‌یوه‌ندیگرتن لەتەك چالاكانی جه‌ماوه‌ریی لەسەر‌ ئاستی سه‌رتاسه‌ری ئێران، به‌تایبه‌ت  ئازه‌ربایجان و ئه‌حواز.

–          په‌یوه‌ندیگرتن به‌ناوه‌نده‌ جیهانییه‌كانی ماف و بزووتنه‌وه‌كانی وه‌ك ئاتاك و دژه‌ كاپیتالیست و …تد.

–          گه‌یاندی هه‌واڵ و ڕاكێسانی سه‌رنجی ناوه‌ندییه‌ ڕه‌سانه‌ییه‌كان، به‌تایبه‌ت ڕۆژنامه‌وانای ئازاد.

–          ده‌ستبردن بۆ مانگرتنی گشتی؛ هه‌ر له‌ مانگرتنی گشتی له‌كار، له‌ خواردن، له‌ كردنه‌وه‌ی میدیای سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵات و بایكۆتی ڕۆژنامه‌وانی و خوێندنەوە و گوێگرتن و بینینی میدیای سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵات.

–          هه‌وڵی ده‌ستبه‌جێ بۆ پێكهێنانی كۆمیته و ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌ شوێنی كار و لەنێو گه‌ڕه‌كه‌كاندا و خۆبواردن له‌سه‌ر شه‌ڕه‌ده‌نووك له‌سه‌ر ناولێنانی ئه‌و ڕێكخراوانه‌.

–          له‌پاڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت هه‌وڵه‌كان تا بلوێت سه‌رتاسەری‌ی بكرێنه‌وه‌، بەڵام پێویستە كۆمیته‌كانی ڕاپەڕین له‌هه‌ر شوێنێك ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان هه‌بێ و بڕیاری پێویست و ده‌ستبه‌جێ بده‌ن.

–          به‌شداری هه‌ر پارت و ڕێكخراوه‌یه‌كی ڕامیاریی لەنێو ئه‌م كۆمیتانه‌دا ده‌بێت له‌به‌ر ڕۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندی و خواست و گه‌ڕانه‌وه‌ی گشت بڕیاره‌كان بۆ جه‌ماوه‌ر، بێت.

–          پێكهێنانی لێژنه‌كانی پاڕاستنی خانووبه‌ره‌ و فه‌رمانگه‌ و فێرگه‌ و شوێنه‌گشتییه‌كان وه‌ك موڵكی گشتی.

–          پێكهێنانی كۆمیته‌كانی گه‌ڕه‌ك بۆ پاڕاستنی ئاسایشی دانیشتووان.

–          به‌رگرتن به‌هه‌ر هێز و كه‌سێك كه‌ ده‌ست بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی كه‌سی و تاڵانی ده‌بات.

–          ده‌ستبه‌كاربوونی كۆمیته‌كان هه‌ر له ‌یه‌كه‌م ساتی سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی گاردی جه‌ماوه‌ری و هێزی پارێزگاری.

–          ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و خستنه‌كاریان بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی جه‌ماوه‌ر.

–          پێكهێنانی ئه‌نجومه‌ن و كۆمیته‌كانی كارگه‌ و كارخانه‌ و فه‌رمانگه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای كۆبوونه‌وه‌ی گشتی و هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌وخۆ و ئازادانه‌ له‌ خواره‌وه‌ڕا بۆ سه‌ره‌وه‌ و سپاردنی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئه‌و شوێنانه‌ به‌ كارگه‌ران و كارمه‌ندان و سه‌رپه‌رشتی كردنی به‌هۆی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانیانه‌وه‌.

–          ده‌ستبه‌كاربوون بۆ پێكهێنانی فیدراسیۆن و كۆنفیدراسۆنی سه‌رتاسه‌ری ڕێكخراوه‌ پیشه‌یی و جه‌ماوه‌رییه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كان و وڵات له‌سه‌ر بنه‌مای خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ سەربەخۆكان.

–          ئه‌مانه‌ و چه‌ندین خاڵی‌دیكە.. كه‌ ئه‌ركی ده‌موده‌ستی نێو ڕاپه‌ڕینه‌كانن و خۆبواردن له‌ جێبه‌جێكردنیان، هه‌م بوار بۆ بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی دروستده‌كات و هه‌م ڕاپه‌ڕین ده‌كاته‌ ده‌سته‌مۆی هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌ سه‌روخه‌ڵكییه‌كان.

–          هه‌ندێك له‌م خاڵانه‌ فره‌تر ئه‌ركی چالاكانە‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، تا ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ گه‌یاندنی ده‌نگی جه‌ماوه‌ر به‌ ناوه‌نده‌ جیهانییه‌كانەوە په‌یوه‌سته‌.

   به‌ كورتی بۆ ئه‌وه‌ی ڕاپەڕین به‌سه‌ركه‌وتن بگات و پاڵنه‌ڕێك هه‌بێت بۆ به‌رده‌وامی هێزی جه‌ماوه‌ر له‌ هاتنه‌وه‌مه‌یدانی به‌رده‌وام، ئه‌وا ئامانجه‌كانی جه‌ماوه‌ره‌ له‌ ڕاپەڕین و ئه‌ركی چالاكان ڕوونكردنه‌وه‌ و هه‌ڵهێنجانی داخوازیگه‌لێكه‌ كه‌ په‌یامی ڕاپه‌ڕین به‌ لووتكه‌ ده‌گه‌یێنن؛

١- خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دانیشتووانی كوردستان چ به‌ مانه‌وه‌ له‌ ئێرانی فیدراڵیدا چ به‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ ئێران، كه‌ له‌هه‌ردوو باردا ته‌نیا جه‌ماوه‌ر مافی ئه‌و بڕیاردانه‌ی هه‌یه‌.

٢- جیایی ئایین له‌ كاروباری كۆمەڵگە و كۆتاییهێنان به‌ مشه‌خۆریی داموده‌زگه‌ ئایینییه‌كان به‌سه‌ر داهاتی خه‌ڵكه‌وه‌.

٣- ده‌رهاویشتنی هه‌موو توخمێكی ئایینی له‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و ڕاهێناندا.

٤- ئازادی و یه‌كسانی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ له‌نێوان ژنان و پیاواندا.

٥- ئازادی جه‌ماوه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی شێوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆی له‌ هه‌ر هه‌رێم و ناوچه‌ و شار و شارۆچكه‌ و گوندێكدا.

٦- مافی خودموختاری بۆ هه‌ر كه‌مینه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌گه‌ر زۆڕینه‌ی دانیشتووان له‌ گوند یا شارۆچكه‌، شار، ناوچه‌، هه‌رێم‌دا پێكبهێنن و مسۆگه‌ركردنی ئازادی كولتورییان.

٧- به‌ڕێخستنی ڕاپرسی گشتی له‌سه‌ر هه‌موو پرسه‌ چاره‌نووسساز و سه‌رتاسه‌رییه‌كان.

٨- به‌شداری و چاودێری ته‌واوی نوێنه‌رانی ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی كارگه‌ران و فه‌رمانبه‌ران و ژنان و لاوان و كه‌مئه‌ندامان و خانه‌نشینان، وێڕای نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی جه‌ماوه‌ری گشت به‌شه‌كانی كوردستان، شانبه‌شانی كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆری بواری یاسایی له‌ داڕێژانی یاسای بنه‌ڕه‌تی كوردستان چ وه‌ك هه‌رێمێك له‌ ئێران چ وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ.

ئه‌مانه‌ ده‌توانن له‌ هوشیاركردنه‌وه‌ و خۆ ئاماده‌كردنی جه‌ماوه‌ر بۆ هه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی چاوه‌ڕوانكراو چ له‌كاتی ڕاپەڕین و چ له‌ پاش ڕاپەڕین و ڕێكخستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ و ژیانی ئاسایی ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌یه‌. به‌بۆچوونی من ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر به‌ ماف و خواسته‌كانی خۆی ئاشنانه‌بێت، ئه‌وا به‌ده‌ردی دانیشتووانی باشووری كوردستان ده‌چن، كه‌ له‌پاش ١٣ ساڵ به‌كرده‌وه‌ جیایی له‌ ده‌سه‌ڵاتی نێوه‌ندی، كه‌چی ئه‌ورۆكه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ خۆیان به‌نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ ھەژماردەكەن، خه‌ریكه‌ یاسایه‌ك مۆرده‌كه‌ن، كه‌ نه‌ك لایەنیكه‌می ده‌ستكه‌وته‌كانی ئازاری ١٩٧٠ بۆ جه‌ماوه‌ر مسۆگه‌رناكه‌ن، به‌ڵكو یاساكه‌ی سه‌رده‌می به‌عس له‌چاویدا پێشكه‌وتووتر دیته‌به‌چاو، یاسایه‌ك كه‌ به‌ كۆماری ئیسلامی عیراقی فیدراڵی ده‌ستپێده‌كات! ئه‌مه‌ ئه‌و مه‌ترسییه‌یه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی جه‌ماوه‌ر ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر چاره‌نووسی خۆی بداته‌ ده‌ست پارته‌ ڕامیارییه‌كان و له‌ ئاڕاسته‌كردنی ڕووداوه‌كان و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی چاره‌نووسی كۆمه‌ڵگه‌ و دیاریكردنی ئایده‌یه‌كی گه‌ش، خۆی دوور بگرێت ! سەركەوتنی گشت ئه‌وانه‌ش ته‌نیا له‌ گره‌وی یه‌كگرتووی به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ردایه‌!

                        سه‌ركه‌وتوو بێت ڕاپەڕینی جه‌ماوه‌ری خۆرھەڵاتی كورستان

                        مه‌رگ و ڕسوایی بۆ سه‌روه‌ران و هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان

Raperrînewey cemawer le şarekanî kurdistan, peyamî allugorrêkî mezne lenawçekeda

   Raperrînewey cemawer le şarekanî kurdistan, peyamî allugorrêkî mezne lenawçekeda

3î ogustî 2005

Ewrroke cemawerî stemdîdey xorhellatî kurdistan le şarekanî mehabad û (sne)da, le katêkda radeperrê, ke rastewxo û narrastewxo xawenî dû ezmûne. Dû ezmûnî têkişkaw; raperrînî cemawerî le sallî 1979da hawşanî şarekanîdîkey êran û raperrînî azarî 1991î başûrî kurdistan. Lewaneye kesanêk hebin, çi le nahuşyarîyanewe çi le koneparêzîyanewe djî em boçûne bin, bellam eger berawridî herdû raperrîneke sererray cyawazî serdem û karayî derekî leseryan, debînîn, ke hîçkamyan beakam negeyiştûn !

Le raperrînî 1979da behoy zallbûnî pagendey cîhanî bo axundekan û djexunî çepekan lecemawer, leser astî êran axundekan desellat degirnedest û bemeş nek her raperrîn têkişka, bellku berey djeşorrş beharîkarî cîhanî twanîyan swarî şepolekanî şorrş bin û komellge be arrastey pêçewane bhajûn. Leser astî kurdistanîş mlimlanêy part û grupe ramyarîyekan twanî dûberekî lenaw rîzekanî cemawerî raperrîw û azadîxwazda drustibkat û amadeyî bergirî cemawer leberamber leşkirkêşî supay axundekanda, lawaz bken.

Le ezmûnî dûmîşda, sererray rollî serekî hêzî hawpeymanan û wabesteyî part û grupe ramyarîyekanî naw berey kurdistanî û opozsyonî ‘îraqî, ke le rastîda ewanîş fretir her ew bere kurdistanîye bûn, leberewey raperrînî cemawerî leberjewendyan nebû, betaybet ewey ke lenêw ew raperrîneda, wek ewey sallî 1979î êran, hêzêkî radîkallî cemawerîy xorrêkxistû le  (şurakan)da le peresendinda bû, têkişkanî raperrîneke û berrêxistnî korrewî milyonî û dwatir giftugoy bere letek rjêm, çuwe desturî karî hêzehawpeymanekan û berey kurdistanî û hawberjewendî herdû la lew sateda letek rjêmî be’s.

   naamadeyî ewrrokey hêze ramyarîyekanî xorhellatî kurdistan û êran begşitî bo piştgîrî lem raperrîne cemawerîye, hokey bo ewe degerrêtewe, ke ewan natwanin kontrollî ew serhelldane xobexoyye bken û letek sitratîcî ewanda nayêtewe, ke çawyan brrîwete giftugo letek rjêm û bellîn û ramyarîy çepellî zilhêzekan le nawçekeda. Bedillnyayyewe detwanim bllêm, eger cemawer le xorhellatî kurdistan sûd le ezmûnekey azarî 1991î başûrî kurdistan wernegrêt, ewa eger raperrîn be ramallînî hêzekanî komarî îslamî le kurdistanda kotayî bêt, hîç cêgey guman nîye, ke hêze ramyarîyekan her le çepyanewe bîgre ta rastîyan, eger wek berey kurdistanî paşekşî ktupirr û nexşebokêşrraw neken, ewa bebê sê û dû be hellgîrsandinî şerrî desellat û nawçegerî û koneqîn, raperrîn lebardeben. Em boçûne ne le  rik û djayetî ramyarîyewe serçawe degrê û ne le naumêdîyewe, bellku dûbare bûnewey em rûdawane pêşîneyekî mêjûîy heye û taybet be nawçeyek û neteweyek nîye !

   Bo derkewtinî baştirî rastî em boçûne, birrwanne hellwêstî layene ramyarîyekan lemer xo bexawenkirdnî gyanbextkirdû “şwane”we û lewêşewe xo bexawenkirdnî raperrîneke! Herweha birrwanne hengawî bekirdeweyan bo hellxirran û sertaserîkirdnewey xopêşandanekan û rakêşanî ray giştî bo piştîwanî le cemawer û xistnerrûy serkutgerîyekanî komarî îslamî û tenanet naamadeyyan bo geyandin û rakêsanî mêdyay cîhanî û rojnamewananî azad lem kateda, ke komarî îslamî dûbare letek yekêtî ewrupî leser çekî etomî, dergîre! Lewlaşewe birrwanne hellwêstî neteweyî hêze ramyarîyekanî başûrî kurdistan be fermanrrewa û nafermanrrewayanewe, ke qsey serizman û bnîzmanyan mafî netewayetîye û xoyan be qsekerî netewe dezanin ! Aya eger le tirsî bergirtin û serkutgerî ewan nebêt, cemawerî stemdîdey başûrî kurdistan, ke her êsta leberdem metrisî lêsendnewey destkewt û sepandinî komarêkî îslamî wek êrandaye beserîda, narrjête serşeqamekan bo piştgîrî raperrînî cemawerî mehabad û sne?

Emane xallgelêkin, ke nakrê lawekî û katî çaw lêbkirên, eme hellwêstî çînayetî borcwazî kurde çi le xorhellat û çi le başûr beramber raperrînî cemawerîy, çunke eger raperrînî cemawerî be amancî xoy bgat, ewa ewan wek hêzî seruxellkî ew destkewtaneyan nabêt, ke le pênawîda ledaykbûn. Ewey ewan bedwayewen kotayîhênan be stemî netewayetî û serkutî ayînî nîye, ewey ewan beteman bîsepênin, azadî û sîstemêkî xoberrêweberayetî azadane nîye, ke azadîye giştîyekan û takekesîyekan dabînbkat, bellku pêçewanekeyetî û emeş detwanîn le hellwêstî berey kurdistanî û dû parte fermanrrewakey paşayetî barzan û (talleban)da bbînîn, ke çwarde salle yarî be çarenûsî cemawer deken û mafe netewayetîyekanî kurdyan kirduwe bekartî qumar û yarî bedestihênan û parrastinî kursî partekanyan mosgerdeken !

   lem barewe dekrê fre qse bikrêt û fre basî dîkeşî lêdebêtewe, bellam ewey lem sateda fre gringe, sûdwergirtne lew wananey ke lew dû raperrînewe bo cemawerî raperrîwî mehabad û sne becêmawn û dekrê hellsurawanî cemawerîy serxet û xalle serekî û destbecêkanyan bo msogerkirdnî serkewtin, lêwe bedestibhênin, ke beboçûnî min em xallane beşêkyanin:

–                      pêkhênanî komîtekanî mangirtin û xopîşandan.

–                      berizkirdnewey daxwazîye cemawerîyekan, ke derbrrî xwast û xewnî giştîn, lebrî druşm û daxwazîy part û grupe ramyarîyekan.

–                      peywendîgirtin letek çalakanî cemawerîy leser astî sertaserî êran, betaybet  azerbaycan û ehwaz.

–                      peywendîgirtin benawende cîhanîyekanî maf û bzûtnewekanî wek atak û dje kapîtalîst û …tid.

–                      geyandî hewall û rakêsanî sernicî nawendîye resaneyyekan, betaybet rojnamewanay azad.

–                      destbirdin bo mangirtnî giştî; her le mangirtnî giştî lekar, le xwardin, le kirdnewey mîdyay serbedesellat û baykotî rojnamewanî û xwêndnewe û gwêgirtin û bînînî mîdyay serbedesellat.

–                      hewllî destbecê bo pêkhênanî komîte û rêkixrawe cemawerîyekan le şwênî kar û lenêw gerrekekanda û xobwardin leser şerredenûk leser nawlênanî ew rêkixrawane.

–                      lepall ewey ke debêt hewllekan ta bilwêt sertaserîî bikrênewe, bellam pêwîste komîtekanî raperrîn leher şwênêk azadî û serbexoyî xoyan hebê û birryarî pêwîst û destbecê bden.

–                      beşdarî her part û rêkixraweyekî ramyarîy lenêw em komîtaneda debêt leber roşnayî berjewendî û xwast û gerranewey gişt birryarekan bo cemawer, bêt.

–                      pêkhênanî lêjnekanî parrastinî xanûbere û fermange û fêrge û şwênegşitîyekan wek mullkî giştî.

–                      pêkhênanî komîtekanî gerrek bo parrastinî asayşî danîştuwan.

–                      bergirtin beher hêz û kesêk ke dest bo tollesendnewey kesî û tallanî debat.

–                      destbekarbûnî komîtekan her le yekem satî serkewtnewe bo pêkhênanî gardî cemawerî û hêzî parêzgarî.

–                      destgirtin beser radyo û telefzyon û xistnekaryan bo geyandinî dengî cemawer.

–                      pêkhênanî encumen û komîtekanî karge û karxane û fermange û şwêne giştîyekan leser bnemay kobûnewey giştî û hellbjardinî rastewxo û azadane le xwarewerra bo serewe û spardinî berrêwberayetî ew şwênane be kargeran û karmendan û serperşitî kirdnî behoy xoberrêweberayetîyekanyanewe.

–                      destbekarbûn bo pêkhênanî fîdrasyon û konfîdrasonî sertaserî rêkixrawe pîşeyî û cemawerîyekan û rêkxistnewey herêmekan û wllat leser bnemay xoberrêweberayetîye serbexokan.

–                      emane û çendîn xallîdîke.. Ke erkî demudestî nêw raperrînekanin û xobwardin le cêbecêkirdinyan, hem bwar bo bêserewbereyî drustdekat û hem raperrîn dekate destemoy hêze desellatixwaze seruxellkîyekan.

–                      hendêk lem xallane fretir erkî çalakane lederewey wllat, ta ewendey peywendî be geyandinî dengî cemawer be nawende cîhanîyekanewe peyweste.

   be kurtî bo ewey raperrîn beserkewtin bgat û pallnerrêk hebêt bo berdewamî hêzî cemawer le hatnewemeydanî berdewam, ewa amancekanî cemawere le raperrîn û erkî çalakan rûnkirdnewe û hellhêncanî daxwazîgelêke ke peyamî raperrîn be lûtke degeyênin;

1- xoberrêweberayetî danîştuwanî kurdistan çi be manewe le êranî fîdrallîda çi be cyabûnewe le êran, ke leherdû barda tenya cemawer mafî ew birryardaney heye.

2- cyayî ayîn le karubarî komellge û kotayîhênan be mşexorîy damudezge ayînîyekan beser dahatî xellkewe.

3- derhawîştinî hemû tuxmêkî ayînî le sîstemî perwerde û rahênanda.

4- azadî û yeksanî heme layene lenêwan jnan û pyawanda.

5- azadî cemawer le hellbjardinî şêwey berrêweberayetî xoy le her herêm û nawçe û şar û şaroçke û gundêkda.

6- mafî xudmuxtarî bo her kemîneyekî neteweyî, eger zorrîney danîştuwan le gund ya şaroçke, şar, nawçe, herêmda pêkbihênin û msogerkirdnî azadî kulturîyan.

7- berrêxistnî raprisî giştî leser hemû pirse çarenûssaz û sertaserîyekan.

8- beşdarî û çawdêrî tewawî nwêneranî rêkixrawe cemawerîyekanî kargeran û fermanberan û jnan û lawan û kemendaman û xanenşînan, wêrray nwêneranî hellbijêrdrawî cemawerî gişt beşekanî kurdistan, şanbeşanî kesanî şareza û pisporî bwarî yasayî le darrêjanî yasay bnerretî kurdistan çi wek herêmêk le êran çi wek wllatêkî serbexo.

Emane detwanin le huşyarkirdnewe û xo amadekirdnî cemawer bo her rûberrûbûneweyekî çawerrwankraw çi lekatî raperrîn û çi le paş raperrîn û rêkxistnewey komellge û jyanî asayî egerî rûdanî heye. Beboçûnî min eger cemawer be maf û xwastekanî xoy aşnanebêt, ewa bederdî danîştuwanî başûrî kurdistan deçin, ke lepaş 13 sall bekirdewe cyayî le desellatî nêwendî, keçî ewroke ewaney ke xoyan benwênerî netewe hejmardeken, xerîke yasayek mordeken, ke nek layenîkemî destkewtekanî azarî 1970 bo cemawer msogernaken, bellku yasakey serdemî be’si leçawîda pêşkewtûtir dîtebeçaw, yasayek ke be komarî îslamî ‘îraqî fîdrallî destipêdekat! Eme ew metrisîyeye ke rûberrûy cemawer debêtewe, eger çarenûsî xoy bdate dest parte ramyarîyekan û le arrastekirdnî rûdawekan û bedestewegirtnî çarenûsî komellge û dyarîkirdnî aydeyekî geş, xoy dûr bigrêt ! Serkewtinî gişt ewaneş tenya le grewî yekgirtûy berey cemawerdaye!

                        serkewtû bêt raperrînî cemawerî xorhellatî kuristan

                        merg û riswayî bo serweran û hêze desellatixwazekan

یەكێك لەو نامانەی، كە ھیچ كات، وەڵامیان وەرنەگرتەوە

یەكێك لەو نامانەی، كە ھیچ كات، وەڵامیان وەرنەگرتەوە

خوێنەرانی ھێژا، ئەو نامەیەی كە لە كۆتایی ئەم نووسینەدا دەیخوێننەوە، یەكێكە لەو نامانەی، كە لە ساڵی ١٩٨٨وە بە بەردەوامی بەمەبەستی ئاوڕدانەوە و پێداچوونەوە و كاركردن لەسەر ئەو بزوتنەوە و گروپانەی كە لەژێر سەردێری سۆشیالیستبوون و ئازادیخوازیی و ڕزگاری و سەربەخۆییدا، چ لە كۆمەڵگەی ئێمەدا و چ لە وڵاتانی دیكەدا، پاش ساڵانێك لە بەفیڕۆدانی وزە و توانانی سۆشیالیستخوازان و خوێنڕشتن، ئاشبەتاڵیان لە سەرەتاكان و پاگەندە فریودەرەكانیان كردووە، ھەندێكیان بە خۆمان ڕاستەوخۆ تیایاندا بەشداربووین و ھەندێكیان لە ڕێگەی نەوەكانی پێش خۆمانەوە بەجۆرێك زانیاریی و ئەزموونگیرییمان لەبارەیانەوە ھەیە.

بەڵام بەداخەوە، ھیچ یەك لەو ھاوڕێیانەی، كە ئەو نامانەم ئاراستەكردوون، نە ئامادەیی بەشداریكردنیان لەو جۆرە مشتومڕانەدا نیشانداوە، نە وەڵامیان بە نامەكان داوەتەوە. لەبەرئەوە ناتوانم لە دەمی خۆیانەوە، قسە لە ھۆكاری نائامدەیی ئەو ھاوڕێیانە بكەم، بەڵام ئەزموونی كەسیی خۆم لەتەك ئەو ھاورێیانەدا بەم سەرەنجامەم دەگەیێنێت؛ یا ئەوەتا بە كردەوە ئامادەی كاركردن لەپێناو ئەوەی پاگەندەی دەكەن نین، یا ئەوەتا سەربەخۆیی ھزریی و بیركردنەوەیان نییە و لە چارچێوەی ئایدیۆلۆجیایەكدا دەستەمۆكراون !

ھەڵبەتە من لە خۆوە و لە خۆرا، نامەم ئاراستەی ھاوڕێ و ھاوەڵەكانم نەكردووە، بەڵكو لەسەر بنەمای پەیوەندی و لێدوانەكانی نێوانمان و ناڕەزایەتی و گلەیی و وردەگیری و  ڕەخنەیەك، كە لە ڕێكخراوەكانیان و لە چوارچێوە ڕامیارییەكانیان كە تیایاندا بەندكراون، ھەیانبووە و ھەیانە، من ڕێگەم بەخۆم داوە، پێشنیاریی وەھا لێدوان و زنجیرە لێكۆڵینەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندن لەتەكیاندا، بكەم.

ھاوڕێیانێك، كە ئەو نامانەیان ئاراستەكراوە، كۆڕ و كۆمەلێكی دیاریكراوی ناوچەیەك نەبوون، بەڵكو دانیشتووی شوێنی جیا جیا لەوانە (دیانە، ئاكرێ، ھەولێر، قەلادزێ، ڕانیە، سەروچاوە، كۆیە، كەركووك، چەمچەماڵ، سلێمانی، پێنجوێن، مالوان، ھەڵەبجە، ناوچەی ھۆرامان، ئوردووگەكانی ئێران و چەند شارێكی ئێران بوون و ھەروەھا لە لایەنگرانی ( ئەنوەر خۆجە و مائۆ تسی تۆنگ و كاستۆ و ستالین و ماركس و لێنین و ترۆتسكی و كۆمەڵەی ئێران و كۆمەڵەی ڕەنجدەران و ڕێكخراوەكانی پێش حككع و خودی حككع و ڕێكخراو و پارتەكانی كە دواتر لە حككع جیابوونەوە، كەسانی سەر بە ھەموو ھێڵ و ئاراستە خۆبەسۆشیالیستزانەكانی، تێدابوون.

ڕاستییەك یا شتێك، كە وەك سەرەنجام و ئەنجامگیریی كەسیی من گەڵاڵە بووە، ئەوەیە كە نادەربەستی و نەوێریی ئەو ھاوێیانە، زەمینەی مەنگ و لیخنبوونی بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە ھەرێمی كوردستاندا لە ڕووی ھزر و بۆچوونەوە، ڕەخساندووە، تا ئەو ڕادەیەی، كە جاران ڕۆشنبیرترین كەسانی كۆمەڵگەكەمان، كەسانی سۆشیالیست بوون، كەچی ئەوڕۆكە لە ھەر مشتومڕێكدا بۆچوونەكەت بۆنی ئازادیخوازیی و یەكسانیخوازیی و دادپەروەرییخوازیی [سۆشیالیزم]ی لێبێت، ئەوا دەستبەجێ لەلایەن لایەنگرانی نیئۆلیبرالیزمەوە لەتەك ئەم دەستەواژەدا ڕووبەڕوودەبیتەوە “ئێوە سۆشیالیستەكان/ كۆمونیستەكان، خوێندنەوەتان بۆ شتەكان نییە”. لێرەدا دەمەوێت بەو ھاوڕێیانەی، كە بەرامبەر پرسە ھەنووكەییەكانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی و یەكسانیخوازیی نادەربەست و دورەپەڕیزبوون، بڵێم لەو ڕەخنە مێژووییە بەدەرنین، كە سبەی یەخەی ھەموومان دەگرێت ” زاڵبوونی ھزر و بۆچوونی دژە ئازادی و دژە یەكسانی و دژە سۆشیالیستی، بۆ نادەربەستی و گۆشەگیریی و ئایدیۆلۆجیگەریی ئێوەیە دەگەرێتەوە”!

تێبینی: ئامانجم لە بڵاوكردنەوەی ئەم نامەیە وەك نموونە و نووسینی ئەم چەند دێرە، ئەوە كە بڵێم، ھاوڕێیان لەبەردەم دووڕیانێكداین؛ چالاكبوونەوە و گەڕانەوە بۆ سەرەتا پۆزەتیڤەكانی سۆشیالیستبوونمان و كاركردن بۆ تێكشكانی بەربەست و قاوخە كەڕووییەكان و شڵەقاندنی گۆمی مەنگ و لیخنی بێدەنگی، یا كڕمانەوە و نادەربەستبوون و گۆشەگیریی بە ئامانجی دەستگرتن بە پلەی پارتایەتی و ناوبانگی كەسیی و حاڵكردن لە تەكیە ئایدیۆلۆجییەكاندا!

كامەیان ھەڵدەبژێریت، ئینگلیز واتەنی “up to you” !

**********************************************************************

دەقی نامەكە

٠١ی ئایاری ٢٠٠٤

هاوڕێیان سڵاو،

وێڕای هه‌واڵپرسین ، ده‌سته‌كانتان به‌ گه‌رمی ده‌گوشم و هیوای وره‌به‌رزیتان بۆ ده‌خوازم ….

   هاوڕێیان ، ئه‌م نامه‌یه‌ی به‌رده‌ستان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌ر قسه‌وباسێك كه‌ ساڵانێك به‌ر له‌ ئێستا له‌سه‌ر پرسه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی ئەوكات له‌نێوانماندا هه‌بوون یان ڕاستر بڵێم هه‌وڵێكه‌ بۆ سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌وباسانه‌.

   لێره‌دا به‌ده‌ر له‌ وابه‌سته‌یی هه‌ر یه‌كه‌مان بۆ هه‌ر ڕێكخراو یا ئایدیۆلۆژیایه‌ك ( به‌ش به‌ حاڵی خۆم سه‌ر به‌ هیچ ڕێكخراوێك نیم ) من وای ده‌بینم كه‌ پێویسته‌ هاوڕێیانه‌ ، له‌ چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌دا ئه‌و پرسانەی،‌ كه‌ بوونه‌ته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م بزووتنه‌وه‌كه‌دا ڕونبكه‌ینه‌وه ، ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ ئێمه‌ به‌ چاوی سه‌رده‌م له‌ شته‌كان بڕوانین و به‌ تێڕوانینێكی ڕیالیستانه‌وه‌‌ بۆ به‌ره‌‌نجامه‌كان بڕوانین .

    ئه‌مه‌ له‌ ئه‌وڕۆكه‌دا كارێكی فره‌دژوار نییه‌ ، ده‌كرێ به‌ سودوه‌رگرتن له‌ ئینته‌رنێت به‌ خێراترین كات، ده‌ستوبرد بكه‌ین و له‌م قۆناخه‌ چاره‌نوسسازه‌دا ، ئه‌وه‌ی ده‌كرێ پێیھەڵستین تاوه‌كو وه‌ك 12 ساڵی پاش ڕاپه‌ڕین هه‌له‌كه‌ له‌ده‌ست نه‌جێ ، كه‌ به‌ بڕوای من زۆر كار ده‌كرا كه‌ نه‌كرا و پێیهه‌ڵنه‌ستاین ! ده‌كرێ هه‌ر یه‌كه‌مان له‌ جێی خۆیه‌وه‌ به‌ پێی ده‌رك و تێڕوانینی خۆی ئه‌و ڕێگریانه‌ بكاته‌ سه‌رخه‌تی باسه‌كانی و بیروڕای خۆی به‌مه‌به‌ستی لێدوان و بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ له‌ نێوان خۆماندا یان كراوه‌تر گه‌ر هه‌مووان ڕازی و خوازیار بن؟

   من له‌ جێی خۆمه‌وه‌ چه‌ند سه‌رخه‌تێك دیاری ده‌كه‌م، كه‌ پێموایه‌ تاوه‌كو چه‌م و دەركێكی دروست و ڕیالیستانه‌مان لێیان نه‌بێت ، ئه‌وا له‌ هه‌ر هه‌نگاو و بڕیاردانێكدا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ته‌نیا هه‌ڵه‌كانی ڕابوردوو دووباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ ، واته‌ سزادانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ به‌ شكست و هێنده‌ی‌ دیكە نائومێدكردنی چه‌وساوه‌كان ، كه‌ به‌مه‌ش بێجگه‌ له‌ به‌هێزكردنی دژه‌شۆڕش چیدیكە ئه‌نجام ناده‌ین، هه‌رچه‌نده‌ نیازیشمان ئه‌وه‌ نه‌بێت !

ئه‌مانه‌‌ چه‌ند سه‌رخه‌تێكن، كه‌ من به‌ زۆر پێویستیان ده‌زانم بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئەمڕۆدا، به‌ڵام به‌ تێڕوانینێكی زیندووی ناو واقیعیه‌تێك، كه‌ تێیدا ده‌ستبه‌كارین : ( چین ، بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری، شێوازی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری ، پارت ، شۆڕش ، شێوازی شۆڕش ، شۆڕش له‌یه‌ك وڵاتدا ، ئینته‌رناسیونالیزم ، سۆشیالیزم – ده‌وڵه‌تی كارگه‌ری یا به‌ڕێوه‌بردنی خۆیی- ، … ، …. تد )

هاوڕێیان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕابوردووی خه‌باتكارانه‌تان،  به‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆره‌وه‌ ئه‌م نامه‌تان ئاراسته‌ده‌كه‌م، به‌و هیوایه‌ی له‌ڕێگه‌ی ئیمه‌یله‌وه‌ زنجیره‌یه‌ك قسه‌وباسی كارا و به‌سوود له‌ ئاستی بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌دا ده‌ستپێبكه‌ین و به‌م كاره‌ به‌ردێك فڕێده‌ینه‌ ئه‌و گۆمه‌ مه‌نگه‌ی، كه سێ‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌ ده‌بێت بزوتنه‌وه‌‌ سیاسییه‌كان له‌ ئاوه‌زی ئێمه‌دا درستیانكردووه‌ .

من له‌وه‌ دڵنیام، كه‌ كه‌سانێكی زۆر هه‌‌ن و ئاماده‌ن بۆ به‌شداری، كه‌ ده‌كرێ پاش سه‌ركه‌وتنی خۆمان له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا، به‌سودوه‌رگرتن له‌ ئینته‌رنێت ئه‌وانیش به‌شداربن‌ …

دوباره‌ دنیایه‌ك ڕێز و سڵاو

هاوڕێتان

هه‌ژێن

Yekêk lew Namaney, ke hîç kat, wellamyan wernegirtewe

Yekêk lew Namaney, ke hîç kat, wellamyan wernegirtewe

Xwêneranî hêja, ew nameyey ke le kotayî em nûsîneda deyixwênnewe, yekêke lew namaney, ke le sallî 1988we be berdewamî bemebestî awirrdanewe û pêdaçûnewe û karkirdin leser ew bzutnewe û grupaney ke lejêr serdêrî soşyalîstibûn û azadîxwazîy û rizgarî û serbexoyîda, çi le komellgey êmeda û çi le wllatanî dîkeda, paş sallanêk le befîrrodanî wze û twananî soşyalîstixwazan û xwênrriştin, aşbetallyan le seretakan û pagende frîwderekanyan kirduwe, hendêkyan be xoman rastewxo tyayanda beşdarbûyn û hendêkyan le rêgey newekanî pêş xomanewe becorêk zanyarîy û ezmûngîrîyman lebareyanewe heye.

Bellam bedaxewe, hîç yek lew hawrrêyaney, ke ew namanem arastekridûn, ne amadeyî beşdarîkirdinyan lew core miştumrraneda nîşandawe, ne wellamyan be namekan dawetewe. Leberewe natwanim le demî xoyanewe, qse le hokarî naamdeyî ew hawrrêyane bkem, bellam ezmûnî kesîy xom letek ew hawrêyaneda bem serencamem degeyênêt; ya eweta be kirdewe amadey karkirdin lepênaw ewey pagendey deken nîn, ya eweta serbexoyî hizrîy û bîrkirdneweyan nîye û le çarçêwey aydyolocyayekda destemokrawn !

Hellbete min le xowe û le xora, namem arastey hawrrê û hawellekanim nekirduwe, bellku leser bnemay peywendî û lêdwanekanî nêwanman û narrezayetî û gleyî û wirdegîrî û  rexneyek, ke le rêkixrawekanyan û le çwarçêwe ramyarîyekanyan ke tyayanda bendikrawn, heyanbuwe û heyane, min rêgem bexom dawe, pêşnyarîy weha lêdwan û zincîre lêkollînewe û pêdaçûnewe û hellsengandin letekyanda, bkem.

Hawrrêyanêk, ke ew namaneyan arastekrawe, korr û komelêkî dyarîkrawî nawçeyek nebûn, bellku danîştûy şwênî cya cya lewane (dyane, akrê, hewlêr, qeladzê, ranye, seruçawe, koye, kerkûk, çemçemall, slêmanî, pênciwên, malwan, hellebce, nawçey horaman, urdûgekanî êran û çend şarêkî êran bûn û herweha le layengranî ( enwer xoce û mao tsî tong û kasto û stalîn û markis û lênîn û trotsikî û komelley êran û komelley rencderan û rêkixrawekanî pêş hikk’ û xudî hikk’ û rêkixraw û partekanî ke dwatir le hikk’ cyabûnewe, kesanî ser be hemû hêll û araste xobesoşyalîstzanekanî, têdabûn.

Rastîyek ya ştêk, ke wek serencam û encamgîrîy kesîy min gellalle buwe, eweye ke naderbestî û newêrîy ew hawêyane, zemîney meng û lîxnibûnî bzûtnewey soşyalîstî le herêmî kurdistanda le rûy hzir û boçûnewe, rexsanduwe, ta ew radeyey, ke caran roşnibîrtirîn kesanî komellgekeman, kesanî soşyalîst bûn, keçî ewrroke le her miştumrrêkda boçûneket bonî azadîxwazîy û yeksanîxwazîy û dadperwerîyixwazîy [soşyalîzm]î lêbêt, ewa destbecê lelayen layengranî nîolîbralîzmewe letek em destewajeda rûberrûdebîtewe “êwe soşyalîstekan/ komunîstekan, xwêndnewetan bo ştekan nîye”. Lêreda demewêt bew hawrrêyaney, ke beramber pirse henûkeyyekanî bzûtnewey azadîxwazîy û yeksanîxwazîy naderbest û dureperrîzbûn, bllêm lew rexne mêjûyye bedernîn, ke sbey yexey hemûman degrêt ” zallbûnî hzir û boçûnî dje azadî û dje yeksanî û dje soşyalîstî, bo naderbestî û goşegîrîy û aydyolocîgerîy êweye degerêtewe”!

Têbînî: amancim le bllawkirdnewey em nameye wek nmûne û nûsînî em çend dêre, ewe ke bllêm, hawrrêyan leberdem dûrryanêkdayn; çalakbûnewe û gerranewe bo sereta pozetîvekanî soşyalîstibûnman û karkirdin bo têkişkanî berbest û qawxe kerrûyyekan û şlleqandinî gomî meng û lîxnî bêdengî, ya kirrmanewe û naderbestibûn û goşegîrîy be amancî destgirtin be pley partayetî û nawbangî kesîy û hallkirdin le tekye aydyolocîyekanda!

Kameyan helldebjêrît, îngilîz watenî “up to you” !

**********************************************************************

Deqî nameke

01î ayarî 2004

Hawrrêyan sllaw,

Wêrray hewallpirsîn , destekantan be germî deguşm û hîway wreberzîtan bo dexwazm ….

   hawrrêyan , em nameyey berdestan gerraneweye bo ser qsewbasêk ke sallanêk ber le êsta leser pirse henukeyyekanî ewkat lenêwanmanda hebûn yan rastir bllêm hewllêke bo serlenwê destipêkirdnewey ew qsewbasane.

   lêreda beder le wabesteyî her yekeman bo her rêkixraw ya aydyolojyayek ( beş be hallî xom ser be hîç rêkixrawêk nîm ) min way debînim ke pêwîste hawrrêyane , le çwarçêwey bzûtnewe komellayetîyekeda ew pirsaney, ke bûnete rêgir leberdem bzûtnewekeda runbkeynewe , emeş tenya bewe dekrê ke ême be çawî serdem le ştekan birrwanîn û be têrrwanînêkî ryalîstanewe bo berencamekan birrwanîn .

    eme le ewrrokeda karêkî fredijwar nîye , dekrê be sudwergirtin le înternêt be xêratrîn kat, destubrid bkeyn û lem qonaxe çarenussazeda , ewey dekrê pêyhellsitîn taweku wek 12 sallî paş raperrîn heleke ledest necê , ke be birrway min zor kar dekra ke nekra û pêyhellnestayn ! Dekrê her yekeman le cêy xoyewe be pêy derk û têrrwanînî xoy ew rêgiryane bkate serxetî basekanî û bîrurray xoy bemebestî lêdwan û bîrurra gorrînewe le nêwan xomanda yan krawetir ger hemuwan razî û xwazyar bin?

   min le cêy xomewe çend serxetêk dyarî dekem, ke pêmwaye taweku çem û derkêkî drust û ryalîstaneman lêyan nebêt , ewa le her hengaw û birryardanêkda be dillnyayyewe tenya hellekanî raburdû dûbare dekeynewe , wate szadanewey bzûtneweke be şkist û hêndey dîke naumêdkirdnî çewsawekan , ke bemeş bêcge le behêzkirdnî djeşorrş çîdîke encam nadeyn, herçende nyazîşman ewe nebêt !

Emane çend serxetêkin, ke min be zor pêwîstyan dezanim bo lêkollînewe le emrroda, bellam be têrrwanînêkî zîndûy naw waqî’yetêk, ke têyda destbekarîn : ( çîn , bzutnewey cemawerî, şêwazî xebatî cemawerî , part , şorrş , şêwazî şorrş , şorrş leyek wllatda , înternasîwnalîzm , soşyalîzm – dewlletî kargerî ya berrêwebirdnî xoyî- , … , …. tid )

Hawrrêyan leser bnemay raburdûy xebatkaranetan,  be çawerrwanîyekî zorewe em nametan arastedekem, bew hîwayey lerrêgey îmeylewe zincîreyek qsewbasî kara û besûd le astî bzutnewe komellayetîyekeda destipêbkeyn û bem kare berdêk frrêdeyne ew gome mengey, ke sê çareke sede debêt bzutnewe syasîyekan le awezî êmeda dristyankirduwe .

Min lewe dillnyam, ke kesanêkî zor hen û amaden bo beşdarî, ke dekrê paş serkewtinî xoman le hengawî yekemda, besudwergirtin le înternêt ewanîş beşdarbin %

                        dubare dinyayek rêz û sllaw

Hawrrêtan

Hejên

تیرۆریستی ڕاستەقینە، داگیركەرانن

تیرۆریستی ڕاستەقینە، داگیركەرانن

وەرگێڕان و ئامادەكردنی : ھەژێن

مایك پریسنەر(Mike Prysner)  یەكێك لە سەربازانی ئەمەریكایی، ئەندامی گروپی كۆنە جەنگاوەرانی دژە-جەنگ لە عیراق (IVAW)ە. لەم گرتە ڤیدیۆیەدا بەسێك لە قسەكانی ئەو دەبیستین، كە زۆر كارا و سەرنجراكێشن.

 

من زۆر ھەوڵمدا، تاكو شانازی بە خزمەتێكەوە بكەم، كە ئەنجامداوە، بەڵام بێجگە لە شەرمەزاری ھیچ ھەستێكی دیكەم نییە. نەژادپەرستییەكی دیكە، ناتوانێت كەتواری داگیركردن پەردەپۆشبكات. ئەوانە خەڵكن، ئەوانە مرۆڤن.

 

من وا ھەستدەكەم، كە بە تاوانێك سزاواركراوم، ھەر كاتێك كە پیرێك، وەك ئەو كەسەی كە نەیدەتوانی بەڕێگەدا بڕوات و ئێمە ئەومان تا لای گوێزەرەوە (نەقالە) ڕاكێشكرد و بە پۆلیسە عیراقییەكانمان گوت ” ئەو لەوێنە ببەن”. من ھەست بە تاوان دەكەم، ھەر كات دایكێك لەتەك كیژۆڵەكەی دەبینم، وەك ئەو كیژۆڵەیەی كە دێوانەئاسا دەگریا و ھاواریدەكرد ” كە ئێمە لە سەدام خراپترین”، كاتێك كە خەریكبووین ئەومان لە ماڵەكەی دەكردە دەرەوە. من ھەست بە تاوان دەكەم، ھەر كات كیژێكی لاو دەبینم، وەك ئەو كیژۆڵەیەی، كە دەستمگرت و ڕامكێشایە سەر شەقامەكە.

 

بە ئێمەیان گوت ” كە ئێمە بەرامبەر تیرۆیستەكان دەجەنگین، بەڵام تیۆریستی راستەقینە من و تیرۆریزمی ڕاستەقینە ئەم داگیركردنەیە!

 

*************************************************************

ئەم بابەتە لە ڕووپەڕی ئەفگانستان لە فەیسبووك وەرگیراوە و كراوە بە كوردی

 

پێگە ئینتەرنێتییەكانی مایك پریسنەر:

 

تویتەر : https://twitter.com/MikePrysner

 

فەیسبووك : https://www.facebook.com/pages/MIKE-PRYSNER/310656486458

 

یوتوب : http://www.youtube.com/watch?v=KlHwp16Ac0U

 

بەستەری دیتنی گرتە ڤیدیۆییەكە: https://www.facebook.com/video/video.php?v=1168003775506

 

بەستەری پێگەی ئینتەرنێتی گروپی كۆنە جەنگاوەرانی دژە-جەنگ لە عیراق : http://www.ivaw.org

 

سەرچاوەی لێوەرگیراو:https://www.facebook.com/LoveAfghanistan