ھەڵبەتە من لە خۆوە و لە خۆرا، نامەم ئاراستەی ھاوڕێ و ھاوەڵەكانم نەكردووە، بەڵكو لەسەر بنەمای پەیوەندی و لێدوانەكانی نێوانمان و ناڕەزایەتی و گلەیی و وردەگیری و ڕەخنەیەك، كە لە ڕێكخراوەكانیان و لە چوارچێوە ڕامیارییەكانیان كە تیایاندا بەندكراون، ھەیانبووە و ھەیانە، من ڕێگەم بەخۆم داوە، پێشنیاریی وەھا لێدوان و زنجیرە لێكۆڵینەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندن لەتەكیاندا، بكەم.
ھاوڕێیانێك، كە ئەو نامانەیان ئاراستەكراوە، كۆڕ و كۆمەلێكی دیاریكراوی ناوچەیەك نەبوون، بەڵكو دانیشتووی شوێنی جیا جیا لەوانە (دیانە، ئاكرێ، ھەولێر، قەلادزێ، ڕانیە، سەروچاوە، كۆیە، كەركووك، چەمچەماڵ، سلێمانی، پێنجوێن، مالوان، ھەڵەبجە، ناوچەی ھۆرامان، ئوردووگەكانی ئێران و چەند شارێكی ئێران بوون و ھەروەھا لە لایەنگرانی ( ئەنوەر خۆجە و مائۆ تسی تۆنگ و كاستۆ و ستالین و ماركس و لێنین و ترۆتسكی و كۆمەڵەی ئێران و كۆمەڵەی ڕەنجدەران و ڕێكخراوەكانی پێش حككع و خودی حككع و ڕێكخراو و پارتەكانی كە دواتر لە حككع جیابوونەوە، كەسانی سەر بە ھەموو ھێڵ و ئاراستە خۆبەسۆشیالیستزانەكانی، تێدابوون.
ڕاستییەك یا شتێك، كە وەك سەرەنجام و ئەنجامگیریی كەسیی من گەڵاڵە بووە، ئەوەیە كە نادەربەستی و نەوێریی ئەو ھاوێیانە، زەمینەی مەنگ و لیخنبوونی بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە ھەرێمی كوردستاندا لە ڕووی ھزر و بۆچوونەوە، ڕەخساندووە، تا ئەو ڕادەیەی، كە جاران ڕۆشنبیرترین كەسانی كۆمەڵگەكەمان، كەسانی سۆشیالیست بوون، كەچی ئەوڕۆكە لە ھەر مشتومڕێكدا بۆچوونەكەت بۆنی ئازادیخوازیی و یەكسانیخوازیی و دادپەروەرییخوازیی [سۆشیالیزم]ی لێبێت، ئەوا دەستبەجێ لەلایەن لایەنگرانی نیئۆلیبرالیزمەوە لەتەك ئەم دەستەواژەدا ڕووبەڕوودەبیتەوە “ئێوە سۆشیالیستەكان/ كۆمونیستەكان، خوێندنەوەتان بۆ شتەكان نییە”. لێرەدا دەمەوێت بەو ھاوڕێیانەی، كە بەرامبەر پرسە ھەنووكەییەكانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی و یەكسانیخوازیی نادەربەست و دورەپەڕیزبوون، بڵێم لەو ڕەخنە مێژووییە بەدەرنین، كە سبەی یەخەی ھەموومان دەگرێت ” زاڵبوونی ھزر و بۆچوونی دژە ئازادی و دژە یەكسانی و دژە سۆشیالیستی، بۆ نادەربەستی و گۆشەگیریی و ئایدیۆلۆجیگەریی ئێوەیە دەگەرێتەوە”!
تێبینی: ئامانجم لە بڵاوكردنەوەی ئەم نامەیە وەك نموونە و نووسینی ئەم چەند دێرە، ئەوە كە بڵێم، ھاوڕێیان لەبەردەم دووڕیانێكداین؛ چالاكبوونەوە و گەڕانەوە بۆ سەرەتا پۆزەتیڤەكانی سۆشیالیستبوونمان و كاركردن بۆ تێكشكانی بەربەست و قاوخە كەڕووییەكان و شڵەقاندنی گۆمی مەنگ و لیخنی بێدەنگی، یا كڕمانەوە و نادەربەستبوون و گۆشەگیریی بە ئامانجی دەستگرتن بە پلەی پارتایەتی و ناوبانگی كەسیی و حاڵكردن لە تەكیە ئایدیۆلۆجییەكاندا!