زۆرینە تەنیا دژی لەسێدارەدانی زیندانیانی ڕامیاریین. ئەدی لە سێدارەدانی زیندانیانی كۆمەڵایەتی چی، ڕەوایە ؟
منیش دژی لەسێدارەدانی زیندانیانی ڕامیارییم، بەڵام لەبەرئەوە نا كە ڕامیارین، بەڵكو لەبەرئەوەی كە دژی لەسێدارەدان و كوشتن و سەربڕینی ئاژەڵانیشم. كاتی خۆیشی لەسەر دژایەتیم بۆ لەسێدارەدانی ‘سەردام حسێن’ی خوێڕێژ، لەلایەن لایەنگرانی لەسێدارەدانەوە جنێوبارانكرام.
گرفتی وەھا دەركێك لە ژاراوبوونی ھۆش و دەركی تاكەكاندایە بە ڕامیاریی، ئەگینا ھەموو زیندانییەك و ھەموو لەسێدارەدانێك ناڕەوایە و سەرچاوەی ھەموو پرس و گرفت و لادانە كۆمەڵایەتییەكان، نادادوەریی ژێر سایەی سەروەریی چینایەتی و ئالوودەبوونی پەیوەدنییە كۆمەڵایەتییەكانە بە ڕامیاریی.
لە كۆمەڵگەكانی پێش دەوڵەتبوون و پێش سەرھەڵدانی سیستەمی ڕامیارییدا، تاوانی كۆمەڵایەتی ھەم كەمتر بوون و ھەم بەو ڕادە قوڵ و گشتگیرنەبوون، ئەوە ڕامیاریی و سیستەمی ڕامیاریی و پارتایەتی بوون، كە نامۆبوونی مرۆڤیان گەیاندە ئەو ئاستەی كە دڕندایەتی مرۆڤ لە بەراورد بە خەنگەڵ، ڕیكۆردی بشكێنێت.
لەبەرئەوە، ھەر بەرتەریدانێك بە زیندانی ڕامیاری، ھاندان و دەستئاوەڵاكردنی دەوڵەتانە بۆ لەسێدارەدانی تاكە بەرھەڵستیكارەكان بەناوی تاوانی كۆمەڵایەتییەوە. ھەروەھا ناكرێت دژایەتی كەسانێك بۆ لەسێدارەدانی ڕامیاران، بە دژایەتی ڕادیكاڵ لە دژی سێدارە و كوشتن وەربگرین.
ڕسوایی بۆ كۆماری خواكان
ڕسوایی بۆ لەسێدارەدەران
ڕسوایی بۆ ئەوانەش، كە شەرمنۆكانە ڕەوایی بە لەسێدارەدانی زیندانیانی نارامیاریی دەدەن