ئهدهبيــات و ئايديۆلۆژيــــا
Terry Eagleton
و. له فارسىيهوه : ھەژێن
فريدريك ئه‌نگلس له په‌رتووكى ‘ لويدڤيك فۆيرباخ و كۆتايى فیلۆسۆفى كلاسيكى ئاڵمانى’دا، ساڵی ١٨١٨ ڕۆشنیدهكاتهوه، كه هونه‌ر له تیئۆری ئابووری و ڕامیاری زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندتر و ههمهلايهنتره. چونكه كه‌متر به شێوه‌ی ئایدیۆلۆجی پوختە ده‌خرێتەڕوو. لێره‌دا پێویسته واتاى دروستى ” ئایدیۆلۆجی” له ڕوانگه‌ى ماركسيزمهوه بهدهستبھێنين.
ئایدیۆلۆجی له پله‌ى يهكهمدا، كۆمه‌ڵه ڕێسا و بۆچوونێك (ڕێباز / دۆكترين) نیيه، به‌ڵكو ڕێگه‌ى ژيانى مروڤه‌كان و ڕۆڵيان له كۆمه‌ڵگه‌ى چينايهتیدا دياریدهكات.
ئایدیۆلۆجی، نرخ و بۆچوون و پاساوێك بۆ په‌سه‌ندكردنى ڕۆڵى كۆمەڵایەتیی مروڤه‌كان ده‌خاتەڕوو، به‌م جۆره، زانياریی ڕاسته‌قينه له‌باره‌ى كۆمەڵگەوه، هه‌روه‌ك يه‌ك گشت، بەرجەستەناكات. له‌م تێڕوانینەوه ھۆنراوەى “سه‌ر زه‌مين وێران”[١]، به‌رهه‌مێكى ئایديولۆجييه ئه‌م ھۆنراوە نيشاندهرى مرۆڤێكه، كه ده‌يه‌وێت به شێوەى پێچەوانەى تيگهيشتنى (به ڕواڵه‌ت) دروستى كۆمەڵگەى خۆی [ ئه‌و شێوانه‌ى كه له دوالێكدانه‌وه‌دا پوچ و درۆزنانه‌ن ] واتا به ئه‌زموونه‌كانى ببه‌خشێت. هه‌موو هونه‌ره‌كان له چه‌مكێكى ئایدیۆلۆجییەوه يا به‌هره‌وه‌رى ئايديۆلۆجيانهوه له جيهان، سه‌رچاوه‌ده‌گرن. هونه‌رێك كه به ته‌واوى له نێوه‌ڕۆكى ئايديولوجيانه خاڵى بێت، پلێخانۆڤ واته‌نى، له بنه‌ره‌تدا بوونى نیيه. بەڵام مه‌به‌ستى ئه‌نگلس، ئه‌وه ده‌گه‌يێنێت، كه په‌يوه‌ندى هونه‌ر و ئایدیۆلۆجی ئالۆزتره له‌و پهيوهندیيهى كه له‌نێوان تيئۆرى ڕامیاریی و ماف (كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ڕاسته‌وخۆى به‌رژه‌وه‌ندى چينى سه‌ره‌وه) و ئایدیۆلۆجیدا هه‌يه، كه‌واته پرسەكه ئەوهيه، كه په‌يوه‌ندى هونه‌ر و ئایدیۆلۆجی چۆنه؟
ئه‌مه پرسيارێكى ساده نیيه. ده‌توانرێت به دوو شێوه‌ی سنووربهزين، وه‌ڵام به‌م پرسياره بدرێته‌وه : يه‌كه‌م ئه‌وه‌ى كه هونه‌ر و ئه‌ده‌بيات به شتێك بێجگه له ” ئایدیۆلۆجی خراوه‌ڕوو له چوارچێوه‌ى هونه‌ريدا” نه‌زانين. [ له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌م تێڕوانینە، به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى ته‌نيا وێنەگرتنهوهى ئایدیۆلۆجی سه‌رده‌مى خۆمان و زيندانى “هه‌ستى درۆزنانه”ى سه‌رده‌مى خۆمان و تواناى تيپهربوون لێوەى و گه‌يشتن به‌ڕاستییان نییە].
ئه‌م جۆره به‌رخورده به‌رهه‌مى ئه‌و ڕه‌خنه ماركسيستیيه نه‌زانانه‌يه، كه به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى سه‌راپا وه‌ك ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئايديۆلۆجییه زاڵه‌كان له‌به‌رچاوده‌گرن و سەرەنجام تواناى ڕۆشنكردنه‌وه‌ى ئه‌م خاڵەى نییە، كه بۆچی ئه‌ده‌بيات له كرده‌وه‌دا، ئه‌م گشته له به‌رامبه‌ر گريمانه ئایدیۆلۆجییەكانی سه‌رده‌مى خۆى ڕاده‌وه‌ستێت.
به‌رخوردى دووه‌م : ئه‌وه‌يه كه باوه‌ڕى به به‌رامبه‌ركێ يان نهگونجاوییەك له‌نێوان ئایدیۆلۆجی و هونه‌ردا هه‌يه و بەشێوەيهك بيكهينه به‌شێك له پێناسەى هونه‌ر. له ڕوانگه‌ى ‘ ئيرنست فيشه‌ر’دا [ له په‌رتووكى هونه‌ر له به‌رامبه‌ر ئياديۆلۆجیدا] هونه‌رى ڕه‌سه‌ن، هه‌رده‌م له سنووره‌كانى ئایدیۆلۆجی سه‌رده‌مى خۆى واوه‌تر ده‌ڕوات و سه‌رمان ده‌كێشێته نێو كەتوارهكان، كه ئایدیۆلۆجی لە ئێمەیان ده‌شارێته‌وه.
هه‌ر دوو ئه‌م لێكدانه‌وانه به بۆچوونی من ته‌واو سهرپێیانەن. ‘ لوئى پییەر ئالتوسێر Louis Pierre Althusser’ بيريارى فهرهنسىـ په‌يوه‌ندى هونه‌ر و ئايديولوجى به‌شێوه‌يه‌كى جوانتر [هه‌ر چه‌نده تێروته‌سه‌لتر نا] خستوويهتیيه بهرلێدوان و لێكۆلينه‌وه. ئه‌و ديارىدهكات، كه ناتوانرێت هونه‌ر تا ئاستى ئایدیۆلۆجی دابه‌زێندرێت: هونه‌ر پهيوهندییەكى تاڕاده‌يه‌ك تايبه‌تى لەتەك ئایدیۆلۆجیدا هه‌يه. ئایدیۆلۆجی، مههانهيهكى ناڕۆشن ده‌خاته‌ڕوو، كه مرۆڤه‌كان له سه‌ربنه‌ماى ئه‌وه [ ھەروەھا له‌نێويدا ] جيهانى كەتواریی ئهزمووندهكهن. هونهريش وەها ئه‌زموونێك پێشكه‌ش به ئێمه ده‌كات، لەتەك هه‌موو ئه‌وانه، هونه‌ر زياتر نيشاندهرى ژيانه له هه‌لومه‌رجێكى تايبه‌تدا، تاوه‌كو لێكدانه‌وه‌ى ئاوەزپهسهندى هه‌لومه‌رجه‌كه. لەتەك ئه‌وه‌شدا، كارى هونه‌ر له ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌ڵچوونى و ئه‌و ئه‌زموونانه هه‌ندێك واوه‌تر ده‌ڕوات. هونه‌ر لەتەك ئه‌وه‌شدا كه له چوارچێوه‌ى ئايديۆلۆجیشدا ده‌گونجێت، هه‌وڵیشده‌دات، كه لێی جيابێته‌وه و دوورى لێبگرێت و بگاته خاڵێك كه به ‘هه‌ست’ و ‘ده‌رك’ى ئايديولوجى دروستكراو، خۆى توانادارمان بكات. به‌پێی ئەوە، هونه‌ر ئه‌و زانياریيهى كه ئايديۆلۆجى لە ئێمەی ده‌شارێته‌وه، ناخاته به‌رده‌ستمان، چونكه ‘ئالتوسێر’ واته‌نى ” زانيارى به تێگه‌يشتنه وردهكهى، هه‌مان ناسينى زانستییە ” بۆ نموونه له په‌رتووكى ‘سه‌رمايه’دا ده‌توانرێت زياتر له‌باره‌ى سهرمايهدارییەوه شت فێرببین، تاوەكو له ‘ ژيانى دژوار’ به‌رهه‌مى ‘چارلز ديكنز’دا. جياوازى هونه‌ر و زانست لهوهدانییە، كه ئه‌م دوو گوتاره لەتەك بابه‌تى جياجيادا سه‌روكاريان هه‌يه، به‌ڵكو جياوازيان ڕێك لهوهدايه، كه به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر خۆ له بابه‌تێك ده‌ده‌ن. زانست له‌باره‌ى بابه‌تێكى ديارىكراوهوه، زانينێكى ئاوەزپهسهندانه به ئێمە ده‌دات، بەڵام هونه‌ر ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى كه ئه‌و بابه‌ته ئهزموونبكهين، ھەروەها له‌م خاڵى تێڕوانینەوه هاوشێوه‌ی ئايديۆلۆجيايه. لەتەك ئه‌وه‌شدا، ناێيت به‌وه به‌رته‌سكى بكه‌ينه‌وه : هونه‌ر ئه‌و توانايهمان ده‌داتێ، كه سروشتى ئه‌و ئايديۆلۆجيايه بهدیبكەین و به‌ره‌و ناسينى ته‌واوەتى [ كه هه‌مان ناسينى زانستییە] بەرەوپێش بڕۆین. ئه‌وه‌ى كه هونه‌ر چۆن ئه‌م كاره ئه‌نجامده‌دات، پرسێكە كه يه‌كێك له هاوبيرانى ئالتوسێر (پييهر ماشێرى Pierre Macherey) به‌ته‌واوى بۆیچووه. ئه‌و له په‌رتووكى ‘ گه‌ڕان له تيئۆرى ئافراندنى ئه‌ده‌بى’دا ١٩٦٦نێوان چێرۆك و ئه‌وه‌ى ئه‌و بهخۆشباوهڕیی [وھم] داده‌نێت [چونكه له ڕوانگه‌ى ئه‌وه‌وه ئايديۆلۆجى بەپێی پێويست شتێكى ئاوایە] باوه‌ڕى به هەڵاوێریی هه‌يه. خۆشباوەڕیی [واته ئه‌زموونى ئایدیۆلۆجیكى ڕۆژانه‌ى مرۆڤەکان] ماددەيهكى سهرهتايه كه نووسه‌ر سوودى لێوه‌رده‌گرێت، بەڵام به‌كاركردن له‌سه‌رى، ده‌يگۆڕێت بهشتيكى دیكە و سه‌ر و سيماى پێدەبەخشیت، هونه‌ر بهدياریكردنى ئایدیۆلۆجی، بەشێوەپێدانى و گونجاندنى گيانى له تان و پۆى چيروكێكدا، ده‌توانێت له ئایدیۆلۆجی دووربكهويتهوه و له ئه‌نجامدا سنوور و بهرتهسكییەكانى ئاشكرابكات. به بۆچوونى ‘ماشێرى’، هونه‌ر بۆ ڕزگاربوون له چنگى خۆشباوهرىی ئایدیۆلۆجییانه، به‌م كاره يارمهتيماندهدات.
به بۆچوونى من لەتەك ئه‌وه‌ى كه ڕوونكردنهوهكانى ‘ئالتوسێر’ و ‘ماشێرى’ له هه‌ندێك ڕووه‌وه ناڕۆشنن، ئه‌و پهيوهندییانهى كه ئه‌وان له‌نێوان هونه‌ر و ئایدیۆلۆجیدا پێشنياریاندهكهن، ته‌واو دروستن. ئایدیۆلۆجی بۆ هه‌ردووكيان له كۆمه‌ڵه‌يه‌كى بێشێوەی بۆچوون و وێنه ناجێگيرهكان، واوه‌تره. ئه‌م كۆمه‌له له هه‌ر كۆمەڵگەيهكدا تان و پۆ و نه‌زمى ده‌روونى تايبه‌تى خۆى هه‌يه و هه‌ر به‌هۆى بوونى ئه‌م نه‌زمه ڕێژهییەوه، كه ده‌توانرێت ببێته بابه‌تى شیكردنه‌وه‌ى زانستىيانه. ڕه‌خنه‌ى زانستییانه هه‌وڵده‌دات تاوەكو به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى له‌سه‌ر بنه‌ماى پێكهاته ئایدیۆلۆجییەكهى، كه ئه‌نجامى بەرجەستەبوونه هونهرییەكهيهتى، ڕۆشنبكاته‌وه. ئه‌م جۆره ڕه‌خنه‌يه هه‌وڵده‌دات ئه‌وه‌ى هۆى هاوبه‌شى هونه‌ر و ئايديۆلۆجییە له هه‌مان كاتدا جيایییانه لهيهكدی بەدهستبھێنێت. ئه‌مه كارێكه كه له‌چه‌ند نموونهيهك له جوانترين ڕه‌خنه ئهدهبییەکاندا ئه‌نجامدراوه.
شیكردنهوهيهكى دره‌وشاوه، كه لێنين له به‌رهه‌مه‌كانى تۆلستۆى كردوويه‌تى، له‌ڕاستیدا به ڕه‌خنه‌ى بزووتنه‌وه‌ى ‘ماشهرى’ ده‌ژمێردرێت. لەتەك ئه‌وه‌شدا، گه‌يشتن به‌م جۆره ڕه‌خنه، پايهندى ئه‌وه‌يه كه به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى هه‌روه‌ك ڕووبيناى شێوه‌يى [رووبيناى فورم پێكهينهر] بده‌ينه بهرلێدوان و ليێكۆلينهوه.
[١] ھۆنراوەى به‌ناوبانگى ” تى. اس.اليوت ” كه به “هرزئاباد” وهرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی.
* له پاشكوى ژماره (٦٠)ى ساڵی نۆهه‌م، خولى دووه‌م، فيبريوهرى. بلاوكراوهى ‘ كارگر سوسياليست’ وه‌رگيراوه.
سەرچاوەیەک بۆ دەقە فارسییەکەی : http://www.nashr.de/n/k_s/zks60.pdf
************
www.hezheen.tk