هاوڕێیەك نووسیبووی ” کۆمونیستەکان کە یەك کەس بنم داوای دامەزرانی پارت دەکەن، کە بوون بە دوو کەس، دروستیدەکەن و کە بوون بە سێ کەس، جیادەبنەوە”
من ڕاستییەك لەو گوتەدا دەبینم، بەڵام گرفتەکە لە کۆمونیستەکاندا نییە، [هەرچەندە تێڕوانینی دەسەڵاتخوازانە و دەستەبژێرانەیان هەیە و پێداگریی لەسەر پێکهاتەی قوچکەیی دەکەن]، بەڵکو لە چییەتی ئەو دەزگەدایە کە پێیدەگورترێت “پارت”، لەبەرئەوەی کە پارت پێکهایەکەی قوچکەیی ڕێکخستنی دەسەڵاتی دەستەبژێرێکە بەسەر پاشرەواندا، یا بە واتایەکی دیکە کۆپیکردنەوەی پێکهاتە و ڕێکخستنی چینایەتی [بۆرجوازیی]ە، کاتێك پاش ئەزموونگیریی و ئاستی دەسەڵاتخوازیی پاشرەوان سەردەکەوێت و پارت بە کولتووری بۆرجوازی پەروەردەیاندەکات، چیدیکە ئامادەناببن وەك جاران مل بە دەستوورەکانی سەرووی خۆیانبدەن و خۆشیان بە شایستەی پاشيرویی ئەوانی دیکە نازانن و دەستەبژێری سەروەریش ئامادەی دابەزین و دەستبەرداریی دەسەڵاتەکەی نابێت و لێرەوە دەستەگەریی سەرهەڵدەدات و دیسانەوە لەبەرئەوەی کە پێکهاتەی قوچکەیی ناکۆکی بۆچوون و بیرۆکە پەسەندناکات و بە دژی دیسپلین و بڕیارەکانی خۆی دەزانێت، ناچار دەستەی سەرپێچەگەر یا درێژە بە پاشڕەویی ئەوانی دیکە دەدات، یا دەچێتە دەرەوە و دەکەوێتە پاگەندە بۆ راستبوونی خۆی و وەك پارتی دایك کۆمەڵێك بەلێنی سەرخەرمان بە لایەنگرانی خۆی دەدات و بەم جۆرە پارت وەك بەکتریائاسا بە کەرتبوونی چەندبارەی، چەند دەرزەنێك پارتۆکەی دیکەی لێدەبێتەوە و ئیدی مەگەر ئەهریمەنی ئازادیخواز توانای خۆدەرباکردنی لەو جاڵجاڵۆکەیەی هەبێت!